سوننە

گەورەترین مەزهەب لە نێو موسڵماناندا

مەزھەبی سوننە یان ئەھلی سوننە و جەماعەت، یان بیروباوەڕی سوننە، بە عەرەبی أھل السنة والجماعة گەورەترین تائیفەی ئیسلامە، سەرچاوەکانی شەریعەتی سوننە بریتییە لە قورئان و سوننەتی پێغەمبەری ئیسلام محەمەد وەرئەگرن، و لە فەرموودەکانیەوە سوننەتەکانی وەرئەگیرێت، ھەروەھا فیقھ (زانستی ئایینی) لە چوار پێشەواکەی سوننە وەرئەگرن، و بڕیار ئەدەن بە ڕاستی خەلافەتی ھەر چوار خەلیفەکەی ڕاشدین، و بە دادپەروەری ھەر یەکێک لە ھاوەڵەکان.

ئیسلامی سوننە
ئایین ئیسلام
درێژبوونەوە جیھانی ئیسلامی
ژمارەی بڕوادارانی ٨٧-٩٠٪ لە موسڵمانان، ١.٨ ملیار (مەزەندەی ٢٠٢٢) [١]
شوێنە پیرۆزەکان -مزگەوتی حەرام، مەککە،
 عەرەبستانی سعوودی

- مزگەوتی پێغەمبەر، مەدینە،
 عەرەبستانی سعوودی

- مزگەوتی ئەقسا، قودس،
 فەلەستین
مزگەوتی ئەزھەر لە قاھیرە یەکێکە لە ناوەندەکانی زانستی ئیسلامی سوننە

دروستبوونی مەزھەب دەستکاری

ھەندێک لەو باوەڕەدان کە یەکەم ھەڵوێست ئاڕاستەی سوننەی دیاری کرد ھەڵبژاردنی ئەبووبەکر بوو بە خەلیفەی موسڵمانان، ھەروەھا باوەڕیان بە لە پێشی ئەبوبەکر ھەیە پاشان ھەر سێ خەلیفەکەی تر بە دواییدا بەپێی ڕیزبەندییەکەیان، عومەر پاشان عوسمان پاشان عەلی، بیروباوەڕیان پێکھاتووە لە قورئان و سوننەت[٢]، سوننە پشتی ئەم ڕایە دەگرن، لە کاتێکدا شیعە ھەڵبژاردنی ئەبووبەکر بە خەلیفە بە پێچەوانەی ڕاسپاردەکانی پێغەمبەر محەمەد ئەزانن، و بەپێی رای ئەوان پێشەوایەتی موسڵمانان بۆ عەلی کوڕی ئەبووتالیب و نەوەکانی ئەوە.

ئەتوانین بڵێین سوونە تائیفەیەکی سەربەخۆ بوون لە خەلافەتی عەلی کوڕی ئەبووتالیبدا لە خەواریجەکان، و لەو دەستانەی لە دوای ڕێکەوتنی حەسەنی کوڕی عەلی لەگەڵ معاویە کوڕی ئەبووسوفیان دروستبوون، سوننە خۆیان نەخستە ئەو جیاوازیانەی لە نێوانیاندا ھەبوو، لەوانە ئیبن عومەر و ئەنەسی کوڕی مالیک[٣]، بەڵام جیابوونەوەی تەواوەتی ھێشتا دەرنەکەوت لە نێوان سووننە و شیعەدا، بەڵکو ئەو جیابوونەوەیە وردە وردە جوڵا، ھێزی ئەو جوڵەیە لە کاتی دەوڵەتی ئەمەوییدا زیادی کرد، کاتێک ھاوەڵەکان و زاناکان چالاک بوون وەک ئەبووھورەیرە و حەسانی کوڕی سابت و ئەنەسی کوڕی مالیک و عەبدوڵڵای کوڕی عومەر و زاناکانی مەدینە، و گێڕانەوەی فەرموودەکان گەیشتە قۆناغی نوسینەوە، و عومەری کوڕی عەبدول عەزیز پاڵپشت زانا سوننەکانی مەدینەی ئەکرد، و لە کۆتاییەکانی سەردەمی ئەمەوی و سەرەتای عەبباسیدا پێشەوا ئەبوحەنیفە دەرکەوت و ئیمام مالیک ئەیخوێند، کۆکردنەوەی فەرموودە لە سەرەتاکانی دەوڵەتی عەبباسیدا بوو، کە ھەر لەم سەردەمەدا چوار خوێندنگەکەی سوننە تایبەتمەندیان وەرگرت و عەباسییەکان دواتر پشتیان پێ ئەبەستن بە شێوەیەکی فەڕمی، عەبباسیەکان سوونە بوون لەبەر پشت بەستنیان بە چوار خوێندنگەکەی سوننە و شیعە بوون لەبەر ئەوەی بانگەوازیان بۆ ئالبێتی پێغەمبەر ئەکرد بەپێی تێگەیشتنی سەردەمەکەیان، ئەمەش ئەوە ئەگەیەنێت، کە جیاکەرەوەی ڕوون بەڵام ناتەواو دەرکەوتووە لە نێوان سوننە و شیعەدا لە سەردەمی عەبباسیدا.

