قادر سەیاحی (٤ حوزەیرانی ١٩٤١ لە مەھاباد – ١٧ی نیسانی ٢٠٢٢ لە خۆی) ھونەرمەندی ئاوازدانەر، گۆرانیبێژ و ژەنیارێکی ناوداری کورد بوو. ناوبانگی سەیاحی زۆرتر بەھۆی بەرھەمە کەم بەڵام ھەرمانەکانێتی و ژمارەیەکی بەرچاوی گۆرانیبێژانی کورد، بەرھەمی ئەویان نوێبێژی کردووە. گەرچی زۆربەی جاران ھیچ ئاماژەیەک بە ناوی خاوەن بەرھەم، واتە قادر سەیاحی نەکراوە. بە وتەی زۆربەی مۆسیقاژەنەکانی کورد، قادر سەیاحی جیاوازییەکی تایبەتی لەگەڵ ھەموو ھونەرمەندانی ئاوازدانەری سەردەمی خۆی ھەبووە.[١]

قادر سەیاحی

قادر سەیاحی، دەیەی ٧٠ی زایینی
لەدایکبوون (١٩٤١-0٦-0٤) ٤ی حوزەیرانی ١٩٤١
مەرگ١٧ی نیسانی ٢٠٢٢(٢٠٢٢-٠٤-١٧) (٨٠ ساڵ ژیاوە)
نەتەوەکورد
پەروەردەژووری دیپڵۆمی مۆسیقا
خوێندنگەھونەرستانی تاران
ناسراوە بەسەعید قەندی (لە باشووری کوردستان)
مناڵ(ەکان)٦
پیشەی مۆسیقی
چەشنەکانمۆسیقای کوردی
پیشە(کان)مامۆستای مۆسیقی، ئاوازدانەر، ژەنیار، گۆرانیبێژ، دابەشکار، شاعیر
ئامێرەکانکلارینێت، دەف، ساکسفۆن، زەڕب
ساڵانی چالاکبوون٢٠١٠–١٩٦١

لە باشووری کوردستان، قادر سەیاحی بەھۆی ھەڵەیەک لە ساڵەکانی ھەشتای زایینی ھەتا ساڵانی زۆری پاشی ئەو بە سەعید قەندی ناوبانگی کردووە و ناوی لەسەر شریتەکەی نەنووسراوە. وەک بۆخۆی باسی کردووە لە گەشتێکی بۆ باشوور لە ساڵەکانی سەرەتایی ھەشتای زایینی لە ستۆدیۆیەکی ھەولێر، شریتەکەی خۆی بە ناوی سەعید قەندی پێی فرۆشراوە کە بووەتە مایەی پێکەنینی.

ژیان دەستکاری

سەرەتای ژیان دەستکاری

قادر سەیاحی، کوڕی مەحیەدین سەیاحی، لە ٤ حوزەیرانی ساڵی ١٩٤١ (١٤ جۆزەردانی ١٣٢٠ی ھەتاوی) لە مەھاباد لە دایکبووە، گەرچی لە پێناسە ٢٣ی پووشپەڕ نوسراوە. پەروەردەی سەرەتایی لە مەھاباد تەواو کردووە و ھەر لە قۆناغی مناڵیدا بەھۆی دەنگی بلاوێن و ھەروەھا حەز و بەھرەیەکی سەرسووڕگەر لە مۆسیقا، گەرچی لە بنەماڵەیەکی زۆر دیندار و مەزبەھیش بووە بەڵام لە ھەر دەرفەتێک و لە کاتی تەنیا بوونەکانی، ھەروەھا کە بۆخۆی گێڕاوێتییەوە، بە دەفەی تایبەت بە زیکر، گۆرانی ئەویندارانەی گووتوە.

