ھەڵگرتن (بە عەرەبی: حمل، بە ئینگلیزی: Predication) یان دانەپاڵ (بە عەرەبی: اسناد، بە ئینگلیزی: Attribution) زاراوەیەکی فەلسەفی و مەنتیقییە کە بریتییە لە یەکێتیی نێوان دوو شت لە دەرەوەی زەیندا کە لە ناو زەیندا لێک جیاواز و پێک بێگانەن. واتە لە دوو مانایەک کە لە زەیندان یەکیان بەوی تر وەسف بکرێ، بە ئەوەڵەکە دەڵێن دانراو یا ھەڵگر یا مەوزووع و، بە دووەمەکە دەڵێن ھەڵگیراو یا بار یا مەحموول. بە زمانێکی تر، ھەڵگیراو تایبەتمەندییەکە کە دانراو ھەڵیدەگرێ.[١]

سەرھەڵدان

دەستکاری

کاتێ فەیلەسووفە دێرینەکان دەستیان کرد بە تاوتوێکردنی واقیع، زۆری پێ نەچوو بۆیان دەرکەوت کە دوو بوونی سەربەخۆ و لێکجیا بەشیان کردووە: ١) تایبەتمەندییەکان و ٢) ئەو شتانەی ئەم تایبەتمەندییانەیان ھەڵگرتووە یا ئەو شتانەی ئەم تایبەتمەندییانەیان لە پاڵ دەدرێ. ئەم فەیلەسووفانە خۆیان سەرقاڵی پشکنینی کەلێنی نێوان شت و تایبەتمەندییەکانی شت کردبوو. قسەشیان ئەوە بوو کە پێوەندیی نێوان شت و تایبەتمەندییەکانی لە پێوەندیی نێوان نیھاد و گوزارە دەچێ لە ڕستەدا.[٢]

ئەرەستوو بوو کە جیاوازی نێوان دانراو (مەوزووع) و ھەڵگیراو (مەحموول) -ی بە بنەڕەتی دانا و پێی وا بوو ھەتا ڕستە یان وتەیەک نەبێ کە ھەڵگرتنی تایبەتمەندییەک لەلایەن شتێکەوە بدرکێنێ، ناشێ قسە لە ڕاستی بکرێت.

لە بەرھەمەکانیدا، ئەفلاتوون بۆ شیکردنەوەی مەیل و ئارەزوو باسی ھەڵگرتن دەکا. ئەو لە زمانی سوقراتەوە دەڵێ ھەر جۆرە ئاکارێکی زێدەڕۆیانە و ڕادەبەزێن کە زاڵ بێ بە سەر کەسێکدا ناوی خۆی خەڵاتی ئەو کەسە دەکا، وەک بەدمەستی کە ناوی خۆی خەڵاتی بەدمەست دەکا. لێرەدا، ھەڵگرتن یا دانەپاڵ بریتییە لە کوتانی مۆری ئەم شێوە زێدەڕۆیییە بە نێوچاوانی ئەو کەسەی کە بەشداری تێدا دەکا.[٣]

فیساگۆرسییەکانیش لە ڕوونکردنەوەکانیاندا بۆ سەلماندنی ژمارە وەکوو زاتی ھەموو شتەکان سووکە ئاماژەیەکیان بە ھەڵگرتن یا دانەپاڵ کردووە. ئەوان پیان وا بوو ژمارە واقیعێکی سەربەخۆی ھەیە و جەوھەرەکان (وەک ئاگر و ئاو) زاتی ڕاستەقینەی شتەکان وەسف ناکەن، واتە شیاوی ئەوە نین وەکوو تایبەتمەندییەکی زاتی پاڵ بە شتەکانەوە بدەن (یا پیان ھەڵبگیرێن).[٤]

سەرچاوەکان

دەستکاری
  1. ^ «حمل | دائرةالمعارف بزرگ اسلامی | مرکز دائرةالمعارف بزرگ اسلامی». www.cgie.org.ir. لە ١٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ ھێنراوە.
  2. ^ Scruton، Roger (2012). Modern Philosophy: An Introduction and Survey (بە ئینگلیزی). A&C Black. ISBN 978-1-4482-1051-0.
  3. ^ White، David A. (1993). Rhetoric and Reality in Plato's "Phaedrus" (بە ئینگلیزی). New York: SUNY Press. p. 41. ISBN 978-1-4384-2398-2.
  4. ^ Burnet، John (1892). Early Greek Philosophy (بە ئینگلیزی). London: Adam and Charles Black. pp. 308–309.