سلێمانی
سلێمانی (بە کوردیی باکووری: Silêmanî، بە عەرەبی: السلیمانیة) شارێکی گەورەی باشووری کوردستانە کە ناوەندی پارێزگای سلێمانییە. ئیبراھیم پاشای بابان لە ١٤ی تشرینی دووەمی ١٧٨٤ سلێمانیی دامەزراند.
سلێمانی
سولەیمانی السلیمانیة - Silêmanî | |
---|---|
Sulaimaniyah | |
ناسناو(ەکان): پایتەختی ڕۆشنبیریی هەرێمی کوردستان. مەڵبەندی ڕۆشنبیری شاری ھەڵمەت و قوربانی | |
پۆتانەکان: 35°33′54″N 45°25′58″E / 35.56496°N 45.4329°Eپۆتانەکان: 35°33′54″N 45°25′58″E / 35.56496°N 45.4329°E | |
وڵات | عێراق |
ھەرێمی فێدراڵ | ھەرێمی کوردستان[١] |
پارێزگا | سلێمانی |
قەزا | ناوەندی قەزای سلێمانی |
دامەزرێنەر | ئیبراھیم پاشای بابان |
ھاوناو | پاشای میرنشینی ئەردەڵان |
دەسەڵات | |
• جۆر | ئەنجومەن - بەڕێوەبەرایەتی |
• پارێزگاری سلێمانی | دکتۆر هەڤاڵ ئەبوبەکر |
ڕووبەر | |
• سەرجەم | ٣٤٠٤ کیلۆمەتری چوارگۆشە (١٬٣١٤ میلی چوارگۆشە) |
بەرزایی | ٨٨٢ مەتر (٢٬٨٩٤ پێ) |
ژمارەی دانیشتووان (٢٠٢٠ (بەپێی سەرژمێری وەزارەتی پالاندانی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٠)) | |
• سەرجەم | ٢٬٢٥٠٬٠٠٠[٢] |
• مەزندە () | ١٬٢٣٤٬٦٧٠ |
زمان و ئایین | |
• زمان | کوردی (سۆرانی) |
• ئایین | ئیسلام، مەسیحی، جوو (سوننە) |
ناوچەی کاتی | UTCتێبینی نەکراوە (+٣) |
• ھاوین (DST) | +٣ |
وێبگە | پارێزگای سلێمانی |
لەپاش ڕاپەرینی ئازاری ١٩٩١ەوە فراوانبوون و پێشکەوتنێکی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە و ئێستا وەک یەکێک لە شارە ھێمن و خاوێنەکان لە عێراق بەناوبانگە.[ژێدەر پێویستە] بەو ھۆیەوە لە زۆربەی پارێزگاکانی دیکەی عێراقەوە خەڵکێکی زۆر ڕوویان تێکردووە و بووە بە پەناگەی ئەو ھاووڵاتییانەی کە لە خوارووی عێراق و ئێران ەوە و ناوچەکانی ناوەڕاستەوە ڕوو دەکەنە ئەو شارە.
سلێمانی زانکۆیەکی ھەیە کە بە زانکۆی سلێمانی ناسراوە.[٣] بە مەودای ٦٠ کیلۆمەتر لە شاری سلێمانییەوە، بەنداوی دووکان ھەیە کە یەکێکە لە بەنداوە گەورەکانی عێراق. سلێمانی بە ھاوینەھەوارەکانی وەکوو ھاوینەھەواری ئەحمەدئاوا، سەرچنار، بەنداوی دووکان، سەرتەکی بەمۆ، کونەماسی، ئەزمڕ و قەرەداغ و چەندین ھاوینەھەواری دڵڕفێنی دیکەش بەناوبانگە.
کۆمەڵێکی زۆر لە نووسەر و شاعیری باشی بۆ مێژوو ھێشتووەتەوە. لەوانە نالی، مەحوی، پیرەمێرد، گۆران، مەولانا خالیدی نەقشبەندی، سالم، کوردی، ئەمین زەکی بەگ، فایەق بێکەس، زێوەر، تۆفیق وەھبی، وەلی دێوانە، کاک ئەحمەدی شێخ و سەدان نووسەر و شاعیری تریش.[٤]
مێژوو
دەستکاریشاری سلێمانی لە ١٤ ی تشرینی دووەمی ساڵی ١٧٨٤ لەلایەن ئیبراھیم پاشای بابان ەوە ئاوەدانکراوەتەوە. ئیبراھیم پاشا بابان شارەکەی بە ناوی باوکییەوە، سلێمان پاشا، ناوناوە. سلێمانی جگەلەوەی دەبێتە پایتەختی میرنشینی بابان، لەھەمان کاتدا دەبێتە مەڵبەندێکی بازرگانی و ڕۆشنبیری ناوچەکە.[٥] شێوەزاری سۆرانی لە ناوچەکەدا پەرە دەستێنێ و دەبێتە زمانی خوێندن و نووسین. پاش ڕووخانی میرنشینی بابان لە ساڵی ١٨٥١ و لەناوچوونی دەوڵەتی عوسمانی لە جەنگی جیھانیی یەکەم، شاری سلێمانی دەخرێتە سەر کۆماری عێراقی ئەمڕۆ. لە ساڵی ١٩٢٢ تا ١٩٢٤ شاری سلێمانی پایتەختی دەوڵەتەکەی مەلیک مەحموود بووە. شاری سلێمانی جگە لەوەی لانکەی ڕۆشنبیر و تێکۆشەران بووە، مەڵبەندی ھەڵگیرسانی چەندان شۆڕش و ڕاپەڕینیش بووە لە مێژووی کوردستاندا. بەپێی ڕۆژنامەی ژین لە ساڵی ١٩٥٥ پانی ڕووی شاری سلێمانی ٢٠ ملیۆن و ٢٥٠ ھەزار مەترە و ژمارەی دانیشتووانی دەگاتە ٦٠ ھەزار کەس و نزیکەی ٧ ھەزار خانووی تیادایە. لە شەش گەڕەکی سەرەکی پێکھاتووە ئەوانیش کانی ئاسکان، گۆیژە، مەڵکەندی، سەرشەقام، چوارباخ، دەرگەزێن گەڕەکی جوولەکانی جارانیش کە ئێستا خراوەتە سەر گەڕەکی سەرشەقام.
