ئیمانوێل کانت

ئیمانوێل کانت (بە ئەڵمانی: Immanuel Kant)، (١٧٢٤ - ١٨٠٤) بەناوبانگترین بیرمەندی سەردەمی ڕۆشنگەرییە. ئایدیای بنەڕەتیی سەردەمی ڕۆشنگەری، ڕزگارکردنی خودە لە ڕێگای تێگەیشتنەوە. «ورەی ئەوەت بێت کە دەرکی خۆت بە کار بھێنیت» ئەمە پەیامی ئەو فەیلەسووفەیە کە لەگەڵ ھەژاری و دەستەنگی و لە بارودۆخێکی زۆر دەمارگیری ئایینیدا گەورە بوو، بەڵام ئەوەندە ئاستی ورەی بردە سەرەوە کە لا لە "کۆیلایەتیی سەردەمی لاوێتی" بکاتەوە و ورد بێتەوە لە پێنەگەیشتووییی خۆی. لێرەوە بوو کە بڕیاری دا ژیانی تەرخان بکات بۆ زانستی ڕزگاریی مرۆڤ و لە ڕێگای مەعریفەکەیەوە تێبکۆشێ کە بەنیادەم لە پێنەگەیشتوویی ڕزگار بکات. لە دوای کانتەوە، چۆنیەتیی ژیانی مرۆڤ ئاڵوگۆڕێکی بە سەردا ھات کە تێیدا مرۆڤ تەنیا دیلی ھێزە نامۆ و مێتافیزیکەکان یا خود جەبری مێژوویی و دیترمینیزم نییە، بەڵکوو لە نالەبارترین دۆخیشدا، دەتوانێت شوێنی گرینگ دانێ بەسەر شێوازی ژیانیەوە. خوێندنەوەیەکی وا لە مرۆڤ و ئیمکانی ھەڵبژاردن و وەرگرتنی بەرپرسایەتی، تەنانەت لە خراپترین ھەلومەرجیشدا، جەوھەری بۆچوونی عەقڵانی لە مرۆڤدا پێک دەھێنێت. ئەم ھەڵوێستە لەگەڵ بەقوربانیزانینی مرۆڤ بەتەواوەتی ناکۆکە کە جەوھەری زۆربەی بۆچوونە دیترمینیزمی و توندڕەوەکانە لە مرۆڤ. کانت تێکڕای بەرھەمەکانی لە ٢٥ ساڵی کۆتاییی تەمەنی ھەشتا ساڵەیدا نووسیی. گرنگترین بەرھەمی "ھەڵسەنگاندنی ئاوەزی ڕووت"ە. کانت لە تەمەنی ٦٤ ساڵیدا (١٧٨٨) کتێبی"ڕەخنەی ئەقڵی پراکتیکی" و دوو ساڵ دواتر(١٧٩٠)" ڕەخنەی ھێزی داوەری"ی نووسی. ھەموو کتێبەکانی باس و سەرنجی بێ ئەندازە زۆری لە سەرانسەری ئەورووپادا ورووژاند. ئەو باس و ھۆگرییە کەموێنانەی کە بیرەکانی کانت لە نێوان ھاوسەردەمەکانیدا پێکی ھێنا، زۆر کەمتر دێتە بەر چاو لە حاند نفووزی فکری بەرچاوی دوای ژیانی لەسەر دنیای ھزر و ڕووناکبیران کە ئێستاش لە سەرەتای سەدەی بیست و یەکدا درێژەی ھەیە. چونکە کانت شوێنێکی دەورانسازی لەسەر ڕەوتی بیر و ھزردا داناوە؛ نە تەنیا فەلسەفەی سیاسی، بەڵکوو زانستی ئەخلاق و جوانیناسی وتیۆریی زانستیی بردە قۆناغێکی نوێوە. بەم پێیە دەکرێ گرنگایەتیی کانت لە سێ بەستێندا کورت بکەینەوە: ئەخلاق و تیۆریی زانستی و فەلسەفەی سیاسی. کانت فەیلەسووفێکی پلۆرالیستە کە بۆ زۆرایەتی و جۆراوجۆربوونی ئامانجەکانی مرۆڤایەتی و بە دوای ئەودا سیستەمێکی کۆمەڵایەتیی پلۆراڵ بەم بانگەوازەوە خەباتی دەکرد: «با ورەی سەربەستیت ھەبێت و ڕێز بۆ ئازادی و جۆراوجۆریی کەسانی تریش دابنێ، چون پلەوپایەی مرۆڤایەتی لە ئازادی و خۆئایینیدایە.» بە بڕوای کانت، مرۆڤ تەنیا لە ڕێگای مەعریفە و تێگەیشتن و خۆناسینەوە دەتوانێ لە لایەنی ڕۆحیەوە خۆی لە کۆیلایەتیی ھەڵقوڵاوی خورافە و پێشداوەری و بتەکان ڕزگار بکات و لەسەر پێی خۆی بوەستێت. کانت بە درێژاییی تەمەنی لە کونیگزبورگی زێدی دوور نەکەوتەوە. بەم حاڵەیش، تایبەتمەندیی گرنگی شێوەی بیر و بەڵگەھێنانەوەی ڕوانگەی جیھانگیرییە. ئەو خۆی بە شارۆمەندی جیھان دەزانی. ھزری سیاسی و بەتایبەت ئاشتیی ھەمیشەیییەکەیشی ھەر لەم بیرەوە سەرچاوە دەگرێ. دەکرێ بەگشتی بڵێین کە کانت چوار پرسیاری سەرەکی دەھێنێتە گۆڕێ و لە ڕوانگەی خۆیەوە وەڵامی ھەرکامیان دەداتەوە: ١- مرۆڤ چی دەتوانێ بزانێ؟ ٢- چۆن دەبێ بژین؟ ٣- چ ھیوایەکمان دەکرێ ھەبێ؟ ٤- مرۆڤ چییە و چۆن دەبێ بۆ جیھانی "بوون" بڕوانێ؟

ئیمانوئێل کانت

Immanuel Kant (painted portrait).jpg
لەدایکبوون (١٧٢٤-0٤-٢٢) ٢٢ی نیسانی ١٧٢٤
کالینینگراد شانشینی پرووس.
