ڕاستی یان حەقیقەت یان دروستی زیاتر بە مانای وێکھاتنەوە لەگەڵ فاکت یان واقیعە، یان وەفاداری بە پرەنسیپ یان ستانداردێک.[١] پرسی دروستی یەکێکە لە پرسە سەرەکییەکانی فەلسەفە و، ھزرڤانان و قوتابخانە فیکرییە جۆربەجۆرەکان بە چەشنی جیاواز وەڵامیان داوەتەوە. ھێشتا زۆرینەی فەیلەسووفان و لێکۆڵەران لەسەر پێناسەیەک بۆ وشەکە ڕێک نەکەوتوون و ڕوانگە و تیۆریی ھەمەجۆرە ھەر وەک ھەبووە گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت.

کات ڕاستی لە چنگی درۆ و ئێرەیی ڕزگار دەکات، فڕانسوار لومۆین، ١٧٣٧

یەکەم پرسیارێ کە سەر بەرز ئەکاتەوە ئەوەیە کە دروستی چییە؟ کاتێ باوەڕ یا وتەیەک بە دروست ئەزانین، خەریکین چ تایبەتمەندییەک ئەخەینە پاڵی؟ پێش وەڵامدانەوە، ئەبێ دوو جۆر پرسیار لە بابەت دروستییەوە لێک ھەڵاوێرین. ھەندێ جار ئەپرسین دروستی چییە و مەبەستمان ئەوەیە کە «چییەتی» ی بناسین، واتە سەرجەم ئەو خسڵەتانەی کە ئەیناسێنێ و دەری ئەخا کە چییە. ھەندێ جاریش ئەپرسین کە چ شتێ دروستە و، مەبەستمان ئەوەیە کە ئەو باوەڕانە یا ئەو وتانە کە دروستن کامانەن. فەیلەسووفان خۆیان بە پرسیاری یەکەمەوە سەرقاڵ ئەکەن و زانایان بە پرسیاری دووەمەوە. زانایان بە دوای ئەوەوەن کە بابەتە دروستەکانی بواری تایبەتیی خۆیان بدۆزنەوە، لە حاڵێکدا فەیلەسووفان ئەیانەوێ چییەتیی دروستی ئاشکرا بکەن و لەپاڵ درانی تایبەتمەندیی «دروست» بە باوەڕەکان و وتەکان ڕوون بکەنەوە.[٢]

وشەڕەتناسی دەستکاری

وشەی دروستی لەگەڵ وشەی truth لە زمانی ئینگلیزیدا ھاوڕیشەن. دروست و true ھەر دوو لە ڕەگی ھیندوئەورووپاییی *deru- -وە دێن کە بە مانای پتەو و قایمە.[٣][٤] دروست لە پارتیدا druvišt و لە پاڵەویدا drust و durust و drīst -ە. لە فارسیدا بووە بە dorost و لە تالشیدا بە diris و لە بەلووچیدا بە drust و darust.[٣] دژبەری دروست زڕ یا ھەڵەیە.

وشەی ڕاستی لە ڕەگی ھیندوئەورووپاییی *h₃reǵ- -وە دێ بە مانای ڕێک کردن و ڕاست کردنە. ھاوڕیشەی وشەی right و گەلێک وشەی ترە لە زمانی ئینگلیزیدا.[٥] دژبەری ڕاست ئەتوانێ چەپ، لار، یا درۆ بێ.

وشەی ھەقیقەتیش لە حقيقة -ی عەرەبییەوە ھاتووە. ئەویش خۆی لە ڕەگی ح ق ق کەوتۆتەوە کە بە مانای بەستنەوە و قایمکردنەوەیە.[٦] دژبەری ھەق باتڵە.

تیۆرییە گرنگەکان دەستکاری

ئەو پرسیارە کە لەسەر چ بنەمایەک ئەبێ ھەق یا ناھەق بوونی وتە یا باوەڕێک دیاری بکرێت، لە لایەن پێنج تیۆریی جەوھەرییەوە وەڵام دراوەتەوە.

