قورئان

فەرموودەی خوا بۆ پێغەمبەر و موسڵمانان

قورئان (بە عەرەبی: القرآن‎) لە ئیسلامدا بریتییە لە وتە و ڕاسپاردەی خوا کە نێردراوە بۆ پێغەمبەری ئیسلام محەممەد، قورئان لە عەرەبیدا لە وشەی (قرء) وەرگیراوە کە بەمانای خوێندنەوە دێت، و بنچینەی ئەویش لە وشەی (القرء) وەرگیراوە کە بە مانای کۆکردنەوە و لە خۆگرتن دێت، و قورئان ئەو ناوەی لێنراوە بەھۆی ئەوەی کۆمەڵێک ئایەت و سوورەتی زۆر لەخۆدەگرێت و کۆیان دەکاتەوە.[١]

قورئان
لقیsources of sharia
دامەزران١ی کانوونی دووەمی ٠٦٣١
ناو بە زمانی فەرمیالقرآن‎
سەرناوالقرآن‎
ئایینئیسلام
چەشنreligious literature، religious text
زمانClassical Arabic
شوێنی گێڕانەوەنیمچەدوورگەی عەرەبی
پێڕستی کەساتییەکانlist of Quranic characters and names
ھۆکاروەحی
لێکۆڵینەوە لەلایەنQuranic studies
Location of creationمەککە، مەدینە
Full work available at URLhttp://al-quran.info
دۆخی چاپکردنپاوانی گشتی، پاوانی گشتی
قورئان

پێشەکی دەستکاری

موسڵمانان لەو باوەڕەدان کە قورئان کتێبی خوایە کە نێردراوە بۆ پێغەمبەری ئیسلام محەممەد. لەبەرئەوە لەو باوەڕەدان کە خوێندنەوە و گوێگرتن لێی و کارکردن پێی ھەمووی خواپەرستییە و موسڵمان لە خوا نزیک دەبێتەوە پێی و دڵنیا دەبێت؛ و زۆربەیان لەو باوەڕەدان کە بناغەی شارستانی و ڕۆشنبیرییەکەیانە.

قورئان ئەدوێت لەبارەی بابەتی جۆراوجۆرەوە کە ژیانی مرۆڤ دەگرێتەوە لە دنیا و ڕۆژی دواییدا، دنیا و ئایین لە ئیسلامدا بەیەکەوە بەستراون، قورئان بناغەی بیروباوەڕی موسڵمان دادەنێت و بانگی خەڵک دەکات بۆ پەرستنی خوا و گوێڕایەڵبوون و ملکەچبوون بۆی و بیرکردنەوە لە دروستکراوانی، و دەدوێت لە بارەی مافەکانی مرۆڤ و ئەرکەکانی بەرامبەر پەروەردگاری خۆی و کۆمەڵگە و ئایینەکەی و ھەموو گەردوون. قورئان سیستەمێکی کۆمەڵایەتی دیاری دەکات بۆ موسڵمانان، و ڕەوشت و ئاکاری موسڵمان لەخۆدەگرێت و زۆر ئامۆژگاری و پەند لە ژیانی پێشینەکان باس دەکات، خەڵک ئاگادار دەکاتەوە لە سزای ئاگر لە ڕۆژی دواییدا، لەگەڵ زۆر بابەت و لێدوانی تر.

 
وەشانێکی ئەندەلووسی قورئان، دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی ١٢ی زایینی

قورئان دابەش دەبێت بۆ ١١٤ بەش، بە ھەر بەشێک ئەوترێت سوورەت، و ھەر سوورەتێک دابەش دەبێت بۆ ژمارەیەک ڕستە و وتە کە ناو دەبرێت بە ئایەت. ھەموو سوورەتێک بە دەربڕینی (بسم اللە الرحمن الرحیم) دەست پێدەکات، جگە لە سوورەتی تەوبە کە بەبێ ئەو دەربڕینە دابەزی، واتای ئەو دەربڕینەش «بە ناوی خوای گەورە و میھرەبان»ە.

