نالی
مەلا خدر (خضر) کوڕی ئەحمەدی شاوەیسی ئاڵی بەگی میکایلی ناسراو بە نالی (١٨٠٠–١٨٥٦ز) بەردی بناغە و دامەزرێنەری خوێندنگەی شیعری بابان و لە یەکەمین و بەناوبانگترین شاعیرانی شێوەزاری کوردیی ناوەندییە.
نالی Nalî | |
---|---|
لەدایکبوون | ١٨٠٠ز گوندی خاک و خۆڵ، دەشتی شارەزوور |
مردن | ١٨٥٦ز ئەستەمبوڵ، تورکیا |
شوێنی گۆڕ | ئەستەمبوڵ، گۆڕستانی قەرەجە ئەحمەد تورکیا |
نازناو | نالی |
پیشە | شاعیر نووسەر بیرکاریزان وەرگێڕ |
زمان | کوردی عەرەبی تورکی فارسی |
نەتەوە | کورد |
کارە دیارەکان | دیوانی نالی |
ھاوسەر | زەینەب خان |
لە گوندی خاک و خۆڵ، لە دەشتی شارەزوور ھاتوەتە دنیاوە. ھەر لە تەمەنی منداڵی نراوەتە بەر خوێندن لە حوجرە. لە سەرەتاوە وردەپەرتووکی فارسی و قورئانی خوێندووە، دواتر زانستەکانی تری قورئان و فەرموودە و سەرف و نەحو و کەلام، بەلاغە، و فەلەک و فیقھ و سیرەی خوێندووە. تا خوێندنی ئەمانەی تەواو کردووە و دواتر مۆڵەتی عیلمی وەرگرتوو، لە چەندەھا شوێن وەک سنە و مەھاباد و ھەڵەبجە و سلێمانی و لای چەندەھا مامۆستای باشی ئەو سەردەمەی خۆی خوێندویەتی. دوای تەواوبوونی خوێندنەکەی، نالی مەلایەکی باش و ڕۆشنبیرێکی گەورەی لێدەردەچێت، بێجگە لە زمانی دایکی کە کوردی بووە فارسی و تورکی و عەرەبیشی بە باشی زانیوە، تەنانەت شیعریشی پێ نووسیوون.
ژیان
دەستکاریمشتومڕێکی زۆر ھەیە لەسەر لە دایکبوون و کۆچکردنی نالی لە نێو میژوونووسان و ڕۆشنبیرانی کورددا، ئەگەرچی لەلایەن مێژوونووسانەوە چەند ڕایەکی جیاواز خراونەتە ڕوو بەڵام ھیچیان دان بە ڕاستی لە دایکبوون و کۆچکردنی نالی دا نانێن بە بەڵگەوە، ھەر بۆیە تا ئێستاشی لەسەر بێت نەتوانراوە ڕۆژی لەدایکبوون و کۆچکردنی بە بەڵگەوە دەقیق دیاری بکرێت.
ئەمانەی خوارەوە چەند نموونەیەکن لەو ڕاو سەرنجانەی نووسەرانی کورد ھەیانە لەسەر ھاتن و کۆچی نالی:
- محەممەد ئەمین زەکی بەگ دەڵێت: «نالی لە ساڵانی١٨٠٠–١٨٥٦ زایینیدا ژیاوھ». و مارف خەزنەدار و کەمال فوئادیش ھەر ھەمان مێژوویان دیاری کردوە.
- عەلائەدین سەججادی دەڵێت: «لە ١٧٩٧ی زایینیدا ھاتوەتە دنیاوە و لە ١٨٥٥ دا کۆچی دوایی کردوھ».
ئەگەر بەپێی زۆرینەی لیکۆڵەڕەوان کار بکەین بێجگە لە عەلائەدین سەججادی دەتوانرێت بوترێت نالی ٥٦ ساڵ ژیاوە ھەر وەک زۆربەی لێکۆڵەرەوان لەسەر ئەم ڕایە کۆکن. تەنھا بەپێی بۆچوونەکەی عەلائەدین سەججادی نالی ٥٨ ساڵ ژیاوە.