بابانییەکان و سلێمانی
دەستکاریبەر لەوەی بنەماڵەی بابانییەکان بیر لە دروستکردنی شاری سلێمانی بکەنەوە، میرنشینەکەیان لە ناوچەی قەڵاچوالان بوو، لەگەڵ بەرفراوان بوونی میرنشینەکە، جموجوڵی ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنانی شارستانی لە ناوچەکەدا دەستی پێکرد، لە سەردەمی فەرمانڕەوایی باباندا ململانێ و توندوتیژیی لە نێوان فارسەکان و عوسمانییەکاندا ھەبوو، شوێنی جوگرافیای قەڵاچوالانیش لەبەر نزیکی لە سنووری ئێرانەوە، شوێنێک بوو ببوە مەترسی شەڕ و پێکدادانی نێوان لەشکری فارس و عوسمانییەکان بۆیە ھەریەکە لە (نادر شا و سوڵتان مەحموودی یەکەم) لە ھەوڵی ئەوەدا بوون ئیمارەتی بابان بە لای خۆیاندا ڕابکێشن، کێشمەکێشی ناوخۆیش لە نێو بنەماڵەی بابانییەکان و ئیمارەتە کوردییەکاندا بۆ کورسی و دەسەڵات ئەوەندەی دیکە مەترسی لەسەر ناوچەکە دروست کردبوو، ئەمەش وای کرد مەحموود پاشای بابان ساڵی (١٧٨١)ی زایینی بیری لەوە کردەوە ناوەندی بەڕێوەبردنی سیاسی لە قەڵاچوالانەوە بگوێزێتەوە بۆ شوێنێکی تر، بۆیە سەرای حکوومەتی لە نزیک گوندی مەڵکەندی دروست کرد، دواتر ئیبراھیم پاشای بابان لە ساڵی (١٧٨٣)دا فەرمانڕەوایی ئیمارەتەکەی گرتە ئەستۆ و دەستیکرد بە دروستکردنی شاری سلێمانی تا لە ساڵی (١٧٨٤)دا لە دروستکردنی شاری سلێمانی کۆتایی ھات، لە ھەمان ساڵدا بابانییەکان پایتەختی ئیمارەتەکەیان گواستەوە سلێمانی.[٦]
لە ساڵنامەی (١٩٥٥)ی سلێمانیدا کە لە (ڕۆژنامەی ژین) دا بڵاوکراوەتەوە ھاتووە: ئیبراھیم پاشای بابان خۆی حوکمداری شاری قەڵاچوالان بووە، لەبەر ناخۆشی و تەنگیی شوێنەکە و لە ترسی ھێرشی دوژمن بەتایبەتی لە نادر شای حوکمداری ئێران کە گەلێ جار ویستویەتی ھەڵمەت بەرێتە سەری دەستبەسەری بکات، بە ناچاری شار و شوێنی ھەڵسوڕانی کاروباری وڵاتەکەی گواستەوە ئەم شوێنە کە ئێستا شاری سلێمانییە.[٦]
بەردەرکی سەرا
دەستکاریمیرەکانی بابان لەگەڵ دروستکردنی شاری سلێمانی جێگەیەکیان تەرخان کردووە بۆ بارەگای بەڕێوەبردنی دەسەلاتەکەیان ناسراوە بە سەرا. پێدەچێت بیرکردنەوە لە دروستکردنی ئەم سەرایە لە ئەنجامی ئەوەوە ھاتبێت دوای دامەزراندنی حکوومەتی دەوڵەتی مەلیکنشینی بۆ پێگەی ئیدارەی فەرمانگەکانی لیوای سلێمانی ئەو کاتە ئامادەکرابێت. ئەم سەرایە لە ساڵی ١٩٢٦–١٩٢٨ لەناو سەنتەری شاری سلێمانی دروست کراوە کە پێکھاتووە لە دوو نھۆم و ٤٣ ژوور، چەندین جار کاری چاکسازیی تیادا کراوە بۆ سوودوەرگرتن لە نیشتەجێبوون و بەڕێوبەرایەتیی فەرمانگەکانی شار. پاشان تەرخان کراوە بۆ پێگەی ئیداریی پۆلیس و قایمقامییەت ئێستا لەلایەن پارێزگای سلێمانی و بەڕێوبەرایەتیی شوێنەواری سلێمانی بۆ گەڕانەوەی شێوازە ڕەسەنەکەی نۆژەن کراوەتەوە بۆ مۆزەخانەیەکی مێژوویی و سیاسی و نەتەوەیی شاری سلێمانی و شانازییەکانی ڕابردووی ئەم شارەی تێدا دەپارێزێت.[٧]
جوگرافیا
دەستکاریشاری سلێمانی دەکەوێتە نێوان ھێڵی پانی (٣٤ – ٣٦) پلە لەسەر ھێڵی کەمەر و ھێڵی درێژی (٤٥ – ٤٦) پلە لە ڕۆژھەڵاتی ھێڵی گرینویجی گۆی زەوییەوە، واتە دەکەوێتە باشووری ڕۆژاوای کیشوەری ئاسیا و ڕۆژھەڵاتی کوردستانی باشوورەوە.[٦] سلێمانی لە باکووری ڕۆژھەڵاتەوە بە زنجیرە شاخی ئەزمڕ (١٧٠٠م)، گۆیژە (١٥٢٥م) و قەیوان دەورە دراوە، لە باشووریشەوە بە چیای بەرانان (١٣٧٣م) و لە ڕۆژھەڵاتیشەوە دەشتی شارەزوور دەست پێ دەکات کە درێژییەکەی ٤٥کم و پانییەکەی ١٥کم. لە ڕۆژاواشەوە شاخی تاسڵوجە گەمارۆی داوە. شاری سلێمانی ٨٥٣م لە ئاستی ڕووی دەریا و بەرزە و ئاوو ھەواکەی بە دەریای ناوەڕاستەوە کاریگەرە و لە زستاندا سارد و باراناوییە و ھاوینیشی وشک و گەرم و بێبارانە، جیاوازییەکی زۆریش لە نێوان پلەکانی گەرمای شەو ڕۆژ و وەرزەکانی ساڵیدا بەدی دەکرێت.[٦]
کەش و ھەوا
دەستکاریئاو و ھەوای ناوچەی سلێمانی بە زۆری لە ئاو و ھەوای ناوچەی دەریای ناوەڕاست دەچێت تەنیا ناوچەکانی چەمچەماڵ و دەشتی کەلاریان لێدەرچێت. پلەی گەرمای ھاوین دەگاتە (٣٩) پلەی سەدی و ئەگەر بەرەو خۆراوا ببیتەوە تا (٢٤)نزم دەبێتەوە. ئەمە بە شێوەیەکی گشتییە بەڵام ھەندێک ساڵ بەرزترین پلەی گەرما لە ھاوین دا سنووری (٤٥) پلەی سەدیش دەبەزێنێت. بای لە ھەر چوارلاوە بۆ دێت. جاران لە دوازدە مانگی ساڵدا ھەشت مانگ بارانی تیا دەباری بەڵام ئێستا وەک بەشێک لە دیاردەی گەرم بوونی زەوی ماوە و ڕێژەی باران بارینی تیا کەم بووەتەوە. تێکڕای گشتی باران بارین لە ساڵێکدا لە نێوان (٤٠٠–٦٠٠ملم). بێگومان لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای سلێمانیدا دەگاتە ١٠٠٠ ملم و ھەندێکجار زیاتریش.
شاری سلێمانی ٨٥٣م لە دەریا و بەرزە. ھەر لە ناو شاری سلێمانی دا بەرزی و نزمی و گردۆڵکەی زۆر ھەن (ھەوارە بەرزە، گردی عەلی ناجی گردی گەڕەکی ئەندازیاران، گردی سەرچنار و گردەکانی تر) ئەمانە بە شوێنی بەرز دادەنرێن بەڵام سلێمانی کۆن وەک دەگەرزێن و چوارباخ و کانێسکان و سەرچنار و سەرشەقام تا بەرەو خوارە بێتەوە ھەر دوو چەمی تانجەرۆ و قلیاسان نموونەی ناوچە نزمەکانی سلێمانین. جیاوازی نێوان لووتکەی گۆیژە و دەوروبەری چەمی قلیاسان ٨٧٨م دەبێت. واتە گۆیژە نزیکەی ١کم لە باشووری سلێمانییەوە بەرزترە کە ئەمە جیاوازییەکی زۆرە و گەلێک کار دەکاتە سەر ئاو و ھەوا و پەیدابوونی ڕەشەبا. ئاو و ھەوای شاری سلێمانی پلەی گەرما لە ھاوینی ١٨٢٠دا وەک گەشتیاری بەناوبانگ (میستەر ڕیچ) لە دوای نیوەڕۆدا گرتویەتی لە ڕۆژی ١٧ی تەممووزدا (٣٥) پلەی سەدی بووە، بێگومان ئێستا ئاو و ھەواکەی گەرمترە و خۆی دەدا لە ٤٥ پلەی سەدی. لە زستاندا لە بەکرەجۆی نزیک سلێمانی تێکڕا (٣، ٥) پلەی سەدییە؛ بەڵام لە ناوچە شاخاوییەکان بە تایبەت دوای بەفربارین و لە چلەی زستان دا چەند پلەیەک دێتە ژێر سفرەوە.