جەوی مەزھەبی ناو بنەماڵە و ئیمکاناتی مەھابادی ئەو کات بۆ پەروەردەکردنی بەھرەی ھونەری سەیاحی گەنج کافی نەبووە و ھەر بۆیەش پاشی تەواوکردنی خوێندنی سەرەتایی، ڕێگای تاران دەگرێتە بەر و پاشان وەگرتنی ژوور دیپڵۆمی موسیقی لە ھونەرستان، وەکوو مامۆستای مۆسیقای سووپای زانست (سپاە دانش) و پاشان وەک سەرۆک و سەرپەرشتی ئۆرکێسترای "یانەی ئەفسەرانی ورمێ" دادەمەزرێت کە وەک کاربەدەست ھەتا ساڵی ٥٧ ھەتاوی لەسەر کاری خۆی بەردەوام دەمێنێتەوە.[٢]

وەکوو ئامێری مۆسیقا سەرەتا چەن ساڵ تەنیا ساکسفۆن ئاڵتۆی ژەندووە بەڵام پاشان ماوەیەک بە بەرچاو گرتنی چەن خاڵی پسپۆڕانە، کلارینێت ھەڵدەبژێرێت و تا کۆتا ڕۆژەکانی ژیانی ھونەری تەنیا کلارینێت دەژەنێت.

دەیەی شێستی زایینی دەستکاری

 
قادر سەیاحی لە ١٩٦٦، کلاسی دەرسی مووزیکی سوپای زانست (سپاە دانش)

ساڵەکانی سەرەتایی دەیەی شێستی زایینی لە تاران نیشتەجێ دەبێت و لەم ساڵانە سەرقاڵی وانەبێژی و وەرگرتنی ئەزموون و تاقی و ھەوڵە بۆ دۆزینەوەی زاراوە و زمانی ھونەری تایبەتی خۆی.

کار لە ورمێ لە کۆتایییەکانی دەیەی شێستی زایینی دەبێتە ھۆکاری ئاشنا بوونی لە یانەی ئەفسەران و کۆشکی لاوانی (کاخ جوانان) ورمێ لەگەڵ تاقمێک ژەنیار و گورانیبێژی گەنج و دامەزراندنی یەکەم گرووپی موزیکی سێ زمانەی (کوردی، تورکی و فارسی) ڕادیۆ و پاشان تەلڤیزیۆنی ورمێ.

گەرچی وەک کاربەدەست سەرقاڵی کاری ڕۆژانەی بووە بەڵام بۆخۆی سەرپەرشتی ئەم گرووپەشی گرتووەتە ئەستۆ. ھۆکاری ئەمەش ئەوە بووە کە ھیچ کام لەم گەنجانەی گرووپەکە زانستی ئەکادێمیکی مۆسیقایان نەبووە و ناچار ھەموو کاری دابەش کردن و سازبەندی و ڕێبەری لەسەر شانی سەیاحی بووە.

تاقمێک لە ئەندامانی ئەم گرووپە کەسایەتی وەکوو: ئیسمائیل شاھی، ئەسگەر سادقی، فارۆق مەتین، ئیرەج شارۆخ، مەلیحە ئابادی (گۆرانیبێژ)، ئیران موجەڕەد (گۆرانیبێژ)، ڕەشید فەیزنژاد و فرەیدوون وەردە (گۆرانیبێژ)، پەری نیکنەواز، ھیدایەت قانعی و قادر سەیاحی (ژەنیار و گۆرانیبێژ و سەرپەرەشت) بوونە. ئەم گرووپە زۆربەی بەرھەمەکانی مۆسیقای ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆنی ئەو کاتی وڕمێ تومار کردووە و ھەروەھا بە دەرکردنی ناوبانگێکی باش لەلایەن چەن شاری ئێران بۆ کۆنسێرت بانگھیشتن دەبێت.

لەم وەرزە، چەن بەرھەمی ئامادەی ھەبووە بۆ تۆمارکردن کە بەم ئامانجەش چەن جار سەردانی ڕادیۆ کرماشان دەکات کە بەداخەوە بۆ تۆمارکردنیان ھاوکاریی لەگەڵ ناکرێت بۆیە ھەتا دەیەی ھەفتای زایینی (٥٠ ھەتاوی) کە لە مەھاباد دەرفەتی تۆمارکردنیان ھەڵدەکەوێت، گۆرانییەکانی لە کۆنسێرت و کۆبوونەوەکان ئیجرا دەکات.