ئەم جیاوازییەش وەکو سەرنجی بۆ دراوە قسەی مامۆستا عەلائەدین سەججادی لەلایەک و دکتۆر مارف خەزنەدار و دکتۆر کەمال فوئاد لە لایەکی ترەوە دەربارەی تەمەنی و ساڵی لەدایکبوونی نالی ئەو بەراوردکردنەی کوردی و مەریوانی و بەدوای ئەوانیشدا مامۆستا عەلی موقبیلھ، ئەوەی لە پێشەکی دیوانەکەیاندا ساڵی ١٢١٥ی کۆچییان لەگەڵ ساڵی ١٧٩٧ی زایینیدا بەراوردکردووە. جا ئەگەر وەھا بێت، ئەوا وەک کوردی و مەریوانی و موقبیل و سەجادی ئەفەرموون نالی ٥٨ ساڵ ژیاوە؛ بەڵام لە ڕۆژنامەکانی ڕۆژھەڵاتناسی ئەرمەنییی «وسف ئەبگارەڤێچ ئۆربێلی» دا ساڵی ١٢١٥ی کۆچی لەگەڵ ساڵی ١٨٠٠–١٨٠١ی زایینی بەرامبەر کراوە. بەپێی ئەمە وەک دکتۆر مارف خەزنەدار و دکتۆر کەماڵ فوئاد لەسەری ڕۆیشتون، ساڵی لە دایکبوونی نالی دەکاتە ١٨٠٠ی زایینی و تەمەنیشی دەبێتە ٥٦ ساڵ.
لەوانەی باسکران ھیچیان ناتوانرێت وەک سەرچاوەیەکی ڕاستەقینە و باوەڕپێکراو ساڵی لەدایکبوون و کۆچی نالی دیاری بکەن؛ بەڵام ھەندێ شت ھەیە دەبنە ھۆکاری ڕوونکردنەوەی سەردەمی نالی و نزیکبوونەوە لە زانینی ساڵی لە دایکبوون و مردنی.
لە دیوانەکەی نالیدا ھاتووە کە تێیدا مامۆستا مەلا عەبدول کەریمی مودەڕڕیس دەڵێت «مەسەلەی دیاریکردنی ساڵی لە دایکبوون و مردنی کەسێک، شتێک نییە بنیادەم بتوانێ بە ئیجتیھاد بڕیاری بدا و، بە بەڵگەو نیشانەی مێژووی لەوە زیاترمان پی نەکرا کە تێکڕا ھەندێ لەو ساڵانە دیاری بکەین کە نالییان تیا ژیاوە؛ بەڵام بەڵگەی تریش بەدەستەوە ھەیە پێمان دەسەلمێنێ کەوا نالی نە لە ساڵی ١٨٥٥ و نە لە ساڵی ١٨٥٦ مردووە و نە تەمەنیشی ٥٦ یا ٥٨ ساڵ بووە، جا خواە ئیتر لە ١٧٩٧ دا لە دایک بووبێ وەک عەلی موقبیل دەڵێ یا لە ١٨٠٠ وەک ئەوانی تر دەڵێن» ساڵی ٢٠١٧ د. ھێمن عومەر خۆشناو لە توێژینەوەکەیدا بەناوی «نالی لە بەڵگەنامەکانی عوسمانیدا» بە بەڵگە ئەوەی ڕوون کردەوە کە نالی لە ٢٢ی تشرینی دووەمی ١٨٧٧ لە ئەستەنبوڵ کۆچی دوایی کردووە. گەلێ بەیتی نالی ھەیە وا دەگەیەنن نالی گەیشتووەتە تەمەنی پیرییەکی ڕاستەقینەو بێ ھێز بوون کە دیارە ئەوەش لە ٥٨ ساڵیدا پەیدا نابێ، وەک ئەمانە:
- مووی سپی کردم بە شوشتن ئاوی عەینی شۆرە شەت.
- بۆ مەمک نالی چ منداڵانە وەی وەی کردووە.
- گەرچی مووی وەک شیرە، بەو شیرە شکۆفەی کردووە.
- ئەی تازە جوان! پیرم و ئوفتادە و کەوتووم.
- من پیرم و فانی.
