زانکۆی سلێمانی

زانکۆیەکە لە باشووری کوردستان

زانکۆی سلێمانی (بە ئینگلیزی: University Of Sulaymaniyah) ناسراو بە زانکۆی دایک، چالاک و دەوڵەمەند لە ھەموو بوارە جیاوازەکانی زانست و مرۆڤایەتیدا کە ساڵ لە دوای ساڵ ژمارەی بەش و مامۆستا و خوێندکاری زیاتر لەخۆ دەگرێت یەکێکە لە گەورەترین زانکۆکانی کوردستان و ساڵانە ٤٠٠٠–٥٠٠٠ خوێندکاری نوێ وەردەگێت، بە ھەوڵ و کۆششی دڵسۆزان و مامۆستایان و خوێندکاران زانکۆی سلێمانی نەوەی نوێی خستووەتەوە و چەندین زانکۆی تری لە کوردستان لێکەوتووەتەوە و ھەموو سوچێکی ئەم کوردستانەی بە مەشخەڵی زانست و ڕووناکبیری ڕۆشن کردووەتەوە و ئەم زانکۆیەش ئێستا لە ٢٥ کۆلێژ پێکھاتووە نزیکەی ١٤٠٠٠ خوێندکار تێیدا دەخوێنن، جگە لە نزیکەی ٧٠٠ خویندکاری خوێندنی باڵا و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە گەشەسەندن و پێشکەوتندایە.

زانکۆی سلێمانی
University Of Sulaymaniyah
لۆگۆی زانکۆی سلێمانی
وێنەی مۆری زانکۆی سلێمانی
دروشمFor Knowledge, for Freedom.
دروشم بە کوردیبۆ زانست، بۆ ئازادی
دامەزراندن١٩٩٢ (یەکەم جار ١٩٦٨)
جۆرمیللی، حکومی
سەرۆکی زانکۆکۆسار محمد عەلی
خوێندکاران٢٤٬٤٨٨ (٢٠٠٩–٢٠١٠)
شوێنسلێمانی, پارێزگای سلێمانی, عێراق
کامپناو شار، دەرەوەی شار
نازناوUnivsul
ماڵپەڕhttp://www.univsul.org

مێژوو دەستکاری

ھەر لە گواستنەوەی میرنشینی بابان لە قەڵاچوالانی سەخت و دوورە دەستەوە بۆ دەشتایییەکی فراوانی سلێمانی لە ساڵی ١٧٨٤ بناغەی شار دامەزرا، بۆ یەکەم جار لەگەڵ بناغەی شاردا بناغەی مزگەوتی گەورە لێدراو کتێبخانەی میرنشین پاش تەواو بوونی مزگەوتی گەورە لە قەڵاچوالانەوە گوێزرایەوە بۆ سلێمانی کە نزیکەی ٦٠٠٠ کتێبی لە خۆ گرتبوو، کەواتە ئەم شارە ھەر لە سەرەتاوە لەسەر بناغەی سیاسی وڕۆشنبیری دروست بووە، چونکە میرنشین پێویستی بە زمانحاڵێک بووە کە تەعبیر لە ڕەوتی سیاسی میرنشین بکات، بۆیە ھەر لە سەرەتادا گرنگی بە خوێندن و لایەنی ڕۆشنبیر وشیعر و شاعیران و زمانی یەکگرتوو درا، کە ھەتا ئێستاش ئێمە بەردەوامی ئەو زمانەین و لە پێناوی پاراستنی زمانی میرنشیندا ھەوڵ دراوە، تا لە ئەنجامدا بۆ یەکەم جار لە مێژووی کورددا[ژێدەر پێویستە]لە ساڵی ١٩٦٨ دا بەپێی یاسای ژمارە ١٤٣ی خوێندنی باڵا لە شاری سلێمانی زانکۆ دامەزرا و ھەر بە ناوی شاری سلێمانییەوە ناونرا زانکۆی سلێمانی.