مەرگ١٢ی شوباتی ١٨٠٤(١٨٠٤-٠٢-١٢) (٧٩ ساڵ ژیاوە)
کالینینگراد شانشینی پرووس.
واژوو
Immanuel Kant signature.svg

کانت لە بنەماڵەیەکی ئایینیدا گەورە بوو و، باوەڕی ئایینی و پارێزگاربوونی بنەماڵە شوێنێکی گرنگی لەسەر گیرساندنی فکری و فەلسەفی ئەو دانا. کانت کوڕی کۆپاندروویەکی دەستتەنگ بوو. سەردەمی منداڵی و لاویی بە چەرمەسەری بردە سەر، بەڵام توانیی ئەو ئاستەنگانە بکا بە ھێزێکی بزوێنەری لەڕادەبەدەر پۆزەتیڤ و، نەوەک ڕۆحی گرژی و تۆڵە و ناھومێدی بەڵکوو وانەی ڕزگاری و جووڵانەوە و پێگەیشتنی فکریی لێوە فێر بێ. ھەر ئەم تێکۆشانە بەربڵاو و ڕزگارکەرە بەتوندی ناو و ژیانی کانتی بە سەردەمی ڕۆشنگەرییەوە گرێ داوە. کانت دایک و باوکی وەک نموونەی خاوێنی و پارێزگاری دەھێنێتەوە بیر و لەبارەی دایکیەوە دەنووسێ: «قەت دایکم لەبیر ناکەم؛ ئەو بوو کە یەکەم تۆوی چاکەی لە مندا چاند و پەروەدەی کرد. ئەو دڵی منی بە ڕووی سروشتدا کردەوە، ھزرمی لە خەو ڕاپەڕاند و بەرینی کرد. ڕاھێنانەکانی لە ژیانمدا ھەردەم شوێنی شایان و بەردەوامی بووە.» کانت ھەڵسووڕاوانە بەشداری لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا نەکرد و، دوور لە ھەراوھوریای دەرەوە ژیانی بردە سەر. خولیای سەرەکیی کانت جیھانی بیرکردنەوە و ماریفەت و ڕامان بوو. ئەو ژیانێکی لەڕادەبەدەر تاقەتپڕووکێن و پڕکار و ڕێکوپێکی ھەبوو. لە بارەی نەزم و وردبینی و شێوەی ژیانی کانتەوە بۆ نموونە پیاسەی ڕۆژانە و بەرنامەی ڕێکوپێکی بۆ ئەم بوارە دەھێننەوە. پیاسەکانی ھەموو ڕۆژێک و لە کاتژمێرێکی دیاریکراودا بەڕێوە دەچوو و قەت نەدەبڕایەوە. پیاسەکانی ھێندە ڕێکوپێک بە ڕێسای تایبەتەوە بوو کە دەکرا کاتژمێری پێ ھەڵبھێنیت. شوێنپێی ئەم وردبینی و شێوە ژیانە بەڕوونی لە بەرھەم و نووسراوەکانی کانتدا دەبینرێت. دەڵێن پیاسەی ڕۆژانەی کانت تەنیا جارێک تێک چوو— ئەویش کاتێک بوو کە سەری بە خوێندنەوەی"ئیمیل"ی بەرھەمی ڕۆسۆوە قاڵ بوو. کانت مرۆڤێکی خاوێن و چاکەخواز بوو و، ڕێزی بۆ ھەموو شتێکی شیاو دادەنا و پتر لە لایەنی خراپە، سەرنجی لایەنە چاکەکانی مرۆڤەکانی دەدا. تێکڕای تەمەنی لە گەڵ ئاستەنگی دارایی بەرەوڕوو بوو، بەو حاڵەیش نە یارمەتیی لە قوتابییەکانی وەردەگرت و نە پەشیمان دەبووەوە لەو ڕێبازەی ھەڵیبژاردبوو. لە پیریدا دوای ئەوەی لە