پرسی تێکڕایییەکان یان مەسەلەی کوللیات یەکێ لە پرسیارە کۆنەکانی میتافیزیکە کە دەڵێ ئاخۆ تایبەتیگەلێک کە شتێ بە شەریکایەتی لەگەڵ شتگەلی تردا ھەیەتی، وەک ڕەنگ و شێوە، ئەولاتر لەو شتانە و بە چەشنی جیاواز، ھەن یان نین؟ و ئەگەر ھەن سروشتی ئەو ھەبوونە چییە؟[١]

پرسی تێکڕایییەکان پەیوەندی بە گەلێک لێپرسینەوەی جۆربەجۆرەوە ھەیە کە تەمەنی بڕێکیان ھەتا سەردەمی ئەفلاتوون و ئەرەستوو دەگات و، لە نزیکەوە تێکەڵ بە میتافیزیک و لۆژیک و مەعریفەتناسین. کۆشش و ھەوڵیشیان ناساندن و دیاریکردنی لێکگرێدراوییەکانی ناو زەینە ئەو کاتەی کە مرۆڤ تێدەگات تایبەتییەک وەک شێوە یا ڕەنگ لە شتگەلی نەوەکیەکدا وەکیەکن.[٢]

تێکڕایییەکان لەپاڵدراو یان چۆنایەتیگەلێکن کە لە دوو ھەبوو یان زۆرتردا دەدۆزرێنەوە.[٣] بۆ نموونە، ئەگەر گشت پیاڵەکان[تێبینی ١] بە جۆرێ شێوەی بازنەیی و خڕیان بێ، بازنەییبوون یان خڕبوون دەتوانرێ وەک تایبەتییەکی تێکڕاییی پیاڵەکان ڕەچاو بکرێ.[٤] یان وەک نموونەیەکی دیکە، ئەگەر بکرێ دوو کچ وەکوو مناڵە مێوینەکانی کاک ھیوا[تێبینی ٢] ڕەچاو بکرێن، چۆنایەتییەکانی مێوینەیی و مناڵی و ھیی کاک ھیوا بوون تایبەتییە تێکڕایییەکانی ئەو دوو کچەن. گەلێ تایبەتمەندیی تێکڕاییمان ھەیە: مرۆڤبوون، سووری، نێرینە یان مێوینە بوون، گەورەیی و بچووکی و زۆر شتی تر. [٥]

گرنگیی پرسەکە دەستکاری

سەرەتا وا دێتە بەر چاو کە پرسی تێکڕایییەکان لە شتێکی بێکەڵک دەکۆڵێتەوە. بەڵام ئەگەر سەرنج بە شوێنھاتەکانی بدرێ، گرنگییەکەشی دەردەکەوێ. ئەگەر ئەوەی دەیبینین و دەستی لێ دەدەین تاکە، کاتێ بیری لێ دەکەینەوە چارەمان نییە جگە لە بەکارھێنانی وشە و تێگەیشتەی تێکڕایی. ھەروا کە کاتێ دەڵێین «ئەم شتە تاکە کە ئێستا لە بەر چاومە، دارێکە. ڕێکوڕاستتر بڵێم، داری نارەوەنە.» واتە شتەکان لە دەرەوەی زەیندا تاکن، بەڵام تێگەیشتەکان بەزات گشتی و تێکڕایین. واتە بە زۆر شتی تاک ھەڵدەگیردرێن. بەڵام، کە شتەکان لە دەرەوەی زەیندا تاک و تێگەیشتەکانی مرۆڤ تێکڕایین، دیارە دۆزینەوەی پەیوەندییان کارێکی گرنگە. ئەگەر ئەم ڕاستییە کە شتەکان تاکن و تێگەیشتەکان تێکڕایین بەو مانایە بێت کە تێگەیشتە تێکڕایییەکان لە دەرەوەی زەیندا بوونیان نییە و تەنیا وێنەیەکن لە زەیندا، ئەوکات کەلێنێک لە نێوان فکر و شتەکاندا (لە نێوان سووژە و ئۆبژەدا) دروست دەبێ و، لە ئاکامی ئەوەدا مەعریفەتیشمان دەچێتە ژێر پرسیارەوە، چونکە بۆ دەربڕینی، تێگەیشتە و حوکمی تێکڕایی بە کار دێنین. زانایان بە وشەگەلی دەرھەست و گشتی زانستی خۆیان دەردەبڕن، بۆ وێنە قسەی ئەلیکترۆنێکی تاقانە و تایبەت ناکەن، بەڵکوو لە بابەت ئەلیکترۆنەوە بەگشتی قسە دەکەن، کەوایە ئەگەر وشەکانیان بنەڕەتێکیان لە دەرەوە نەبێ، زانستیان پەیوەندیی بە واقیعەوە نییە. لە ڕاستیدا تا ئەو کاتەی حوکم و یاساکانی مرۆڤ لە بابەت جیھانەوە گشتی و تێکڕایی بن، کێشەکە دەگوازرێتەوە بۆ ھەموو زانست و مەعریفەت.[٦]