تەوژمی پاڵەپەستۆی ھەوا و پلەی گەرما پێچەوانەی یەکترن. واتە ھەتا پلەی گەرمی بەرزتر بێتەوە (با)یاخود (ھەوا) ئەکشێ و بۆشایی تیا پەیدا دەبێت و قورسای کەم دەبێتەوە، بەوە تەوژمەکە کەم دەبێتەوە بۆیە گەرما کاریگەرترین شتە لەسەر پاڵە پەستۆی ھەوا ھەر ئەمەشە وای کردوە سلێمانی بە شاری ڕەشەبا بناسرێت. ھەوای سلێمانی (شێدار) نییە چونکە دوورە لەدەریاوە.
زانیاریی کەشوھەوا بۆ «سلێمانی (١٩٥٠–٢٠٠٠)» | |||||||||||||
---|---|---|---|---|---|---|---|---|---|---|---|---|---|
مانگی زایینی | ١ | ٢ | ٣ | ٤ | ٥ | ٦ | ٧ | ٨ | ٩ | ١٠ | ١١ | ١٢ | ساڵ |
نێونجی بەرزترین پلە | ٧٫٩ | ١٠٫٣ | ١٥٫٤ | ٢٠٫٨ | ٢٨٫٣ | ٣٥٫١ | ٣٨٫٧ | ٣٨٫٩ | ٣٤٫٧ | ٢٨٫١ | ١٨٫٧ | ١١٫١ | ٢٤ |
نێونجی ڕۆژانە | ٣٫٩ | ٥٫٧ | ١٠٫٣ | ١٥٫٣ | ٢١٫٤ | ٢٧٫٧ | ٣١٫٣ | ٣١٫٥ | ٢٧٫٢ | ٢١٫١ | ١٣٫٢ | ٦٫٧ | ١٧٫٩ |
نێونجی کەمترین پلە | −٠٫٢ | ١٫١ | ٥٫١ | ٩٫٧ | ١٤٫٥ | ٢٠٫٣ | ٢٣٫٨ | ٢٤٫١ | ١٩٫١ | ١٤ | ٧٫٦ | ٢٫٣ | ١١٫٧٨ |
نێونجی بارین میلیمەتر | ١٢٩ | ١٤٦ | ١٣٢ | ١٠٠ | ٤١ | ٠ | ٠ | ٠ | ٠ | ١٣ | ٧٥ | ١١١ | ٧٤٧ |
سەرچاوە: WorldClim Global Climate Data[٨][the data is inaccessible] |
بازاڕ و قەیسەرییەکانی شار
دەستکاریھەندێ کار و پیشە وەک ئاسنگەری، جۆڵایی، موتابچییەتی، چەرخی موو ڕستن، خەڕەک، کارگەچێتی، وەتراقچی، چەخماخسازی، شیرگەری، مسگەری، خومچێتی، زین و کۆپان ھەیە کە ھەر لە زووەوە لە شاری سلێمانیدا کراوە و گرنگییان پێ دراوە.
لە دروستبوونی سلێمانییەوە بەردەرکی سەرا و دەوروبەری ناوەندی شاری سلێمانی بووە، بۆیە دوکان و بازاڕ زیاتر ئەو ناوەی گرتووەتەوە مێجەرسۆن لە گەشتەکەیدا بۆ ناوچەی سلێمانی لە ساڵی ١٩٠٨ باسی خانی عەجەم و خانی غەفوور ئاغا و قەیسەری وەسمان پاشا و قەیسەری نەقیب دەکات، واتە لە پێش ھاتنی مێجەرسۆنەوە ئەم خان و قەیسەرییانە لە سلێمانی ھەبوون، ئێستا تەنیا قەیسەری نەقیب وەک خۆی ماوە بەڵام خان و قەیسەرییەکانی تر نەماون و شوێنەکانیان ئێستا دوکان و بازاڕە، لە دوای ئەمانەوە کە سلێمانی فراوان بووە و شەقامی تیا دروست کراوە لەسەر شەقامە سەرەکییەکان و سەنتەری شار و گەڕەکەکاندا بە سەدەھا دوکان و بازاڕی تیادا دروست کراوە. خان و قەیسەرییەکانی سلێمانی لە سەرەتای سەدەی ڕابردوودا ئەمانە بوون:
ناوی شوێن | زانیاری |
---|---|
قەیسەری وەسمان پاشا | وەسمان پاشای کوڕی حەمە پاشای جاف دروستی کردووە و لە ساڵی ١٩٧٤ دا سووتاوە و ئێستا جێگاکەی بازاڕێکی گەورەی لێ دروست کراوە. |
قەیسەری نەقیب | شێخ مستەفای نەقیب کوڕەزای کاک ئەحمەدی شێخ دروستی کردووە و تا ئێستاش ماوە. |
قەیسەری شێخ مەحموود | لە ساڵی ١٩٦٦ دروست کراوە لە شوێنی مەیدانی برنجەکە بەرامبەر حەمامی سوورەت، ئێستا شوێنەواری نەماوە. |
قەیسەری غەفوور ئاغا | لای مەزادخانەکەوە بووە، ڕووخاوە و ئێستا شوێنەکەی دوکان و بازاڕە. |
خانی غەفوورئاغا | شوێنەکەی ئێستا کراوەتە بازاڕی مەحوی بەرامبەر خانەقای مەحوی. |
خانی عەجەم | لە نزیک مەزادخانەکەوە بووە لە ناوبازاڕ و ئێستا شوێنەکەی کراوە بە دوکان و بازاڕە. |
خانی عەبدولڵا درێژ | عەبدولڵا درێژ |
خانی حاجی سەعید ئاغا | خۆی دروستی کردووە و موڵکی خۆی و دوو برایەتی. |
خانە سووتاو | قادری کەریم دایەن دروستی کردووە و ئێستا بازاڕێکی گەورەی لە شوێندا کراوە بە ناوی بازاڕی خانەقا (بازاڕی جگەرە) و. |
خانی ڕسوومات | موڵکی حەمەئاغای برای حاجی سەعید ئاغا بووە. |
شوێنە گشتی و مێژووییەکان
دەستکاریچایخانەی شەعب
دەستکاریچایخانەی شەعب چاخانەیەک لە شاری سلێمانییە کە ھەر لە سەرەتاوە مەڵبەندی کۆبوونەوە و حەوانەوەی خوێندەواران، ھونەرمەندان و نووسەران بووە. سەرەتای دروستبوونی چایخانەی شەعب ئەگەرێتەوە بۆ ساڵانی پەنجا و وەستا شەریفی چایچی سەرپەرشتی کردووە. عومەر شەریف خاوەنی چایخانەی شەعب لە بارەی سەرەتای دروست بوونی چایخانەی شەعبەوە بەم جۆرە دەڵێت: لە سەرەتادا وەستا شەریفی باوکم چایچی دەستگێڕبووە پاشان بیری لە دانانی چایخانەیەک کردووە و ناوی ناوە چایخانەی شەعب سەبارەت. بەوەی کە بۆ چایخانەکە ناوی شەعبی لێنراوە وەستا عومەر دەڵێت: لە ساڵانی زوودا بیناکە ئوتێلێک بووە ناوی شەعب بووە ھەر بۆیە ئەم ناوەش لە چایخانەکە نرا.
سینەماکانی سلێمانی
دەستکاریلە ڕابردوودا، سلێمانی کۆمەڵێک سینەمای هەبووە لەوانە سینەمای گوێژە (١٩٥٠ کراوەتەوە)، سینەما سیروان (١٩٥٧ کراوەتەوە)، سینەما ڕەشید و سینەما سیروان.[٩][١٠] ئەم سینەما کۆنانە لە ئێستادا نەماون و لە کار کەوتوون.
