زات، لە فەلسەفە و دینناسیدا، بە سیفەتگەلێک ئەوترێت کە بوونێک یا جەوھەرێک ئەکەن بەوە کە لە بنەڕەتدا ئەوەیە؛ واتە سیفەتگەلێک کە بە ناچار ئەبێ بیبێت و، بەبێ ئەوانە پێناسەی لە دەست ئەچێت و ئیتر خۆی نابێت. زات لە بەرامبەر عەرەزەوەیە: سیفەتێک کە بوونەکە یا جەوھەرەکە بە ڕێکەوت ھەیەتی و بەبێ ئەو ھێشتا ئەتوانێ پێناسەی خۆی بپارێزێت.

جیاکردنەوەی سیفەتگەلی زاتی لە عەرەزی گرنگایەتیی ئێجگار زۆری ھەیە لە ناساندنی شتەکاندا. ھەوڵ و تێکۆشانی زانایان و لێکۆڵەران ئەوەیە کە شتەکان بە تایبەتمەندییە زاتییەکانیانەوە پێناسە بکەن و، ھیچ کاریان بە عەرەزییەکانیانەوە نییە. واتە ھەوڵ ئەدەن سنووری ناسێنراو (ئەوەی کە پێناسە ئەکرێت) لە ڕێگەی گشت سیفەتە زاتییەکانیەوە دیاری بکەن.[١]

ئەو تیۆرییە فەلسەفییە کە لەو باوەڕەدایە کە (لانی کەم ھەندێ لە) شتەکان (لانی کەم ھەندێ) سیفەتی زاتییان ھەیە زاتباوەڕی (Essentialism)ی ناوە.[٢]

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ خوانساری, محمد (1398). منطق صوری. نشر دیدار. 107.
  2. ^ "سیفەتە زاتییەکان و سیفەتە عەرەزییەکان". ئینسایکلۆپیدیای فەلسەفەی ستەنفۆرد.{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)