ئەوەی کە گوتراوە ئەحمەد پاشای بابان لە ١٨٥٣ دا لە پاریس باسی نالی بۆ (خۆدزکۆ)ی شابەندەری ڕووسیا کردووە وادەگەیەنێ نالی لەو سەردەمەدا لە شام ژیاوە. چونکە شیعرەکەسی کە پاش تێکچوونی حوکمی بابانییەکان بۆ سالمی ناردووە بۆ سلێمانی، لە شامەوە ناردوویە. لە لایەکی کەشەوە ھەموو ئەوانەی مێژووی ژیانی نالییان خستووەتە سەر کاغەز باسی ئەوەیان کردووە کەوا نالی پاشان چووەتە ئستانبوول و لەوێ لەگەڵ ئەحمەد پاشای بابان ماوەیەکی دوور و درێژیان پێکەوە بەسەر بردووە. جا سەرەڕای ئەوە کە لەوانەیە نالی ماوەیەکی زۆریش لە شام مابێتەوە ئەنجا چووبێتە ئستانبووڵ، ئەو ماوەی کەمتر لە دوو ساڵەی نێوان یەکتری دیتنی خۆدزکۆ و ئەحمەد پاشا و مردنی نالی لە ئستانبووڵ لە ١٨٥٥ دا کە دەڵێن لەو ساڵەدا لەوێ مردووە، بەپێی توانای ھاتوچۆی ئەو سەردەمە بە حاڵ بەشی تەنھا ڕۆیشتنیکی لەسەر خۆی ئەو چەرخە ئەکا، چ جێی ئەوەش ماوەیەکی دوور و درێژی لە ئستانبووڵ لەگەڵ ئەحمەد پاشا بەسەربردبێ.
نالی لە شیعرێکیا لە بەرابەری مەرقەدی پێغەمبەر ئیسلام دا دەڵێ: موددێکە کە ھەم گەردشی دەورانی سوپێھرم. واتە: دەمێک ئاوارەی نیشتمانم و دەسووڕێمەوە و ئێستا گەیشتوومەتە ئێرە. دەبێ ئەم دەمە چاند ساڵی خایاندبێ و ئەو ماوەیەی لە کوێ بەسەر بردبێ و کوێ گەڕابێ؟
لە شوێنێکی تردا ھاتووە. حاجی مەلا عەبدوڵڵای جەلی زادە باوکی (مەلای گەورەی کۆیە) گێڕاوییەتەوە و بێ گومان قسەیشی جێگای متمانەیە، کە وا لە ساڵی ١٢٨٨ی کۆچی. ١٨٧١–١٨٧٢ ی زایینی دا نالی لە مەککە دیوەو کە دیویشییە زۆر پیر بووە.
نالی و میرنشینی بابان
دەستکارینالی لەگەڵ ھەر دوو میری بابانی ھاوکاتی خۆی واتە سلێمان پاشا و ئەحمەد پاشای کوڕی سلێمان پاشا پەیوەندییەکی زۆر تایبەتی ھەبووە. ئەم پەیوەندییەش لە زۆرێک لە شیعرەکانی نالیدا ڕەنگی داوەتەوە، ئەمانە ھەندێ بەڵگەن لەسەر ئەو پەیوەندییەی نالی شاعیر و میری بابان:
ھودھودی دڵ حەبسی بەلقیسی سەبای دیوە یەقین | خۆی کە دامێن گیری شاھی ئاسەفی سانی دەکات |
شاھی ئاسەفی یەکەم حەزرەتی سولەیمان پێغەمبەر بووە کە وەزیرەکەی ناوی ئاسەفی کوڕی بەرخیا بووە و مەبەستی لە شای دووەمی ئاسەفیش، سلێمان پاشای بابانە.
ئەم تاقمە مومتازە کەوا خاسەیی شاھن | ئاشووبی دڵی مەملەکەت و قەلبی سوپاھن |
ئەوانەش ھەمووی بریتییە لە پیاھەڵدان و باسکردنی تاقمە سوپایەک. دەبێت ئەو سوپایە سوپای کێ بووبێت، ئەگەر ھیی سلێمان پاشای بابان یان ئەحمەد پاشای کوڕی نەبووبێت؛ بەتایبەتی، کە پەڕتووەکەکانی مێژوو دەڵێن، ئەم ئەحمەد پاشایە سوپایەکی ڕێکوپێکی و تازە بابەتی پێکھێناوە. وەکو مامۆستا مەلا عەبدولکەریمی مودەریس دەڵێت: "نازانم 'نالی' لە کاتی دەستەڵاتی ئەحمەد پاشادا لە سولەیمانی ماوەتەوە و ئەو سوپایەی بە چاوی خۆی بینیوە و باسەکەیان بۆ گێڕاوەتەوە و دووربەدوور پێناسەی کردووە، یاخود مەبەستی سوپای سلێمان پاشای باوکییەتی، ئەوەی لە ١٢٣٤ی کۆچییەوە تا ١٢٥٤ حوکمرانیی سولەیمانی کردوە؟!"