دەیەی ھەفتای زایینی دەستکاری

 
"کۆنسێرتی ساڵی ١٩٧٣ زایینی لە مەھاباد" ژەنیاران لە ڕاستەوە: ئیسمائیل شاھی، ڕەشید فەیزنژاد، ھیدایەت قانعی، کەریم ڕیختێگەر، دەشتی، عەسگەر سادقی، فیوزی، ئەلیزادە و قادر سەیاحی (گۆرانیبێژ و ژەنیاری کلارینێت و سەرپەرەشت).

نیشتەجێ بوونی لە ورمێ دەبێتە ھۆکاری ئەوەی کەپاشان چەن ساڵ بتوانێت ھات و چۆی زێدەکەی واتە مەھاباد بکات کە ئەنجامی ئەم دەرفەتەش خوڵقانی دۆستایەتی لەگەڵ چەن ژەنیاری گەنجی تر وەکی ئەحمەد (خانە) ئەحمەدزادە، بەھمەن مەتلووب و ئەحمەد نازڵوو دەبێت و لە ھات و چۆیەکانی بۆ مەھاباد ھاوکاریشی وەکوو سەرپەرەشت و دابەشگەر لەگەڵ ئەم گرووپە کە زۆربەیان لە ڕادیۆی ئەوکاتی مەھاباد کاریان دەکرد دەس پێدەکرێت.

جەوی ئەوکاتی کوردستان و بەتایبەت موکریان ئەم گەنجانە دەگەیەنێتە سەر ئەم بڕوایە کە پێویستە ھەموویان بە دڵ و گیان ئەو پەڕی ھێز و توانای خۆیان بۆ لە سەرپێ ڕاگرتنی ھونەری کورد تەرخان کەن. بۆیە ئەم گرووپە بەبێ چاوەڕوانییەکی ئابووریی دەبێتە پشتیوانێکی بەھێز بۆ زۆربەی ئەم گەنجانەی گۆرانیبێژ و ژەنیاری ئەو کاتی کورد کە بۆ تۆمارکردنی بەرھەمەکانیان پێویستیان بە یارمەتیی ھەبووە. بۆ نموونە بە ھاوکاریی سەیاحی بوو کە گەنجێکی گۆانیبێژی ئەوکات وەکوو جەمال موفتی و کەسانی وەک ئەو تووانیان بەرھەمگەلێک تۆمار بکەن. پاشان ڕاھێنانێکی زۆر لەگەڵ ئەم گرووپە تۆمارکردنی بەرھەمەکانی لە ستۆدیۆ ڕادیۆ مەھاباد لە ساڵی ١٩٧٢ زایینی(٥١ ھەتاوی) دەست پێ دەکات.[٣]

ژەنیارانی ئەم ئاڵبۆمە بریتین لە کەسایەتی وەک: ئەحمەد ئەحمەدزادە (فلووت)، یوسف ڕەبیعی (سەنتوور) فارۆق مەتین (سەنتوور)، ڕەشید فەیزنژاد (ڤایۆلین)، حوسەین ڕەھبەر (زەڕب)، ئەحمەد نازڵوو (عوود)، محەممەد دانش (عوود)، بەھمەن مەتلووب (تار) و قادر سەیاحی (کلارینێت، گۆرانیبێژ و سەرپەرەشت). ھەروەھا تیمی تۆماری دەنگی ئەم ئاڵبۆمە لە محەممەد کەریمی، سەید محەممەد جەعفەری و مەناف ئیران پەنا پێک ھاتووە.

لەم شریتە بەرھەمگەلێک تۆمار کراون کە پاشان ٥٠ ساڵ ھێشتا ڕەنگ و بۆنی تازەیان پارێزراوە و بەشێکی حاشاھەڵنەگر لە بیری ئەوینداری زۆربەی گەنجانی جیلی کۆن و نوێی کوردستانن.

