زاتباوەڕی ئەو ڕوانگە فەلسەفییەیە کە دەڵێ شتەکان ھەڵگری کۆمەڵێ تایبەتمەندین کە بەبێ ئەوانە ئیتر خۆیان نین و ناناسرێنەوە. یانی تایبەتمەندیگەلێک کە زاتیان دەر دەخا و، بۆ ئەوەی ھەمان شت بن پێویستیان پێیەتی.

لە فەلسەفەدا دەستکاری

زاتی ھەر شتێ جەوھەر یا فۆرمی ئەو شتە دیاری دەکا. لێرەدا، مەبەست لە فۆرم، ھەر ئەوەیە کە لە ئایدیالیزمی ئەفلاتوونیدا ھاتووە: ھەتاھەتایی و نەگۆڕ و ھەربمێن. لە سەرەتاکانی فەلسەفەی ڕۆژاواییدا، ئەفلاتوون بە یەکێ لەو فەیلەسووفانە دەژمێردرێ کە باوەڕی بە زات بووە و، لە تیۆرییەکەی خۆیدا باسی «فۆرمەکان» یا «ئایدیاکان» دێنێتە پێشەوە و وەک زاتی ناماددیی ھەموو شتەکان دەیانناسێنێ. بە ھەمان شێوە، ئەرەستووش لە کاتەگۆرییەکانیدا، وای ڕادەنێ کە ھەموو شتێ جەوھەرێکی ھەیە کە وەکوو جۆرج لاکۆف دەڵێ، «شتەکە دەکا بەوەی کە ھەیە و، بەبێ ئەو چیدیکە ئەو چەشنە شتە نییە».

ئۆمانیزمی کلاسیکیش تێگەیشتنی لە ئینسان زاتباوەڕانەیە و دەڵێ سروشتی ئینسان نەگۆڕ و ھەتاھەتایییە. ئەمەش لە لایەن زۆر فەیلەسووفی دژە ئۆمانیست و ماتێریاڵیست و ئێگزیستانسیاڵیستەوە بەر ڕەخنە کەوتووە.

لە بیۆلۆجیدا دەستکاری

پێش ئەوەی پەرەسەندن ببێ بە تیۆرییەکی زانستی، زانایانی بیۆلۆجی باوەڕیان ئەمە بوو کە جۆری گیاندار ناگۆڕدرێ و بە درێژەی کات وەک خۆی دەمێنێتەوە. بۆ وێنە، زانای سەدەی نۆزدەیەم، لویز ئاگاسیز، دەیوت جۆرەکان و جنسەکان جێگیرن و تێگرەوەی تیشکی ئەو وێنەیەن کە لە زەینی خالقیاندا بووە. ئەمە بەئاشکرا ڕوانگەیەکی زاتباوەڕانەیە.

سەرچاوە دەستکاری

Essentialism (enwiki)