- قەسیدە درێژەکەی، ئەوەی بۆ سالمی ھاوڕێی گیانی بە گیانی خۆی ناردووە و ئەوەش تێکڕا پرسیارە لە وەزعی سولەیمانی پاش نەمانی دەوری بابانەکان.
- غەزەلەکەی، ئەوەی بەبۆنەی سەفەری حەجی (نووری ڕوودباری)یەوە وتوویەتی کە وەک لە تێکڕای بەیتەکانەوە دەردەکەوێ خاوەنی ڕێبازی نەقشبەندی و یەکێک بووە لە موریدە ناودارەکانی مەولانا خالید (١١٩٧ی. ک-١٧٨٣ی. ز، ١٢٤٢ی. ک-١٨٢٦ی. ز).
بەجێھێشتنی کوردستان
دەستکاریلەدوای بیست و پێنج ساڵی تەمەنی، کوردستان جێدەھێلێت و دەچێتە حەج، و دوای تەواوکردنی حەجەکەی ڕووی کردووەتە شام لە ساڵی ١٨٥٠ تا کۆتایی ساڵی ١٨٥٤ نالی لە شام بووە، لەو ماوەیەدا میرنشینی بابان دەڕووخێت و، دەنگوباسی ڕووخانەکەی پێدەگات، ھەست دەکات خۆشییەکەی سلێمانی نەما، حەبیبەنەما، دۆست و ئەحبابەکانی وەکو جاران نەمان، سوپاکەی ئەحمەد پاشا تیاچوو، سوپای ڕۆمی جێیانی گرتەوە، (سالم)یش نەک ھەر ھاندەری نابێت کە بگەڕێتەوە سلێمانی بەڵکوو تکای لێدەکات نەشگەڕێتەوە، وەکوو لە قەسیدەکەیدا دەڵێت:
توخوا بڵێن بەو حەزرەتی نالی دەخیلی بم | بەو نەوعە نەکا بەسولەیمانییا گوزەر |
نالی نائومێد بووە و بە ناعیلاجی ڕووی لە ئەستەمبوڵ کردووەو لەوێ لەلای ئەحمەد پاشای بابان دەبێ لەگەڵ پیاوە کوردەکانی تر ژیانێکی خۆش و ئەدیبانەیان لەدیوەخانی ئەحمەد پاشادا ڕابواردووەو، ھەموویان بە مامۆستا بانگیان کردووە.
نالی و مەبەستی شیعری
دەستکاریئەو مەبەستانەی لە شیعری (نالی) دا ڕچاو کراون ئەمانەن:::
- مەدح و پیاھەڵدانی حەزرەتی پێغەمبەر.
نالی زۆرێک لە شعرەکانی بۆ حەزرەتی پێغەمبەر نوسیوە و لە دیوانەکەی دا بە باشی باسی لێوە کراوە و دوا ھۆنراوەکانیشی ھەر لەوێ نوسیوە لە تەمەنی پیری دا کە زیارەتێکی حەزرەتی پێغەمبەر دەکات و لە مەدح و سەنای ئەو زاتەیا بووە.
https://www.youtube.com/watch?v=DDiNu0dwR_E
ئەی تازە جەوان! پیرم و ئوفتادە و کەوتووم تا ماوە حەیاتم
دەستێ بدەرە دەستی شکستەم، کە بەسەر چووم قوربانی وەفاتم
تۆ یووسفی نەو حوسنی لەسەر میسری جینانی من پیرم و فانی
لەم کولبەیی ئەحزانە نە زیندووم و نە مردووم ھەروا بە تەماتم
یان لە شوێنێکی تر دا:
ئەی ساکینی ڕیازی مەدینەی منەووەرە
لووتفێ بکە، بفەرموو: مەدینەی منەو، وەرە
عەرشی بەرین کە دائیرەیە، ڕەوزە مەرکەزە
فەرشی زەمین بە عەرسەیی تەیبە موجەوھەرە
- سۆفیگەری
بەدەر لە لێکۆڵینەوە ڕووکارییەکان، لە تەفسیر و ڕاڤەی شیعرەکانی نالی دا زۆر بە ڕوونی دیارە کە شوێنکەوتەی ڕێبازی تەسەوفە و لە قەسیدەح (ئەلا ئەی نەفسی بوم ئاسا) دا زۆر بە جوانی دیارە و ئەو موناجاتانەی کە لە حەج و لە خزمەت ڕەوزەی حەزرەتی پێغەمبەر (د. خ) دەیکات ھەڵقوڵاوی ئەو باس و خواسەیە.