 
لە کۆنسێرتێک لەگەڵ ئۆرکێسترای فەرهەنگ و هونەری ورمێ، ساڵۆنی باڵەی ڕەشت 1977. ژەنیاران لە ڕاستەوە: ئیرەج شاهرۆخ، جارحان، بیژەن کاویانپوور، هیدایەت قانعی، یەحیا نیکنەواز(سەرپەرەشت و کۆنسێرت مەستێر)، پەری نیکنەواز و قادر سەیاحی(گۆرانیبێژ)

گۆرانییەک وەک: بێ تۆ (بە قسەی عیشق و بەیادی ناسراوە)، کیژی مەھابادی، یادم کە، خۆشم دەوێی، جەمیلە، یارەکەم چاوی شینە، تۆی نازەنینم و دوعا، لە بوواری زانستی ئەکادێمیک و جوان ناسی و ھەروەھا تازەگری، مەودایەکی زۆریان لەگەڵ بەرھەمی گۆرانبێژانی ئەو سەردەمی کوردستان و بەتایبەت موکریان ھەبووە.

ھاوکات وەکوو دابەشکار و ژەنیار و ڕێبەری ئۆرکێسترا لەگەڵ زۆر گۆرانیبێژی گەنجی ئەوکات وەکوو عەزیز شاھڕۆخ (تۆ دەریامی)، جەمال موفتی و ئەحمەد ئیسلامی ھاوکاری دەبێت و جێی پەنجە و ھەستی دیارە.

لە کاتێک کە لەسەر ترووپکەی ڕێز و دڵوازی و سەرکەوتن بووە لە ساڵی ٧٧ زایینی لە جادەی زریاچەی ورمێ تووشی ڕووداوێکی سامناکی ھاتووچۆ دەبێت و سەبارەت بە دۆخی یەکجار ناخۆش و ناڵەباری، بە فەرمانی یەکێک لە پلەبەرزانی دەستەڵات بە باڵەفڕینەک (ھەلیکۆپتەر) دەیگەیننە تاران و چل شەو ژێر چاودێریی تیمێکی پسپۆڕ، چەندین جار نەشتەرگەری لەسەر دەکرێت و بەداخەوە تەواوی ددانەکانی لە دەست دەدات و تووشی خەسارێکی یەک جار زۆر دەبێت کە سەبارەت بە جۆری کێشەکە ئیدی تاسەر و بە ھیچ شێوازێک بەتەواوی بۆی چارەسەر نەکرا.

 
قادر سەیاحی، مەهاباد، ساڵی ١٩٧٩

دەرمانکاری تەواوی لە تاران و ورمێ شەش مانگ درێژەی دەبێت و تاوانباری ڕووداوەکەش دەکەوێتە زیندان و لە حاڵێکدا کە سەرقاڵی کار و باری ئیداری ئەم ڕووداوە بوونە، لە ئێران ئینقلاب دەبێت و چەن مانگ پاشان ڕووخانی حکوومەتی پێشوو بە دەستووری خوومەینی نە تەنیا ھەموو تاوانبارانی ناو زیندانەکان ئازاد دەکرێن، بەڵکوو جێگای تاوانبار و بێ گووناھیش بە شەوێک دەگۆڕدرێت و ڕۆژگاری بێ کۆتایی ڕەشی سەیاحی دەس پیدەبێت.

بەبێ پرسیار و تێبینییەک لەسەر کار و پلەی لای دەبەن و تووشی خەسارێکی مەزنی ئابووریی دەبێت و لە تەنیشت بێ ڕێزییەکی بێ کۆتایی کە ئەزموون دەکات، داواشی لێ دەکرێت کە بۆ سەلماندی بێ تاوان بوونی ھاوکاریی حکوومەتی نوێ بکات کە لەئاکام، لە حاڵێکدا کە بەپێی یاسا وەکی کاربەدەستی حکوومەتی ھێشتا چەن ساڵ ماوەی خزمەتی مابوو بەچەند بیانوو و ھەنجەت خۆی خانەنشین دەکات. تەنیا بە بیانووی کاری ھونەری لە دەسەڵاتی پێشین، بێجگە لە چەن جار تاڵان بوونی ماڵی بە دەست ئەندامانی کۆمیتە و ئینقلابییەکان، ئەم ڤێلایەی ورمێ کە بەھۆی ھونەرمەندی نموونە بوون وەکی خەڵات لە لای دەستەڵاتی پێشوو پێی دیاری کرا و لە حاڵی سازکردن بوو لێی وەردەگیرێت و قەدەرێکی تریش ھەردێکی مەھابادیشی بە زۆری لێی ڕاسەر دەکرێت و پاشان لەسەر ئەم ھەردە مزگەوتێک ساز دەبێت.