سیتی سینەما لە ساڵی ٢٠٠٨ لە شاری سلێمانی دروستکرا، ئەم سینەمایە بووە یەکەم سینەمای مۆدێرن و فرە شاشەی عێراق. لەم سینەمایە نوێترین فیلمەکانی جیھان پەخش دەکرێن کە ئەوانیش فیلمەکانی (بۆکس ئۆفیس)ن کە پێکدێن لە نوێترین ١٠ فیلمی ھۆڵیوود. دوای ئەوەش سینەما سالم وەک دووەم سینەمای شارەکە کرایەوە، تا ئێستا هەردوو سینەماکە لە کارکردن بەردەوامن.[٩]
مۆزەخانەی سلێمانی
دەستکاریمۆزەخانەی سلێمانی لە ١٤ی تەممووزی ١٩٦١ دامەزراوە سەرەتا لە خانوویەکی بچووکی گەڕەکی شۆڕشدا بوو، لە ساڵی ١٩٨٠ گواسترایەوە بۆ ئەم بینایەی ئێستای. یەکەم بەڕێوەبەری مۆزەخانەی سلێمانی خوالێخۆشبوو (ڕەفیق فەتحوڵا) بوو. مۆزەخانەی سلێمانی پارچە ئاسەواری سەردەمە جیاوازەکانی کوردستان و میسۆپۆتامیا لەخۆ دەگرێت. لەسەر ئاستی عێراقدا بە دووەم مۆزەخانە دادەنرێت.[١١]
دارە سووتاوەکە
دەستکاریدارەسووتاوەکە بەو گۆڕەپانە دەوترێت کە دەکەوێتە ناوجەرگەی شاری سلێمانی و لە سەرو مزگەوتی گەورەوە دەست پێدەکات تا شەقامی قەنات، جگە لەوەی شوێنی وەستانی پاسی چەند ھێڵێکە لە شارەکەدا و چەندین پیشەوەری ئیشی دەست و کۆنەفرۆشی تێدا کۆبوەتەوە. ھەرچەندە لە ئێستادا بە ھیچ شێوەیەک دار لەو مەیدانەدا نافرۆشرێت، بەڵام ھەر بە ناوە کۆنەکەیەوە بەناوبانگە و ناسراوە، تەنانەت لە پێشی پاسەکان نوسراوە دارە سووتاوەکە. ھاووڵاتیانی دێرینی شاری سلێمانی لە گێڕانەوەی مێژووی ئەو مەیدانەدا، باس لەوە دەکەن کە ئەو شوێنە دەشتایی بووە و لە ناوجەرگەی شارەوە دوور بووە و دواتر کراوەتە باخ و دوای ئەوە بووە بە مەیدانی فرۆشتنی دار.
شاری ڕۆشنبیری
دەستکاریشاری سلێمانی بە ڕای زورێک لە خەڵکی کوردستان بە شاری ڕۆشنبیریی کوردستان دەناسرێت. ئەوان وا دەزانن کە ئەو بەرفراوانییەش بۆ دەوری بابان و دامەزراندنی شار و ماوەیەکیش لە ساڵانی دەوڵەتی عوسمانی دەگەڕێتەوە، کە ھەموو مەلا و زاناکان شاعیر و نووسەر بوون و ڕۆڵی مزگەوت و حوجرەش کەم نەبووە لەو بوارەدا، سێ کوچکەی بابان، نالی و سالم و کوردی قوتابحانەی شیعری بابان دروستدەکەن و ئەگەر ئەو قوتابخانەیە لە ڕووی ناوەڕۆکەوە گەلێک دیمەنی لە ئەدەبیاتی ئەمڕۆی کوردیدا نەمابێت، ئەوا فۆرمی ئەدەبیاتی کوردی ئەمڕۆ ئەوا ھەر بەرپێشچوونی فۆرمی ئەو ئەدەبەیە، ئەو زارەی پێی دەنووسرێت ھەر ئەو زارەیە، زۆربەی گەورەنووسەرانی ئەو سەردەمە وەک: نالی، سالم، کوردی، مەولانا خالید، مەلا عەبدوڵلای بێتوشی، شێخ مارفی نۆدێی، سەید ئەحمەدی نەقیب، شێخ حسێنی قازی، حاجی مەلا ئەحمەدی دێلێژە، محەممەد فەیزی زەھاوی، جەمیل سدقی زەھاوی، مەلا ساڵحی حەریق، ساڵح ئەفەندی ئاھی، تایەر بەگی جاف، وەلی دێوانە، عەلی بەردەشانی، زێوەر مەلا عەبدوڵلا، ئەحمەد موختار جاف، مەلا عەزیزی موفتی، پیرەمێرد، بێخود، جەمال عیرفان و چەندین نووسەر و شاعیری دوای ساڵی پەنجاکان بوون بە بەشێکی گرینگ لە ئەدەبی کوردی ھاوچەرخ لە کوردستاندا. ھەرچەند ھەندێک لەمانە لە نێویەکدا بەھۆی تەسەوفەوە ناکۆکیان لە نێواندا ھەبووە کە دیارترینیان شێخ مارفی نۆدێ کە بووە دوژمنی سەرسەختی مەولانا خالید. لەدوای ڕاپەڕینی بەھاری ساڵی ١٩٩١ چەند نووسەری بەناوبانگی تر لە سلێمانی ھەڵکەوتن کە ڕۆڵیان بوە لە شەپۆلی نوێی ئەدەبی کوردیدا، لەوانە: مەریوان وریا قانع، بەختیار عەلی،کەژاڵ ئەحمەد، بەرزان ھەستیار، گۆران بابە عەلی، زمناکۆ بورھان قانع، میران ئهبراهام، قوبادی جەلی زادە و چەند ناوێکی تر. ئەم بوارە بەرفراوانە ئێستاشی لەگەڵدا بێت سلێمانی تێیدا پێشەنگە و ھەمیشە ئەو نووسەر و شاعیرانە ڕۆڵی بەرچاویان لە بزووتنەوەی کوردایەتیشدا ھەبووە و بوونەتە داینەمۆی شۆڕشەکان، لە بواری هونەری سینەمادا، چەندان لە دەرهێنەرانی سینەمای کوردی بە تایبەتی لە سەدەی بیست و یەکەمدا، لە دایکبووی شار سلێمانین، لەوانە: کارزان قادر، کارزان کاردۆزی و هەڵکەوت مستەفا. یەکێکی تر لە ئەو شتانەی کە سلێمانی بە شاری ڕۆشنبیری ناساندوە ئەوەیە کە یەکەم چاپخانە کە لە کوردستان کەوتبێتەکار لە سلێمانی بوە، یەکەم ڕۆژنامەی کوردی لە کوردستان دەرچووبێت ھەر لەسلێمانی بووە.[١٢]
ڕۆژی ٣٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩، یوونێسکۆ شاری سلێمانیی وەکوو شاری داھێنەری وێژە لەنێو تۆڕی شارە داھێنەرەکان تۆمار کرد.[١٣]
میدیا و ڕۆژنامەگەری
دەستکاریلە سلێمانیدا دەیان دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی تێدایە و چەندین ڕۆژنامە و گۆڤاری لێوە دەردەچێت و ژمارەیەکی زۆریش ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆن و سەتەلایتی تێدا پەخش دەکرێ، لەم شارەدا چەندین گرووپی شانۆ و مۆسیقا و نیگارکێش و ھونەرمەندی شێوەکار ھەیە و جگە لە زانکۆی ئەمریکی و زانکۆی سلێمانی چەند زانکۆ و پەیمانگا و قوتابخانەی بیانی تێدایە. ئەم شارە پڕە لە ھۆڵی چالاکی و بەردەوام بەرنامەی ھەمەجۆری ھونەری و ڕۆشنبیری تێدایە.[١٤] چەندین گەڕیدەی بەریتانی و بیانی لە کتێب و بیرەوەرییەکانیاندا ئاماژەیان بە زیندوێتی ئەم شارەداوە و بە شاری جوانی و خۆشەویستی ناسراوە. لەم شارەدا ژنان ڕۆڵی دیار و بەرچاویان ھەیە لە دام ودەزگا و دامەزراوەکاندا بە تایبەتی لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیدا. ئازادی ڕادەربڕین و زیندوێتی کاروجولە لەم شارەدا سیما و خەسڵەت و پێناسەی سلێمانییە. سلێمانی لەسەر ئاستی عێراق بەھۆی شوێنی جوگرافییەوە، بەپاک و خاوێنترین شار ناسراوە.[١٤]
کەرتی خوێندن
دەستکاریزانکۆی سلێمانی
دەستکاریزانکۆی سلێمانی بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٦٨ دامەزرا، کامپبی سەرەکی زانکۆ دەکەوێتە شاری سلێمانی یەوە لە ھەرێمی کوردستان. لە سەرەتادا تەنھا سێ کۆلێژ ھەبوون، بەڵام ساڵانی دوواتر ژمارەی کۆلێژەکان بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کرد لە ئەنجامی داواکاریییەکی زۆر بۆ خوێندنی باڵا لە ھەرێمی کوردستان.