ڕێی نووسراوەکانیەوە پاشەکەوتێکی خستبوو، یارمەتیی کەسوکارەکانی دەدا و مووچەی ھەفتانەی بۆ ھەندێک لە ھەژاران بڕیبووەوە. کانت وەک زۆربەی بیرمەندان و ئیلیتەکانی ھاوسەردەمی کە ژیانیان لەڕێی وانەگوتنەوەی تایبەتییەوە دەبردە سەر، چەند ساڵێک مامۆستای تایبەت بوو. دوای چەند ساڵ وانەگوتنەوە، بوو بە مامۆستای فەلسەفەی زانکۆ و ھەر بەم بۆنەوە لەو یەکەم بیرمەندانەیە کە پێیان دەڵێن: "فەیلەسووفی لێھاتوو". کاری کانت وەک فەیلەسووف و ھەروەھا پسپۆڕی بواری فەلسەفە (فەلسەفەزان) ڕایکێشایە قووڵاییی مێژووی فەلسەفە و ھزرەوە و ئەو ھەلەی بۆ ڕەخساند کە نە تەنیا بە نیسبەت بەرھەمی فەیلەسووفانی سەردەمانی کۆن بەڵکوو دەرھەق ھزرڤانانی سەردەمی خۆیشی لەوانە دیکارت، سپینۆزا، لاک، ھابز، ڕۆسۆ و، ھیوم مەعریفە و شرۆڤەی سیستماتیک پەیدا بکا. شیکاری و شرۆڤەی بەرھەمی ھاوسەردەمانی دەرفەتێکی بە کانت دا کە ئاکامی گرنگترین ھەڵوێستەکانیان کامڵ بکات و، ھەندێک لە لایەنە چەوتەکانیشیان بەوردی پووچەڵ بکاتەوە.

کانت وەک مامۆستای زانکۆ بە وانە مژاری جۆراوجۆری وەک ماتماتیک و فیزیا و فەلسەفە و تیۆلۆجیی سروشتی و ئەستێرەناسی و مرۆڤناسیی دەگوتەوە و میتینگ و باسەکانی ھەمیشە پێشوازییەکی زۆری لێ دەکرا. ھێردێر، فەیلەسووفی ئەڵمانی، یەکێک لەو کەسانەی کە چەندین جار لە کۆبوونەوە و قسەکانیدا بەشدار بووە، ئاوای نووسیوە: «ئەو وەک لاوان گەش بوو و پێم وایە لە پیریشدا ھەروا ماوە. ڕووی ئاوەڵا و تژی لە ھزری جێگای ئۆخژن وشادی بوو. گوتەی پڕ لە ھزر لە زاری جاری بوو. تەبعی شۆخ و پەیڤی نیان و وردبینی کەتبەستەی بوون و وانەکانی ھەڤپەیڤینێکی دڵپەسەن بوو. بە ھەمان ھەڵکەوتەیییەوە کە ڕەخنەی لە ھزری لایبنیتس و ھیوم دەگرت، ڕووناکیی دەخستە سەر یاساکانی نیۆتۆن و کێپلێر، خۆی بە نووسراوەکانی ڕۆسۆ و دۆزراوە نوێیەکانی سروشتیشەوە خەریک دەکرد... ئەو خۆی لە ھیچ مژارێکی شایانی زانین گێل نەدەکرد. لە پێناو ڕۆشنگەری و زانینی ھەقیقەتدا، ھیچ پارت و ھیچ نەنگ و ھیچ ناوبانگ و قازانجێک، کەمترین نرخی نەبوو. ورەی دەدا بە کەسانی دیکە و ھانی دەدان بۆ بیرکردنەوەی سەربەخۆ. قەت مەبەستی ئەوە نەبوو بە سەریاندا سەرکەوێ. ئەم پیاوە کە من زۆر بە سوپاس و ڕێزەوە ناوی دەھێنم ئیمانوئیل کانتە. پیاوێک کە وێنە دلۆڤانەکەیم لە بەردەمدایە.»