پاشان ڕووخانی پەهلەوی، بۆ ماوەی دوو ساڵ نیشتەجێێ زێدەکەی مەهاباد دەبێتەوە و لەم دوو ساڵە، وەک سەرپەرەشتی ئۆرکێسترای ڕادیۆ و تەلڤیزیۆن بە تەواوی هەست و زانست و ئەزموونی چەن ساڵەی لە خزمەت گەل و ئاواتە دێرینەکانی دەبێت.[٤]

دەیەی ھەشتا و نەوەدی زایینی دەستکاری

 
گرووپی سروە، کۆنسێرتی بۆنی ئاڵمان، ڤێستیواڵی ھەڵەبچە ساڵی ١٩٩٠ زایینی. ژەنیاران لە چەپەوە: قادر سەیاحی، ڕەشید فەیزنیژاد، بەھمەن فەرامەرزی، ئیسمائیل شاھی.

لە ساڵی ١٩٨٨ زایینی (١٣٦٧ ھەتاوی) پاشان دامەزراندنی بڵاوگەی سەلاحەددین ئەییووبی (انتشارات صلاح الدین ایوبی) لە ورمێ و بانگھێشتن بوونی بۆ ھاوکاریی جارێکی تر دەرفەتێک ھەڵدەکەوێت کە نە وەکوو جاران بەڵام بگەڕێتەوە گۆڕەپانی ھونەری کورد. نەمر ھێمن موکریانیش پێشتر لە بەشی ئەدەبی سروە دەست بەکار ببوو.

گرووپی مۆسیقای سروە لە چەن ئەندامی دائیمی وەک: قادر سەیاحی (ئاوازدانەر و ژەنیاری کلارینێت و گورانیبێژ و دابەشکار)، محەممەد سەفایی (زەڕب)، ھیدایەت قانعی (ڤایۆلین)، ئەسگەر سادقی (تار)، ھوشەنگ ھیربوود (عوود)، محەممەد بەرزین (گۆرانیبێژ) پێک هاتبوو.

کەسانێکیش وەک ئیسمائیل شاھی، ڕەشید فەیزنیژاد، کەریم سەفەری سەرای، عەلی زەندی، ئەحمەد لاوە، ئیرەج شاھرۆخ وەک ئەندامی مێوان لەگەڵ گرووپی سروە ھاوکاریان ھەبووە.

گرووپی سروە زیاتر لە دە ساڵ چاڵاکی ھونەری ھەبوو و لە زۆر شارەکانی کوردستان و هەندەران کۆنسێرتی و ھەروەھا لە ھەر ساڵیادی کیمیابارانی ھەڵەبجە لە چەن وڵاتی ئەورووپا کۆنسێرتی بۆ ئەم کارەساتە بەڕێ دەبرد.

ساڵی ١٩٩٠ زایینی (١٣٦٩ ھەتاوی) فیلمی بووکی ھەڵەبجە بە بابەتی کیمیابارانی ھەڵەبجە ساز کرا کە سەیاحی بە سازکردن و خوێندنی گۆرانی "کاڵێ" و ھەروەھا خوێندنی مەقام لە بەشی مۆسیقای ئەم فیلمە بەشداریی بەرچاوی ھەبوو کە ناوی تەنیا وەک گۆرانیبێژ نووسراوە.

