ئەبووبەکری سدیق

یەکەم جێنشینی پێغەمبەر محەممەد
(لە ئەبوبەکرەوە ڕەوانە کراوە)

عەبدوڵڵای کوڕی عوسمانی کوڕی عامڕی کوڕی عەمڕی کوڕی کەعبی تەیمی ناسراو بە ئەبوبەکری سدیق، یەکێک لە ھاوەڵانەی کە لە سەرەتادا ئیسلام بوون، باوکی ئەو ناوی عوسمان بوو نازناویشی (ئەبوقوحافە) بوو، لە ھۆزی قوڕەیش بوو و ھاوڕێیەتی پێغەمبەر محەمەدی کوڕی عەبدولڵای کرد لە سەرەتای ئیسلامەوە و لەوانە بوو کە زۆر نزیک بوون لێوەی، و یەکەم خەلیفەی ڕاشدینە و یەکێکە لەو دە کەسەی کە مژدەی بەھەشتیان پێدراوە لەلای سونە، لە دایک بووە لە ساڵی ٥٧٣ز دوای ساڵی فیل بە سێ ساڵ، یەکێکە لە گەورە و دەوڵەمەندەکانی قوڕەیش، و لەوانە بوو کە بت پەرستی ڕەت کردەوە لە سەردەمی نەفامیدا، و حەنیفی بووە لەسەر ڕێبازی ئیبراھیم، و باوکی عائیشەی خێزانی پێغەمبەر بووە و بە ھەموو شێوەیەک پشتگیری کردووە لە بانگەوازدا، و زۆر لە ھاوەڵەکان لەسەر دەستی موسڵمان بوون.

عەبدوڵڵای کوڕی عوسمان (ئەبو قوحافە) کوڕی عامر
یەکەم خەلیفەی ڕاشدین
خەلافەتى ئەبووبەکر لە فراوانترین ئاستیدا، ساڵى ٦٣٤ زایینی
ماوەی حوکم(١١-١٣) کۆچی بەرامبەر (٦٣٢-٦٣٤) زایینی
لە دایکبوون٥٧٣ زایینی
شوێنی لە دایکبوونمەککە،  عەرەبستانی سعوودی
وەفات٦٣٤ زایینی
شوێنی وەفاتمەدینە،  عەرەبستانی سعوودی
شوێنی نێژرانماڵی عائیشە، تەنیشتی گۆڕی پێغەمبەر.
لە پێشیداکەس نیە.
جێگرعومەر کوڕی خەتتاب
باوکئەبووقوحافەی کوڕی عامر
دایکئوم خەییر سەلما کچی سەخڕ
ئایینئیسلام

لە میراتی سونەدا ئەبوبەکر بە سدیق ناسراوە لەبەر ئەوەی باوەڕی کردووە بە پێغەمبەر لە بەسەرھاتی ئیسرا و میعراجدا، و لەبەر ئەوەی باوەڕی بە پێغەمبەر کردووە لە ھەموو شتێکدا، و ئەم ناولێنانەش لە ئایەتی قورئان و فەرموودەکانی پێغەمبەردا ھاتوون. موبایەعەی خەلافەتی پێدرا لە ساڵی ١١ی کۆچی، و خەلافەتەکەی ٢ ساڵ و ٣ مانگ بەردەوام بوو، تا کۆچی دوایی کرد لە ساڵی ١٣ کۆچی.

لە دایک بوونی دەستکاری

عەبدولڵای کوڕی ئەبوقەحافە عوسمانی کوڕی کەعبی تەیمی ئەبووبەکری سدیق لە دایکبووە لە ساڵی ٥٧٣ز سێ ساڵ دوای ساڵی فیل، و ئەگێڕنەوە پێش ئیسلام ناوی عەبدول کەعبە بووە، و کاتێک موسڵمان بووە پێغەمبەر ناوی ناوە عەبدولڵا. ئەبوبەکر پێستی سپی بووە و لەشی لاواز بووە.