تیۆرییە جەوھەرییەکان دەستکاری

تیۆریی ھاودەقی دەستکاری

تیۆریی ھاودەقی (correspondence theory) ئەوە ئەڵێ کە دروست بوون یا زڕ بوونی وتەیەک تەنیا بەوە دەر ئەکەوێ کە ئەو وتەیە تا چ ئەندازەیەک جیھانی واقیع ئەگێڕێتەوە و، ئەوەی کە ئاخۆ بە ڕێکوپێکی ئەچێتەوە سەری یان نا (واتە ئاخۆ دەقاودەقیەتی یان نا).[٧] ئەم تیۆرییە بە چڕی لە دەور ئەو گریمانە خڕ بووەتەوە کە دروستی ئەو بارودۆخەیە کە تێدا ئەوەی کە بە واقیعی عەینی (objective reality) ناسراوە بە ڕێکی و بە تەواوی کۆپیی لێ گیراوە و پاشان بە ھزر و بە وشە و بە سیمبۆل دەربڕاوە.[٨] سەرچاوەکانی تیۆریی ھاودەقی ئەگەڕێتەوە بۆ یۆنانی کۆن. بۆ سوقرات و ئەفلاتوون و بە تایبەت بۆ ئەرەستوو کە بەم چەشنە دروستی ئەناسێنێ: «وتنی ئەوەی کە نییە ھەیە، یا ئەوەی کە ھەیە نییە، ناھەقە، لە حاڵێکدا وتنی ئەوەی کە ھەیە ھەیە و، ئەوەی کە نییە نییە، ھەقە.»[٩]

نموونەیەکی کلاسیک وتەکەی تۆماس ئەکویناس فەیلەسووف و ئایینناسی سەدەی سیانزەیەمە: «دروستی بەرامبەر یەک ھاتنەوەی شتەکان و خیرەدە.» کە خۆی دابوویە پاڵ فەیلەسووفی سەدەی نۆیەم ئیسحاق ئیسرائیلییەوە. ئاکویناس بە شێوەیەکی تریش ئەو وتەیەی دووبارە کردبۆوە: «کاتێ بە حوکمێ ئەوترێ دروست کە ملکەچی واقیعی دەرەوە بێ.»[٩]

تیۆریی ھاودەقی لە کۆنترین و باوترین تیۆرییەکانی دروستییە، بەڵام لەگەڵ چەن کێشەیەک ڕووبەڕووە کە یەکێکی ناڕوونییە لە تێگەیشتەکانی واقیع و ھاودەقیدا، بەتایبەت لە حاڵەتگەلێکدا کە جگە لە بڕێ زانیاری و بەڵگە و بیروبڕوا ھیچ واقیعێکی سەربەخۆ لە بەر دەستدا نییە، وەک ڕووداوەکانی ڕابردوو، یا ئەو کاروبارانەی سەربە دادوەری و یاسان، وە ھەروەھا ئەو بوارانەی کە ئەپەرژێنە سەر چەمکانی تیۆریکی ڕووتدا، وەک لۆژیک و ماتماتیک و فیزیکی تیۆریک. دەرککردنی دەقاودەق ھاتنەوەی قەزییەکانی ئەم بوارە زانستییانە لەگەڵ واقیعدا، بە پێچەوانەی وتەگەلێ وەک «بەفر سپییە»، بە تاقیکردنەوە و بۆڕوانینی سادە و ساکار ناکرێ. ژمارەیەک لە فەیلەسووفان بۆ وەڵامدانەوە بەم کێشانە تیۆرییەکی ئاڵتەرناتیڤیان پێشکەش کردووە کە پێی ئەوترێ تیۆریی یەکانگیری.[٢]