تیۆریی مەعریفە وەک دەزانین سەردەمی ڕۆشنگەری سەردەمی عەقڵگەرایی و دزەکردنی ئەزموونگەرایی وتاقیکردنەوە بوو لە دنیای فکر و مەعریفەدا. کانت سەرەتا تیۆریی مەعریفەی ھیومی بەرەو کامڵبوون برد کە ئەویش پشتی بەو تێزە بەستبوو کە مرۆڤ ناتوانێت بەتەواوەتی ھەموو شتێک و ھەموو یاساکانی دەوروبەری بناسێت. کانت تیۆریی عیللەت ومەعلوولی بەم شێوە فۆرموولە کرد کە پێویستە لە نێوان "جیھانی ناوخۆ" و "جیھانی بەرچاو"دا جیاوازی دابنێین. مەبەستی کانت ئەوە بوو کە مرۆڤ ھەرگیز ناتوانێ تێبگا لە نێوئاخنی دەروونی زۆربەی مەسەلە و شتەکان، بەڵام دەتوانێت لە ڕوانگەی دەرک و بۆچوونی خۆیەوە بیانناسێتەوە و تیشک بخاتە سەریان و شرۆڤەیان بکات. چونکە تێگەیشتوویی و ماریفەتی مرۆڤ گەرچی سنووردارە، بەڵام خاوەن ھەستی لێکدانەوە و جیاکردنەوەیە، کە ئەم تایبەتمەندیەیش لە ئاوەزی زاتی ئەوەوە سەرچاوەی گرتووە. کەوابوو مەعریفە بەشێک لە خودی مرۆڤ و بەشێکە لە ئاگایی و شعووری مرۆڤ، بەڵام لەھەمان کاتدا ماریفەتی مرۆڤ بەرھەمی ئەزموونکردنیشە و، بە ھۆی ئەوەی کە مرۆڤ بە شێوەیەکی زاتی سەر دەکێشێتە ناو شتەکان و بە دووی ھۆکاری ڕووداوەکاندا دەگەڕێ، لە تاقیکردنەوە شت فێر دەبێ و دەیخاتە سەر ماریفەتەکانی. کانت لە بەرھەمە گرینگەکەی خۆیدا "ھەڵسەنگاندنی ئاوەزی ڕووت" دەنووسێ: «گومانێک لەوەدا نییە ھەر چەشنە ناسینێک لە ئەزموونکردنەوە دەست پێ دەکات چونکە چۆن دەکرێ کە ھانای ناسینکاری بکەوێتە کار و ئەو ھانایە لە ژێر کاریگەریی ئەو مژارانەوە نەورووژابێ کە شوێن دادەنێن لە سەر ھەستەکانی ئێمە؟کەوابوو بەپێی کات، ھیچ ناسینکارییەک لە پێش ئەزموون کردنەوە نایە، بەڵکوو ئەزموون سەرەتای ھەر چەشنە ناسینێکە. لەگەڵ ھەموو ئەمانەیش، ئەم پەیڤە کە ھەرچەشنە ناسینکارییەک بە ئەزموونەوە دەست پێ دەکات، قەت ئەو ئاکامەی لێ ناکەوێتەوە کە تێکڕای ناسینکاری لە ئەزموونەوە بەرھەم دێت. ڕێک بە پێچەوانەی ئەم بیرەوە، ڕەنگە زۆر جار ناسینکاری ئەزموونی ئێمە تێکەڵاوێک بێت لەوەی کە کاریگەرییەکانی سەر ھەست پێمانی دەدەن و ئەوەی کە خودی ھانای ناسینکاری دەیخاتە سەری. (و کاریگەرییەکانی سەر ھەست تەنیا زەمینەی بۆ خۆش دەکەن) و ئەگەر ئێمە سەرنجمان نەدابێت و پڕۆڤەی گونجاومان نەکردبێ و لەم بابەتەوە لێھاتوویبیەکمان دەست نەخستبێ، بێتوانا دەبین لە لێکدانەوەی ئەوەی کە خۆمان خستوومانەتە سەر کاریگەرییەکانی ھەستی پێشوومان. کانت دوای داکۆکیکردن لەسەر ئەوەی کە ھەڵسەنگاندن ھەمان بنەمای ئازادە لە ئەزموونکردن، کە تێکڕای بینای ھزری خۆی لەسەر دامەزراندووە، لە درێژەدا دەڵێ: «چارەنووسی عەقڵی مرۆڤ بەم شێوەیەیە کە سەرەتا بەخێرایی بینای ھزری خۆی بەرز دەکاتەوە، دوای کۆتاییپێھێنانی کارەکەی، ئینجا دێتە سەر تاوتوێکردنی قایمبوونەکەی.» کانت لە درێژەی باسەکەیدا دەگات بە ئایدیای "ڕەخنە لەسەر ئاوەزی ڕووت" واتە زانستێک کە پێگەی ناسینکاری ئازاد لە ئەزموونکردن و سنووری تواناکانی ناسینکاری تاوتوێ دەکات و ھەرچەشنە مژارێکی ناسینکاری تەنیا بە نیسبەتی ئەو توانایییانەوە لەبەرچاو دەگرێت. کانت لە "ڕەخنە لەسەر ئاوەزی ڕووت"دا درک بە