سەردەمی پێغەمبەرایەتی

سەردەمی پێغەمبەرایەتی ئەو سەردەمە دەگرێتەوە کە پێغەمبەری ئیسلام محەممەد(دروودی خودای لەسەر بێت) بە بڵاوکردنەوەی بانگەوازی ئیسلام دەستی پێکرد، ماوەی ٢٣ ساڵ دەگرێتەوە لە ساڵی ٦١٠ تا ساڵی ٦٣٢زاینی.

قۆناغی مەککە دەستکاری

محەممەد پێش پێغەمبەرایەتی دەستکاری

لە ساڵی ٥٧١ز، نیمچەدوورگەی عەرەبی دوو ڕووداوی گرنگی بە خۆیەوە بینی، کە ئەوانیش شاڵاوی حەبەشەکان بوو بە ئامانجی ڕوخانی کەعبە و لە دایکبوونی پێغەمبەر محەممەد(درروی خودای لەسەر بێت) بوون، و لەگەڵ ئەوەی شاڵاوەکەی ئەبرەھە شکستی خوارد، تەنھا ڕووداوی دووەم کاریگەری لەسەر ناوچەکە مایەوە.

پێغەمبەر (درروی خودای لەسەر بێت)لە ٢٠ی نیسانی ساڵی ٥٧١ز لەدایک بووە کە بە ساڵی فیل ناسراوە، و پێش ئەوەی لە دایک بێت باوکی وەفاتی کردووە و بۆیە عەبدولموتەلیبی باپیرەی جێگەی باوکی بۆ گرتەوە، پاشان لە تەمەنی شەش ساڵاندا بووە کە دایکیشی کۆچی دوایی دەکات، دوو ساڵ دواتر باپیریشی لە دەست دەدات و ئەبو تاڵیبی مامی بەرپرسیارێتی پێغەمبەری گرتە ئەستۆ.

سەردەمی ژیانی مناڵی بە ھەژاری بەسەربرد و ناچار بوو ئیش بکات، و کاتێک گەیشتە تەمەنی گەنجی بە پارە و سەرمایەی کەسانی تر کەوتە ئیشی بازرگانیکردن و ئیشی بۆ خەدیجەی کچی خوەیلد ئەکرد کە یەکێک بوو لە ژنە خانەدانەکانی مەککە، و دواتر بوو بە خێزانی و بەمەش پێغەمبەر پێویستی بەوە نەما بە دوای ڕۆزیدا بچێت و لە نەبوونی و ھەژاری بترسێت. کە ئەم ژیانە نوێیەی دەرفەتی پێدا تا بکەوێتە بیرکردنەوە و تێڕامان لە ژیانی گەلەکەی و چواردەورەکەی سیفەتی مەردایەتی و ڕەفتاری جوان و بەڕێز بوو، لە ڕووی تێکەڵی ودراوسێیەتییەوە باشترینی گەلەکەی بوو، لە ھەموویان لەسەرخۆتر و دەستاپاکتر و ئەمانەت پارێزتر بوو، لەناو جەرگەی بێ باوەڕیدا پێگەیشت بەڵام ھیچی توش نەبوو و ھیچ بڕاوی بە بت پەرستی نەبووە وڕقی لێیبووە.

بوون بە پێغەمبەر دەستکاری

کاتێک گەیشتە تەمەنی چل ساڵی زیاتر ھەستی بە کەنارگیری دەکرد، و لە ئەشکەوتی (حیرا) لە نزیک مەککە کەناری دەگرت تا ڕۆبچێتە بیرکردنەوە وتێڕامانەوە، و لەم ئەشکەوتەدا سروشی خوای بۆ دابەزی و یەکەم کەس باوەڕی بە بانگەوازەکەی ھێنا خەدیجەی ھاوسەری بوو، پاشان بە لەسەرخۆیی بانگەوازەکە بڵاو دەبۆیەوە و چەند کەسێکی کەمی ناو مەککە چوونە ناو ئایینە نوێیەکەوە، لەوانە عەلی کوڕی ئەبوتالیبی ئامۆزای و ئەبوبەکری سدیق و زەیدی کوڕی حارسەی مەولای و عوسمانی کوڕی عەفان و زۆری تر و بە ھەمان شێوە بانگەوازەکە لەناو ئافرەتانیش بڵاوبوویەوە.

