چۆنێتیی سەرەکی و چۆنێتیی لاوەکی
لە میتافیزیک و مەعریفەناسیدا، جیاوازیی نێوان چۆنێتییە سەرەکییەکان و چۆنێتییە لاوەکییەکان چەشنێک ھەڵاوێرە کە لە کاتی وردبوونەوە لە سروشتی واقیع، خۆی ئاشکرا دەکا. یەکەم جار، جۆن لۆک لە کتێبی وتارێک لەبارەی ھێزی تێگەیشتنی مرۆڤەوە ئاماژەی پێ کردووە.
چۆنایەتیگەلی سەرەکی یا تایبەتمەندیگەلی سەرەکی بەو تایبەتمەندییانەی ئۆبژە دەوترێ کە سەربەخۆ و ئازاد لە ھەموو ڕوانەرێکن، وەک شێوە، ژمارە، جووڵە، بەرفرەیی و، خۆگرتوویی (ڕەق یا شل بوون). ئەم سیفەتانە ھەڵگر و گەیێنەری فاکتن، لە خودی شتەکەدان و، بەدڵنیایییەوە دیاری دەکرێن و، پشت بە حوکم و داوەریی سووژە نابەستن. بۆ وێنە، ئەگەر شتێک شێوەی تۆپ بدا، ھیچ کەس ناتوانێ بەڵگەی ئاقڵانە و مەنتیقی بخاتە ڕوو کە شێوەی سێگۆش دەدا. تایبەتمەندییە سەرەکییەکان، ھەروا کە پێشتریش وترا، لە دەرەوەی ڕوانەرن. وەھا لکاون بە ئۆبژەوە کە ئەگەر ئۆبژەکە گۆڕانی بە سەردا بێت، ئەوان بە نەگۆڕاوی دەمێننەوە. یەکێکی تر لە پێکھێنە گرنگەکانی چۆنایەتیگەلی سەرەکی ئەوەیە کە لە ناو زەیندا و لە ڕێگەی ئەزموونەوە وێنە دەخولقێنن. وێنەیەک کە ئۆبژە ڕاستەقینەکە دەنوێنێتەوە. بەم بۆنەوە، چۆنایەتیگەلی سەرەکی، وەک قەبارە و کێش و خۆگرتوویی، ھەموو بە جۆرێک شیاوی پێوانن.[١][٢]
چۆنایەتیگەلی لاوەکی یا تایبەتمەندیگەلی لاوەکی ئەو تایبەتمەندییانەن کە ھەستەکان بۆ ڕوانەر بەرھەمی دێنن، وەک ڕەنگ و تام و بۆن و دەنگ. شوێنەواری شتەکانن بەسەر کەسەکاندا. زۆرتر، لە ھێزێک دەچن تا چۆنایەتییەکی ئۆبژەکە. چۆنایەتیگەلی لاوەکی شیاوی ھەستپێکردنن و وێنەیەک جیاواز لە وێنەی ئۆبژەکە لە زەینی ڕوانەرەکاندا بەرھەم دێنن. بۆ نموونە، کە بۆ سێوێک دەڕوانین، سووریی سێوەکە لە ناو زەیندا وێنەی سێو دروست ناکا، بەڵکوو وێنەی سوور دروست دەکا. چۆنایەتیگەلی لاوەکی بۆ پۆلێنکردنی وێنەگەلی لێکچوو بە کار دەبرێن.[٢]
سەرچاوەکان
دەستکاری- ^ «John Locke - Enlightenment, Philosophy, Reason | Britannica». www.britannica.com (بە ئینگلیزی). لە ٢٠ی تەممووزی ٢٠٢٣ ھێنراوە.
- ^ ئ ا لۆک، جۆن. وتارێک لەبارەی ھێزی تێگەیشتنی مرۆڤەوە.