شەماڵ سائیب

ھونەرمەندێکی کورد

شەماڵ جەلال سائیب (لەدایکبووی ١٩٣١ لە سلێمانی، عێراق – مردووی ٧ لەسەر ٨ی تشرینی دووەمی ١٩٨٦)[١] میوزیکژەن و گۆرانیبێژی کورد بوو، بەشێوەزاری سۆرانی گۆرانی دەگوت.[٢]

شەماڵ سائیب
زانیارییەکان
ناوی لەدایکبوونشەماڵ جەلال سائیب
لەدایکبوویسلێمانی
چەشنەکانفۆلکلۆر
پیشە(کان)گۆرانیبێژ
ئامێرەکانعود

ژیان دەستکاری

شەماڵ لە ساڵی ١٩٣١ لە شاری سلێمانی لەدایکبووە. بەھۆی ئەوەی باوکی قایمقام بووە[٣] و لە زۆر لە قەزا و کاروفرمانی دیوە، بۆیە شەماڵ لە منداڵییەوە لەگەلێک شار و شارۆچکەی کوردستاندا ژیاوەو چاوی کراوەتەوە و دوای تەواوکردنی قۆناغی خوێندنی سەرەتایی، چووەتە کۆلیژی مەلیک فەیسەڵ لە بەغدا کە قوتابخانەیەکی دواناوەندیی بوو و بەزمانی ئینگلیزی وانەی تێدا دەخوێندراو تەنیا قوتابییە یەکەمەکانی عێراقی وەردەگرت.

دوای تەواوکردنی قۆناغی خوێندنەکەی لە پەیمانگای ھونەرە جوانەکان وەرگیراوە و لە ١٩٥١، کۆلیژی ئاداب بەشی مێژوو لە زانستگای بەغدا وەرگیراوە و لە ساڵی ١٩٥٦ ز دا خوێندنی زانکۆی تەواوکردووە و بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە مێژوو وەرگرتووە و کراوە بە مامۆستا لە دوا ناوەندی ئەعزەمییەی کوڕان و لە ساڵی ١٩٥٩ ز دا بووەتە مامۆستای بابەتی ڕۆشنبیریی مۆسیقا لە پەیمانگای ھونەرە جوانەکانی بەغدا.

لە دوا دوای ساڵی ١٩٦٣، چووەتە ئەمریکا بۆ تەواوکردنی خوێندنی باڵاو بڕوانامەی ماستەری لە ئەدەبدا وەرگرتووە و کە گەڕاوەتەوە کوردستان.[٤] لە ساڵی ١٩٧١، دا لە زانکۆی سلێمانی کراوە بە مامۆستای یاریدەدەر لە کۆلێژی ئاداب و کە ئەو زانستگایە گوێزرایەوە بۆ ھەولێر و کراو بە زانکۆی سەلاحەددین ئەمیش گوێزاوەتەوە بۆ ئەو زانستگایە تاکو کۆچی دوایی کردووە.

لە ٨ی تەممووزی ١٩٨٦دا شەماڵ سائیب لە ئەنجامی نەخۆشییەکی درێژخایەن لە ھەولێر کۆچی دواییکرد و تەرمەکەی برایەوە سلێمانی و لە گردی سەیوان نێژرا.[١]

ھونەری شەماڵ سائیب دەستکاری

شەماڵ سائیب لە سەردەمی منداڵییەوە فێری عود ژەنین بووە و لە سەرەتای ژیانی ھونەریدا شێوازی مۆسیقازان و گۆرانیبێژی میسری فەرید ئەترەشی وەرگرتووە،[٣] لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردووش بووەتە خاوەنی ھونەر و دەنگی تایبەتی خۆی و ئاوازی نوێی بۆ گەلێک گۆرانی تازە داناوە و گوتوونی، سوودێکی زۆریشی لە شیعر و ئاوازی فۆلکلۆری کوردی وەرگرتووە.

شەماڵ لە ساڵی ١٩٥٦، وەک دەنگێکی نوێ و ھونەرمەندێکی نوێکار ھاتووەتە گۆڕەپانی ئاواز و گۆرانی کوردی و گەلێک گۆرانی کوردی و گەلێک گۆرانی سەرکەوتووی وەک شوانە ھۆ شوانە و بەردە بەردە و ھاتی بۆ ھاتی و ھاتم ھاتم و ھەرە لەیلێ و جوان ئێمە جوانین و بارزانی و زولەیخای دانا.

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ ئ ا کتێبی شەماڵ سائیب - ژیان و ھونەر، نووسینی ئەحمەد سالار و ژیمۆ شەماڵ سائیب، دەزگای ئاراس، ٢٠١٠.
  2. ^ دوای زیاتر لە چارەکە سەدەیەک ھێشتا دەنگی شەماڵ سائیب زیندووە[بەستەری مردوو]، ماڵپەڕی ڕۆژ نیوس، ٢٥ی شوباتی ٢٠٢٠ بڵاوکراوەتەوە.
  3. ^ ئ ا شەماڵ سائیب ڕۆڵی لە موزیک و گۆرانیی کوردی، ماڵپەڕی باسنیوز، ١٥ی تەممووزی ٢٠١٧ بڵاوکراوەتەوە.
  4. ^ یادی ھونەرمەند شەماڵ سائیب دەکرێتەوە، ماڵپەڕی وشە، ١١ی تشرینی دووەمی ٢٠١٦ بڵاوکراوەتەوە.