مەزھەبە زانستیەکانی سوننە دەستکاری

پێکھاتنی مەزھەبە زانستییەکان یان فیقھیەکانی سوننە ئەگەڕێنەوە بۆ سەرەتای ئیسلام، بە تایبەت لە دوای کۆچی دوایی پێغەمبەر محەمەد، کە ھاوەڵان و شوێنکەوتووانی و موسڵمانان بەگشتی ئیجتیھادیان ئەکرد لە جێبەجێکردنی ووتە و کردارەکانیدا.

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئیسلام و فراوانبوونی و گەیشتنی بە کێشەیەکی زۆری ئایینی و یاسادانانەوە پێویستی بە دەرچونێکی خێرا ھەبوو بە ئیجتیھاکردن لەو بابەتە زانستی و فیقھیانەدا و دابینکردنی پێویستیەکانی خەڵک و وەڵام دانەوەی پرسیارەکانیان، لەمەوە ژمارەیەک زانا ھەڵکەوت لە ھەر ھەرێمێکدا خەڵکیان فێری کاروباری ئایین و دونیایان ئەکرد.

فراوانبوونی جوگرافی ئیسلام و ھەمەجۆری ئەو ژینگانەی تیایدا بڵاوبوویەوە، ھەروەھا ئەو توانایەی کە لە ھەندێک لە دەقە ئیسلامیە شەریعیەکاندا ھەیە بۆ ئیجتیھادکردن بەپێی بارودۆخ، بوو بە ھۆی ھاتنە ئارای خوێندنگە فیقھیە (زانستیە) ناسراوەکان لە وڵاتە ئیسلامیەکاندا. لە ھەر لایەک شوێنکەوتوو ھەن کە ئیش دەکەن لەسەر بڵاوکردنەوەی فەتوا و تەنانەت ئیشکردن لە چوارچێوەی ئەو بنەمایانەی کە دانراوە بۆ دەرکردنی فەتوای نوێ.

ئەو چوار مەزھەبە زانستیەکەی بە شێوەیەکی فراوان بڵاوبونەتەوە لە نێو خەڵکانی سوننەدا و بوون بە فەڕمی لە زۆربەی کتێبەکانیاندا، بەپێی دەرکەوتنیان ئەمانەی خوارەوەن؛

ئەم مەزھەبانە تەنھا خوێندنگەی زانستین، ڕێکەوتوون لە سەرچاوەدا (ئوسوڵ)، بەڵام جیاوازن لە لقەکاندا، و جیاوازیان نیە لە بیروباوەڕدا، ھەروەھا مەزھەبی زانستی تر ھەن بێجگە لەم چوارە بەڵام بڵاونەبوونەتەوە، لەوانەش مەزھەبی ئەوزاعی و لەیسی کوڕی سەعد و ئەوانی تر.

بیروباوەڕی سوننە دەستکاری

ئوسوڵی فیقھ دەستکاری

ئوسوڵی فیقھ یان سەرچاوەی زانستی سوننە لەسەر قورئانی پیرۆز و سوننەتی پێغەمبەر (فەرموودەکانی پێغەمبەر) ئەوەستێت، لەگەڵ کۆبوون و پێوانی نەتەوەدا، سوننەتی پێغەمبەر کۆمەڵێک کتێبە لەوانە؛ سەحیحی بوخاری و موسلیم و کتێبەکانی سونەنی ئەبوداوود و نەسائی و موسنەدەکان وەک موسنەدی ئەحمەدی کوڕی حەنبەل و زۆر سەرچاوەی تر. لەبەر ئەوەی ھەرچیەک لە قورئان و فەرموودە سەحیحەکاندایە ڕێگە پێدراوە بۆ موسڵمانان.