ھەر وەک چۆن لە دەسپێکی ژیانی دا نالی ھەر گۆش و خوێندکاری ناوەندە خوێندنەکانی تەسەوف بووە و لە خانەقا و تەکیەکان دا خوێندنی کردوە و وانەشی وتووەتەوە. دیارە ئەمە وای کردووە کە نالی بەو جۆرە بە قووڵی و پڕ ماناوە شعرەکانی بنوسێت. چونکە زۆر لە زانستەکانی بەلاغە و وشەکاری و مەنتقی تێدا خوێندووە.
دەست خۆشی بۆ جەنابی مامۆستا عەبدولکەریمی مودەڕیس کە دەستێکی باڵای ھەبوە لە لێکدانەوە و ڕاڤەکردنی شعرەکانی نالی و مەحوی و مەولەوی … ھتد) وەگەر نا ڕەنگە بەشێکی زۆری ئەدەبیاتی کوردی بفەوتایە یان بێ ئاگا بوینایە لە ناوەڕۆکی شعرەکان.
- دڵداری کە بەشی ھەرە زۆری دیوانەکەیەتی.
نموونەیەک لەم لەشیعری دڵداری "نالی" شاعیر:
زوڵفت بە قەدتدا کە پەرێشان و بڵاوە، | ئەمڕۆ لە منی شیفتە ئاڵۆز و بە داوە | |
ئەم عومرە عەزیزە کە لە بۆت نەقد و دراوە، | سەد حەیف و درێغا کە موسوڵمانی نەماوە! | |
عومرێکی درێژە بە خەیاڵی سەری زوڵفت | سەودا و پەرێشانم و، سەودایەکی خاوە | |
ھەرچەندە کە ڕووتم، بەخودا مائیلی ڕووتم | بێبەرگییە عیللەت کە ھەتیو مەیلی ھەتاوە… | |
مانی نییەتی قووەتی تەسویری برۆی تۆ | ئەم قەوسە بە دەستی موتەنەففیس نەکشاوە | |
بۆچی نەگریم، سەد کەڕەتم دڵ دەشکێنی! | بۆ مەی نەڕژێ، شیشە لە سەد لاوە شکاوە! | |
بێفائیدەیە مەنعی من ئێستاکە لە گریان | بۆ عاشقی بێچارە زووەم ئاوە ڕژاوە! | |
ھەر جۆگە و جێگێکی کەوا سوور و سوێر بێ | جێی جۆششی گریانی منە و خوێنە ڕژاوە | |
سۆزی دڵمە باعیسی تاو و کوڵی گریان | مەعلوومە کە ئاگر سەبەبی جۆششی ئاوە | |
نالی وەکوو زوڵفت کە موتیعی بەری پێتە | تێکی مەشکێنە، بە جەفا مەیخەرە لاوە |
- وەسف، بە تایبەتی وەسفی بەھار و دیمەنی سروشت و وەسفی حوجرە شەق و شڕەکەی و لێھاتوویی و بوردەباری (کەر)ەکەی!
- نزاو پاڕاناوە لە خوا.
- بیری وڵات کردنەوە. قەسیدەکەی سالم وەک نموونە.
- لاواندنەوە و پیاھەڵدانی پاش مردن.
- مەدح و پیاھەڵدان. مەدحی سوپای بابان بە نموونە.
نالی لە سەرەتای چەرخی نۆزدەھەمدا ژیاوە. لەو سەردەمەدا زمانی باوی ئەدەبی بریتی بووە لە زمانی عەرەبی و فارسی و تورکی، چونکە کورردستان یا سەر بە ئیمراتۆرییەتی عوسمانی یا ئێران بووە و زمانی ڕەسمی یا فارسی یا تورکی بووە، بێجگە لەوەش زمانی عەرەبی زمانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام بووە و کوردستانیش تێکڕا یەکێک بووە ل وڵاتە ئیسلامییەکان. سەرەڕای ئەوە کە نالی خۆیشی خوێندەوارێکی ئایینی و مەلایەکی مووسڵامان بوو. جا بۆیە، نالی ئەگەرچی زۆری شیعری بە کوردی وتووە، شیعرەکانی وشەی زۆری فارسییان بە دەستکارییەوە یا بێ دەستکاری تیایە. ھەروەھا وشەی زۆری عەرەبی و زاراوەی ئایینی و زاراوەی زانیارییە ئایینییەکانی وەک فقە و ئوسسولی دین و مەنتیق و فەلەکییاتیان تیایە کە بە شێوەی ئیقتیباس و تەلمیح بەکاری ھێناون. ئەو شیعرانەی کە لە (موناجات) و نزاو پاڕانەوەدا وتوونی ھەموویان ئەنجامی ئەو کارە کاریگەرەن کە ئایینی ئیسلام لە ناخی دەروونیدا کردوویەتیی.