لە ساڵی ١٩٨١ ڕژێمی فاشیستی عێراق ئەم دامەزراوە ئەکادیمییەی ڕاگواست بۆ شاری ھەولێر و ناوەکەشی گۆڕدرا بۆ «زانکۆی سەڵاحەدین». لە ساڵی ١٩٩٢ جارێکی تر زانکۆی سلێمانی دامەزرێندرایەوە لەئەنجامی ھەوڵ و کۆششی زۆری ڕۆشنبیران و زانستخوازانی کورد و خەڵکی دڵسۆزی شاری سلێمانی و زانکۆ جارێکی تر کرایەوە لە ڕێکەوتی ١٤ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٢.
ئەمڕۆ زانکۆی سلێمانی ٢٥ کۆلێژی ھەیە کە تێیدا خوێندکاران بڕوانامەی بەکالۆریۆس بەدەست دەھێنن لە چەندین بواری جیاجیادا.
زانکۆی ئەمریکی لە عێراق - سلێمانی
دەستکاریزانکۆی ئەمریکی لە عێراق – سلێمانی (بە ئینگلیزی: The American University of Iraq – Sulaimani) زانکۆیەکی ئەھلیی قازانج نەویستە کە خوێندنێکی فراوانی ھونەرە لیبراڵییەکان لەسەر شێوازی ئەمریکی پێشکەش دەکات بۆ ھەموو خوێندکارە شایستەکان بێ گوێدانە ئینتیما و بنەچەیان. زانکۆی ئەمریکی عێراق، سلێمانی کە دەکەوێتە سلێمانییەوە و لە ساڵی ٢٠٠٦ لەلایەن ئەنجومەنی ئەمیندارانەکەیەوە دەستی پێکرد و لە تشرینی یەکەمی ٢٠٠٧ دا دەرگاکانی واڵا کرد. زانکۆی ئەمریکی عێراق، سلێمانی چوار بواری پسپۆڕی زانکۆیی و یەک پرۆگرامی ماستەری بەڕێوەبردنی کار و کۆرسە ئیبگلیزییەکان و پیشەیییەکان لە ڕێی پەیمانگای گەشەپێدانی پیشەیییەوە پێشکەش دەکات. ھەروەھا زانکۆکە پرۆگرامێکی زمانی ئینگلیزی بەردەوامی ھەیە بۆ خوێندکارە وەرگیراوەکان کە پێویستیان بە ڕاھێنانی زیاتر ھەیە لە ئینگلیزی دا پێش دەستپێکردنی کۆرسە ئەکادیمییەکان.
ئاماری دانیشتووان
دەستکاریمیستەر ڕیچ کە ساڵی ١٨٢٠ ھاتووەتە سلێمانی واتا (٢٦)ساڵ پاش دروستکردنی شارەکە، ژمارەی دانیشتووانی بە دە ھەزار کەس خەمڵاندوە دوای ئەوە دەڵێت: سلێمانی (٢٠٠٠) ماڵی ئیسلام. (١٣٠) ماڵە جولەکە (٩) ماڵی دیانی کلدانی، ٥ماڵی ئەرمەنی تیا بووە، کۆی ماڵەکان دەکاتە (٢١٤٤). ئەگەر ھەرماڵێک بە پێنج کەس دابنێین دەکاتە (١٠٧٢٠) کەس..
- بە گوێرەی ساڵنامەی عوسمانی ساڵی ١٩٠٧ ژمارەی دانیشتووان (٨٠٢٧) موسڵمان و (٣٦٠) نا موسڵمان کە دەکاتە (٨٩٦٣) کەس.
- سەرچاوەکانی تر لە ساڵی ١٩١٣ دا ژمارەی دانیشتووانی ھەموو ناوچەی سلێمانییان بە (٥١٦٠٠) کەس داناوە کە (٤٨٦٠٠)یان موسڵمان و (٩٠٠)یان دیان و (٢١٠٠)یان جوولەکەن. ژمارەی دانیشتووانی شاری سلێمانیان بە (٢٦٠٠٠) کەس داناوە، لە وانە (٢٤٨٢٥) کەس موسڵمان و (١٠٠٠) کەس جوولەکە و (١٧٥)دیان.
- لە سەردەمی ئینگلیزدا بە گوێرەی ڕۆژنامە پێشکەوتن ساڵی ١٩٢٠ ژمارەی ناوچەکە بە (٦٢٧٢٢)کەس دائەنێ. دانیشتووانی شاری سلێمانی بە دە ھەزار کەس داناوە.
- ساڵی ١٩٢٥–١٩٢٦ سلێمانی خۆی بریتی بووە لە ١٣–١٤ ھەزار کەس. دوای ئەوە لە کاتی حوکمەتی عێراقدا و لە ساڵی ١٩٢٧ و سەرژمێری دەستی پێکرد: ١٩٢٧- ١٩٣٧- ١٩٤٧- ١٩٥٧- ١٩٦٥ - ١٩٧٦-١٩٨٨
- ژمارەی دانیشتووانی شاری سلێمانی لە ساڵی ١٩٤٧ دا بە گوێرەی تۆماری ڕەسمی (٢٣٤٧٥) کەس بووە.
- ساڵی ١٩٥٧ بریتی بووە لە (٤٨٨١٢) کەس.
خەڵکی سلێمانی بە زاراوەی بابانی لە زمانی کوردی قسە دەکەن کە لە ڕوانگەی ڕێزمان و وشەوە، زۆرتر وەک زاراوەی ئەردەلانی پارێزگای سنەیە. ئەوە لە حاڵێک دایە کە زاراوەی هەولێر زۆرتر وەک زاراوەی موکریانیە کە لە شارەکانی پیرانشار و مەهاباد و چەند شاری تر دا قسەی پێ دەکرێ.
دانیشتووان لە ساڵی ١٩٩٨
دەستکاریساڵی ١٩٩٨ شاری سلێمانی بەگوێرەی ساڵنامەی ئەو ساڵە بەم جۆرە بووە:
- ژمارەی دانیشتووانی شاری سلێمانی خۆی: (٥٤٨، ٧٤٧) کەس.
- ژمارەی دانیشتووانی سنووری پارێزگای سلێمانی: (١، ١٢٧، ٢٢٦) کەس.
- ژمارەی خێزان لە ناو شاردا: (١١٠، ٣٦٠).
- ژمارەی خێزان لە سنووری پارێزگای سلێمانی: (٢١٧، ٢٢٠) خێزان.
- ژمارەی گەڕەکەکانی شاری سلێمانی: (٥٨).
- لە دوایین ئاماردا ژمارەی دانیشتووانی ئەم پارێزگایە بە (١، ٩١٧، ١٩٣٦) کەس مەزەندە کراوە.