ڕۆڵی زانکۆی سلێمانی دەستکاری

زانکۆی سلێمانی بە شێوەیەکی زانستی و ئەکادیمی دامەزراوە، کە توانیویەتی ھاوشانی زانکۆکانی تری عێراق خوێندکار لە بوارە جیاجیاکاندا پێبگەیەنێت، و لەم ڕێگایەشەوە توانرا ڕەوتی کۆمەڵگای کوردی بەرەو پێشکەوتن و شارستانێتی جیھان بڕوات، چونکە زانکۆی سلێمانی توانیویەتی ساڵانە بە سەدەھا خوێندکار لە بوارە جیاجیاکاندا پێبگەیەنێت کە ئەمەش دەبێتە ھۆی گەشەکردن و پەرەسەندنی زانستی و ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و پاشان گۆڕینی ڕەوتی ژیانی مەدەنی لە سلێمانی بەتایبەتی و لە کوردستان بە گشتی، لەبەرئەوە ئەم زانکۆیە بووە چقڵی چاوی دوژمنان، بۆیە ڕژێم بڕیاری گواستنەوەی زانکۆی سلێمانی دا بۆ شاری ھەولێر لە ساڵی خوێندنی ١٩٨١ – ١٩٨٢ و ناوەکەشی گۆڕی بۆ زانکۆی سەڵاحەدین.

دامەزراندنەوە دەستکاری

پاش ڕاپەڕینی بەھاری ساڵی ١٩٩١ کە بووە ھەوێنی بەرخوودان و وەرچەرخان و گۆڕانی مێژووی گەلی کورد و لە ئەنجامی دامەزراندنی حکوومەت و پەرلەماندا و بە ھەوڵ و کۆششی دڵسۆزان و خەمخۆرانی گەلەکەمان جارێکی تر زانکۆی سلێمانی لە ساڵی ١٩٩٢ بەپێی بڕگەی ١ی مادەی ٥٦ی یاسای ژمارە ١ی ساڵی ١٩٩٢ و لەسەر پێشنیازی ئەنجومەنی وەزیران ژمارە ٢٩ لە ٣١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٩ دامەزرایەوە کە سەرەتا سێ کۆلێژی لەخۆ گرتبوو کە ئەوانیش: کۆلێژی پزیشکی، کۆلێژی زمان، کۆلێژی کشتوکاڵ.

تۆمارگای گشتی دەستکاری

یەکێکە لە بەڕێوەبەرایەتییە گرنگەکانی زانکۆی سلێمانی کە سەر بەفەرمانگەی یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ یە بۆ کاروباری خوێندکاران. ئەم بەڕێوەبەرایەتییە کاروباری سەرجەم خوێندکارانی کۆلێجەکانی زانکۆ ڕادەپەڕێنێت وەک (دابەزین و گواستنەوە)ی خوێندکاران لە نێوان کۆلێج و زانکۆکاندا، ساڵانە پلانی وەرگرتنی خوێندکاران دادەڕێژێت و تالە ڕێگەی ئەو پلانەوە خوێندکاران لە زانکۆدا وەربگیرێت.

و کارێکی تری ئەم بەڕێوەبەرایەتییە دەرکردنی بڕوانامەی دیواربەند بە زمانی (کوردی و ئینگلیزی بۆ دەرچووانی (دکتۆرا، ماستەر، دبلۆمی باڵا، بەکالۆریۆس) و ساڵانە ئەم بەڕێوەبەرایەتییە دەبێتە (مەڵبەندی ڕاوێژکاری وەرگرتن ژمارە (٢)) بەشێوەیەکی کاتی لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی.

کتێبخانە دەستکاری

 
یادکردنەوەی ساڵیادی زانکۆی سلێمانی، ساڵی ١٩٩٥.

کتێبخانەی ناوەندی زانکۆ لە (١٤ی تشرینی دووەمی ١٩٩٢) دامەزراوەتەوە، لە سەرەتادا خەڵکی زانستخوازی شاری سلێمانی ھاوکاربوون لە بنیاتنانەوەی بە پێشکەشکردنی کتێب و پێداویستی یە تایبەتی یەکانی کتێبخانەکانی خۆیان، پاشان ڕێکخراوە مرۆیی یە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان یارمەتی کتێبخانەکەیان داوە بە دەوڵەمەندکردنی بە سەرچاوەی زانستی.

