سەلاح محەممەد خدر بارام چاوەش ناسراو بە سەڵاح داودە (لەدایکبووی ١٩٤١ لە کەرکووک، عێراق - مردووی ٨ی ئایاری ٢٠٠٩ لە کەرکووک) گۆرانیبێژ، بستەبێژ، مەقامبێژی ئاوازی ڕەسەنی کوردی و ھەروەھا ژەنیاری ئامێرە باژەنە کوردییەکانی باڵەبان، زوڕنا و شمشاڵ بوو.[١]

سەڵاح داودە
لەدایکبووی١٩٤١
قەرەحەسەن، کەرکووک، عێراق
مردووی٨ی ئایاری ٢٠٠٩(٢٠٠٩-٠٥-٠٨) (٦٧–٦٨ ساڵ ژیاوە)
کەرکووک
پیشە(کان)گۆرانیبێژ، بستەبێژ، مەقامبێژ، ژەنیار
ئامێرەکانباڵەبان، زوڕنا و شمشاڵ

سەڵاح داودە لە ساڵی ١٩٤١ لە شارەدێی قەرەحەسەنی سەر بە کەرکووک لە دایک بووە. لە ساڵی ١٩٦٥وە لەگەڵ بنەماڵەی دەڕۆن بۆ شاری کەرکووک و تا کۆتایی ژیانی ھەر لەو شارە دەمینێتەوە. بنەماڵەی ھەموو مەقامبێژ و موزیکژەن بوو. باوکی محەممەد و باپیری خدر بارام چاوەش ھەردوو مەقامبێژ بوون. ھەر لە منداڵییەوە لە تەمەنی ١٠–١٢ ساڵییەوە لەگەڵ باوک و باپیری لە کۆڕی گۆرانبێژەکاندا ئاشنای گۆرانییە کوردییەکان بووە.[١]

لە ساڵی ١٩٥٧ لە ماڵی کەریم حاجی سابیر کە لە دۆستەکانی باوکی بوو، بۆ یەکەمین جار دەنگی خۆی لەسەر شریت تۆمار کردەوە.[٢]

لە ساڵانی دەیەی پەنجای سەدەی بیستەم لەگەڵ ئەحمەد داودە چوون بۆ ڕادیۆی کوردیی بەغدا. لە ڕایۆی بەغدا خۆی بە عەلی مەردان ناساند و چەند گۆرانییەکی وەکوو زاڵم، نایلۆنە، و ناویرم تۆمار کردەوە و لە ماوەیەکی کورت لە ناو خەڵک ناوبانگی دەرکرد.[٢]

سەڵاح داودە لە خوێندنی مەقامە کوردییەکانی ناوچەی گەرمیان وەکوو قەتار، خاوکەر، ئەڵاوەیسی، ئای ئای، خورشیدی زۆر شارەزا بوو. ھەروەھا مەقامە ڕۆژھەڵاتییەکانێک وەکوو بەیات، حیجاز، سەبا، سێگا، ڕاست، چوارگا، نەھاوەند، ئورفە" بە باشی دەخوێندەوە.[١]

سەڵاح داودە لە کۆتایی دەیەی شەستی سەدەی بیستەم وێڕای ژەنیارانێک وەکوو فایەق داودە، ئەحمەد داودە و نەوزادی کوڕی، تیپێکی میللی کوردییان پێکھێنا کە یەکەم تیپی ھونەریی میللی کوردی بوو کە لە تەلەڤیزیۆنی کەرکووک گۆرانیی کوردی تۆمار کرد.[١]

سەڵاح داودە ئەگەرچە لە تەواوی ژیانیدا بە ھەژاری بەسەربرد، بەڵام ئامادە نەبوو گۆرانی بەباڵای ڕژێمی سەددام یان سرودی حەماسی بۆ شەڕی ئێران و عێراق بڵێت.[١]

بنەماڵەی داودە چەندین جار لە کەرکووکدا ڕاویان ناوە و بەناوی تەرحیلەوە ئاوارە کران. کوڕی سەڵاح داودە بە ناوی ڕزگار گوللە باران کرا. بەڵام ئەو لەگەڵ بنەماڵەکەی دیسانەوە گەڕانەتەوە و خۆیان خزاندووەتە کەرکووکەوە.[١]

دوو کوڕی تری سەڵاح داودە بەناوی عەباس و دڵشاد لە بواری مۆسیقا و مەقام و ئاوازی کوردیدا چالاکن.[٢]

مۆسیقای تورکەمانی

دەستکاری

سەڵاح داودە جگە لە گۆرانی کوردی، شارەزایی مۆسیقای تورکەمانی و ئاوازی قۆریات و بەستەی تورکمانی بوو. ئەو چەندین ئاھەنگی لەگەڵ ھونەرمەندانی ناسراوی کەرکووک وەکوو ھابە ساز داوە و پێکەوە چەندین گۆرانی و بەستەی کوردی و تورکمانیان وتووە. بۆیە وەڵاح داودە لەنێوانی خەڵکی تورکمانیشدا گوێگرێکی زۆری ھەبوو.[١]

کارەکان

دەستکاری

سەڵاح داودە نزیکەی ١٠٠ گۆرانیی تۆمار کردووە. بەشێک لە ئاواز و گۆرانییەکانی بریتییە لە:

ھاتەوە خانزادە خان، ئامۆزا گیان، ڕێزە بە ڕێزە گیانە، یار وەرەوە، ھەی وەی زارا، ئەی خودا لەم ئاگربارانە، ھەی شەمێ، دانە دانە، ھەی وەگرد ئامۆزا وەگرد، ئەملان و ئەولانت کەم، یار زەینەب، بەستەی باوانم، ڕاستەی خیابان، و نایلۆنە، جەمیلە، شەدە لار، خرینگە خرینگە، کوێستانان خاڵ خاڵ، ڕێبوار و ڕێبوار، ھەوارە، شیرێنێ و شەمامە[١]

ئەلبۆم

دەستکاری
  • سۆزی گەرمیان (بەھاوکاریی گرووپی میوزیکی کورد لە سلێمانی)، ٢٠٠٥. (ئامۆزا گیان، خانزادەخان، یار وەرەوە، لەبیاوە، قەتار، بەھارەن حەبیبەخان، ڕێزە بە ڕێزە، شیرێنێ و شەمامە)

لە ٨ی ئایاری ٢٠٠٩ ئاھەنگێک بە بۆنەی یەکەمین ساڵیادی دامەزراندی ناوەندی عەلی مەردان بۆ مەقام بەڕێوەچوو، کە سەڵاح داودە "مەقامی قەتار و خاوکەر" و بەستەی" ڕاوەستاوە لەو بانەی لەو ئاھەنگەدا گۆت. بەڵام بە دوای ھاتنە خوارەوەی لەسەر تەختەی شانۆ بەناکاو باری تەندروستی تێکچوو و بەپەلە گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەی ئازادیی کەرکووک. سەڵاح داودە ھەر لەو ڕۆژە لە کاتژمێری ٨ی ئێوارە کۆچی دوایی کرد.[١]

سەرچاوەکان

دەستکاری