بنەماکانی ئیسلام دەستکاری

لە فەرموودەیەکدا کە ئەبووھورەیرە گێڕاویەتەوە وەرگیراوە، ئەویش ئەو بنەمایانەن کە ئیسلامی لەسەر بنیاتنراوە، و بە کردنیان مرۆڤ بە موسڵمان دادەنرێت پێنجن، و پێنج بنەماکەی ئیسلام وەک لە فەرمودەکەدا ھاتووە ئەمانەن؛

بنەماکانی باوەڕ دەستکاری

پایەکانی یەکتاپەرستی دەستکاری

ئەم پایەیە لەگەڵ ئەو گرنگیەی ھەیەتی، نە پێغەمبەر (د.خ) و نە ھاوەڵەکان ڕوونیان نەکردۆتەوە، ھەروەھا ھیچ دەقێکی قورئانی یان فەرمودەیەک یان وتەی ھاوەڵەکانی لەسەر نیە، و زۆربەی زاناکان باسیان نەکردووە بە ھەر چوار پێشەواکەی سوننەوە ئەبووحەنیفە و مالیک و ئیمام شافعی و ئەحمەد کوڕی حەنبەل، بەڵام تەنھا سەلەفیەکان باسی ئەکەن، کە بەپێی ڕای سەلەفی دابەش دەبێت بۆ؛

  • یەکتاپەرستی لە پەروەردگارێتیدا
  • یەکتاپەرستی لە پەرستندا
  • یەکتاپەرستی لە ناو و سیفاتدا.

ناوەندیی بیروباوەڕی سوننە دەستکاری

سوننە لەو باوەڕەدان کە ھەندێک لەو بیرۆکە و خووانەی کە تائیفەکانی تر لەسەری ئەڕۆن دروستکراوە و پێچەوانەی قورئان و سوننەتە، بۆ نموونە ڕۆچوون لە کەسایەتییەکاندا، یان ڕۆچوونی خەواریج لە تەفسیری ئایەتەکانی ھەڕەشە و بەڵێندا بە شێوەیەک کە ھەر کەسێک گوناھێک بکات بە بێباوەڕ دایدەنێن، ھەروەھا گۆشەنیگای قەدەری و جەھەمیەکان لەسەر قەدەر دوورە لە بیروباوەڕی سوننەوە، و ئەم لادانانە لە سەردەمی پێغەمبەر و پێشینە چاکەکاندا نەبوون، بەڵکو خراونەتە پاڵ ئیسلام لە ژێر کاریگەری موسڵمانان بە ڕۆشنبیری ئەو وڵاتانەی فەتحیان کردوون.

ئەم خشتەیەی خوارەوە ھەندێک لە گۆشەنیگاکانی سوننە دەردەخات بەوەی کە گرۆی ناوەندن لە بیروباوەڕدا؛