بینای کتێبخانەی ناوەندی بەزیادکردنی بەشێکی تر فراوانترکرا و ڕووبەرەکەی گەیشتە (١٤٥٣٬٧٢ م٢). کاتی دەوامی فەرمی لە کاتژمێر ٨ ی بەیانی بۆ ٣ ی پاش نیوەڕۆیە. شانبەشانی ٣٨ کارمەند، تەنھا ٣ کارمەندی تایبەتمەند لەبواری کتێبخانەدا کاردەکەن، کە ھەندێکیان خولی تایبەتیان دیوە لە (لوند، عەممان، قاھیرە).

سەرچاوەکانی کتێبخانەی ناوەندی زانکۆی سلێمانی لەسەروو ٤٠ ھەزارەوەیە، کە ١٥٠٠ نامە و ٣٠٠٠ توێژینەوە و ١٥٠٠ پەخشان نامەیە.

کارمەندان و مامۆستایان و خوێندکاران دەتوانن سوود لە تەکنۆلۆژیای ئینتەرنێت وەربگرن لە ڕێگەی سەنتەری ئینتەرنێتی کتێبخانە کە ٣٠ کۆمپیوتەری لەخۆ گرتووە، ھەروەھا خوێنەران دەتوانن لەو ڕێگەیەوە سوود وەرگرن لە کتێبخانەی گریمانەیی زانستی عێراق "Iraqi Virtual Science Library" کە بریتییە لە کۆمەڵە داتابەیسێکی ئەلیکترۆنی کە پڕن لە کتێب و سەرچاوەی ئەلیکرۆرنی و لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە دابین کراوە و لە سالێ ٢٠٠٦ دا پەرەی زیاتری پێدراوە.

لە کانوونی دووەمی ٢٠٠٩ و کتێبخانەی ناوەندی زانکۆی سلێمانی ھەوڵەکانی خۆی خستووەتە گەڕ بۆ دابینکردنی کتێبخانەیەکی دەنگی بە مەبەستی خزمەت گەیاندن بە خوێنەرانی کەمئەندام.

خوێندن دەستکاری

 
قوتابی و مامۆستایانی بەشی کوردیی کۆلیجی ئادابی زانکۆی سلێمانی، ساڵەکە نەزانراوە.

بۆ خوێندنی بەکالۆریۆس لە زانکۆی سلێمانی، خوێندکاران لەڕێگەی نووسینگەی وەرگرتنی ناوەندی «مکتب قبول المرکزی» لە زانکۆی سلێمانی وەردەگیرێن کە ئەم دەزگایە سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵای ھەرێمی کوردستانە. خوێندکاران لە کۆلێژەکانی زانکۆ وەردەگیرێن بە گوێرەی ویستی خۆیان بە مەرجێک کۆ نمرەی پێوستیان ھەبێت کاتێک کە داواکاری پێشکەش دەکەن بۆ ئەو کۆلێژەی کە مەبەستیانە.

زانکۆی سلێمانی ٢٥ کۆلێژی لە خۆگرتووە کە ھەریەکەیان لەب واری جیاجیادا خزمەت بەخوێندکاران دەکەن وەک زانستی پزیشکی، زانست و زانستی کرداری، ئەندازیاری، کشتوکاڵ و ڤێتێرنەری، زانستە مرۆڤایەتی یەکان، کارگێڕی و یاسا، ئابوری و بەڕێوەبردن، پەروەردە و ھونەر.

ھەشت کۆلێژ لە کۆلێژەکانی زانکۆی سلێمانی کەوتونەتە دەرەوەی کامپی سەرەکی زانکۆ لە شارۆچکەکانی ھەڵەبجە و کەلار و چەمچەماڵ و خانەقین.

زمانی سەرەکی وانەووتنەوە و فێرکردن زمانی ئینگلیزییە لەکۆلێژەپزیشکی یەکان و ھەندێک لە کۆلێژەزانستی یەکان؛ و لە کۆلێژەکانی تری زانکۆ (جگە لە بەشی ئینگلیزی لە کۆلێژی زمان) زمانی وانەوتنەوە تێکەڵێکە لە زمانەکانی ئینگلیزی و کوردی و عەرەبی.