ژیانی لە پێش ئیسلامدا دەستکاری

ئەبوبەکر گەورە بوو لە مەککە، و لەکاتی لاویدا جلی ئەفرۆشت و سەرکەوتوو بوو لە بازرگانیەکەیدا و دەستکەوتێکی زۆری ھەبوو، و بازرگانیەکەی فروان ئەبوو و لە دەوڵەمەندەکانی قوڕەیش بوو، و لە سەرگەورە و پێشەواکانیان بوو، بە دانایی و ھۆشیاری ناسرا بوو، و لەوانە بوو کە شەرابیان لە خۆیان حەرام کردبوو لە سەردەمی نەفامیدا، و حەنیفی بوو و خوای دەپەرست لەسەر ڕیبازی ئیبراھیم، و ئەبوبەکر لە گەڕەکێکدا ئەژیا کە بازرگانەکانی تیا ئەژیان، و پێغەمبەریش لە ھەمان شوێن ئەژیا، و لەوێوە ھاوڕێیەتیان دەستی پێکرد، کە نزیک بوون لە یەکەوە لە تەمەن و بیرکردنەوە و زۆر ئاکار و ڕەوشتدا.

ئیسلام بوونی دەستکاری

موسڵمانانی سونە لەو باوەڕەدان ئەبوبەکر یەکەم پیاو بووە کە موسڵمان بووە، و ئیبن ئیسحاق وتویەتی؛ ئەبوبەکر تاکە کەس بوو کە بێ دوو دڵی ئیسلام بوو و یەکسەر باوەڕی بە بانگەوازی محەمەد کرد.

لە دوای ئەوەی موسڵمان بوو، پشتگیری پێغەمبەری کرد لە بانگەوازەکەی و سوودی لە شوێن و خۆشەویستی خۆی وەرگرت لە ناو قوڕەیشدا و زۆر لەسەر دەستی موسڵمان بوون، لەوانە پێنج لەوانەی کە مژدەی بەھەشتیان پێدراوە، کە ئەوانیش عوسمانی کوڕی عەفان، و زوبێری کوڕی عەوام، و عەبدول ڕەحمانی کوڕی عەوف، و سەعدی کوڕی ئەبو وەقاس و تەڵحەی کوڕی عوبەیدولڵا. ھەروەھا سەروەتەکەی لە ڕێگەی ئیسلامدا ئەبەخشی ھەروەک ھەستا بە کڕین و ئازاد کردنی زۆر لەو بەندە لاوازانەی موسڵمان بوو بوون، وەک؛ بیلالی کوڕی ڕەباح و عامری کوڕی فھیرە و زۆری تر. و ڕووبەڕووی ئازارێکی زۆر بوویەوە بە دەستی ئەو قوڕەیشانەی دژایەتی موسڵمانانیان ئەکرد، و لە ھەڵوێستە گرنگەکانی، باوەڕی بە پێغەمبەر محەمەد کرد لە ڕووداوی ئیسرا و میعراجدا لەگەڵ بە درۆخستنەوەی قوڕەیش بۆی، و ئەو کاتانە پاڵپشتی تەواوی دەربڕی بۆ پێغەمبەر و باوەڕی پێدەکرد لە ھەموو شتێکا، لەبەر ئەوە ناونرا سدیق، ئەبوبەکر لە مەککە مایەوە و نەڕۆیشت بۆ حەبەشە کاتێک پێغەمبەر مۆڵەتیدا بە ھەندێک لە ھاوەڵان کۆچبکەن بۆ حەبەشە، و کاتێک پێغەمبەر بڕیاری کۆچی دا بۆ مەدینە، ئەبوبەکر ھاوەڵی کرد لەو کۆچکردنە.