تیۆریی یەکانگیری دەستکاری

تیۆریی یەکانگیری (coherence theory) دروستی بە یەکانگیرییەک ئەزانێت کە لە نێوان کۆمەڵێ ڕستە یا بیروبڕوای دیاریکراودا ھەبێت.[١٠] لەم تیۆرییەدا، دروست بوون لەوەوە دێت کە لە سیستمێکدا بەشەکان بە چەشنێکی گونجاو یەک بگرن و پێک بکەون. ھەق یا ناھەق بوونی حوکمێک بە مانای ئەوەیە کە ئەو حوکمە بە حوکمەکانی تری ھەمان دامودەزگاوە ئەلکێت یا نالکێت.[٢]

لە فەلسەفەی مۆدێرندا، کەسانێ وەک باروخ سپینۆزا، ئیمانوێل کانت، یۆھان گوتلیب فیشتە، فریدریش شلەیگڵ، فریدریش ھێگڵ و، ھارۆڵد جواکیم پشتگیرییان لە تیۆریی یەکانگیری کردووە. ھەرچەن کە ھەندێک لە لێکدانەوەکان سپینۆزا و کانت بە لایەنگری تیۆریی ھاودەقیش ئەزانن.[١٠]

ڕەنگە ناسراوترین کەسێ کە لە بەر تیۆریی یەکانگیرییەوە ھەڵستاوە و عەیبی پێوە ناوە بێرتڕاند ڕاسێل بێ. ئەو ئەیوت بۆ باوەڕێکی دیاریکراو و نەرێنییەکەی (واتە ئەو باوەڕەی دژ بەو و حاشالێکەری ئەوە)، جیاجیا، ئەتوانین لانی کەم یەک کۆمەڵە باوەڕ بدۆزینەوە کە لە باری مەنتیقییەوە بیانلکێنێتە خۆیەوە (بە زمانێکی تر، یەکانگیر بێ لەگەڵیاندا). ئەمە یانی بە پێی تیۆریی یەکانگیری ئەتوانین نیشان بدەین کە دوو باوەڕی دژبەیەک و لێکحاشاکەر ھەر دووکیان دروستن. کەوایە تیۆرییەکە کار ناکات.

تیۆریی پراگماتیک دەستکاری

سێ فۆرمە بەناوبانگەکەی تیۆریی پراگماتیک (pragmatic theory) لە دەوروبەرەکانی دەسپێکی سەدەی بیستەم لە لایەن چارڵز سەندێرز پێرس و ویلیام جەیمز و جۆن دووی -یەوە خرانە ڕوو. گەرچی لە نێوان ئەم سیانە و پشتیوانانی تری تیۆریی پراگماتیکیشدا جیاوازی زۆرە، بەڵام بە لای ھەموویانەوە ھەقیقەت بە ھۆی ئەو دەسکەوتانەوە ھەڵئەسەنگێنرێ و پشتڕاست ئەکرێتەوە کە مەشق کردن بە تێگەیشتەکانی کەسێک بەرھەمی ھێناون.[١١]

پێرس بەم چەشنە دروستی ئەناسێنێ: «دروستی ئەو ھاودڵی و ھاوبیرییەیە کە وتەیەکی ڕاگەیەنراوی ڕووت ھەیەتی لەگەڵ ئەو تخووبە ئایدیالەدا کە تۆژینەوەی بێدوایی بۆ بەدەستەوەدانی بڕوای زانستی بەرەو لای تاو ئەدرێت، ھاودڵی و ھاوبیرییەک کە وتە ڕاگەیەنراوە ڕووتەکە لە سایەی داننان بە ناتەواوی و یەکلاگریی خۆیەوەیە کە ئەتوانێ ببێ بە خاوەنی و، ئەم دانپیانانەش بەشێکی گرنگ لەو ئاوێتەیەیە کە دروستیی ناوە.»[١٢] ئەم پێناسە جەخت لەو ڕوانگەیەی پێرس ئەکاتەوە کە لەوێوە ناتەواوی و نیوەچڵی و نزیکبوونەوە بەڵام پێ نەگەیشتن -ی بۆ تێگەیشتنێکی گونجاو لە ھەقیقەت بە گرنگ ئەبینی. پێرس وای بۆ ئەچوو کە شتێ ھەقیقی و دروستە کە لە ئاکامی ئاوەزان و بەڵگەھێنانەوەی دوورودرێژەوە لە لایەن توێژەرانەوە پشتڕاست بێتەوە. ئەو بڕوای وا بوو کە ھەر شتێ ھەتا تاقی نەکرێتەوە و بە مەشقپێکردن پەسەند نەکرێ ھەڵسەنگاندن و داوەری ھەڵناگرێ.[١٣]