قەزا و قەدەر جەبری؛ ڕۆچوون لە سەلماندنی قەدەردا، کرداری بەندە ڕەت دەکەنەوە لە بنەڕەتدا، و مرۆڤ بە ناچار دادەنێن و ھیچ ھەڵبژاردنێکی نیە. سوونە؛ ناوەندن و ھەڵبژاردنیان بۆ داناوە، بەڵام ھەڵبژاردنەکە پەیوەستە بە ویستی خواوە، وَمَا تَشَاءُونَ إِلَّا أَنْ یَشَاءَ اللَّھُ، واتە؛ ویستی ئێوەش نایەتە دی مەگەر کاتێک خوای پەروەردگاری جیھانیان بیەوێت، و ئەڵێن؛ بەندەکان بکەرن بەڵام خوا دروستکەری خۆیان و کردارەکانیانە، وەک لە قورئاندا ھاتووە؛ وَاللَّھُ خَلَقَکُمْ وَمَا تَعْمَلُونَ، واتە؛ لەکاتێکدا خوا بەدیھێنەری ئێوەیش و ئەم بتانەشە کە دروستتان کردوون، ئەمەش مام ناوەندییە لە قەزا و قەدەردا. قەدەری؛ ڕۆچوون لە قەزا و قەدەردا، و ئەڵێن مرؤڤ خۆی کردارەکانی دروست دەکات و خوا توانای نیە لە ڕێنمایی کردن و ڕێ لێ وونکردنیدا.
باوەڕ و ئایین حروری و موعتەزیلە؛ حروریەکان ئەوەی گوناھێکی گەورە ئەنجام بدات بە بێباوەڕی دادەنێن و کوشتنی بە ڕاست دادنێن، بەڵام موعتەزیلە ئەڵێن؛ گوناھکەری گەورە چۆتە دەرەوە لە باوەڕ و نەچۆتە بێباوەڕیەوە بەڵکو لە نێوان ھەردووکیاندایە. سوونە؛ مرۆڤ بە شایەنی ناوی باوەڕ و ئیسلام دادەنێن، ئەوەی گوناھی ھەبێت و گوناھکار بێت ئەوا ناتەواویەک ھەیە لە باوەڕیدا، و ناتەواویەکەی بە ئەندازەی گوناھەکەیەتی، و بێباوەڕی ناکەن بە تەواوەتی و دەریناکەن لە ئیسلام بوون بە یەکجاری، ھەروەک گوناھکار بە باوەڕداری تەواو دانانێن بەڵکو بە باوەڕدارێک کە کەمی لە باوەڕیدا. مەرجەئە و جەھمی؛ مەرجەئە ئەڵێن، گوناھکەری گەورە ئەگەر باوەڕدار بێت شایەنی چوونە ناو ئاگر نیە، ھەروەھا ئەڵێن؛ لەگەڵ باوەڕدا گوناە زیان ناگەیەنێت ھەروەک ئەوەی کە لەگڵ بێباوەڕیدا پەرستش سوود ناگەیەنێت، لە لای ئەوان ئەوەی بە دڵ باوەڕ بکات، ئەگەر ھیچ ئەنجامیش نەدات ھەر باوەڕداری تەواوە.
عەلی کوڕی ئەبووتالیب نەواسب و خەواریجەکان؛ نەواسب باس لە خراپی عەلی کوڕی ئەبووتالیب ئەکەن و خەواریج بە کافری دادەنێن. سوونە؛ ئەڵێن عەلی کوڕی ئەبووتالیب خەلیفەیەکی ڕاشدینە و لە ھەزارانی ھاوەڵەکان باشترە لە سیانیان نەبێت ئەوانیش ئەبووبەکر و عومەر و عوسمانن و ھەموویان خاوەن فەزڵ و چاکەن، بەڵام ھیچ کامیان پارێزراو نین لە ھەڵە وەکو پیغەمبەرەکان. شیعە؛ دوانزە ئیمامیەکان عەلی بە پارێزراو دادەنێن لە ھەڵە وەکو پێغەمبەرەکان بەڵکو بە باشترینی ئەزانن لە ھەموو پێغەمبەرەکان بێجگە لە محەمەد (د.خ).

دیمۆگرافیا دەستکاری

 
دابەشبوونی ئیسلام لە جیھاندا، ڕەنگە سەوزەکە ئاماژا بە زۆرینەی سوننەکان دەکات و ڕەنکی ماڕۆنی (سور) ئاماژە بە زۆرینەی شیعەکان دەکات، و ڕەنگی شین ئاماژە بە زۆرینەی ئەبازییەکان دەکات

بەپێی زانستی دیمۆگرافیا، تێبنی دەکریت لە نێو ھەر دە کەسی موسڵماندا نزیکەی نۆیان لەسەر مەزھەبی سوننەن و یەکێکیان لە سەر مەزھەبەکانی تری ئیسلامە، لەسەر ئەمەوە ھەر بە کەسێک وترا موسڵمانە وەک سوننە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، و سوننە لە ھەموو دەوڵەتەکانی جیھانی ئیسلامیدا ھەن و زۆرینەی پێک دەھێنن بێجگە لە ھەندێک وڵاتی کەم نەبێت، ھۆکاری ئەوەش ئەگەڕێتەوە بۆ ھۆکارە سیاسی و ھۆزەکی و کۆمەڵایەتیەکان، و زۆر کەس لەو باوەڕەدان کە سوننە دەریای موسڵمانان پێک دەھێنن و تائیفەکانی تر وەک دوورگەکانی ناو ئەو دەریایە ئەنوێنن.

