ئیسپات[١] بە گرۆڤ یا بەڵگەیەک دەڵێن کە خۆی بە تەنیا بەس بێ بۆ نیشاندانی ڕاستیی وتەیەک. بە زمانێکی تر، بە بەڵگەیەک کە ئەوەندەی پێوە بێ بەشی ئەوە بکا وتەیەکی پێ بسەلمێنرێ، دەوترێ ئیسپات.[٢][٣][٤][٥]

ئیسپات لە بوارە جیاجیاکاندا بە کار دەبردرێ. لە ھەر بوارێکیشدا ئەوەی کە بەڵگەکە یا پاساوەکە دەبێ چۆناوچۆن بێ تا لە گوێن ئیسپاتێ بۆ قەزیەکە قەبووڵ بکرێ، فەرق دەکا.[٦] لەو بوارانەی کە پەیوەندییان بە ڕاگەیاندنی نووسراو و زارەکییەوە ھەیە، وەک وتووێژ و دیالۆگ و ڕەوانبێژی، ئیسپات بریتییە لەو کاریگەرییەی کە قسەکانی قسەکەرێک لەسەر بەردەنگەکەی یا ھاوکەلامەکەی دایدەنێ، کاتێ کە دەیەوێ ڕاستیی قەزیەیەکی پێ بسەلمێنێ و قەناعەتی پێ بێنێ. لێرەدا، ئیسپات چەشنێ speech act یا پەیڤکرد -ە.[٧] لە لقە جیاجیاکانی ماتماتیکدا کە بناخەیان بە گریمانە و بەڵگەنەویست داڕێژراوە، ئیسپات بەڵگەیەکی لۆژیکییە (ئارگۆمێنتێکە) کە تیۆرمێک بنیات دەنێ، ئەویش بە بەکارھێنانی یاساکانی ئاکامگری و بە دەستپێکردن لەو بەڵگەنەویستانە و تیۆرمگەلی پێشتر بنیاتنراوەوە.[٨] لۆژیک و بە تایبەت تیۆریی ئیسپات لە چەمکی ئیسپاتی شێوەیی دەکۆڵنەوە.[٩] لە ھەندێ لە پانتایییەکانی ئیپیستیمۆلۆژی و تیۆلۆژیدا پاساو تەقریبەن ھەمان ڕۆڵی ئیسپات دەگێڕێ.[١٠] لە بواری دادگا و قانووندا ئیسپات ھەمان گەواھ و شایەتە.[١١] دەستەواژەی باری ئیسپات چەمکێکی یەکجار باوە لە فەلسەفەی یاسادا.

ڕوونکردنەوە دەستکاری

لە زۆربەی بابەتەکاندا، بۆ ئیسپات و سەلماندنی شتێک بەڵگەی ئاشکرا (evidence، دەلیل، بەیینە) داوا دەکرێ. بەڵگەی ئاشکرا لە ڕێگەی ئەزموونکردنی جیھانی دەوروبەرەوە پەیدا دەکرێت، بەتایبەت زانست بەڵگە ئاشکراکانی لە سروشتەوە دەست دەخات.[١٢] یاساش بەڵگەکانی لە شایەتیدانی گەواھەکان و لێکۆڵینەوەی پزیشکییەوە بە دەست دێنێ.[١٣] پێچەوانەی ئەمانەی سەرەوە، زانستی ماتماتیکە، کە تێیدا بەڵگەکان لە جیھانی فیزیکییەوە نایێن، بەڵکوو لە جیھانێکەوە دێن کە ماتماتیک خۆی خولقاندوویەتی و دەکرێ پێی بوترێ جیھانی ماتماتیکی. جیھانێک کە بناخەی بە بەڵگەنەویستەکان داڕێژراوە و بەرەبەرە تیۆرمەکانی تیا دروست کراوە.

ئەوەی کە چ بەڵگەیەک بەسە بۆ سەلماندن و دەکرێ بە ئیسپات بژمێردرێ، لە بوارێکەوە بۆ بوارێکی تر دەگۆڕدرێت و ھیچ پێوەرێکی ڕەھا نییە کە دەری بخا کامە بەڵگە بەسە و بەش دەکا و، کامە بەڵگە ناتەواوە و بەش ناکا.[١٤] لە یاسادا، لەوانەیە بەڵگەیەک کە بۆ دادوەرێک جێی باوەڕە، بۆ دادوەرێکی دی جێی باوەڕ نەبێ.