گێڕانەوەی ویلیام جەیمز لە تیۆریی پراگماتیک، سەرەڕای ئاڵۆزی، زۆر جار بەم وتەیە کورت ئەکرێتەوە کە: «'دروست' ھەر ئەو بەرژەوەندەیە لە شێوازی تێفکرینماندا، ھەر وا کە 'باش'یش ھەر ئەو بەرژەوەندەیە لە شێوازی ھەڵسوکەوتماندا».[١٤][١٥] بە زمانێکی تر، ئەو فیکرە دروستە کە خێر و قازانجی تێدا بێ (بە بەرژەوەند بێ)، ھەر وا کە ئەو کارەش باشە کە خێر و قازانجی تێدا بێ. ئەڵبەت قازانج و بەرژەوەندێ کە جەیمز بڕوای پێیە قازانج و بەرژەوەندی خۆ نییە بەڵکوو مەبەستی بەرژەوەندی ھەمووانییە.[١٦] بە لای ئەوەوە دروستی چۆنایەتییەکە کە بۆ ئەوە بزانرێ بایەخی ھەیە یان نا، ئەبێ سەیری ئەوە بکرێ کە لە کردەوەدا کاریگەرە یان نا.

جۆن دوویی لە پێرس شلتر گرتوویەتی بەڵام نە ھێندەی جەیمز. ئەو بۆچوونی وایە کە لێپرسینەوە، چ زانستی، چ تەکنیکی، چ سایکۆلۆجیکی، چ فەلسەفی یا کولتووری، لەگەڵ تێپەڕ بوونی کات خۆی ڕێک و ڕاست ئەکاتەوە، بەو مەرجەی کە خۆی بداتە دەست تاقیکردنەوەی کۆمەڵەیەک لە لێکۆڵەرانەوە تا ئەوان بێن و ھەچ ھەقیقەتێک کە [لێپرسینەوەکە] دەری خستووە و ڕای ناوە ڕوونی بکەنەوە و پاساوی بۆ بێننەوە و پاڵاوتەی بکەن و تەنانەت ئەگەر پێویستیش بوو ڕەتی بکەنەوە.[١٧]