ھەرمان نوێنەی گۆرانی ئەویندارانە دەستکاری

پێدەچی لە جیلی کۆن و نوێ کوردی گشت پارچەی کوردستان کەمینەیەک بدۆزڕێتەوە کە گۆرانی بێ تۆ ی بە دەنگ گۆرانیبێژێکی مەڵبەند و زێدی خۆ نەبیستبێ یان کات و بیرەوەرییەکی ئەویندارانەی پێ ئەزموون نەکردبێ. ئەم گۆرانییە لە باکووری کوردستان بە بەیادی (Beyadî) و لە پارچەی تر بە قسەی عیشق و ھەرئەمنم ئەو کەسە ناوبانگی کردووە و لە بوواری دەشەی نوێبێژی و پێگەی دڵوازی، ڕەنگە نێوان گۆرانییەکانی ئەویندارانەی خاوەن ئاوازدانەری مێژووی کورد، خاوەن پلەی یەکەم بیت. ئەم گۆرانییە زیاتر لە سەدان جار بە دەس زۆر گۆرانیبێژی کوردستان بە دابەشکردنی جۆراوجۆر نوێبێژی بوویتەوە و لە زۆربەی جارانیش ھیچ ئاماژەیەک بە ناوی ئاوازدانەر نەکراوە و گۆرانی بە ناو خۆیان بڵاو بووە. ھەر بۆیە ھەتا ساڵانێکی زۆر لە باکوور و ڕۆژاوا ھەموو خەڵک ھۆزان سەرحەد و لە باشوور زیاد ئەسعەدیان بە ئاوازدانەری ئەم گۆرانییە ناسیوە.[٥]

بێ تۆ

دەسپەنجە دەستکاری

 
قادر سەیاحی، ساڵی ١٩٩٠ زایینی

قادر سەیاحی بە وتەی زۆربەی بڕوامەندانی مۆسیقای کوردی، کەسایەتییەکی زۆر جیاواز لەگەڵ گۆرانیبێژان و موزیسییەنەکانی ھاوکاتی خۆی بوو.[٦] زۆر سال لە ھاودەمانی خۆی لە پێش تر بوو و ھەر ڕەنگە بۆیەش ھیندە لە لای خەڵکی سەردەمی خۆی دەرک نەکرا. بەرھەمەکانی سەیاحی (بێجگە لە گۆرانی ئامینێ) ھەموو بە دەست خۆی ساز کراون و وەکوو زۆر گۆرانی بە نێوبانگی ئەو سەردەم نین کە پاشان چەن ساڵ سوور ببێتەوە کە لە گۆرانی گەلی دیکە کۆپی کراوە. بۆیە بە دڵنیایی دەکرێ ئەم کارانەی سەیاحی لە چارچیوەی مۆسیقای کوردی پۆڵبەندی بکرێت.

کەم نین ئەم کەسانەی کە بە لاسایی کردنی سەبکی سەیاحی و نوێبێژی کردنی گۆرانییەکانی ناوبانگیان دەرکردو وەکوو گۆرانیبێژ ناسران و ھەروەھا کەم نین ئەم کەسایەتییە ھونەرییانە کە لە بەھۆی ژەندنی ساز لە گرووپەکانی ژێر سەرپەرەشتی ئەو فێری جەرگەژەنی و تێکنیکی دەنگسازی و دابەشکاری و تەنانەت ژەنیاری بوون. گۆرانیبێژ زیاد ئەسعەد و ژەنیار ڕەشید فەیزنژاد دوو وێنە لەم بووارەن.

زیاد ئەسعەد بە نوێبێژی کردنی گۆرانی دوعا لە ساڵەکانی ھەشتای زائینی (بە بێ ناو ھێنانێک لە ئاوازدانەری بەرھەم)[٧] لە باشوور ناوبانگی کرد و پاشان دەیان ساڵ ئاماژەی بە خاوەن گۆرانی کرد. هەروەها ژەنیارێک وەک فەیزنیژاد لەژێر چاودێری و پشتیوانی سەیاحی بوو بە فەیزنیژاد کە بۆخۆی لە وت و وێژێک لەگەڵ گۆڤاری سروە تا ڕادەیەک ئاماژەی پێ کردووە.[٨]

هونەرمەند موراد کاوه چەند گۆرانی سەیاحی نوێژەن کردۆتەوە. گۆرانییەکان بریتین لە گوڵی مەهابادی، یارەکەم چاوی شینە و یارەکەم مریەمی ناو بوو.