ھەر لە سەرەتای دیوانەکەیەوە ڕوو لە بارەگای خودا ئەکا و دەڵێ:
ئەی جیلوەدەری حوسن و جڵەوکێشی تەماشا | سەر ڕشتەیی دین بێ مەدەدی تۆ نییە حاشا | |
بەو ڕەحمەتە عامەت کە دەکا سەنگی سییەە زەڕ | لەم قەلبە کە وەک بەردە، ڕەشە، (ڕش شاشا) |
دوو نامەکەی نالی و سالم
دەستکارییەکێک لە بەناوبانگترین شیعرەکانی نالی ئەو شیعرەیە کە بۆ سالمی نووسیوە و ئەویش وەڵامی دەداتەوە، ئەو دوو قەسیدەیە بە ناوی «دوو نامەکەی نالی و سالم»ەوە ناوبانگیان دەرکردووە. نالی ئەو قەسیدەیەی وەکو نامەیەک بۆ سالمی ھاوڕێی نووسیوە و باسی دوورە ولاتی خۆی لە شام دەکات و ھەست و تاسەی دووری نیشتمان و شارەزوور و سلێمانی کە لەلایەن عوسمانییەکانەوە داگیرکرابوو، دەردەبڕێت. «عەبدولڕەحمان سالم»یش لە وەڵامدا شیعرێکی بەرزی بۆ دەنووسێت و ھەردووکیان بە خەیاڵ و بە (با) دا، نامەکانیان دەنێرن. نالی بەم شێویە قەسیدەکەی دەست پێ دەکات:
قوربانی تۆزی ڕێگەتم ئەی بادی خۆش مروور | وەی پەیکی شارەزا بە ھەموو شاری شارەزوور | |
ئەی لووتفەکەت خەفییو ھەوا خواە و ھەمدەمە! | وەی سروەکەت بەشارەتی سەر گۆشەیی حوزور! |
مەلا عەبدولکەریمی مودەریس بەم شێوەیە ئەو دوو بەیتە شیعرەی شیکردووەتەوە و دەڵێ: "نالی لە ڕێگای (با)ی تیژڕەوەوە نامەکەی دەنێرێت و پێی دەڵێت:”خوا بمکا بە قوربانی تۆزی ئەو ڕێگایەی تۆ بەسەریا دەڕۆی، تۆ شارەزای ھەموو کون و کەلەبەرێکی شاری شارەزووری و ڕێت لێ ون نابێ، بڕۆ ئەم نامەیەم بۆ بگەیەنە و ھەواڵم بۆ بپرسە و بزانە…”. نالی بەو شێوەیە تاسەی دووری خۆی و دوورە وڵاتی دەکاتە ھەوێنی ئەو شیعرە بەرزە کە «ھەڵقوڵاوی ئاخ و دەنگدانەوەی ژانی دەروونی خۆیەتی».
سەرچاوەکان
دەستکاری- دیوانی نالی، لێکۆڵینەوە و لێکدانەوەی مەلا عبدالکریمی مدرس و فاتح عبدالکریم، چاپخانەی کۆڕی زانیاری کورد – بەغدا ١٩٧٦]
- ماڵپەڕی ڕێگا - ئەدەبیاتی نالی - نووسینی ڕەنج ھەژار
- ماڵپەڕی ھۆنراوە - بابەت: لێکۆڵینەوە لە شیعری نالی ئامادەکردنی ڕەنج ھەژار ٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
- دیوانی نالی چاپی دووەم / مەلا عەبدولکەریمی مودەریس و فاتح عبدالکریم چاپخانەی کوردستان
- مێژووی ئەدەبی کوردی نووسراوەی عەلائەدین سەججادی، چاپخانەی مەعارفی بەغداد، ١٩٥١
- نالی لە بەلاغەوە بۆ مۆدێرنیتە، ڕێبوار سیوەیلی، ٢٠١٩، ھەولێر
- نالی لە بەڵگەنامەکانی عوسمانیدا، ھێمن عومەر خۆشناو، ٢٠١٧، دەستنووسخانەی زانکۆی سۆران