کۆچکردنی دەستکاری

زۆر لە موسڵمانان کۆچیان کرد بۆ مەدینە، و پێغەمبەر لە مەککە مایەوە لەکەڵ ھەندێک لە موسڵمانان لەوانە ئەبوبەکر، کە چاوەڕێی بڕیاری کۆچکردنی پێغەمبەری ئەکرد تا لەگەڵیا کۆچ بکات، و شەوی کۆچکردن پێغەمبەر دەرچوو لە سێ یەکی کۆتایی شەو و ئەبوبەکر چاوەڕێی ئەکرد و ھاوڕێیەتی کرد لە کۆچکردنەکە و لە ئەشکەوتی سەور مایەوە لەگەڵی سێ ڕۆژ تاکو قوڕەیش ھێور بوونەوە لە گەڕان بە شوێنیانا پاشان ڕێگەکەیان تەواو کرد بۆ مەدینە، و ئەگێڕنەوە لە ماوە ئەو سێ ڕۆژەدا بێباوەڕەکانی قوڕەیش گەران بە دوایان لە ئەشکەوتی سەور، بەڵام خوا فەرمانی کرد بە جاڵجاڵۆکە کە بەردەم ئەشکەوتەکە بگرێت و فەرمانی بە کۆتر کرد کە ھێلکە لە تەنیشتیا دابنێت تا بێباوەڕان وابزانن ئەشکەوتەکە چۆڵە، و بە پێی گێڕانەوەکان ئەبوبەکر بە پێغەمبەری ووتووە (ئەگەر یەکێکیان سەیری بەر پێی بکات ئەمان بینێت) پێغەمبەر دڵنیای کردووە و فەرمویەتی؛ (ئەبوبەکر شکت چۆنە بۆ دوو کەس کە خوا سێیەمیان بێت؟ دڵتەنگ مەبە خوامان لەگەڵە)، کە ئەمەش لە قورئاندا ھاتووە.

ژیانی لە مەدینە و خەلافەتی دەستکاری

کاتێک پێغەمبەر و ئەبوبەکر گەیشتنە مەدینە، پێغەمبەر برایەتی خستە نێوان پشتیوانان و کۆچکردووان، و برایەتی خستە نێوان عومەری کوڕی خەتاب و ئەبوبەکر، ئەبوبەکر لە مەدینە مایەوە بە درێژایی ژیانی پێغەمبەر.

ئەگیرنەوە لەعائیشەی کچیەوە، کە لە ماوە نەخۆشی پێغەمبەردا داوای لە ئەبوبەکر کرد کە پێش نوێژی بۆ موسڵمانان بکات کە سونە ئەوە بە ھێمایەک دادەنێن بۆ گرتنە دەستی خەلافەت لەلایەن ئەبوبەکرەوە، لە دوای کۆچی دوایی پێغەمبەر موبایەعە بە ئەبوبەکر درا لە سەقیفەی بەنی ساعدە، و لە سەردەمی دەسەڵاتیا شەڕی ڕەدە ڕوویدا، لە دژی ئەوانەی لە ئایین پاشگەز بوونەوە و دانی زەکاتیان ڕەت ئەکردەوە.

خەلافەتدان بە عومەری کوڕی خەتاب و کۆچی دوایی دەستکاری

پێش کۆچی دوایی ئەبوبەکر، ڕاوێژی بە کۆمەڵێک لە دووربین و ڕاوێژکارەکان کرد لە ھاوەڵەکان، ھەموو کۆک بوون لەسەر ئەوەی خەلافەت بدرێت بە عومەری کوڕی خەتاب، بە خەڵکیان ڕاگەیاند و ھەموو ڕازی بوون، کە ئەبوبەکر بینی ھەموو خەڵک ڕازین داوای لە عوسمانی کوڕی عەفان کرد کە بینوسێت.

ئەبوبەکر کۆچی دوایی کرد لە ساڵی ١٣ی کۆچی بەرامبەر ٦٣٤ز لە مەدینە لە تەمەنی ٦٣ ساڵیدا، و ماوەی خەلافەتەکەی دوو ساڵ و سێ مانگ و سێ ڕۆژ بوو، و لە ماڵی عائشە نیژرا لە تەنیشتی پێغەمبەر محەمەد.

سەرچاوەکان دەستکاری

ویکیپیدیای عەرەبی