فراونی بڵاوبوونەوە دەستکاری

مەزھەبی سوننە لە ھەموو مەزھەبە ئیسلامیەکان زیاتر بڵاو بۆتەوە و شوێنکەوتووی ھەیە، و ژمارەی شوێنکەوتووەکانی %٩٠ی ئیسلامی جیھان ئەگرێتەوە [٤]، و بە مەزھەبی فەڕمی زۆر لە دەوڵەتە ئیسلامیەکانی ئەمڕۆ دادەنرێت، و لە مێژوودا مەزھەبی فەڕمی زۆر لە دەوڵەتە ئیسلامیەکان بووە لە ڕۆژھەڵات و ڕۆژئاوادا، بۆ نموونە دەوڵەتی عوسمانی مەزھەبی سوننە مەزھەبی فەڕمی دەوڵەت بووە و پشتیان بە خوێندنگەی حەنەفی بەستووە وەک سەرچاوە بۆ بڕیار و یاساکانی دەوڵەت، لە ھەمان کاتدا دانیان ناوە بە مەزھەبەکانی تر و دادوەر و فێرکاریان بۆ دانابوون، و ئەتوانین بڵێین سوونە زۆرینەی دەوڵەتەکانی جیھانی ئیسلامی پێک دە ھێنن بێجگە لە دەوڵەتەکانی؛ ئێران و ئازەربایجان و بەحرەین و عێراق کە شیعەی دوانزە ئیمامی زۆرینەیان پێک دەھێنێت و عومان مەزھەبی ئیبازی زۆرینەی پێک دەھێنێت.

ئاماری سوننەکان دەستکاری

بەپێی ئینسایکلۆپیدیای مەسیحی جیھانی دانەر (دایڤد باریت)، ژمارەی سوونە لە ساڵی ٢٠٠٠ بە نزیکەی ١,٠٠٢,٠٠٠,٠٠٠ کەس دەخەمڵێنرێت، لە کاتێکدا ژمارەی ڕۆمانە کاسۆلیکەکان (تائیفەی کاسۆلیکی مەسیحی) لە ھەمان ساڵدا بە ١,٠٥٧,٠٠٠,٠٠٠ کەس ئەخەمڵێنرێت، بەپێی ئەمە جیاوازی نێوان تائیفەی کاسۆلیکی و سوننە نزیکەی ٥٥ ملیۆن کەسە.

ھەر بەپێی ھەمان سەرچاوە، ژمارەی ئەو موسڵمانانەی ئیسلامن بە ھەموو مەزھەبە جیاوازەکانیەوە لە ساڵی ٢٠٠٠دا نزیکەی ١,١٨٨,٠٠٠,٠٠٠ کەسن، بەپێی ئەمەش سوننە زۆرینەی پێک دەھێنێت کە نزیکەی (%٨٤.٣٤) سوننەن، و تائیفەکانی تری ئیسلام نزیکەی ١٨٦,٠٠٠,٠٠٠ کەسن (واتە ١٥.٦٥)ی موسڵمانان پێک دەھێنن، ھەر ھەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوەداوە کەوا ڕۆژانە نزیکەی ٣٤٠ ھەزار کەس لە دایکدەبن، کە ٦٨ھەزاریان موسڵمانن، بەپێی ئەمەش ڕۆژانە ٦٠ ھەزار سوننە دێنە دنیاوە.

بەپێی نوێترین لێکۆڵینەوەکان کە ئاژانسی ھەواڵی جیھانی بڵاوی کردۆتەوە ژمارەی موسڵمانان لە ساڵی ٢٠٠٩ دەگاتە ١,٥٧ ملیار کەس، بەپێی ھەمان سەرچاوە ڕێژەی سوونە ئەگاتە (%٨٧-%٩٠)ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە ژمارەی موسڵمانانی سوونە لە نێوان (١,٣٧-١,٤) ملیار کەسدایە.[٥][٦]

خەلافەتی ئیسلامی دەستکاری

خەلافەت سەرکردایەتی کردنی ھەموو موسڵمانان ئەگەیەنێت بە گشتی لە جیھاندا بۆ دامەزراندنی یاسای شەرعی ئیسلامی، و ھەڵگرتنی بانگەوازی ئیسلامی بۆ جیھان، ناونراوە بە خەلافەت واتە جێنشینی ئەمەش لەبەر ئەوەی پێشەوایەتی موسڵمانان دەکات و جێ نشینی پێغەمبەر محەمەدە لە بەڕێوەبردنی کاروبارەکانیان.