ھەرچەن بە شێوەیەکی بەربڵاو دەنگی نەداوەتەوە، بەڵام ڤاریانتێکی نوێی تیۆریی پراگماتیک لە سەدەی بیستەم بەم لاوە ناسێنراوە و خراوەتە بەر کار. سنوور و تخووبی ئەم ڤاریانتە لە لایەن ویلیام ئێرنست ھۆکینگەوە دیاری کراوە و ھەر خۆیشی ناوی «پراگماتیزمی نەرێنی» ی بۆی ھەڵبژاردووە. لە بنەڕەتدا، ئەو شتەی کە کار ئەکا و کاریگەرە لەوانەیە دروست بێ، لەوانەشە دروست نەبێ، بەڵام ئەو شتەی کە شکست ئەھێنێ و کاریگەر نییە ناتوانێ دروست بێ چونکە دروستی ھەمیشە کاریگەرە و سەر ئەکەوێ.[١٨] ڕیچارد فاینمان ئەمەشی پێ زیاد ئەکا کە: «ئێمە ھەرگیز ناتوانین خاترجەم بین کە ڕاست ئەکەین، تەنیا ئەتوانین لەوە دڵنیا بین کە خەریکین ھەڵە ئەکەین».[١٩] ئەم بۆچوونە زۆرێک لە ئایدیاکانی پێرس و جەیمز و دوویی پێکەوە تێکەڵ ئەکات. ئەوە کە پێرس ئەڵێ «... تۆژینەوەی بێدوایی بۆ بەدەستەوەدانی بڕوای زانستی بەرەو لای تاو ئەدرێت …» لەگەڵ پراگماتیزمی نەرێنیدا تەبایە چونکە پراگماتیستێکی نەرێنی قەت دەست لە تاقیکرنەوە ھەڵناگرێت. فاینمان ئەڵێ «ئێمە ناتوانین ئەوە بسەلمێنین کە ئەندێشە یا تیۆرییەک ڕاستە چونکە لەوانەیە سبەینێ تاقیکردنەوەیەک ئەوەمان پێ بسەلمێنێ کە ئەو شتەی ئێمە بە ڕاستمان ئەزانی ھەڵەیە»،[١٩] ھەر وەک جەیمز و دوویی کە 'دروستی'یان ئەسپاردە دەست تاقیکردنەوەی بێبڕانەوەوە تا لەگەڵ تێپەڕ بوونی کاتدا خۆی ڕێک و ڕاست بکاتەوە.

تیۆریی بەرھەڤخواز دەستکاری

بەرھەڤخوازیی کۆمەڵایەتی (social constructivism) وا بۆی ئەچێ کە دروستی بە ھۆی پرۆسەگەلی کۆمەڵایەتییەوە بەرھەڤ بووە (پێکەوە نراوە) و، لە ڕووی مێژوویی و کولتوورییەوە تایبەتە و، تا ڕادەیەک لە ڕێگەی شەڕ و ململانێ لەسەر دەسەڵات لە ناو کۆمەڵگادا شێوەی گرتووە.

تیۆریی ھاوڕایی دەستکاری

بە پێی تیۆریی ھاوڕایی (consensus theory) دروستی ئەوەیە کە ڕێککەوتن و پێکھاتنی لەسەرە، یان ئەکرێ کۆمەڵێکی دیاریکراو لەسەری ڕێک بکەون. ئەم کۆمەڵە دیاریکراوە ئەتوانێ گشت ئینسانەکان بێ، ئەشتوانێ دوو یا چەند کەسێک بن. یۆرگن ھابرماس لە پشتیوانانی ئەم تیۆرییەیە.

لە ئیسلامیشدا حەدیسێک لە پەیغەمبەر ھەیە کە ئەڵێ: «بێگومان خوا ئوممەتی من لەسەر کلا و ھەڵە کۆ ناکاتەوە».[٢٠]

بۆچوونە بایەخدارەکان دەستکاری

بۆچوونە جێ بایەخ و گرنگەکان دەربارەی ڕاستی بەسەر ئەم بەش و چاخە سەردەمیانە دابەش دەکرێت.

مێژووی کۆن دەستکاری

چاخەکانی ناوەڕاست دەستکاری

  • ئیبن سینا (٩٨٠ – ١٠٣٧)

لە سەرەتاکانی فەلسەفەی ئیسلامی دا، ئیبن سینا لە کتێبی (کتاب الشفاء – کیێبی چارەسەر) بەشی ھەشتەم دا ھەستاوە بە پێناسەکردنی ڕاستی بەم شێوەیە: " ئەوەی بابەتانەی لە دەرەوەی مێشکن پەسەند و ھاوتان لەگەڵ مێشک دا. " ئیبن سینا زیاتر درێژە بە ڕوونکردنەوەکەی دەدات لە (کتێبی ٨) بەشی شەشەم دا و دەڵێت: " ڕاستی شتێک بریتییە لە ڕاستی ھەموو ئەو شتانەی کە تێدا بوونیان ھەیە " ھەرچەندە ئەم پێناسەیە تەنھا پیشاندەری وەرگێرانێکی لاتینی بەرھەمی نووسەر سیمۆن ڤان ڕایتە[٧٨] و وەرگێرانی نوێ بۆ دەقە عەرەبییەکەی ئیبن سینا بەم شێوەیەیە: " ڕاستی باوەڕێکی ڕەھا و تەواوە بە ھەبوونی شتێک. "[٢١]