بەم شێوەیە بانگەوازی کرد بۆ وازھێنان لە بت پەرستی و بانگی کردن بۆ پەرستنی خوا و باوەڕھێنان بە ڕۆژی دوایی، و ڕووبەڕوی گاڵتە پێکردن بوو لەلایەن ھۆزی قوڕەیش و شوێنکەوتووانی ئازار ئەدرا، تا پێغەمبەر محەممەد ھەواڵی دا بە موسڵمانەکان کە خوا ڕیگەی پێداون کۆچبکەن بۆ حەبەشە، نزیکەی ٨٠ موسڵمان کۆچیان کرد و نەجاشی حەبەشە ڕۆحی موسڵمانانی پاراست و سەربەستی کردن لە مانەوە لە وڵاتەکەیدا.

ئەوەی زیاتر ھەڵوێستی پێغەمبەر و شوێنکەوتووەکانی قورس کرد کۆچی دوایی ئەبوتالیبی مامی و خەدیجەی خێزانی بوو، بە لەدەستدانی ئەم دوو پاڵپشتە بەھێزە، قوڕەیش توندتربوون لە ئازاردانی شوێنکەوتووانی پێغەمبەر، لەم کاتەدا پێغەمبەر فەرمانی بە موسڵمانان کرد کە کۆچ بکەن لە مەککەوە بۆ مەدینە بە نھێنی.

قۆناغی مەدینە دەستکاری

ئەم قۆناغە لەو کاتەوە دەست پێدەکات کە پێغەمبەر گەیشتە قوبا لە دۆڵی مەدینە، و کۆچیش بە مانای یەکەم ماڵ و خاکی ئیسلام دێت و و مۆڵەتدان بوو بە دەرکەوتنی دەوڵەتی ئیسلامی، و لە یەکەم ئیشەکانی پێغەمبەر لە مەدینە ئەمانەی خوارەوە بوون؛

  • دروستکردنی مزگەوت؛ بنیاتنانی مزگەوت بە یەکەم و گرنگترین کار و جەختکردنەوەی بنیاتنانی کۆمەڵگەی ئیسلامی و قەوارەی سیاسی دەوڵەتی موسڵمانان دادەنرێت، بەو پێیە مەڵبەندی سەرەکی دەوڵەتی ئیسلامییە.
  • برایەتی نێوان کۆچەران و پشتیوانان؛ کۆچەران شوێنکەوتووە مەککییەکانی پێغەمبەر بوون و پشتیوانان شوێنکەوتووە مەدینەیییەکانی پێغەمبەر بوون، و پێغەمبەر ھەوڵیدا بە پەیوەستی ئیسلام یەکیان بخات، ئەمەش لە ھەنگاوێکدا بوو بۆ دروستکردنی پەیوەندی بەھێزی کۆمەڵایەتی لە نێوانیاندا و بۆ سڕینەوە ئەو دەمارگیرییەی لە نێویاندا بوو. بۆ ئەمەش ڕوویکردە پەیوەستکردنی کۆچەران و پشتیوانان بە پەیوەستی برایەتی بە جۆرێک کە ئەم برایەتییە لە نزیکی خزمایەتی کاریگەری زۆرتر بوو لەسەریان. ئەمەش بنەمای دووەم بوو لە پێناو دامەزراندنی کۆمەڵگەی ئیسلامی و دەوڵەتی ئیسلامی، چونکە ھەر دەوڵەتێک بە بێ بنەمای یەکبوون و یاریدەیی ئوممەت ناتوانێت ڕاپەڕێت و دامەزرێت.
  • بەڵگەنامەی دەستوری؛ نوسینی بەڵگەنامەی نێوان موسڵمانان و ئەوانەی تر کە کۆمەڵگەی مەدینەیان لێ پێک دەھات، بە گرنگترین ئەو کارانە دادەنرێت کە پێغەمبەر لە بواری بەھای دەستوری نوێی دەوڵەتدا پێی ھەستا، و بەڵگەنامەکە ٥٢ بەندی لە خۆ گرتبوو، بیست و پێنج دانەیان تایبەت بوو بە کاروبارە تایبەتەکانی موسڵمانان بیست و حەوتیان پەیوەست بوون بە پەیوەندی نێوان موسڵمانان و خاوەن ئاین و دیانەتەکانی تر، کە ئەم دەستورە ڕێگەی ئەدا بە خاوەن ئاینەکانی تر لەگەڵ موسڵمانان بژین بە سەربەستی، ھەروەھا باس لە ھاوپەیمانی ھۆزە جیاوازەکاندا کرا بوو کاتێک مەدینە بکەوێتە بە ھێرش، و دڵنیایی سەربەخۆیی دارایی ھەر ھۆزێکی تیا کرابوویەوە.
 