بنەمای ھەر چەشنە بیرکردنەوە و ناسینکارییەک دەکات کە لە قووڵاییی نەناسراوەوە ھەڵدەستێ و تاقانەکردنی وێناکان بە پێداویستیی یەکێتیی زانیارییەکانەوە دەبەستێتەوە. ئەو بۆمان شیدەکاتەوە کە ھێزی دادوەریکردنی مرۆڤ بێگومان ئەو توانایەیە کە مژارەکان لە ژێر واتا و ڕێساکاندا کۆدەکاتەوە: «ئەگەر درک بە گشتی وەک توانای لێکدانەوەی ڕێساکان پێناسە بکەین، دەتوانین بڵێین ھێزی دادوەریکردن دیارە توانای کۆکردنەوەی ژێرڕێساکانە—واتە لێکدانەوەی ئەوەی کە ئایا ئەو شتە پەیڕەوی لە ڕێسایەکی دیاریکراو دەکات یان نا.» کانت چەن پرسیارێکی ھەمیشەییی لە بواری ھزر و فەلسەفەدا خستە بەرباس، وەکوو نیسبەتی نێوان ڕۆح و مادە و بوون یا نەبوونی خودای بە سەرنجدان بە گریمانەکان و تێزەکانی فەیلەسووفە کۆن و نوێیەکان و لە ڕوانگەیەکی بەتەواوی تازەوە ھێنایە گۆڕێ. کانت گەیشت بەم باوەڕە کە بۆ ناسینی خودا و باوەڕ بە بوونی نابێ لە ڕێگای عەقڵ و ئەزموونەوە ھەوڵی بۆ بدرێ، بەڵکوو باوەڕ بە خودا ئیقانێکی دەروونی مرۆڤە و باڵای عەقڵ و ئەزموون زۆر کورتترە لەوەی بگاتە باڵای. کانت بورھانە ئەقڵییە تیۆرییەکانی سەلماندنی بوونی خودای بە ناتەواو ناوزەد کرد وخەریکبوون بە ئیلاھیاتی عەقڵانییەوە بە کارێکی پڕوپووچ و فیڕۆدانی کات دەزانی: «من پێم وایە ھەر چەشنە ھەوڵێک بۆ قوتکردنەوەی ئیلاھیاتێک بە پشتبەستن بە ھزری تەنیا، بێکەڵکە و، لەم بوارەدا چەمکەکانی ئاوەز ناتوانن پراکتیکێک لەمەڕ سروشت و گەیشتن بە حەقیقەتێک دەستەبەر بکەن. لەم ڕووەوە ئیلاھیاتی عەقڵانی ناتوانێ بوونی ھەبێت مەگەر ئەوەی کە لە سەر بنەمای یاساکانی ئەخلاقدا بێت.»

کانت ھەنگاوێکی دیکەیشی بۆ پێشەوە ھەڵگرت و ئەو تیۆرییەی ھێنایە گۆڕێ کە مرۆڤ لە ڕووی ڕۆحی و ئەخلاقیەوە پێویستی بەوەیە باوەڕی بە بوونی ڕۆحێکی ھەمیشەیی بێت، بەڵام باوەڕ بە بوونی خودا ھیچ پێوەندییەکی لەگەڵ دیتێرمینیزم و ھاتنەخوارەوەی ڕۆڵی ئیرادەی ئینسان نییە بەسەر چارەنووسی خۆیدا. کانت قایل بە جیاوازی بوو لە نێوان ئاستە خوار و ژوورەکانی ھەستی ناسین و واقیعە جۆراوجۆرەکاندا. ئەو لەسەر ئەو باوەڕە بوو کە کاتیگۆرییەکان ڕۆڵی ئامرازەکانی بیری ئێمە دەگێڕن بۆ تێگەیشتنی ڕاستی. بەپێی دەرکی کانت، مرۆڤ بوونەوەرێکی سەربەستە و ویست و ئیرادەی ئەو بابەتێکی سەربەخۆیە لە پەروەردگار. بە بۆچوونی کانت، مرۆڤ بوونەوەرێکی ھەم سروشتی، ھەم بایۆلۆجی، ھەم کۆمەڵایەتییە. وەک پێکھاتەیەکی بایۆلۆجی، مرۆڤ لە سروشتەوە ھاتووە، بەڵام ئەخلاقەکەی پێشتر دیاری نەکراوە و ھەر بەم بۆنەیەوە مرۆڤ بەرپرسیاری ئادگار و ھەڵبژاردنی خۆیەتی. فەلسەفە ئەخلاقییەکەیشی لەسەر ھەمان تیۆریی بەرپرسیارێتیی ئەخلاقیی مرۆڤ دامەزراوە. کانت کەسایەتیی بە "سەربەستبوون لە میکانیزمی سروشت" پێناسە دەکات. وەھا پێناسەیەک لەمەڕ کەسایەتیی خۆیەوە تەواو بە ڕاست دەرچووە چونکە باڵایەکی باریکەلە و بچووکی بوو و، ھەمیشە بە ھۆی باریکبوونی سینگ و تەنگبوونی شانەکانیەوە ھەستی بە زەخت و داگیران لە سنگیدا دەکرد و بە گوتەی خۆی «دڵ و سییەکانی جێی تەواویان بۆ بزووتن نەبوو.» لەگەڵ ھەموو ئەمانەیشدا، کانت توانیی بە