وەلی دێوانە
وەلید کوڕی کوێخا محەمەد ناسراو بە وەلی دێوانە ھۆنراوەنووسێکی کوردی سەدەی نۆزدە بووە. ھۆنراوەکانی ئەم شاعیرە کە بە شێوەزاری ھەورامی بوونە پشتاوپشت بیستراون. بۆ یەکەمجار ھۆنراوەکانی لە ڕۆژنامەی ژیان و ژین بڵاو کراونەتەوە، پیرەمێردی شاعیر گرنگیەکی زۆری بە ھۆنراوەکانی داوە و کردوونی بەشێوەزاری سۆرانی. مەحمود خاکی لە ساڵی ١٩٧٠ و عوسمان ھەورامی لە ١٩٧٦دا ھۆنراوەکانی وەلی دێوانەیان کۆکردووەتەوە و چاپیان کردووە. وەلی دێوانە شارەزای زمانی فارسی بووە.
وەلی دێوانە Weli Dêwane | |
---|---|
لەدایکبوون | وەلید کوڕی کوێخا محەمەد ١٨٢٦ لەناوچەی بەکراوا لە هەڵەبجە |
مردن | ١٨٨١ سەید سادق |
شوێنی گۆڕ | سەید سادق، پارێزگای سلێمانی |
پیشە | شاعیر |
زمان | کوردی، فارسی |
نەتەوە | کورد |
بواری کارکردن | شیعر |
کارە دیارەکان | یاران نەجەرگم |
ژیان
دەستکاریناوی وەلید کوڕی کوێخا محەمەدە و لە تیرەی کەماڵەییە و لە خێڵی جافە لەساڵی ١٨٢٦ لەناوچەی بەکراوا لە هەڵەبجە لەدایک بووە. باوکی پیاوێکی خانەدان و موڵکداربوە.
لە تەمەنی منداڵییەوە باوکی حەزی کردووە فێری خوێندن و نووسین ببێت، لە شاری سلێمانی فەقێیەکی بۆگرتوە فێری خوێندنی بکات و لەسەر دەستی مامۆستاکەی مەلا یوسف فێری خوێندن و نووسین و و قورئان بووە. خوێندەواری وەلی دێوانە و ناوبانگی مامۆستاکەی گەیشتۆتە ھۆزەکانی تر. کوێخا قادر شێروان کە یەکێک بووە لە سەرۆک خێڵەکانی تیرەی کەماڵەیی و کچێکی ھەبووە بە ناوی شەم (شەمسە) داوای لە مامۆستاکەی کردووە ئەمیش فێری خوێندن بکات و پێکەوە لەگەڵ وەلی دێوانە خوێندوویانە. وەلی شەیدای شەم دەبێ و پەیمانی خۆشەویستیان بەستووە. دەچن بۆ خوازبێنی و بەڵام بڕیاریان داوە تا لە کوێستان بگەڕێنەوە بەدەستگیرانی بمێننەوە. لە کاتی کۆچی ھاوینەی جاف بەرەو کوێستان، ناکۆکی لە نێوان بنەماڵەی شاعیر و بنەماڵەی خۆشەویستەکەی لە کەلی پەیکووڵیدا، ڕوویداوە. بەھۆی ئەو ناکۆکییەوە، دوو دڵدار بە یەک نەگەیشتن و لەیەکتری دابڕاون و یەکتریان نەدیوەتەوە. خۆشەویستی شەم زۆر کاریگەری ھەبووە لەسەر ئەم شاعیرە و زۆربەی شیعرەکانی بۆ خۆشەویستی و لێک دابڕانی شەم بووە.
گۆڕی وەلی دێوانە بە قەد پاڵی کێوی سەید سادقەوەیە لە قەزای سەید سادقی ناوچەی شارەزووردا.
هۆنراوەکانی
دەستکاریهۆنراوەکانی وەلی دێوانە بە شیوەزاری هەورامی و لەسەر کێشی دە بڕگەیی خۆماڵی نووسراون، هۆنراوەکانی هۆنراوەی سادە و ئاسان و ڕەوانن ئەمەش تام و چێژێکی تایبەتی بە هۆنراوەکانی داوە.
نموونەیەک لە هۆنراوەکانی
دەستکاریهەی شەمی شەوان، هەی شەمی شەوان | ھەی شەمی بەشەوق، چلچرای شەوان | |
ھەی ژیانی من، ھەی ڕۆحی ڕەوان | ھەی گلێنەکەی دیدەی بێخەوان | |
ھەی ئاسکی سرکی لە سێبەر سڵکەر | ھەی ھەوای بەرزی ئێڵاخان لە سەر | |
ھەی عەنبەرینخاڵ، سۆسەنی کڵاف | ھەی ڕووناکاییی ڕەشماڵانی جاف | |
ھەی من پەروانەی پەڕسووتاوی تۆ | ھەی من گیرۆدەی زوڵفی خاوی تۆ | |
تۆ جارێ نایەی بە سەروەختی من | گوێ نادەی بە ئاە، زامی سەختی من | |
ناپرسیت ئاخۆ من بێ تۆ چۆنم | بێباکی لە تین قرچەی دەروونم | |
ھەوای کوێستانت وا بۆ بووەوە | حەیفت کرد منت لە بیر چووەوە | |
بێمروەتیت کرد ھەی شەم دەربارەم | من بۆ تۆ قەیسی سیاستارەم | |
وادەی من و تۆ دیوانی خوا بێ | مەگەر ئەو ڕۆژە دادم ڕەوا بێ | |
ئەگینا ئێستا تۆ بە سەلامەت | وا ئەم هەقەی من کەوتە قیامەت |