یەکەمین ئایەت کە دابەزی ئایەتی  اقْرَأْ بِاسْمِ رَبِّكَ الَّذِي خَلَقَ   (عەلەق:١)بوو و دوا ئایەت کە دابەزی ئایەتی وَاتَّقُواْ يَوْمًا تُرْجَعُونَ فِيهِ إِلَى اللّهِ ثُمَّ تُوَفَّى كُلُّ نَفْسٍ مَّا كَسَبَتْ وَهُمْ لاَ يُظْلَمُونَ   (بەقەرە:٢٨١) بوو.

دابەزینی قورئان و کۆکردنەوەی لە یەک بەرگدا دەستکاری

زانایانی موسڵمان کۆکن لەسەر ئەوەی قورئان بە یەک جار دانەبەزیوە، و لە کاتی جیاوازدا ھاتووەتە خوارەوە لە ماوەی زیاد لە بیست ساڵ. کۆکردنەوەی قورئان لە سەردەمی ئەبوبەکری سدیقدا کرا بۆ یەکەم جار. کۆکردنەوە بە مانای نووسین وتۆمارکردنی قورئان دێت، کە بە چوار قۆناغدا تێپەڕیوە:

  1. قۆناغی سەردەمی پێغەمبەرایەتی
  2. قۆناغی سەردەمی ئەبوبەکر
  3. قۆناغی سەردەمی عوسمان
  4. قۆناغی سەردەمەکانی دوای عوسمان

قۆناغی سەردەمی پێغەمبەرایەتی دەستکاری

نزیکەی ٦٠ کەسێک ھەبوون کە پێغەمبەر محەممەد لە ژیانی خۆیدا دای نابوون بۆ نووسینەوەی قورئان، و دوای ئەوەی ئایەتەکانی بۆ دەخوێندنەوە و پێی دەوتن کە لە چ شوێنێک دای نێن (لای چ ئایەت و لە چ سوورەتێکدا)، لە سەردەمی پێغەمبەردا بە سێ شێوە قورئان دەپارێزرا: بە لەبەرکردن، یان بە نووسینەوەی لەلایەن نووسەرانی وەحییەوە یان بە نووسینەوەی لەلایەن خەڵکی ترەوە جگە لە نووسەرانی وەحی، بەڵام لە ژیانی پێغەمبەردا قورئان لە یەک بەرگدا بە کۆیی نەنوسرایەوە .

قۆناغی سەردەمی ئەبوبەکر دەستکاری

لە دوای کۆچی دوایی پێغەمبەر محەممەد زۆرێک لە عەرەبەکان لە ئایین پاشگەز بوونەوە، کە ئەبوبەکر بەرەنگاری ھەموویان بوویەوە لەوانەی کە بە تەواوی لە ئایین پاشگەز بووبونەوە، و ئەوانەی کە وازیان لە ھەندێک دین ھێنابوو وەک زەکەتدان، و ئەوانەش کە بانگەوازی پێغەمبەرایەتیان دەکرد. بەم شێوەیە شەڕێکی گەورە ڕوویدا و لەو شەڕانەدا ژمارەیەکی زۆر موسڵمان بوونە قوربانی کە بەپێی گێڕانەوەیەک ٧٠ کەس لەوانەی ھەموو قورئانیان لەبەر بوو کوژران. ھەر لەبەر ئەوە عومەری کوڕی خەتاب پێشنیاری بۆ ئەبوبەکری سدیق کرد کە ھەموو قورئان لە یەک بەرگدا (مصحف) بنوسرێتەوە، بەم شێوەیە ئەبوبەکر لیژنەیەکی دروست کرد بۆکۆکردنەوەی قورئان کە لە عومەری کوڕی خەتاب و زەیدی کوڕی سابت پێک ھاتبوون بۆ کۆکردنەوەی قورئان؛ و ژمارەیەک لە ھاوەڵان دەست نیشان کران بۆ نووسینەوە. نزیکەی دوو ساڵ خەریکی کۆکردنەوەی ھەموو ئەو بەرگانەی قورئان بوون.