بێجگە لە ڕۆژھەڵات، بەرھەمی سەیاحی بە دەس گۆرانیبێژانی ھەر سێ پارچەی تری کوردستان وەک ھۆزان سەرحەد(Hozan Serhad)، شەھریبان، نارین فەقێ، زیاد ئەسعەد، خێرۆ عەبباس، ھاوتاو ئەسعەد، عەدنان کەریم و ژیلیا و گۆرانیبێژانی جیلی نوێی ڕۆژھەڵات وەک سۆھەیل فەسیحی[٩]نوێبێژی کراوتەوە کە لەم بووارە پێدەچی سەیاحی تەنیا ئاوازدانەری خاوەن ڕیکۆردە چونکوو زۆربەی گۆرانی بەناوبانگەکان یان فۆڵکلۆڕن و یان پاشان دیاری کرا کە ھی گەلی تر بوونە و تایبەتمەندی بەرھەمی سەییاحی ئەوە بوو کە بە پێچەوانەی زۆربەی گۆرانیبێژەکان کە تەنیا گۆرانیبێژ بوون، ھەڵبەست و مێلۆدی بە دەس خۆی ساز دەکرا و بۆخۆشی کارەکەی دابەش دەکرد و دەیگووت و دەیژەند و وەک گۆرانیبێژانی تر ئاوازدانەر و دابەشکاری لەبەر دەس نەبوو.

ھەروەھا موزیکژەنی گەلی تریش وەک بیژەن مورتەزەوی (بیژن مرتضوی) بە بێ ھێنانی ناوی سەیاحی، بەرھەمێکی سەیاحی (یارەکەم چاوی شینە) بە ناوی خۆ تۆمار کردووە و ناویشی سەوزەڵە ناوە.

تەنیایی و بێنازی دەستکاری

 
قادر سەیاحی، ساڵی ١٩٩٦

گۆرانیبێژ ھاوتاو ئەسعەد ساڵی ٢٠٠٦ لە بەشێک لە وت و وێژی لەگەڵ کوردستان تی ڤی کە قادر سەییاحی مێوان کردبوو گووتی:

<< ئەگەر قادر سەیاحی کورد نەبووایە، ئێستا ئەستێرەیەک بوو لە ئاسمانی جیھانی ھونەر>>.[١٠]

ڕەنگە ئەم لێدوانە بە جووانی دۆخ و بەسەرھاتی ھونەرمەندانی سەربەخۆی کورد ڕابگەینێت. لە درێژای ئەم چل ساڵەی کۆتایی (لە ھەشتای زائینی تە ئێستا) ڕەنگە یەک گۆرانیبێژی سەربەخۆی کوردیش ناوبانگی نەبووبێ و مێدیای کورد کە بە تەواوی لە دەس حیزبەکانە لە تەواوی ئەم ساڵانە خەریکی ڕێکلام کردن بۆ ئەندامانی خۆی بووە و لەم گۆڕەپانەش چ باکیان لە ئەفسانە و ئەستێرەسازکردن لە چەن دەنگبێژ و گۆرانیبێژی حیزبی نەبووە و ھەر موزیسییەنێکی گەنج، لە ھەر ئاستێکی ھونەری کە بەتەمای ناوبانگ و سەرکەوتنە، پێویستە سەرەتا ئەندامی حیزبێک بێت.

قادر سەیاحی وەک هونەرمەندێکی سەربەخۆ، تاسەر لەسەر ئەم بڕوایە ڕق ئەستوور ماوە کە گرینگخاڵی کاری ھونەری، سەربەخۆ بوونی ھونەرمەندە بۆیە مێدیای بە تەواو حیزبی کوردستان لە تەواوی ساڵانی ژیانی ھونەری سەیاحی، ئەم ھونەرمەندەی تەنیا بەجێ ھێشت و کەسایەتییەک وەک ئەو کە دەبا شەقام و کۆڵانی بە ناو کرابا، تەنانەت یاد و دەسخۆشییەکی سادەشی لێ نەکرا.[١١]

