لە لۆژیکدا، وتە ڕستەیەکی ھەواڵییە کە ئەتوانێ دروست (یا ڕاست) بێ، ئەشتوانێ زڕ (یا ھەڵە یا درۆ) بێ. ئەوەی کە ئەوترێ وتە ئەتوانێ دروست یا زڕ بێ بەو مانایە نییە کە مرۆڤ دڵنیایە و جوان بۆی ڕوونە کە ڕستەکە دروستە یا زڕە، ھەر ئەوەندەیە کە جگە لەم دوو بارە بارێکی تری ناتوانێ بێ.

نموونە دەستکاری

ئەم ڕستانەی خوارەوە ھەموو وتەن:

  • خەریکە باران ئەبارێ
  • برسیمە
  • ٢ + ٢ = ٤
  • خوا ھەیە

لەو لاوە، ئەمانەی خوارەوە ڕستە ھەن بەڵام وتە نین (لەبەر ئەوەی کە دروستی و زڕی ھەڵناگرن):

  • ئایا برسیتە؟
  • تکایە دەرگاکە داخە
  • ئای لە دەست تۆ!

وتە لە بەرامبەر قەزییەدا دەستکاری

وتە (statement) ڕستەیەکە. وەکوو وشە سەربە زمانە. بەرھەمی لە پاڵ یەک نرانی دەنگەکان (زمانی قسە) یا سیمبۆلەکانە (زمانی نووسین). قەزییە (proposition) ئەوەیە کە وتە ئەیدرکێنێت. ئەو مەبەستەیە کە بەو وتەیە ئاشکرا بووە.

وتە بۆ قەزییە وەکوو ناوە بۆ شتەکان. وەک چۆن وشەی سێ پیتیی «ئاو» ماکێکی تراوی بەبێ ڕەنگ و تام و بۆ دەسنیشان ئەکا، ڕستەی «ئاو لە پلەی سیفری سانتیگراددا ئەڕچێ»ش ئەوە دەسنیشان ئەکا کە ئاو لە پلەی سیفری سانتیگراددا ئەڕچێ. واتە ڕستەکە وەزعی ڕچانی ئاو لە پلەی سیفری سانتیگرادمان پێ ئەناسێنێ.

جیاوازیی نێوان وشەی ئاو و ماکە تراوە بێ ڕەنگ و بۆنەکە ئاشکرایە: وشەی ئاو لە سێ پیتی «ئ» و «ا» و «و» پێک ھاتووە، لە حاڵێکا ئاو بۆ خۆی لە دوو بەش ھیدرۆجین و بەشێک ئۆکسیجن پێک دێت.

وتە و قەزییە جیاوازییەکی تریشیان ھەیە: وتە ھەمیشە سەر بە زمانێکی دیارە (بۆ نموونە کوردی)، بەڵام قەزییە تایبەت بەو زمانە نییە کە پێی دەر بڕاوە. بۆ نموونە ئەمانەی خوارەوە چەن وتەیەکی جیاجیان لە زمانگەلی جیاجیادا کە ھەموویان یەک قەزییە دەر ئەبڕن:

  • بەفر سپییە
  • برف سفید است
  • snow is white

لێرەدا ڕستەگەلی جیاواز بۆ دەربڕینی یەک قەزییە بە کار ھاتوون.

سەرچاوەکان دەستکاری