ئیسپات لە دێر زەمانەوە بە کار ھاتووە. ئەرەستوو، بۆ نموونە، کە دەیڕوانییە سروشت، دەیدی کە نوێنەکەکان لە سروشتدا لەو یەکشێوەیییە بێبەشن کە نوێنەکەکانی دروستکراو بە مەکینە ھەیانە و، ئەمەی وەک ئیسپاتێ بە کار دەھێنا بۆ نیشاندانی ئەوە کە بەخت و ھەڵکەوت پارچەیەکی لێدانەبڕی سروشتە.[١٥] لە لایەکی ترەوە، تۆماس ئەکویناس کە دەیڕوانییە سروشت و نوێنەکە بەپیت و مایەدارەکانی سروشتی دەدی، ئەوەی وەکوو ئیسپاتی زاڵبوونی یاساکان بەسەر سروشت و نەبوونی بەخت و ھەڵکەوت بە کار دەھێنا. [١٦]

لە ڕاستیدا ئیسپات پێویست ناکات زارەکی یان نووسراو بێ. بۆ نموونە، پێش کۆپەرنیک، خەڵک جووڵەی ئاشکرا و بینراوی ئەستێرەی خۆریان لە ئاسماندا بە ئیسپاتی ئەوە دادەنا کە خۆر بە دەوری زەویدا دەسووڕێتەوە.[١٧] ئەو بەڵگانەش کە لە شوێنی تاواندا بە جێی دەمێنن و وردەوردە دەدۆزرێنە و لە پاڵ یەک دادەنرێن، دەتوانن ئیسپاتی ئەوە بکەن کە تاوانبار بەڕاستی کێ بووە.

ئەمانەش ببینە دەستکاری

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ îspat بەرامبەر بە proof، فەرھەنگی تۆفیق وەھبی و ئەدمۆندز.
  2. ^ Proof and other dilemmas: mathematics and philosophy by Bonnie Gold, Roger A. Simons 2008 ISBN 0883855674 pages 12–20
  3. ^ Philosophical Papers, Volume 2 by Imre Lakatos, John Worrall, Gregory Currie, ISBN Philosophical Papers, Volume 2 by Imre Lakatos, John Worrall, Gregory Currie 1980 ISBN 0521280303 pages 60–63
  4. ^ Evidence, proof, and facts: a book of sources by Peter Murphy 2003 ISBN 0199261954 pages 1–2
  5. ^ Logic in Theology – And Other Essays by Isaac Taylor 2010 ISBN 1445530139 pages 5–15
  6. ^ Compare 1 Thessalonians ٥:٢١: "Prove all things [...]."
  7. ^ John Langshaw Austin: How to Do Things With Words. Cambridge (Mass.) 1962 – Paperback: Harvard University Press, 2nd edition, 2005, ISBN 0-674-41152-8.
  8. ^ Cupillari, Antonella. The Nuts and Bolts of Proofs. Academic Press, 2001. Page 3.
  9. ^ Alfred Tarski, Introduction to Logic and to the Methodology of the Deductive Sciences (ed. Jan Tarski). 4th Edition. Oxford Logic Guides, No. 24. New York and Oxford: Oxford University Press, 1994, xxiv + 229 pp. ISBN 0-19-504472-X
  10. ^ http://plato.stanford.edu/entries/justep-foundational/
  11. ^ http://dictionary.reference.com/browse/proof
  12. ^ Reference Manual on Scientific Evidence ١ی کانوونی دووەمی ٢٠١١ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە., 2nd Ed. (2000), p. 71. Accessed May 13, 2007.
  13. ^ John Henry Wigmore, A Treatise on the System of Evidence in Trials at Common Law, 2nd ed. , Little, Brown, and Co. , Boston, 1915
  14. ^ The Principle of Sufficient Reason: A Reassessment by Alexander R. Pruss
  15. ^ Hunter, Geoffrey, Metalogic: An Introduction to the Metatheory of Standard First-Order Logic, University of California Pres, 1971
  16. ^ The treatise on the divine nature: Summa theologiae I, 1–13, by Saint Thomas Aquinas, Brian J. Shanley, 2006 ISBN 0872208052 p. 198
  17. ^ Aristotle's Physics: a Guided Study, Joe Sachs, 1995 ISBN 0813521920 p. 70