ھەروەھا خەلافەتی ئیسلامی وا وەردەگیرێت لە نێو موسڵماناندا بۆ ئاماژەدان بە حوکمی موسڵمانان بۆ خاکەکان لە ماوەیەکی دوور و درێژدا، سەرەتاکەی سەردەمی خەلافەتی ڕاشدین بوو و کۆتاییەکەی ساڵی ١٩٢٤ بوو دوای ئەوەی خەلافەتی عوسمانی کۆتایی پێھات لە تورکیادا.

زانا و پێشەواکانی سوننە دەستکاری

خوێندنگە ئایدۆلۆژیەکانی سوننە دەستکاری

ئەھلی سوننە و جەماعەت جێبەجێکرنی بیروباوەڕدا دابەش دەبن بۆ سێ خوێندگەی ئایدۆلۆژی؛

  • ئەسەری (الأثریة)؛ ئەم پەیڕەوە پشت ئەبەستێت لە بیروباوەڕ و یاساداناندا بە دەقەکانی قورئان و فەرموودەکان و پێشکەشکردنیان بەپێی عەقڵ ، لە ھەمان کاتدا ڕێگە دەکاتەوە لە بەردەم ئیجتیھاد کردن لەو دەقانەی نەسەلمێنراون یان ڕوون نین، و پێشینە (سەلەف) بۆ ماوەیە ئەوترێت کە پێغەمبەر محەمەد ئاماژەی پێکردووە بە سێ سەدەی سەرەتای ئیسلام ئەوانیش ھوەڵەکان و شوێنکەوتووەکان و شوێنی شوێنکەوتووەکان ئەگرێتەوە.
  • سەلەفی (السلفیة)؛ کۆمەڵێک بوون لە سەدەی چواری کۆچیدا دەرکەوتن، ئەگەڕێنەوە بۆ ڕاکانی ئەحمەدی کوڕی حەنبەل و بە سەلماندنی دادەنێن بۆ ئەو سیفەتانەی خوا کە لە قورئان و سوننەتدا ھاتووە، و لە زاناکانیان ئیبن تەیمیە و و ئیبن قییەمی جۆزییە، و لە سەردەمی نوێدا لە نیمچەدوورگەی عەرەبی دەرکەوت لەسەر دەستی محەمەدی کوڕی عەبدول وەھاب ھاوکات لەگەڵ پێکھاتنی دەوڵەتی سعوودیەی یەکەم.[٧]
  • ئەھلی دیدی عەقڵی، کە زانستی ووتە (علم الکلام)یان بەکارھێناوە بۆ سەلماندنی بیروباوەڕە ئاینییەکانیان ئەمانەی خوارەوەن؛
  • ئەشاعیرە (الأشاعرة)؛ لە خوێندنگەکانی سوننەیە کە ڕووبەڕووی موعتەزیلە بوویەوە بە بەکارھێنانی مەنتیق و زانستی ووتە لە بەرگریکردن لە دەقەکان و ڕوونکردنەوەیان، و ناونراون بە ئەشعەری لەبەر ئەبوحەسەن ئەشعەری کە ئیشی کرد لە بەرەنگاری موعتەزیلە بە بەکارھێنانی بەڵگەی عەقڵی و ئاماژەی مەنتقی لە ھەوڵیدا بۆ سەلماندنی بیروباوەڕی پێشینە، ھەروەھا ئەبونەسوڕ ماتریدی کە ئەشاعیرە و ماتریدیەکان ئەگەڕێنەوە بۆیان، و زۆر لە پێشەواکان شوێنیان کەوتوون، وەک؛ بیھقی و نەوەوی و غەزالی و عیز کوڕی عەبدول سەلام و سیووتی و قوڕتوبی و ئیبن عەساکر و زوبەیدی و زۆری تر.
  • ماتریدی (الماتریدیة)؛ ئەگەڕێنەوە بۆ ئەبومەنسوڕی ماتریدی و بە ھەمان شێوە ئیشیان کرد لەسەر بیروباوەڕی پێشینە بە بەکارھێنانی زانستی ووتە، و بیرۆکەکانیان زۆر نزیک بووە لە ئەشاعیرەوە.
 