ھێزی ورە و بیرخستنەکارەوە بە سەر نوقسانەکانی لەشیدا سەرکەوێ و ھەموو لەشی بخاتە خزمەت خۆیەوە. لە تەمەنی حەفتا ساڵیدا نامیلکەیەکی نووسی لەمەڕ" تواناکانی ھزر لە سەرکەوتن بەسەر ھەست بە نەخۆشیکردن بە یارمەتیی ھێزی ئیرادە". ئەم کاریگەرییە مەعنەوییە بە ڕوخساریەوە دیار بوو. بە گوتەی ھاوسەردەمەکانی، سیمایەکی ڕووناک و ھەنیەیەکی کراوە و چاوانێکی بریسکەدار و نیگایەکی کارتێکەری ھەبوو. کانت ھەرەھا مژارێکی نوێی بە ناوی "عەقڵی پراکتیکی" ھێنایە گۆڕێ کە مەبەست لێی تایبەتمەندیی دەروونیی مرۆڤە کە توانای زاتیی جیاوازیدانانی نێوان حەق و ناحەق و ڕاست و چەوتی پێ دەبەخشێت. ھەر بە ھۆی ئەم تایبەتمەندییەوەیە کە ئەخلاق و ئیتیک بۆ ئادگاری مرۆڤ نرخێکی بنچینەیی پەیدا دەکا. بە واتایەکی تر، ھەموو ئادگارەکانی مرۆڤ تەنیا بەھەوڵدان لە ڕێبازی دەستەبەرکردنی ئامانج یا ئاکامی کارەوە شرۆڤە ناکرێ، بەڵکوو ڕازیکردنی ھەستی دەروونییش پێداویستییەکی ئەخلاقی و ڕۆحیی مرۆڤە. لە کتێبی "ڕەخنەی عەقڵی پراکتیکی"دا کانت داکۆکی لەوە دەکات کە «ئەخلاق تیۆرییەک نییە لە بارەی ئەوەی چۆن بگەین بە بەختەوەری، بەڵکوو تیۆرییەکە لەمەڕ ئەوەی چۆن خۆمان بکەین بە شایانی بەختەوەری.»

مرۆڤناسیی کانت خوێندنەوەی زۆر پۆزەتیڤی ڕۆسۆ دەربارەی مرۆڤ‌و لە حاڵەتی سروشتیدا رەد دەکاتەوە و لەسەر ئەو باوەڕەیە کە مرۆڤ تەنیا کاتێک دەتوانێ دروست کار بکات کە لەگەڵ ئەنگیزە ھەستی یەکان و شۆروشەوقی کاتی مەودای خۆی ڕاگرێ. ئەگەر وانەکا بە شێوەیەکی سروشتی مرۆڤ دەتوانێ بکەوێتە داوی ھەموو چەشنە غەریزەیەکی جەستەیی و ڕۆحی یەوە.

بە بڕوای کانت مرۆڤ بوونەوەرێکی دوولایەنەیە بریتی لە لەش و گیان یا عەقڵ و ھەست کە کردەوەو دژکردەوەی ھەر کام لەم دووانە، پەیڕەوی لە لۆژیکێکی جیاواز دەکا. بۆ نموونە مرۆڤ ناتوانێ بە تەواوی بڕیار لەسەر چۆنیەتی دژکردەوەکانی ھەستی خۆی بداو ناتوانێ بە شێوەیەکی ڕەھا ئەم بەشەی سەربە ھەستی مرۆڤ بخاتە ژێر ڕکێفی خۆی. بەڵام لەھەمان کاتدا مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی عەقڵگەرا لە کێشەکانی سنووری ناسینکاری عەقڵیدا، خاوەنی مافی ھەڵبژاردن و ئیرادەی سەربەست وبڕیاردانە. بەم پێیە مرۆڤ لە چوارچێوەی عەقڵی پراکتیکیدا خاوەنی ئیرادەی سەربەستە بۆ ھەڵبژاردنێکی ئەخلاقی و مەعنەوی. ھەر ئەم ئیمکانی ھەڵبژاردن و ئیرادە سەربەستەیشە مرۆڤی کردۆتە مرۆڤ وئیمکانی ناسینکاری وشوێندانانی لەسەر جیھانی دەوروبەر وبەرگریکردنی زۆربەی بەڵاکانی پێ بەخشیوە. ئەم بۆچوونەی کانت لەو ڕوانگەوە کە دەمەقاڵەو جیاوازی سونەتی ی کۆنی نێوان عەقڵگەرایان و ئەزموونگەرایانی بە شێوەیەکی نوێ ھێنایە مەیدان و وەڵامی دایەوە، ئاڵ گۆڕێک دێتە ئەژمار لە مێژووی فەلسەفەدا، چونکە باوەڕ بەوەیکە ویست و ئیرادەی مرۆڤ تا ئەو ئاستە لە کۆنتڕۆڵکردنی ئادگاری خۆی وکاریگەری لەسەر جیھان بەرینە، قۆناغێکی نوێ بوو لە مێژووی فەلسەفەدا ودووایی ھێنا بە دیترمینیزمی زاڵ بەسەر ھزری زۆربەی فەیلەسووفەکان لە بارەی مرۆڤ و چارەنووسی. بۆچوونێکی وا تەواو لەگەڵ ڕۆحی سەردەمی ڕۆشنگەریدا لە یەک ئاراستەدا و بزوێنەری بوو.