لە ئێستادا زانکۆی سلێمانی ھیج بڕەپارەیەک وەرناگرێت بەرامبەر بەوەرگرتنی خوێندکاران و قوتابیان لە کۆلێژەکانی زانکۆ، بە پێجەوانەوە زانکۆ ھەڵدەستێت بەپێدانی دەرماڵە و مووچەی مانگانە بە خوێندکاران (بە تایبەتی خوێندکارە دەرەکی یەکان) بەدرێژایی ماوەی خوێندنیان لەزانکۆ. ئەو خوێندکارانەی کەلە دەرەوەی شاری سلێمانی یەوە دێن، زانکۆ بەشەناوخۆیی تایبەتیان بۆ ئامادەدەکات، یان لە خانوو و باڵەخانەی کرێدا نیشتەجێ دەکرێن لەسەرئەرکی زانکۆ.

خوێندن چوار ساڵە بۆ بەدەستھێنانی بڕوانامەی بەکالۆریۆس لەزۆربەی کۆلێژەکان جگەلەکۆلێژی پزیشکی کە شەش ساڵە و کۆلێژی دەرمانسازی و ددانسازی و ڤێتێرنەری کە خوێندن تیایاندا پێنج ساڵە. وەھەروەھا خوێندن لە کۆلێژی ئەندازیاری بەشی تەلارسازی بە ھەمان شێوەپێنج ساڵە.

خوێندنی باڵا دەستکاری

خوێندنی باڵا لە زانکۆی سلێمانی بۆ یەکەمجار لە ساڵی (١٩٩٦)ەوە دەستی پێکرد لە دوای خولی یەکەمی دەرچوانی دوای ڕاپەڕین. سەرەتا چەند خوێندکارێکی کەم لە چەند کۆلێژێکی دیاریکراو وەرگیران بۆ خوێندنی باڵا، بەڵام دواتر ژمارەی خوێندکارانی خوێندنی باڵا و ئەوکۆلێژانەی کە خوێندنی باڵایان تێداکرایەوە زۆر زیادی کرد لە ئەنجامی داواکارییەکی زۆر بۆ خوێندنی باڵا لە ھەرێمی کوردستان و عێراق.

ئەو بڕوانامانەی کە لەلایەن زانکۆوە دەدرێن لە خوێندنی باڵادا ئەمانەن: دبلۆمی باڵا، ماجستێر (لە بواری زانستی و ھونەریشدا)، و دکتۆرا. بواری خوێندن دەگۆڕیت لە کۆلێژێکەوە بۆ کۆلێژێکی تر بە گوێرەی ئەو سەرچاوە و تاقیگەیانەی کە لەبەر دەستدان لەو کۆلێژانە.

ئەو خوێندکارانەی کە خوازیاری خوێندنی باڵان پێویستە ھەڵگری بڕوانامەی توانستی زمانی ئینگلیزی و کۆمپیوتەربن و لە تاقیکردنەوەی وەرگرتندا دەربچن پێش ئەوەی لە خوێندنی باڵا وەربگیرێن.

ھەموو ڕێسا و یاساکانی وەرگرتن لە خوێندنی باڵا و سروشت و ماوەی کۆرسەکانی خوێندن لەلایەن لیژنەیەکی تایبەتی سەر بەوەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی یەوە بەووردی چاودێری دەکرێت.

ئەم چارتەی خوارەوە بریتییە لە ئاماری ژمارەی خوێندکارە دەرچووەکانی خوێندنی باڵا لە زانکۆی سلێمانی لە ساڵی ١٩٩٩ و بۆ ٢٠١٠:

 

سکووڵەکانی زانکۆی سلێمانی دەستکاری

 
دەروازەی کامپی نوێی زانکۆی سلێمانی

سکووڵی زانست دەستکاری

کۆلێجی زانست یان سکووڵی بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٩٦٥ دا دامەزرا کە یەکێک بوو لەو کۆلێجانەی ئەو سەردەمە زانکۆی سلێمانیان پێک ھێنا و دواتر لە ساڵی ١٩٨٢ دا کۆلێجەکە گواسترایەوە بۆ ھەولێر و زانکۆی سەڵاحەدین دامەزرا. پاشان لە ساڵی ١٩٩٢ دا جارێکی تر کۆلێجەکە لە زانکۆی سلێمانی دامەزرایەوە کە لەو کاتەدا تەنھا دوو بەشی ھەبوو. ھەر لەو کاتەوە ھەتا ئێستا کۆلێجی زانست بەردەوام لە گەشەکردندایە و بەرەوپێشچوونێکی بەرچاوی بەخۆوە بینیووە لە ڕووی ڕێژەی وەرگرتنی خوێندکاران و ژمارەی ئەندامانی ستافی کۆلێجەکە و کەل و پەل و ئامێر و تاقیگە و ھەروەھا لە ڕووی ئەنجامدانی توێژینەوەوە. بەشەکان: کیمیا، زانستی کۆمپیوتەر، بایولوجی، جیولوجی، فیزیا، بیرکاری.