سۆفیگەرە تورکە مەولەوییەکان جوڵە تەقلیدیەکەیان ئەنجام دەدەن لە بەردەم ئارامگەی جەلالەدینی ڕومی لە قۆنیە
  • سۆفیگەری (الصوفیة)؛ ئەمە سۆفیگەری ئەگەرێتەوە ڕێگەیەکە بەندە ئەیگرێتە بەر بۆ گەیشتن بە خوای گەورە، یان بۆ گەیشتن بە ناسینی، و گەیشتن بە جێگە باشەکان، ئەمەش لە ڕێگەی ئیجتیھادکردن لە پەرستن و دوورکەوتنەوە لە نەھی کراوەکان، و پەروەردەکردنی دەروون و پاککردنەوەی دڵ لە ڕەوشتی نابەجێ و ڕازاندنەوەی بە ڕەوشتی جوان. سۆفیگەری لە پێشەکیە بیروباوەڕیەکاندا پەیڕەوی ھەر خویندنگە ناسراوەکانی سوونە ئەکەن کە ئەسەری و ئەشاعیرە و ماتریدین، و پەیڕەوی یەکێک لە چوار مەزھەبە زانستیەکانی سوونە ئەکەن، ئەو پەی پێبردن و ئیلھامانە وەرئەگرن کە دژی قورئان و سوونەت ناوەستێت، ڕێگەکانی پەروەردەکارەکانیان ئەیگرنە بەر ھەمەجۆرن، لەبەر ئەوە ڕێگە سۆفیگەریەکان پێکھاتووە، ناوداترترینی ڕێگە (تەڕیقە) سۆفیگەریەکان ئەمانەی خوارەوەن؛
  • ڕێگەی دسوقی (الطریقة الدسوقیة)
  • ڕێگەی بورھانی (الطریقة البرھانیة)
  • ڕێگەی شازلی (الطریقة الشاذلیة)
  • ڕێگەی قادری (الطریقة القادریة)
  • ڕێگەی تیجانی (الطریقة التیجانیة)
  • ڕێگەی ڕوفاعی (الطریقة الرفاعیة)

دژەڕاکان بۆ ئەم دابەشکردنە دەستکاری

سەلەفیەکان لەو باوەڕەدان کە شوێنکەوتووی بیروباوەڕی پێشینە چاکەکارەکانن، ئەوانیش سێ سەدەی سەرەتای نەتەوەی ئیسلامییە، ئەشاعیرە و ماتریدیەکان لە ڕێگەی ڕاست لایانداوە بە پەیڕەوکردنیان بۆ زانستی ووتە و فەلسەفە کە لە سەردەمی پێغەمبەر و ھاوەڵەکان و چوار پێشەواکەی سوننەدا نەبووە، و ئەوانە ئەو سیفەتانەی خوایان وەستاند کە ئەبووایە جێبەجێ بکرانایە.

ئەشاعیرە و ماتریدیەکان لەو باوەڕەدان، کە ئەوان شوێنکەوتووی چوار پێشەواکەن و ناونانی کۆمەڵە سەلەفیەکان دروستکراوە و نە پێغەمبەر و نە ھاوەڵەکان و شوینکەوتووەکان نەیانھێناوە، و شوێنەکەوتوانی سەلەف (پێشیەنەکان) پێویستە بەڵام قۆستنەوەی بۆ بانگەشەی ئایدۆلۆژییەکان دروست نیە بە تایبەت ئەو بیروباوەڕانەی بەرجەستەکردن لە خۆ دەگرێت لە ژێر ناونیشانی سەلماندنی سیفەتەکان.

ئەمانەش ببینە دەستکاری

سەرچاوەکان دەستکاری


  1. ^ https://web.archive.org/web/20220831143158/https://worldpopulationreview.com/country-rankings/muslim-population-by-country
  2. ^ ئیبراھیم محەمەد جەواد، پیلانی سەقیفە
  3. ^ "پێشکەوتنی مەزھەبی ئیسلامیەکان". Archived from the original on 6ی Marchی 2010. Retrieved 13ی Julyی 2011. {{cite web}}: Check date values in: |access-date= و |archive-date= (help) ٦ی ئازاری ٢٠١٠ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  4. ^ ئیسلام ئۆنلاین ٧ی شوباتی ٢٠٠٩ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  5. ^ One in four is Muslim, study say 8 October 2009
  6. ^ Nearly 1 in 4 people worldwide is Muslim, report says October 12, 2009
  7. ^ میژووی مەزھەبە ئیسلامیەکان، محەمەد ئەبووزەھرە، پەڕە 181:185