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ Merriam-Webster's Online Dictionary, truth, 2005
  2. ^ ئ ا ب فتحی‌زاده, مرتضی (1382). نظریه انسجام صدق (بە فارسی). ٥ی تەممووزی ٢٠٢٠ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  3. ^ ئ ا نانەوازادە, عەلی. فەرھەنگی ڕیشەی وشەی کوردی. Vol. بەرگی سێ. p. ٥٤١.
  4. ^ ماڵپەڕی etymonline.com, ڕیشەی وشەی true لە زمانی ئینگلیزیدا.
  5. ^ مەدخەلی rast لە ویکیفەرھەنگی کوردیدا.
  6. ^ مەدخەلی حق لە ویکیفەرھەنگی ئینگلیزیدا.
  7. ^ Hanna and Harrison (2004), ch. 1, p. 21, quotation: "The assessment of truth and falsity is made possible by the existence of semantically mediated correlations between the members of some class of linguistic entities possessing assertoric force (in some versions of the Correspondence Theory propositions, in others sentences, or bodies of sentences), and the members of some class of extralinguistic entities: “states of affairs,” or “facts,” or bodies of truth-conditions, or of assertion-warranting circumstances."
  8. ^ See, e.g. , Bradley, F.H. , "On Truth and Copying", in Blackburn, et al. (eds. , 1999),Truth, 31–45.
  9. ^ ئ ا "Correspondence Theory of Truth", in Stanford Encyclopedia of Philosophy.
  10. ^ ئ ا The Coherence Theory of Truth (Stanford Encyclopedia of Philosophy)
  11. ^ Encyclopedia of Philosophy, Vol. 5, "Pragmatic Theory of Truth", 427 (Macmillan, 1969).
  12. ^ Peirce, C.S. (1901), "Truth and Falsity and Error" (in part), pp. 716–20 in James Mark Baldwin, ed., Dictionary of Philosophy and Psychology, v. 2. Peirce's section is entitled "Logical", beginning on p. 718, column 1, and ending on p. 720 with the initials "(C.S.P.)", see Google Books Eprint. Reprinted, Collected Papers v. 5, pp. 565–73.
  13. ^ تبیین و نقد پراگماتیسم ٤ی ئایاری ٢٠٢٠ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.، فصلنامه علمی-پژوهشی کلام اسلامی
  14. ^ James, William, The Meaning of Truth, A Sequel to 'Pragmatism', (1909).
  15. ^ جیمز, ویلیام (1370). پراگماتیسم. Translated by رشیدیان, عبدالکریم. p. ١٢٨.
  16. ^ فروغی, محمدعلی. سیر حکمت در اروپا. Vol. ۳. p. ۶۸۷.
  17. ^ Encyclopedia of Philosophy, Vol.2, "Dewey, John", auth Richard J. Bernstein, p. 383 (Macmillan, 1969)
  18. ^ Sahakian, W.S. & Sahakian, M.L., Ideas of the Great Philosophers, New York: Barnes & Noble, 1966
  19. ^ ئ ا Feynman, The Character of Physical Law, New York: Random House, 1994, ISBN 0-679-60127-9.
  20. ^ جامع الترمذي
  21. ^ Simone van Riet. Liber de philosophia prima, sive Scientia divina (بە Latin). p. 413.{{cite book}}: CS1 maint: Unrecognized language (link)

بەستەرە دەرەکییەکان دەستکاری