قۆناغی سەردەمی عوسمان دەستکاری

 
قورئانی عوسمان کوڕی عەفان لە کۆنترین بەرگەکان

قورئان بەو شێوەیەی خۆی مایەوە وەک سەردەمی ئەبوبەکر، بەڵام دوای ئەوەی لە سەردەمی عومەری کوڕی خەتابدا فتوحاتی ئیسلامی فراوان بوو و بەردەوام لە زیادکردندا بوو، خەڵکی عێراق و شام و ھەندێک ناوچەی تر، جیاوازی کەوتە نێوانیان لەسەر خوێندنەوەی ڕاستی قورئان بەم شێوەیە عوسمانی کوڕی عەفان لیژنەیەکی دروست کرد لە نووسەرەکانی وەحی سەردەمی پێغەمبەر، بۆ لەبەر گرتنەوەی ئەو نوسخەیەی قورئان کە لە سەردەمی ئەبوبەکردا ئامادە کرابوو. عوسمان ھەر قورئانێکی دەنارد بۆ وڵاتێک کەسێکی شارەزای لەگەڵ دەنارد بۆ ئەوەی خەڵک فێری چۆنییەتی خوێندنەوەی بکات و بۆیان ڕوون بکاتەوە.

قۆناغەکانی سەردەمی دوای عوسمان دەستکاری

ئەو قورئانانەی لە سەردەمی عوسماندا و پێشتریش نوسرابوونەوە، سەر و بۆریان نەبوو، بۆیە ئەو کەسانەی کە عەرەب نەبوون دەکەوتنە ھەڵەوە لە کاتی خوێندنەوەی، ئەبو ئەسوەدی دوئەلی یەکەم کەس بووە کە دەستی کرد بە خاڵبەندی قورئان، بەم شێوەیە نووسینەوەی قورئان سەردەم دوای سەردەم جوانکاری و ئاسانکاری زیاتری بە خۆیەوە بینی.

زانستی قورئان دەستکاری

زانستی قورئان زۆر و ھەمەجۆرە، و زانایان بە شێوازی جیاواز بابەتەکانی قورئانیان دابەش کردووە، و گرنگترین پۆڵێنکردنی قورئان کە ھەموو ئەو باس و خواسانە لە خۆ دەگرێت ئەمەی خوارەوەیە:

قورئان بە شێوەیەکی گشتی دوو جۆر باس دەگرێتە خۆی:

  1. چەند باسێک وەک یاسا و ئەحکام داڕیژراون و کراونەتە ئەرک بە سەرشانی تاک و کۆمەڵەوە بۆ ئەوەی جێ بە جێ بکرێن. وەک باسە بیروباوەڕییەکان کە پەیوەندیان بە بیر و ھۆشەوە ھەیە، وباسە ڕەوشتییەکان کە پەیوەندیان بە ھەست و نەستی دڵەوە ھەیە، و باسە کردارییەکان کە پەیوەندی بە ھەڵسو کەوتەوە ھەیە.
  2. چەند بابەت و باسێک کە ئەو یاسایانەی وەرنەگرتووە کە ئەمانیش چیرۆک و پەند ھێنانەوە و سوێندەکانی قورئان و لێدوان و وتووێژ لە قورئاندا و ئیعجاز و پەیمان و ئاگادارکردنەوە و بەڵگەگانی دەروون و گەردوون دەگرێتەوە.

سوورەتەکانی قورئان دەستکاری

ژمارەی سوورەتەکانی قورئان ١١٤ سوورەتە، ئەمانەی خوارەوەن:

فاتیحە (١) بەقەرە (٢) ئالی عیمران (٣) نیسا (٤) مائیدە (٥) ئەنعام (٦) ئەعراف (٧) ئەنفال (٨) تەوبە (٩)
یوونوس (١٠) ھوود (١١) یووسوف (١٢) ڕەعد (١٣) ئیبراھیم (١٤) حیجر (١٥) نەحل (١٦) ئیسرا (١٧) کەھف (١٨) مریەم (١٩)
تاھا (٢٠) ئەنبیا (٢١) حەج (٢٢) موئمنوون (٢٣) نوور (٢٤) فورقان (٢٥) شەعەرا (٢٦) نەمل (٢٧) قەسەس (٢٨) عەنکەبووت (٢٩)
ڕووم (٣٠) لوقمان (٣١) سەجدە (٣٢) ئەحزاب (٣٣) سەبەء (٣٤) فاتر (٣٥) یاسین (٣٦) سافات (٣٧) ساد (٣٨) زومەر (٣٩)
موئمن (٤٠) فوسلەت (٤١) شوورا (٤٢) زوخروف (٤٣) دوخان (٤٤) جاسیە (٤٥) ئەحقاف (٤٦) محەممەد (٤٧) فەتح (٤٨) حوجورات (٤٩)
قاف (٥٠) زاریات (٥١) توور (٥٢) نەجم (٥٣) قەمەر (٥٤) ڕەحمان (٥٥) واقیعە (٥٦) حەدید (٥٧) موجادەلە (٥٨) حەشر (٥٩)
مومتەحنە (٦٠) سەف (٦١) جومعە (٦٢) مونافقوون (٦٣) تەغابون (٦٤) تەڵاق (٦٥) تەحریم (٦٦) مولک (٦٧) قەڵەم (٦٨) حاقە (٦٩)
مەعارج (٧٠) نووح (٧١) جن (٧٢) موزەمل (٧٣) مودەسر (٧٤) قیامەت (٧٥) ئینسان (٧٦) مورسەلات (٧٧) نەبەء (٧٨) نازعات (٧٩)
عەبەس (٨٠) تەکویر (٨١) ئینفتار (٨٢) موتەففین (٨٣) ئینشقاق (٨٤) بورووج (٨٥) تارق (٨٦) ئەعلا (٨٧) غاشیە (٨٨) فەجر (٨٩)
بەلەد (٩٠) شەمس (٩١) لەیل (٩٢) زوحا (٩٣) ئینشراح (٩٤) تین (٩٥) عەلەق (٩٦) قەدر (٩٧) بەیینە (٩٨) زەلزەلە (٩٩)
عادیات (١٠٠) قارعە (١٠١) تەکاسور (١٠٢) عەسر (١٠٣) ھومەزە (١٠٤) فیل (١٠٥) قورەیش (١٠٦) ماعوون (١٠٧) کەوسەر (١٠٨) کافروون (١٠٩)
نەسر (١١٠) مەسەد (١١١) ئیخلاس (١١٢) فەلەق (١١٣) ناس (١١٤)
  • درێژترین سوورەتی قورئان سوورەتی بەقەرەیە، و کورتترین سوورەتی کەوسەرە.
  • ھەندێک لە سوورەتەکان زیاد لە ناوێکیان ھەیە، بەڵام ئەوانەی کە لە سەرەوە ناویان ھێنراوە ناسراوترین ناویانن.
  • ھەندێک لە سوورەتەکان پێغەمبەر محەممەد خۆی ناوی ناون، و ھەندێکی ھاوەڵەکانی ناویان ناون.
 
بەرگی قورئان

دابەشکردنی قورئان دەستکاری

قورئان دابەش دەبێت بەسەر ٣٠ بەشدا و بۆیە لە ناو کوردەکان بە سیپارەیش ناسراوە. سوورەتەکانی قورئان دابەش دەبن بۆ سوورەتی مەککی و مەدەنی، سوورەتە مەککییەکان ئەو سوورەتانەن کە پێش کۆچکردن بۆ مەدینە دابەزیون وزیاتر باس لە بیروباوەڕ دەکەن، و ژمارەیان ٨٦ سوورەتە، و سوورەتە مەدەنییەکان ئەوانەن کە لەدوای کۆچکردن دابەزیون و زیاتر باس لە شەریعەت و یاساکانی حەرام و حەڵاڵ دەکەن و ژمارەیان ٢٨ سوورەتە.

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ "خزانة الكتب | الكتب ألفبائيًّا|نداء الإيمان". www.al-eman.com. Retrieved 2021-05-11.
  • دەروازەیەک بۆ زانستەکانی قورئان، نوسینی/ ئیکرام کەریم
  • وێکپیدیای عەرەبی
  • وێکپیدیای ئینگلیزی

بەستەرە دەرەکییەکان دەستکاری