شوێنە گەشتیارییەکان
دەستکاریسەیرانگای سەرچنار
دەستکاریسەرچنار یەکێکە لە گەڕەکەکانی شاری سلێمانی، دەکەوێتە ڕۆژاوای شار. جاران بەھۆی لاوازی کەرەسەی ھاتوچۆوە و کەمی دانیشتووانی شار، سەرچنار جیابوو لە بەشەکانی تری سلێمانی و دەزانرا لەکوێوە بۆ کوێ دەستپێک و کۆتایییەتی، ئەمڕۆکە سەرچنار تێکەڵ بووە و لەدەوریا چەندین گەڕەکی تر دروستبوون وەک: شەھیدانی سەرچنار، گردی سەرچنار،.. ھتد؛ و ھەروەھا سەرچنار بەیەکێک لە ھاوینەھەوارەکانی عێراق دەژمێردرێت بەھۆی بوونی ئاوی ھەڵقوڵاوی ژێر گرد و بەرزایییەکانی. زۆر لە مێژە سەرچنار ئوتێل و شوێنی حەوانەوەی لێدروست کراوە بۆ گەشتیاران. شوێنێکی فێنک و خەم ڕەوێن بووە بۆ خەڵکی سلێمانی و دەوروبەری، کە تاکوو ئەمڕۆش کۆتایی ھەفتان خەڵکانێکی زۆر ڕووی لێدەکەن بۆ سەیران. سەرچنار چەندجارێک نۆژەنکراوەتەوە و سیمای ناو سەیرانگاکانی دەستکاریی کراون و خۆشکراوە.
ھاوینە ھەواری دوکان
دەستکاریبەنداوی دوکان لە خۆر ئاوای شاری سلێمانی بە دووری [٧٠] کم و لەسەر زێی بچووک دروست کراوە، کە بریتی یە لە دەریاچەیەکی مەزن و بڕی [٦٫٨ ملیارد م٣] ئاو گل دەداتەوە، ئەم دەریاچەیە بووەتە ناوچەیەکی گەشتیاری سەرنج ڕاکێش و گەشتیاران لە زۆر ناوچەوە ڕووی تێ دەکەن، ئۆتێلێکی گەورەی بە ناوی [میراڵ] و کۆمەڵێک کابینەی جۆراو جۆری لێ بنیاد نراوە، گەشتیاران لە ھەر چوار وەرزی ساڵ گەشتی بۆ دەکەن.
باخ و پارکەکانی شار
دەستکاریباخی گشتی
دەستکاریباخچەی گشتی لە کۆندا نەبووە. تا سەردەمی ئەحمەد پاشای بابان کە حاکمی سلێمانی بووە چوار باخی دروست کرد، ئێستا ئەو چوارباخە بوون بە گەڕەکێک لە گەڕەکەکانی سلێمانی. جا لەبەر ئەوەی ئاوی سلێمانی زۆر بووە و پڕ بووە لە کانی و کارێز جگە لە ئاوی شیوەکان و زێرابەکان کە بەرەو خوار بوونەتەوە، ئەمانە ھەموو سوودیان لێ وەرگیراوە بۆ باخ دروستکردن.
- ئەمانەش ناوی ئەو باخانەن کە ھەبوون و ئەوانی تریش ئەوانەن کە لەم دوایییەدا دروست کران:
- باخی پورە بەگ: لە گەڕەکی گۆیژە نزیک سابونکەران و ژوور مزگەوتی ھەمزاغا، ماڵی شاعیری گەورەی کورد پیرەمێرد لەوێدابوو.
- تووی مەلیک: لە باکووری شاری سلێمانی، لە ساڵەکانی سی و چلی سەدەی ڕابردوو (حەوزێکی گەورە)ی ھەبوو لە بەھارا پر دەبوو لە ئاو، لەوەو پێش دار و درەختی لە بەرابوو، خەڵک لە بەھارا دەچوونە ئەوێ بۆ سەیران. ئەم ناوچەیە موڵکی شێخان بوو. لەکاتێکدا دروست کرا کە شێخ مەحموود حوکمدار بوو، بۆیە ناونرا تووی مەلیک.
- باخی شێخ لەتیف (شێخ لەتیفی دانساز) لە لای ماڵەکەی خۆیانا لە گەڕەکی دەرگەزێن، پڕبوو لە داری بەردار و حەوزێک بە فوارەوە لە ناوەڕاستیا ئێستاش ھەندێ شوێنی ماوە بە باریکی درەختی سێو و ھەڵوژە و ھەرمێ و ھەنار و قۆخ و گێلاس و بەھێ و ھەنجیری تیا بوو.
- باخی فەرەجی حەمە مراد لە دەرگەزێن نزیک بە کارێزی دایکی پاشا دە دۆنم زەوی بوو. بە موڵک ھی (عەزمی بەگی بابان) بوو، لە ھاوینا تەنیا ئەو باخە ھەبوو کە بە تەنیشت ماڵی عەزمی بەگ خۆیەوە بوو، خەڵکی شار پۆل پۆل بۆی دەھاتن. ئێستا شوێنەکەی قوتابخانەو خانووە.
- باخی مەجید بەگ: لە باکووری شاری سلێمانی. شوێنی بینای زانکۆی سلێمانی و نەخۆشخانەکانی فریاکەوتن و گشتییە.
- باخی کانی دۆمان لە خوار گەڕەکی سەرشەقامەوە بوو.
- باخی گەورە و بۆگەنە: ئەمیش ھەر موڵکی (عەزمی بەگی بابان) بوو لە خوار شاری سلێمانییەوە.
- باخچەی گشتی: لە ڕاستیدا ھەر ئەم شوێنە بوو کە بە تەواوی پێی بوترێ (باخچە). دەکەوێتە ڕۆژ ئاوای سلێمانی نزیک (سەنتەری پارێزگای سلێمانی). یەکەم باخچەی میرییە و کاتێک کە مەجید یەعقوبی لە ساڵەکانی (١٩٣٧–١٩٣٩) موتەسەریفی سلێمانی بوو دروستی کرد کە ئەوسا ئەوپەری شار بوو، واتا ھیچ خانوو بینا لەو لایەوە نەبوو بێگومان ئەم باخچەیە بۆ ڕازاندنەوەی شارەکە و گەشت و جوانی سەردانی ژن و پیاو ڕۆژانی (چوارشەممە تایبەت بوو بۆ ژنان) بە عەبا و پەچەوە دەھاتن بەداخەوە بەھۆی نالەباری ئاسایشەوە زۆر دەستکاری کراو زۆری لێ کەمکرایەوە و دارەکانی دەبڕران، بەڵام ئێستا گەشاوەتەوە.
شارەوانی سلێمانی لەم ساڵانەی دوایییەدا فەرمانگەی باخچەکانی بەتایبەت پێک ھێنا بۆ دروستکردنی باخچە لە ناوشارا. ئەو فەرمانگەیەش ژمارەیەکی زۆری باخچەی دروست کردوە سەرپەرشتیان دەکات لە ژوور ھەموویانەوە پارکی ئازادی کە لەوەو پێش لەشکرگای حوکمەت بوو (حامییە) بوو. دەکەوێتە بەشی ژوورووی شار. ژمارەیەکی زۆری تر باخچەی بچووک ھەن لە ناو شارەکە کە ھەموو ڕازاوە و جوان و ڕێک و پێکن ھەندێکیان بە ناوی ئەو کەسانەی بیانی و خۆیییەوە ناونراونکە خزمەتیان پێشکەش کردووە. وەک (باخچەی ئولڤ پالما) سەرەک وەزیرانی سوید کە بەدەستی ناحەز شەھید کرا و باخچەی جەواھری کە بە ناوی شاعیری گەورەی عەرەب محەممەد مەھدی ئەلجەواھیری دۆستی دێرینی کورد و باخچەی فەرەیدون علی ئەمین و گەلێکی تر.