دیمەنێکی مزگەوتی پێغەمبەر

غەزووەکان دەستکاری

غەزووەکانی سەردەمی پێغەمبەر دەستیان پێکردووە لەگەڵ دەرکەوتنی ئاینی ئیسلام لە سەدەی حەوتەمی زایینی، ئەمەش دوای ئەوەی قورئان ڕێگەی تێکۆشانی بە موسڵماناندا کە بە جیھاد ناودەبرێت، لە سەرەتادا موسڵمانان فەرمانیان پێکرابوو بە بەکارنەھێنانی ھێز لە بەرامبەر ناموسڵمانەکاندا و ئازار نەدانیان، پاشان بۆ یەکەم جار جیھاد ڕێگەی پێدرا لە ئیسلامدا، لە سەرەتادا تەنھا بۆ بەرگریکردن بوون لە خۆیان؛ أذن للذين يقاتلون بأنهم ظلموا وإن الله على نصرهم لقدير} (الحج:٣٩). واتە؛ مۆڵەت دراوە بەو ئیماندارانەی شەڕیان پێدەگێرن، کە بجەنگن و بەرھەڵستی بکەن چونکە بەڕاستی ستەم لێکراون، بێگومان خوا دەسەڵاتی ھەیە کە سەریان بخات و سەرکەوتنیان پێببەخشێت…

پاشان ڕێگەیان پێدرا بۆ بڵاوکردنەوەی بیروباوەڕ بەبێ ڕێگر، و بۆ دوورخستنەوەی ئاژاوە لە خەڵک تا بتوانن بە ویستی سەربەخۆیی خۆیان ئایین ھەڵبژێرن {وقاتلوهم حتى لا تكون فتنة ويكون الدين لله} (البقرة:١٩٣) واتە؛ ئێوەش بجەنگن دژیان تا وەکو ھاوەڵگەری و ئاشوب و ناخۆشی نەمێنێت، ھەروەھا تا دین و ئاین و بەرنامەو فەرمانڕەوایی ھەر بۆ خوای گەورە بێت.

پێش غەزووەکانی پێغەمبەر چەند سریەیەک ھەیە، غەزووش بەو شەڕانە ئەوترێت کە پێغەمبەر خۆی بەشداری تیا کردووە و سریەش بەو شەڕانە ئەوترێت کە خۆی نەچووە، و زۆرجار وشەی غەزاش بۆ سریە بەکاردێت.