کانت لە کتێبێکی دیکەیدا (ڕەخنەی ھێزی داوەری) کۆمەڵە واتایەکی گرینگی وەک دۆزینەوەی جۆراوجۆر بوونی سروشت وواتاکانی جوانی وداوەری زەوقی و ھێزی خەیاڵ دێنێتە بەر باس ولێکۆڵینەوە. ئەو داکۆکی لەسەر ئەوە دەکا کە لە ناو تواناکانی مرۆڤدا، ئەوە تەنیا زەوقە کە پێویستی بە نموونەگەلێکە کەلە ڕەوتی بەرەوپێشچوونی کولتووردا گەیشتوونەتە بەرزترین پلەکان و ئەمەیش لەو ڕوەوەیە کە ڕاھێنانی ئەم تواناییە بە ئامرازی ئەمرپێکردن و واتاکان مسۆگەر نابێ. لە جوانی ناسی کانتدا، ھونەر وەک "شتێک لە خۆیدا" بایەخی ھەیە. چێژوەرگرتن لە بەرھەمێکی ھونەری خۆی لە خۆیدا سەرترین بایەخە. کانت داکۆکی لە سەر ئەوە دەکا کە ھونەرمەند توانا زانستییەکانی خۆی بە بێ ھیچ زۆرلێکردنێک وتەنیا لە ڕووی ئیرادەی سەربەستی تۆخەوە داھێنانی ھونەری دەکا. ئەم درکەی کانت دەیان ساڵ دواتر و لەسەردەمی ڕۆمانتیکدا گەییشت بە لوتکە و وەک یەکێ لە گرینگترین دەسکەوتە فەلسەفی و فکرییەکان لە لایەن زۆر نووسەر و ھونەرمەند و شاعیری ڕۆمانتیکەوە لێی کۆڵرایەوە. بە گشتی تێزی ناوەندی کانت لە فەلسەفەی سیاسی و ئەخلاقیدا، پێویست بوونی جیاکردنەوەی نێوان غەریزە و ھەستە لە عەقڵ. ئادگاری ڕاست بە مەرجێک دێتە دی کە ھەستەکان وەلا بنرێن وبەسەر غەریزەدا زاڵ بێت و دوای عەقڵ کەوێت. کانت ھەمیشە داکۆکی لەسەر ئەوە کردووە کە مرۆڤ لە ھیچ ھەل ومەرجێکدا مافی ئەوەی نیە لە مرۆڤی تر وەک ئامرازێک بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆی کەڵک وەرگرێ. دەڵێ: "مرۆڤ نە ئامراز بەڵکوو ئامانجە. بە بۆنەی ئەوەی کە پێویستە ھەموو مرۆڤێک خاوەن مەرتەبەی مرۆڤایەتی خۆی بێت ووەک ئامانجێک بێتە حیساب، ھەڵسوکەوتیش لە گەڵ مرۆڤ دەبێ بەدوای قبووڵکردنی بوونی سەربەخۆو ڕێزدانان بێ بۆ خۆی و ویست وئیرادەی. "کانت ئەم تیۆریەی خۆی بۆ ھەموو مرۆڤەکان لەبەرچاو دەگرێ جیا لە ڕەگەز و تایەفەو نەتەوەکەیان وکەوابوو لەبابەت مرۆڤەوەھزرێکی جیھانگیر دەگرێتە بەر. ھەر بەم بۆنەوە دوکتورینی مرۆڤناسی وئەخلاقی کانت بێ ئەملاولاو سەرسەخت و ناپراگماتیستیە ولەسەر ئەم باوەڕە راوەستاوە کە مرۆڤ لە بابەت چەمکەکانی عەقڵەوە دەبێ ھەمیشە "ئەرک ناسی" بخاتە بەر "خۆبەزلزانی و بەرژەوەندیەکانی تاک"ەوە. چونکە مرۆڤ ھێزی جیاکەرەوەی عەقڵی ھەیە کە لە ھەڵبژاردنی راست لە چەوت ڕێنوێنی دەکا. کانت داکۆکی لەسەر ئەوە دەکا کە وەھا دەرکێک لە مرۆڤ لە دەرەوەی کات و شوێندایە.