وەرزش
دەستکاریلە پێش دامەزراندنی یانەی وەرزشی سلێمانی لە سەرەتای ساڵی ١٩٥٦ لە زۆربەی گەڕەکەکاندا تیپی ئەھلی (میللی) ھەبووە. یاریگایەکی تۆپی پێ کە بە چیمەنی سەوز و پتر لە (٢٠، ٠٠٠) بیست ھەزار کەس دەگرێت، لەسەر تازەترین شێوە نوێ کراوەتەوە لەسەر بوودجەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، و ئێستا بە کۆبوونەوەی ھەموو یاریگاکان لە چوارچێوەی (مەلعەبەکە) دا ناونراوە «کۆمەڵگای یانەی وەرزشی سلێمانی» لە گەڕەکی چوار باخ.
یانەی وەرزشی سلێمانی یانەیەکی تۆپی پێی پیشەگەری عێراقییە. لە ساڵی ١٩٥٦دا دامەزراوە، یانەکە لە خولی بژاردەی عێراق یاری دەکات.
کەسایتییەکانی شاری سلێمانی
دەستکاریلەگەل ئەوەش چەندین کەسایەتی دیاری تر کە توانیویانە دەنگی خۆیان بگەیەنن بە وڵاتانی دراوسێ.. !
شاری سلێمانی لە ڕێڕەوی دامەزراندن و پەرەسەندن و پێدا چەسپاندنی خۆیدا لە کۆڕی شارستانێتی و پێشڕەویدا کۆمەڵێکی زۆر لە نووسەر و شاعیری باشی بۆ مێژوو ھێشتووەتەوە. بۆ سەردەمی بابان و دامەزراندنی شار و ماوەیەکیش لە ساڵانی دەوڵەتی عوسمانی ھەموو مەلا و زاناکان شاعیر و نووسەر بوون یان ھەموو شاعیر و نووسەرەکان مەلا و زانا بوون. بۆ پاش ئەو سەردەمەش مزگەوت لە بەخشینی شاعیر و نووسەر نەکەوت و قوتابخانەی تازەش گەلێک بلیمەتی بەخشی و مەڵبەندێکی وەکو زانستی وای کرد کە زۆر لە نەخوێندەواران بچنە ڕیزی شاعیران.[١٥]
- شێخ مارفی نۆدێ (١٧٥٣ – ١٨٣٨) ھۆنراوەنووس و ڕۆشنبیر و سەرپەرشتیاری مەدرەسەی مزگەوتی گەورە.
- حاجی کاک ئەحمەدی شێخ (١٧٩٣–١٨٨٧) ڕۆشنبیر و سەرپەرشتیاری مەدرەسەی مزگەوتی گەورە.
- مەولانا خالید (١٧٧٩ – ١٨٢٧) شاعر و زانا و شێخی تەریقەت و ڕۆشنبیر.
- نالی (١٨٠٠–١٨٧٣), ھۆنراوەنووس،ڕۆشنبیر، دامەزرێنەری شیعری بابان (دیالێکتی سۆرانی).
- فەقێ قادری هەمەوەند (١٨٣٠-١٨٩٠) ھۆنراوەنووس، ڕۆشنبیر
- سالم (١٨٠٠–١٨٦٦), ھۆنراوەنووس، ڕۆشنبیر
- مەحوی (١٨٣٠–١٩٠٦), ھۆنراوەنووس، ڕۆشنبیر
- کوردی (١٨٠٩-١٨٥٠) ھۆنراوەنووس، ڕۆشنبیر
- وەفایی (١٨٤٤-١٩٠٢) ھۆنراوەنووس، ڕۆشنبیر
- بێخود (١٨٧٩-١٩٥٥) ھۆنراوەنووس، ڕۆشنبیر
- حەمدی (١٨٧٦-١٩٣٦) ھۆنراوەنووس، ڕۆشنبیر
- مەلا عەبدولکەریم مودەریس (١٩٠١-٢٠٠٥) شاعیر، زانا، ڕۆشنبیر و شارەزا لە بوارە جیاوازەکانی ئایین و موفتی عێراق
- عەلائەدین سەجادی (١٩٠٧-١٩٨٤) نوسەر و ڕۆشنبیر
- شێخ محەمەدی خاڵ (١٩٠٤-١٩٨٩) نوسەر و ڕۆشنبیر
- عیزەدین مستەفا ڕەسووڵ (١٩٣٤-٢٠١٩) نوسەر و ڕۆشنبیر
- یەحیا ئەفەندی وێنەگر (١٨٨٩–١٩٧٦)یەکەمین وێنەگری سلێمانی.
- حاجی مەلا سەعید کەرکووکلی زادە (١٨٦٦–١٩٣٧), وەزیری یاسا لە لە شانشینی کوردستان لە دەوڵەتی عوسمانی.
- مستەفا یامولکی (١٨٦٦–١٩٣٦)، وەزیری پەروەردە لە شانشینی کوردستان لە دەوڵەتی عوسمانی.
- پیرەمێرد (١٨٦٧–١٩٥٠), ھۆنراوەنووس و ڕۆژنامەوان.
- شێخ مەحموودی حەفید (١٨٧٨ – ١٩٥٦), مەلیکی کوردستان (١٩٢٢–١٩٢٤)
- محەممەد ئەمین زەکی بەگ (١٨٨٠–١٩٤٨), مێژوونووس، سیاسەتمەدار.
- تۆفیق وەھبی (١٨٩١–١٩٨٤)، زمانناس، و سیاسەتمەدار و ھۆنراوەنووس.
- شێخ نوری شێخ ساڵح (١٨٩٦–١٩٥٨) ڕۆژنامەوان و ھۆنراوەنووس.
- گۆران (١٩٠٤–١٩٦٢), دامەزرێنەری ھۆنراوەی نوێ، ھۆنراوەنووس.
- ئیبراھیم ئەحمەد (١٩١٤–٢٠٠٠), ڕۆماننووس، ھۆنراوەنووس و وەرگێڕ.
- محەممەد قودسی (١٩١٩–١٩٤٧) ئەفسەر لە سوپای کۆماری کوردستان.
- ئەحمەد ھەردی (١٩٢٢—٢٠٠٦), ھۆنراوەنووس.
- حەپسەخانی نەقیب (١٨٩١–١٩٥٣) سیاسەتمەدار و خێرخواز.
- محەممەد ساڵح دیلان (١٩٢٧–١٩٩٠), مۆسیقاژەنێکی دیار و ھۆنراوەنووس.
- زمناکۆ بورھان قانع (لەدایکبوون ١٩٧٨), ڕۆژنامەوان و ڕووناکبیر.
- ئەنوەر قەرەداغی (١٩٤٦), مۆسیقاژەن و ئاواز دانەرێکی دیار.
- دیاری قەرەداغی (١٩٦٧), گۆرانیبێژ.
- شەھاب شێخ نوری (١٩٣٢–١٩٧٦) سیاسەتمەداری کورد لە عێراق.
- جەمال نەبەز (لەدایکبوون ١٩٣٣), زمانناس.
- مەحمود عوسمان (لەدایکبوون ١٩٣٨), سیاسەتمەدار.
- شێرکۆ بێکەس (لەدایکبوون ١٩٤٠), ھۆنراوەنووسی سەردەم.
- محەممەد حاجی مەحموود (لە دایکبوون ١٩٥٣)، سیاسەتمەدار
- نەوشیروان مستەفا (لەدایکبوون ١٩٤٤), سیاسەتمەدار.[١٦]
- عوسمانی حاجی مارف (لەدایکبوون ١٩٥٤)سیاسەتمەدار، سکرتێری حزبی کۆمۆنیست.