هیچ کام لەم گۆرانیبێژانەی کە بەرهەمی سەیاحیان لە ئاڵبۆمکانیان گووتەوە، ئیزنێکیان لێ وەرنەگرت و تەنانەت زۆربەی جاران ناویشیان نەهێنا هیچ کەس لەم کەسانەی وک ڕەشید فەیزنیژاد کە بەھۆی ژەنیاری و شاگردی کردن ژێر سەرپەرەشتی سەیاحی فێری مووسیقا بوون، جارێکیش ناویان نەبرد و وەک مامۆستایان دەسخۆشیان لێ نەکرد. زۆرن ئەم گۆرانیبێژانەی حیزبی وەک ھۆزان سەرحەد، و زیاد ئەسعەد کە بە بێ ناوھێنانێک لە سەیاحی بەرھەمەکانیان نوێبێژی کرد و گۆرانییەکانی سەیاحی بە ناو ئەوان نووسراو و ناوبانگی کرد و کەسیش لە مێدیای حیزبی لێیان بە جوواب نەھات. سەیاحی تاکوو لە ژیان بوو، کەمترین خزمەتیشی پێنەکرا و تەنانەت یەک جاریش لە لای گەلی کورد و بە فەرمی ڕێزی لێ نەگیرا و لە تەنیایی و بێنازی ژین و لە ئاکام کۆچی کرد.

تێپەڕ بوونی کات و بەرزتر بوونی ئاستی زانستی کۆمەڵی موزیکوانانی گەنجی کورد، ڕۆژ بە ڕۆژ پلەی ڕاستینی ئەم ھونەرمەندە زۆرتر و زۆرتر دەسەلمێنێ. زۆرن ئەم گەنجانەی کورد کە ساڵانی ساڵ بە گۆرانییەکانی سەیاحی ژین و ئەوینداریان کرد، کەچی ناوی سەیاحیان نەبیست و نەیانناسی.

مەرگ دەستکاری

قادر سەیاحی، ڕۆژی یەکشەممە، ٢٨ی خاکەلێوە ١٤٠١ ھەتاوی لە کاتی نەشتەرگەرییەک لە شاری خۆی پارێزگای ورمێ بەھۆی جەڵتەی دڵ کۆچی دواییی کرد[١٢] و تەرمی بەپێی داوای پێشینی، پاشان ساڵانێکی زۆر گەڕایەوە بۆ ئامێزی زێدەکەی و لە گڵکۆی ھونەرمەندان و ناودارانی مەھاباد بە خاک سپاردرا.[١٣]

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ "هونەرمەند قادر سەیاحی". www.rudaw.net.{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)
  2. ^ "ڕێژگە – قادر سەیاحی سۆزێک لە ڕەنگی ئەوین".{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)
  3. ^ "هونەرمەندان". www.kurdland.com. Retrieved 2022-05-27.
  4. ^ "وەفایەک بۆ وەفادارێ". کوردستان و کورد. 2022-04-20. Retrieved 2022-06-24.
  5. ^ "گۆرانی "هەر ئەمنم ئەو کەسە ژینی بۆ تۆ ماوە" بۆ هەمیشە زیندوو مایەوە". KurdistanMedia (بە Kurdish (Arabic script)). Retrieved 2022-06-01.{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)
  6. ^ "قادر سەیاحی (سه‌عیدی قه‌ندی)". tekoshan.net.{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)
  7. ^ "زیاد ئەسعەد". زیاد ئەسعەد (بە کوردی).{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)[بەستەری مردوو]
  8. ^ "گۆڤاری سروە ژمارە ١١". calameo.com.{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)
  9. ^ "بی قراری در موسیقی مرکز مهاباد". mahabad.irib.ir.{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)[بەستەری مردوو]
  10. ^ Kadri syahi – Halkawt Zaher – Belaf قادری سیاحی -هەڵكەوت زاهیر - بێلاف
  11. ^ "کۆچی دوایی هونەرمەندی دەنگخۆش و موزیکژەن کاک قادر سەیاحی". Giareng. Retrieved 2022-05-26.
  12. ^ "هونەرمەند و ئاوازدانەری بەنێوبانگی کورد قادری سەیاحی مەھابادیی کۆچی دواییکرد". 2022-04-18.{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)
  13. ^ "ڕێوڕەسمی بە خاک ئەسپاردنی هونەرمەند قادر سەیاحی لە مەهاباد". haje.ir.{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)