چەند ئامارێک دەستکاری

  • ژمارەی ئەو غەزووانەی پێغەمبەر سەرکردایەتی کردووە ٢٨ غەزووە.
  • لە نێویاندا ٩ غەزوویان کوشتار تێیدا ڕوویداوە و ئەوانەی تر ئامانجەکەیان پێکاوە بێ کوشتار.
  • لە نێو ئەم غەزووانەشدا پێغەمبەر بۆ حەوت غەزوو دەرچووە کە پێشتر ئاگاداری دوژمنکاری دوژمن بووە لەسەر موسڵمانان.
  • غەززوەکان ھەشت ساڵ بەردەوام بوون (لە ساڵی ٢ی کۆچییەوە تا ٩ی کۆچی).
  • لە ساڵی دووەمی کۆچیدا زۆرترین غەزوو ڕوویداوە کە گەیشتووەتە ٨ غەزوو.

لیستی غەزووەکانی پێغەمبەر[١] دەستکاری

ژمارەی غەزوو ناوی غەزوو مێژووی غەزوو شوێنی غەزوو ژمارەی غەزوو ناوی غەزوو مێژووی غەزوو شوێنی غەزوو
١ غەزووی ئەبوا (ودان) ٢ کۆچی ودان ١٥ غەزووی بەدری کۆتای ٤ کۆچی بەدر
٢ غەزووی بووات ٢ کۆچی بووات ١٦ غەزووی دەومەتولجوندول ٥ کۆچی دەومەتولجوندول
٣ غەزووی عوشەیرە ٢ کۆچی عوشەیرە ١٧ غەزووی بەنی موستەڵیق ٥ کۆچی مەریسیع
٤ غەزووی بەدری یەکەم ٢ کۆچی دۆڵی سەفوان ١٨ غەزووی خەندەق ٥ کۆچی مەدینە
٥ غەزووی بەدری گەورە ٢ کۆچی بەدر ١٩ غەزووی بەنی قوڕیزە ٥ کۆچی دەوروبەری مەدینە
٦ غەزووی بەنی سەلیم ٢ کۆچی قرقرەی کەدر ٢٠ غەزووی بەنی لوحیان ٦ کۆچی غەڕان
٧ غەزووی بەنی قینقاع ٢ کۆچی مەدینە ٢١ غەزووی زی قڕد ٦ کۆچی زو قڕد
٨ غەزووی سویق ٢ کۆچی قرقرە کەرد ٢٢ غەزووی حودەیبییە ٦ کۆچی حودەیبییە
٩ غەزووی زی ئەمر ٣ کۆچی زو ئەمر ٢٣ غەزووی خەیبەر ٧ کۆچی خەیبەر
١٠ غەزووی بەحران ٣ کۆچی بەحران ٢٤ غەزووی عومرە ٧ کۆچی مەککە
١١ غەزووی ئوحد ٣ کۆچی شاخی شوحد ٢٥ غەزووی موتتە ٨ کۆچی موتتە
١٢ غەزووی حەمڕالئەسەد ٣ کۆچی حەمڕا لئەسەد ٢٦ فەتحی مەککە ٨ کۆچی مەککە
١٣ غەزووی بەنی نەزیڕ ٤ کۆچی دوروبەری مەدینە ٢٧ غەزووی حونەین ٨ کۆچی دۆڵی حونەین
١٤ غەزووی زاتولڕیقاع ٤ کۆچی زاتولڕیقاع ٢٨ غەزووی تائیف ٨ کۆچی تائیف
٢٩ غەزووی تەبوک ٩ کۆچی تەبوک