- فریاد فازل عومەر (لەدایکبوون ١٩٥٠), پرۆفیسۆر لە زانکۆی فری بەرلین.[١٧]
- ڕزگار محەممەد ئەمین (لەدایکبوون ١٩٥٨), دادوەر.
- بەختیار عەلی (١٩٦٠) ڕۆماننووس و ڕووناکبیر.
- کەژاڵ ئەحمەد (١٩٦٧) شاعیر و ڕۆژنامەنووس.
- بەرھەم ساڵح (لەدایکبوون ١٩٦٠)سیاسەتمەدار، سەرۆک وەزیرانی پێشووی ھەرێمی کوردستان.
- میران ئهبراهام (لهدایکبووی ١٩٧٠) نووسهر و ڕۆماننووس.
- کارزان کاردۆزی (لە دایکبوون ١٩٨٦) دەرهێنەری فیلم و نووسەر.
- مەریوان وریا قانع (لەدایکبوون ١٩٦٦), ڕووناکبیر.
- چۆمان ھەردی (لەدایکبوون ١٩٧٤) ھۆنراوەنووس، وێنەکێش.
- دکتۆر ڕێبوار فەتاح (ڕێبوار مەریوانی) (لەدایکبوون ١٩٥٧) نووسەر و شارەزای ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست.
- داناز عەبدولرەحمان (لەدایکبوون ١٩٨١) ھونەرمەند و نووسەر و شاعیر.
- شوان کەمال (لەدایکبوون ١٩٦٧) ھونەرمەند،پەیکەرساز و وينەکێش.
- جەلال دەباغ (لەدایکبوون ١٩٣٩) سیاسەتمەدار، نووسەر و ڕۆژنەمەنوس.
کەسایەتیی بیانی کە لە شاری سلێمانی ژیاون
دەستکاری- ئیلی بانیستەر سەون ناسراو بە مێجەر سەون یان مێجەر سۆن
- گۆکول چاند موکرجی ناسراو بە غەفوور ھیندی یان غەفوورە ڕەش ١٨٩٤–١٩٨٠
گەڕەکەکانی شاری سلێمانی
دەستکاری
|
|
|
|
|
فڕۆکەخانەی نێونەتەوەییی سلێمانی
دەستکاریفڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی دەکەوێتە بەکرەجۆ بەدووری ١٥ کیلۆمەتر لە شاری سلێمانی، فڕۆکەخانەکە لە ساڵی ٢٠٠٣ بەردی بناغەی بۆ دانراو و لە ساڵی ٢٠٠٥ بەتەواوی بەکار خرا.
پەیوەندی نێونەتەوەیی
دەستکاریدەستە خوشک
دەستکاریپێشانگا
دەستکاری-
شەقامی سالم، سلێمانی
-
دیمەنی دەریاچەی دوکان، سلێمانی
-
ئاڵای کوردستان لە پارکی ئازادی
-
دیمەنێکی سلێمانی
-
شاری سلێمانی
-
دیمەنێکی شاری سلێمانی
-
سلێمانی لە وەرزی زستاندا
-
سلێمانی
-
سلێمانی لە شەودا
-
نەخۆشخانەیەکی منداڵان لە شاری سلێمانی
-
پارکی سەرچنار
-
شانۆی ڕۆمانی لە هەواری شار
ئەمانەش ببینە
دەستکاریسەرچاوەکان
دەستکاری- ^ «Kurdistan Regional Government». KRG. لە ڕەسەنەکە لە ٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٤ ئەرشیڤ کراوە. لە ٩ی ئابی ٢٠١٢ ھێنراوە.
- ^ «سەرژمێری وەزارەتی پلاندانانی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٠ لە سایتی زەمەن پرێس بڵاوکراوەتەوە». لە ڕەسەنەکە لە ٢٢ی تەممووزی ٢٠٢٢ ئەرشیڤ کراوە. لە ٢٨ی تەممووزی ٢٠٢١ ھێنراوە.
- ^ «وەشانی ئەرشیڤکراو». لە ڕەسەنەکە لە ١١ی ئازاری ٢٠١٦ ئەرشیڤ کراوە. لە ١٨ی تەممووزی ٢٠١٧ ھێنراوە. ١١ی ئازاری ٢٠١٦ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
- ^ کتێبی: شاری سلێمانی ٢٠٠ ساڵ - نووسین و کۆکردنەوەی - سلێمانی ساڵحی ڕەشە / لاپەڕە / ٥٠٣
- ^ «The Leading Suly Government Site on the Net». sulygov.com. لە ٩ی ئابی ٢٠١٢ ھێنراوە.
- ^ ئ ا ب پ «وەشانی ئەرشیڤکراو». لە ڕەسەنەکە لە ٢٠ی تشرینی دووەمی ٢٠١٢ ئەرشیڤ کراوە. لە ٢٣ی ئابی ٢٠١٢ ھێنراوە. ٢٠ی تشرینی دووەمی ٢٠١٢ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
- ^ گەشت و گوزاری سلێمانی[بەستەری مردوو][بەستەری مردووی ھەمیشەیی]
- ^ «WorldClim Global Climate Data Grids». WorldClim. لە ڕەسەنەکە لە ١٠ی شوباتی ٢٠١٤ ئەرشیڤ کراوە. لە ١٤ی ئەیلوولی ٢٠١١ ھێنراوە. [data is inaccessible]
- ^ ئ ا «مێژووی هێنانی سینهما بۆ ههرێمی کوردستان». کوردستان تیڤی (kurdistantv.net) (بە کوردی). ٢٨ی حوزەیرانی ٢٠١٨. لە ٢٠ی ئابی ٢٠٢٣ ھێنراوە.
- ^ «خاوەنی سینەما سیروان لە سلێمانی دەڵێ لەوانەیە سینەماكە بڕوخێنم». www.rudaw.net. لە ٢٠ی ئابی ٢٠٢٣ ھێنراوە.
{{cite web}}
: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: ڕەوشی ناونیشان (بەستەر) - ^ «وەشانی ئەرشیڤکراو». لە ڕەسەنەکە لە ٢٧ی نیسانی ٢٠١٦ ئەرشیڤ کراوە. لە ٢٠ی ئابی ٢٠١٢ ھێنراوە.
- ^ «وەشانی ئەرشیڤکراو». لە ڕەسەنەکە لە ٥ی تەممووزی ٢٠١٢ ئەرشیڤ کراوە. لە ٨ی تەممووزی ٢٠١٢ ھێنراوە. ٥ی تەممووزی ٢٠١٢ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
- ^ سلێمانی شاری وێژە: سلێمانی شاری وێژەی یوونێسکۆ؛ ئەرشیڤکراو لە ١٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٤؛ سەردان لە ١٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤.
- ^ ئ ا «وەشانی ئەرشیڤکراو». لە ڕەسەنەکە لە ٢٢ی ئەیلوولی ٢٠١٢ ئەرشیڤ کراوە. لە ٢٧ی ئابی ٢٠١٢ ھێنراوە. ٢٢ی ئەیلوولی ٢٠١٢ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
- ^ کتێبی: سلێمانی ٢٠٠ ساڵ - نووسین و کۆکردنەوەی - ئەکرەمی ساڵحی ڕەشە - لاپەڕە / ٥٠٣
- ^ «Wusha Corporation بڵاوکەرەوە=Wusha.net». لە ٩ی ئابی ٢٠١٢ ھێنراوە.
- ^ «Institut für Iranistik: Feryad Fazil Omar». Geschkult.fu-berlin.de. لە ڕەسەنەکە لە ٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠١١ ئەرشیڤ کراوە. لە ٩ی ئابی ٢٠١٢ ھێنراوە.
- ^ http://www.kurdpress.com/details.aspx?id=175912 ٢ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
بەستەرە دەرەکییەکان
دەستکاریکۆمنزی ویکیمیدیا، میدیای پەیوەندیدار بە سلێمانی تێدایە. |