تایبەتمەندی (فەلسەفە)

لە میتافیزیکدا، تایبەتمەندی شتێکە کە بۆ بابەت (مەوزووع) شیاوی ھەڵگرتن بێ، یا بە زمانێکی تر، ئەوەی کە بۆی ھەیە بلکێ یا پاڵ بدا بە بابەتەوە. بۆیە دانستە و سیفەت و وەسف و چۆنیەتی و گەلێ ناوی تریشی پێوە دەنرێت. ھەروەھا، تایبەتمەندی ئەو بوونەوەرەیە کە شتەکان نموونەی ئەون. بۆ وێنە، ئەگەر بڵێین ئەمە گەڵایەکە و ڕەنگیشی سەوزە، ئەوە خەریکین تایبەتمەندییەکانی گەڵا و سەوز دەلکێنین بەو شتەوە و، ئەگەر قسەکەمان ڕاست بێ، ئەو شتە نموونەی ئەو دوو تایبەتمەندییەیە، واتە گەر بمانەوێ نموونە و میناک بۆ گەڵا و بۆ سەوز بێنینەوە، دەتوانین ئاماژە بەو شتە کە قسەی لێوە دەکەین بدەین.[١] لەوانەیە تایبەتمەندی خۆی وەکوو ئۆبژەیەک کە دەتوانێ خاوەنداری لە تایبەتمەندیگەلی تر بکات ڕەچاو بکرێ. ئەگەرچی لەبەر ئەوەی کە ئەغڵەب نموونە و وێنەکانی لە زیاتر لە یەک شتدا بەدی دەکرێن، لەگەڵ ئۆبژە تاکەکاندا جیاوازیی ھەیە. تێگەیشتن لەوە کە چۆن بوونەوەرە تاکە جیاجیاکان دەتوانن خاوەن ھەمان تایبەتمەندی بن بنەڕەتی پرسی تێکڕاییەکان پێک دێنێ.[٢]

لە لۆژیکدا بەمە دەڵێن عەرەزی تایبەت و بریتییە لەو تێکڕایییە عەرەزییە کە تەنیا تەرخانە بۆ میسداقەکانی یەک تێکڕایی. وەک «دەم بە کەنین» و «نووسەر» و «ئەندازیار» کە ھەر سێکیان تەنیا بۆ میسداقەکانی ئینسان بەکار دێن. یا وەک «یەکسانیی کۆی گۆشەکانی شێوە لەگەڵ ۱۸۰ پلە» کە عەرەزی تایبەتی سێگۆشەیە. یا وەک بەعزە نەخۆشییەک کە تەرخانە بۆ جۆرە گیا یا ئاژەڵێک.[٣]

سەرچاوەکاندەستکاری

  1. ^ Orilia, Francesco; Paolini Paoletti, Michele (2020), Zalta, Edward N., ed., "Properties", The Stanford Encyclopedia of Philosophy (Winter 2020 ed.), Metaphysics Research Lab, Stanford University, retrieved 2021-09-24
  2. ^ "Property (philosophy)", Wikipedia, 2021-04-13, retrieved 2021-09-24
  3. ^ خوانساری, محمد (1398). منطق صوری. نشر دیدار. 129.