قەزیە (لۆژیک)

(لە قەزییە (لۆژیک)ەوە ڕەوانە کراوە)

لە لۆژیکدا، قەزیە ئەوەیە کە بە وتەیەک (ڕستەیەکی ھەواڵی) ئاشکرا بووە و دەتوانێ دروست یان زڕ بێت. ھەواڵێکە کە لە پێشدا دانراوە تا زەین لەبارەی دروستی یان نادروستییەوە داوەری بکات و بڕیار بدات. بۆ وێنە، ڕستەکانی «زەوی خرتە» یان «چوار لە پێنج کەمترە» بە قەزیە دەژمێردرێن، چونکە بۆیان دروستی یا زڕی دەست دەدات.[١]

لە قەزیەدا ھەمیشە چەشنێ حوکم و قەزاوەت ھەیە[٢] (وشەکانی قەزیە و قەزاوەت لە یەک بنەماڵەن). ھەندێ جار خەبەر یا حوکم -یشی پێ دەڵێن.[٣] ئیبنی سینا لە زانستنامەی عەلاییدا دەڵێ:

«لەم وشە تاکانەوە، به شێوەی جۆراوجۆر تێکەڵاوی پێک دێ و، لەوانە یەک جۆریان ئێستا بۆ ئێمە دەشێ و، ئەوەش ئەوەیە کە پێی دەڵێن قەزیە و پێی دەڵێن خەبەر و پێی دەڵێن قسەی بڕیاردەر. وە ئەمەش ئەوەیە کە کاتێ بیبیسی دەشێت کە بڵێی ڕاستە و دەشێت کە بڵێی درۆیە.»[٤]

قەزیە لە سێ بەش دروست دەبێ. یەکێک ئەوەی کە خەبەرەکە لەبارەیەوە دەدرێ، واتە بە ئەرێ یا بە نەرێ شتێک دەخرێتە پاڵی و، پێی دەڵێن دانراو (موضوع). وەک «زەوی» لە ڕستەی «زەوی خرتە». دووەم ئەوەی کە دەخرێتە پاڵ دانراوەوە و، پێی دەڵێن ھەڵگیراو (محمول). وەک «خرت» لە ڕستەکەی سەرەوە. وە سێیەم وشەیەک کە نیشاندەری پاڵدان یا لکانی ھەڵگیراوە بە دانراو و، پێی دەڵێن پێوەندی، وەک «ە» یا «نییە».[٣]

قەزیەیەکی دروست بە شێوەی «د» یان «١» یان «T» ھێما دەکرێت و قەزیەیەکی زڕ بە شێوەی «ز» یان «٠» یان «F» دیاری دەکرێت.

دانراو و ھەڵگیراو دەستکاری

قەزیە دوو پاری سەرەکی یان دوو حەد (بە ئینگلیزی: term) -ی ھەیە: دانراو (بە ئینگلیزی: subject؛ بە عەرەبی: موضوع) و ھەڵگیراو (بە ئینگلیزی: predicate؛ بە عەرەبی: محمول). دانراو ئەو پارەیە کە شتێ دەخرێتە پاڵی؛ ئەو پارەیە کە یان شتێکی بۆ پەسەند دەکرێ، یان شتێکی لێ حاشا دەکرێ. ئەمە ھەر ئەوەیە کە لە ڕێزماندا «پاڵپێوەدراو» (بە عەرەبی: مسندالیه) -ی پێ دەوترێ. ھەڵگیراو ئەوەیە کە لە پاڵ دانراو دەدرێ؛ ئەو پارەیە کە دانراو ھەڵیدەگرێ. لە ڕێزماندا «لەپاڵدراو» (بە عەرەبی: مسند) -ی پێ دەوترێ.

جۆرەکانی قەزیە دەستکاری

قەزیەکان لە ڕوانگەی جیاجیاوە شیاوی دابەشکردنن. بەڵام، زۆرتر دەکرێنە دوو بەشەوە: قەزیەگەلی حەملی (یا کاتەگۆریک) و قەزیەگەلی شەرتی (یا ھیپۆتێزیک).

قەزیەی حەملی ئەوەیە کە تێیدا شتێ بەبێ ھیچ شەرتێ، لە پاڵ شتێکی تر دراوە، وەک «ئەحمەد دڵخۆشە»، «ئینسان فانییە»، «کانزاکان تێکڕا دەتوانن کارەبا لە خۆ تێپەڕێنن».

قەزیەی شەرتی ئەوەیە کە تێیدا حوکم بە ڕاستبوون یا ھەڵەبوونی لەپاڵدراوییەک کراوە بە مەرجی وەدیھاتنی لەپاڵدراوییەکی تر. بۆ وێنە، «ئەگەر ئەحمەد ڕەوشتبەرز بێ، دڵخۆشیشە»، یا «ئەگەر دوو دانە لە لاکانی سێگۆشەیەک ھاوئەندازە بن، دوو دانە لە گۆشەکانیشی ھاوئەندازەن».[٥]

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ BASIC CONCEPTS OF LOGIC
  2. ^ عالمی, روح اللە. منطق. ۶.
  3. ^ ئ ا خوانساری, محمد (1356). فرهنگ اصطلاحات منطقی. بنیاد فرهنگ ایران. 117 و 118.
  4. ^ رساله منطق دانشنامه علایی، نوشته ابوعلی سینا، با مقدمه و حواشی و تصحیح دکتر محمد معین، چاپ ۱۳۸۳، دانشگاه بوعلی سینای همدان، صفحه ۳۲:

    از این لفظهای مفرد، گوناگون ترکیب آید و از ایشان ما را اکنون یکی گونه همی باید و این آن گونه است که آن را قضیه خوانند و خبر خوانند و سخن جازم خوانند. و این آن بود که چون بشنوی شاید که گویی راست است و شاید که گویی دروغ است.

  5. ^ خوانساری, محمد. منطق صوری. نشر دیدار. p. 193.

بەستەرە دەرەکییەکان دەستکاری