سکووڵی ئەندازیاری دەستکاری

سکووڵی ئەندازیاری (School of Engineering) لە زانکۆی سلێمانی لە ساڵی ١٩٦٨ کراوەتەوە و لەو کاتەی کە زانکۆی سلێمانی بۆ یەکەم جار دامەزرا، سکووڵی ئەندازیاری لە سەرەتاوە بە بەشی ئەندازیاری شارستانی دەستی پێکرد و (٤٤) خوێندکاری لە یەکەم ساڵی خوێندنی (١٩٦٨–١٩٦٩) وەرگرت، لە ساڵی خوێندنی (١٩٧٤–١٩٧٥) بەشی ئەندازیاری کارەبا کرایەوە لەم سکووڵەدا، و بە بەردەوامی ژمارەی خوێنداکاران لە زیادبوندابووە تا لە ساڵی ١٩٨١ ژمارەی دەرچوانی سکووڵی ئەندازیاری بریتیبووە لە (١٤٥١) ئەندازیارو لە ھەمان ساڵدا زانکۆی سلێمانی لەلایەن ڕژێمی سەدامەوە داخراو گواسترایەوە بۆ ەولێر و ناوەکەی گۆڕا بە زانکۆی سەلاحەدین. لەکاتێکدا زانکۆی سلێمانی سەر لەنوێ لە ساڵی (١٩٩٢) دا کرایەوە، سکووڵی ئەندازیاری لە ساڵی (١٩٩٥)دا کرایەوە لە سەرەتادا بە بەشی ئەندازیاری ئاودێری دەستیپێکردو، پاشان لە ساڵی (١٩٩٦)، بەشی ئەندازیاری بیناکاری کرایەوە و لە ساڵی (١٩٩٩)دا بەشی ئەندازیاری تەلارسازییش کراوەتەوە، دوا بەش کە لە سکووڵی ئەندازیاریدا کراوەتەوە بریتییە لە بەشی ئەندازیاری کارەبا کە لە ساڵی (٢٠٠٤)دا کراوەتەوە.

سکووڵی پزیشکی ددان دەستکاری

سکووڵی پزیشکی ددانی زانکۆی سلێمانی لە ساڵی ١٩٩٦ دامەزراوە بە ھەوڵ و توانای ھاوبەشی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی و پزیشکانی ددان لە شاری سلێمانی. لەو کاتەوە، سکووڵی پزیشکی ددان گۆڕانکاری زۆری بەخۆوە بینیوە لە کردنەوەی بەشی زانستی و نۆرینگەی پزیشکیی ددان و تاقیگەی نوێ و و ھەروەھا پێگەیاندنی مامۆستای پسپۆر لە گشت بوارەکانی پزیشکیی ددان بۆ فێرکردنی خوێندکاران.

فاکەڵتییەکانی زانکۆ دەستکاری

 
دەروازەی زانکۆی سلێمانی، کەمپی کۆن.

فاکەڵتی زانستە پزیشکییەکان دەستکاری

فاکەڵتی زانستە ئەندازیارییەکان دەستکاری

فاکەڵتی زانست و پەروەردە زانستییەکان دەستکاری

فاکەڵتی یاسا و ڕامیاری و کارگێڕی دەستکاری

فاکەڵتی پەروەردە و ڕامیاری لە چەمچەماڵ دەستکاری

فاکەڵتی وەرزش و پەروەردەی بنەڕەتی دەستکاری

فاکەڵتی زمان و زانستە مرۆڤایەتییەکان دەستکاری

فاکەڵتی زانستە کشتوکاڵییەکان دەستکاری

سکووڵەکانی تر دەستکاری

سەرچاوەکان دەستکاری