وەڵامی ئەفلاتوون و ئەرەستوو بە پرسەکە دەستکاری

پرسی تێکڕایییەکان مەسەلەیەکی سەرەکییە لە میتافیزیکی کۆندا و شوێنی ھەتاکو لای ئەفلاتوون و ئەرەستوو دەڕوا، [٧] بەتایبەت ھەوڵ و تەقالای ئەو دووە بۆ ڕوونکردنەوەی سروشت و حاڵەتی فۆرمەکان. ئەم فەیلەسووفانە لە ڕێگەی لەپاڵدان و ھەڵگرتنەوە پرسەکەیان تاوتوێ دەکرد.

ئەفلاتوون دەستکاری

ئەفلاتوون باوەڕی وا بوو کە جیاوازییەکی ئاشکرا و بەرچاو لە نێوان جیھانی شتەکانی شیاوی بەدیکردن و جیھانی تێکڕایییەکان یان فۆرمەکاندا ھەیە: لە بابەت جیهانی یەکەمەوە ئینسان ھەر دەتوانێ ڕا و بۆچوونی بێ، بەڵام لە بابەت دووەمەکەوە دەتوانێ ناسیاری و مەعریفەت پەیدا بکا. بە لای ئەفلاتوونەوە پێویست بوو ناسیاری و مەعریفەت گشتی و ھەمیشە جێی متمانە بێ، بەم بۆنەوە شتێ کە بتوانرێ بگۆڕدرێ یان تاک بێ، ناسیاریی پێوە نالکێ.[٨] ھەر بۆیە جیھانی فۆرمەکان جیھانە واقیعییەکەیە و جیھانی بەرھەست کەموکووڕە و تەنیا تا ڕادەیەک واقیعییە. جیھانی فۆرمەکان وەکوو ھەتاو و جیھانی بەرھەست وەکوو سێبەر وایە.

ئەرەستوو دەستکاری

ئەرەستوو کە قوتابیی ئەفلاتوون بوو لەگەڵ مامۆستاکەیدا ڕێک نەکەوت. ئەرەستوو فۆرمەکەی ئەفلاتوونی کرد بە یەکێ لە چوار ھۆکارەکەی خۆی (هۆی شێوەیی) و وتی فۆرم داڕشتە یان زاتی شتە تاکەکانە. ئەفلاتوون ئەندازەزانیی بە ئایدیا کرد، بەڵام ئەرەستوو بایەخی بە سروشت و بوارە پەیوەندیدارەکان دەدا و، بەم بۆنەوە ھزر و فکری زۆرتر بۆ لای شتە زیندووکان و تایبەتییەکانیان دەچوو. ھەر بۆیە چییەتیی تێکڕایییەکان لە فەلسەفەی ئەرەستوودا لە دەور ڕوانگەی لە بابەت جۆرە سروشتییەکانەوە دەخولێتەوە. لە باتیی ئەوەی بوون بە پێی پێکھاتەی فکر پۆل پۆل بکات، پێشنیاری کرد بۆ شیکردنەوەی بوون ڕوو لە جیھانی سروشتی بکرێ.[٩]

تێبینییەکان دەستکاری

  1. ^ لە دەقی سەرچاوەدا cup holder ھاتووە واتە پیاڵەھەڵگر، جێ پیاڵە.
  2. ^ لە دەقی سەرچاوەدا Frank ھاتووە.

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ Moreland, J.P. (2001). Universals. McGill-Queen's University Press. ISBN 0773522697.
  2. ^ Klima, Gyula (2000-09-10). "The Medieval Problem of Universals". {{cite journal}}: Cite journal requires |journal= (help)
  3. ^ Rodriguez-Pereyra, Gonzalo (2002). Resemblance Nominalism: A Solution to the Problem of Universals. New York: Oxford University Press. p. 214. ISBN 978-0-19-924377-8.
  4. ^ Loux (1998), p. 20; (2001), p. 3
  5. ^ Loux (2001), p. 4
  6. ^ کاپلستون, فردریک. تاریخ فلسفه. Vol. جلد سوم. 182.
  7. ^ Stamos, David N. (2003). The Species Problem: Biological Species, Ontology, and the Metaphysics of Biology. Lanham, MD: Lexington Books. pp. 8. ISBN 0-7391-0503-5.
  8. ^ MacLeod & Rubenstein (2006), §1b.
  9. ^ Cocchiarella, Nino B. (2007). Formal Ontology and Conceptual Realism. Dordrecht: Springer Science & Business Media. pp. 14. ISBN 978-1-4020-6203-2.