گرنگترین غەزووەکان دەستکاری

 
ھێڵکاری غەزووی ئوحد
  • غەزووی بەدر؛ داستانێکی گەورە بوو لە ساڵی ٢ی کۆچی بەرامبەر ٦٢٤ زایینی ڕوویدا لە نێوان موسڵمانان بە سەرکردایەتی پێغەمبەر و قوڕەیش بە سەرکردایەتی عەمری کوڕی ھیشام ناسراو بە ئەبوجەھل لەلای بیری بەدر لە باشووری مەدینە و شەڕەکە کۆتایی ھات بە سەرکەوتنی موسڵمانان و کوژرانی گەورەی قوڕەیش (ئەبوجەھل).
  • غەزووی ئوحد؛ لە ساڵی سێیەمی کۆچی بەرامبەر ٦٢٥زاینی ڕوویدا لە نێوان موسڵمانان بە سەرکردایەتی پێغەمبەر محەممەد و خەڵکی مەککە، ژمارەی موسڵمانان ئەگەیشتە ٧٠٠ کەس لەکاتێکدا ژمارەی بەرامبەرەکانیان ٣٠٠٠ کەس بوون لە قوڕەیش و ھاوپەیمانەکانیان ولە ژێر سەرکردایەتی ئەبووسوفیاندا بوون. کۆتایی ھات بە سەرکەوتنی بێباوەڕەکان.
  • غەزووی ئەحزاب یان خەندەق؛ داستانێک بوو لە ساڵی پێنجی کۆچیدا ڕوویدا لە نێوان موسڵمان و قوڕەیش و لایەنگرەکانی و کۆتایی ھات بە سەرکەوتنی موسڵمانان، کاتێک پێغەمبەر بە ھێرشەکەیانی زانی، دوای ڕاوێژکردن بە ھاوەڵەکانی و سەرکردەکانی جەنگەکان بڕیاریاندا لە مەدینە بمێننەوە و ھەستان بە ھەڵکەندنی خەندەق لە دەوروبەریدا، بەم شێوەیە دوژمن نەیتوانی بێتە ناو مەدینەوە.
  • ڕێککەوتنی حودەیبییە؛ ڕێککەوتنێک بوو بەسترا لە ساڵی شەشی کۆچی بەرامبەر ٦٢٨زاینی لە نێوان موسڵمانان و قوڕەیشدا وەک ئاگربەستێک بۆ ماوەی دە ساڵ، لە ڕاستیدا ئەو ڕێککەوتنە لە بەرژەوەندی موسڵمانان بوو و تەنھا دوو ساڵ کاری پێکرا.
  • غەزووی خەیبەر؛ دوای ئەوەی یەھود پەیماننامەکەیان لەگەڵ موسڵمانان شکاند پێغەمبەر سزای دان لە غەزوی بەنی قەڕیزە و کردنییە دەرەوەی مەدینە زۆربەیان ڕۆیشتن بەرەو خەیبەر، و خەیبەر بوو بە شوێنی سەرەکی بۆ دەرچوونی فڕوفێل لە دژی موسڵمانان، پێغەمبەر دوای ئەوەی لە ڕێککەوتنی حودەیبییە بوویەوە ویستی لادەری یەھود بوەستێنێت، لە ساڵی حەوتەمی کۆچیدا موسڵمانان بە ڕێکەوتن بۆ خەیبەر و گەمارۆیان دا ویەک بە یەک قەڵاکانیان فەتحکرد.
  • غەزووی موتتە؛ ئەم شەڕە ڕوویدا لە ساڵی ھەشتەمی کۆچی بەرامبەر ٦٢٩زاینی بەھۆی کوژرانی پەیامبەرەکەی پێغەمبەر (شەڕحەبیلی کوڕی عەمری غەسانی) کە پەیامی پێغەمبەر بۆ غەساسینە برد، بەڵام سوپای موسڵمانان لەم ھەڵمەتەدا سەرکەوتوو نەبوو بەھۆی ئەو جیاوازییە زۆرەی لە ژمارەدا ھەیانبوو.
  • فەتحی مەککە؛ ڕووداوێکی مێژوویی بوو تێیدا شاری مەککە لەسەر دەستی پێغەمبەر فەتح کرا لە ٢٠ی ڕەمەزانی ساڵی ٨ی کۆچی دوای ئەوەی پێشتر کۆچی کرد لێوەی بۆ مەدینە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتەکەی و ئیشکردن لەسەر گەڕانەوە بۆ مەککە جارێکی تر. کاتێک پێغەمبەر چووە ناو مەککەوە سەردانی ماڵی خوای کرد (کەعبە) و لێبوردنێکی گشتی بۆ دەر کردن بێجگە لە دە کەس کە زۆر ئازاریان دابوو، و خەڵکەکەی خێرایان کرد لە ھاتنە ناو ئیسلام و ھەموو بت و پەیکەری خواوەندە عەربییەکانیان شکاند لە ناو کەعبە ودەوروبەری.
  • غەزووی حونەین؛ ڕووداوێک بوو ڕوویدا لە نێوان موسڵمانان و ھۆزی ھەوەزان لە ساڵی ٨ی کۆچی بەرامبەر ٦٣٠ زاینی لە دۆڵی حونەین لە نێوان مەککە و تائیفدا، و موسڵمانان سەرکەوتن دوای سەختییەکی زۆر.
 
کەعبە لە مەککە
  • غەزووی تائیق؛ لە ساڵی ھەشتەمی کۆچیدا ڕوویدا لە نێوان سوپای موسڵمانان بە سەرکردایەتی پێغەمبەر و ھۆزی سەقیفدا و ھەندێک لە ھەڵاتووەکانی ھۆزی ھەوەزان لە غەزووی حونەین و ئامانجەکەی فەتحکردنی تائیف و دەستگرتن بوو بەسەر ھێزەکانی سەقیف و ھەڵاتووەکانی ھەوەزاندا.
  • غەزووی تەبوک؛ لە ساڵی ٩ی کۆچی و لە دەرئەنجامی فەتحی مەککە و سەرکەوتنی موسڵمانان لە تائیف ڕوویدا، کاتێک ھەواڵ گەیشت بە پێغەمبەر محەممەد کە پاشای ڕۆم و ھاوپەیمانە عەرەبەکانی سوپایەکیان پێکەوە ناوە بۆ ھێرش بردنە سەر دەوڵەتی ئیسلامی، و پێغەمبەر کە بەمەی زانی سوپایەکی کۆکردەوە وبەرەو تەبوک بەڕێکەوت و لەوێ چەند ڕۆژێک مایەوە و لەگەڵ خەڵکەکیدا ڕێککەوتنی بەست، ڕۆمەکان کە بەمایان زانی پاشەکشەیان کرد و گەڕانەوە بۆ سنورەکانیان وپێغەمبەریش بەمە وازی لێ ھێنان کە ناوی خۆی لەسەر ناوچە دراوسێکاندا دانا و ئەمەش دوایین جەنگ بوو کە پێغەمبەر خۆی بەشداری تێدا کردبێت.

کۆچی دوایی دەستکاری

لە ساڵی ١٠ی کۆچی پێغەمبەر ڕۆیشت بۆ حەج لەگەڵ سەد ھەزار موسڵماندا، ولای شاخی عەرەفات وتارە ناودارەکەی بۆ خوێندنەوە کە بە دەستوڕیک دادەنرێت بۆ ئیسلام، تێیدا بنەماکانی ئیسلامی ڕوونکردەوە وداوای یەکسانی کرد لە نیو خەڵکدا، بە شێوەیەک جیاوازی نابێت لە نێوان بەندەیەکی حەبەشی و گەورەیەکی قوڕەیشی، سێ مانگی نەبرد دوای حەجی ماڵاوایی کە پێغەمبەر نەخۆش کەوت، و کۆچی دوایی کرد لە ساڵی ٦٣٢ز بەرامبەر ساڵی ١١ی کۆچی لە تەمەنی ٦٣ ساڵیدا، و لە ماڵی عائیشەی ھاوسەری نێژرا لە تەنیشت مزگەوتی پێغەمبەر، لەو کاتەدا ئیسلام ھەموو نیمچەدوورگەی عەرەبی گرتبوویەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان دەستکاری

محەممەد

سەرچاوەکان دەستکاری

  • پوختەی مێژووی ئیسلامی، نوسینی/ د. سھیل گقوش، وەرگێڕانی/ نھاد جلال حبیب اللە
  • وێکی عەرەبی.