فەلسەفەی سیاسیلە بەستێنی ھزری سیاسی دا، لەگەڵ ھەموو داھێنانەکانیدا کانت زۆر کاریگەری لە دوو بیرمەندی ھاوسەردەمی خۆی ژان ژاک ڕۆسۆ و ئەدمۆند بورک وەرگرتووە. لەبابەت بێ عەداڵەتیە کۆمەڵایەتیەکان وھۆکارەکانیەوە بیرەکانی ڕۆسۆ شوێنیان لەسەر داناوە، بەڵام لە بابەت ئەو ئاڵ وگۆڕە ڕادیکاڵە سیاسیانەوە کە ڕۆسۆ ھێنایە گۆڕێ کانت خۆی لێ دەبوێرێ و بە ھۆی ئاکامەکانی ئاڵ وگۆڕێکی کوت وپڕەوە لە گەڵ نیگەرانی بورک ھاوبەش دەبێ. کانت پێشوازی لە شۆڕشی فەرەنسا کردبوو، بەڵام دوای تیرۆری ڕۆبسپیر ئێجگار نیگەران بوو و بەم ئاکامە زیرەکانە گەیشت کە: "دەکرێ بە ناوی ئازادی وبەرابەری و برایەتی قێزەونترین کار بەڕێوە ببرێ." کانت وانە فێر بوو لە مێژووی ترسی شۆڕشی فەرەنساو داکۆکی کرد کە: "باوڕی دەمارگیرانە ھەمیشە کارێکی ناحەزەو لە گەڵ ئامانجەکانی سیستەمێکی پلۆرال داناکۆکەو ئەرکی سەر شانی ئێمەیە بەرەنگاری دەمارگیری ببینەوە لەھەر بەرگێکدا بێت، تەنانەت کاتێکیش کە ئامانجەکانی لە ڕووی ئەخلاقییەوە بێ کەموکوڕی بێت." لە مەڕ ڕەوتی گشتی مێژووەوە بە پێچەوانەی بورک کە ڕوانگەیەکی ڕەشبینانەی ھەیە، کانت گەشبینەو ئاراستەی گشتی گۆڕانکاریەکانی مێژوو بەرەو جیھانێکی باشتر ومرۆڤێکی گەشەسەندووتر دەزانێ. بەڵام وەکوو بورک ئەمیش لە شۆڕش دەپرینگێتەوەو ڕەوابوونی شۆڕش بۆ ھەڵکەندنی بێ عەدالەتیەکان دەباتە ژێر پرسیارەوە. کانت سێ پرسیاری تیۆریکی سیاسی دێنێتە ئاراوە: ١- چۆن دەتوانین یاسایەکی دەستووری بە عادڵانەو دروست بزانین؟ ٢- ناوەڕۆکی وەھا یاسایەک دەبێ چۆن دابڕێژرێت؟ ٣- ئەگەر دەسەڵاتداران پابەند نەبوون بە چەمکەکانی ئەو دەستوورە، خەڵک دەبێ چۆن ھەڵسوکەوت بکەن؟ بە واتایەکی تر پرسیاری یەکەم لەبارەی ناوەڕۆکی بڕیاری کۆمەڵایەتیەوەیەو پرسیاری دووەم ڕووی لە مافە سیاسیەکان وپرسیاری سێھەم مافی ناڕەزایەتی خەڵک لە خۆ دەگرێ. لەمەڕ پرسیاری یەکەمەوە واتە پێوەری ھەڵسەنگاندنی لەباربوونی دەستوورەوە کورتکراوەی وەڵامی کانت بریتیە لە وەرگرتنی یاسا لە لایەن تێکڕای ھاووڵاتیانەوە. کانت لەم بابەتەوە وا بەڵگە دێنێتەوە کە نابێ قایل بەبوونی ھیچ سنوورێک بین لە قبووڵکردنی ئەم یاسادا لە لایەن ھەمووانەوە. ھەر کاتێک گرووپ یا جەماوەرێک لە خەڵک بە بۆنەی گرێدراویی چینایەتی و ڕادەی دارایی وپێگەی کۆمەڵایەتی خواروو یا ژوورووەوە لە وەرگرتنی دەستوور یاخود دەربڕینی بیروڕا لەسەری وەلا نران، ئیتر ئەو یاسایە عادڵانە نیە. لە درێژەدا کانت لەسەری دەڕوا کە گەل دەبێ دوای ئیرادە و ویستی سەربەستانەی خۆی بکەوێ وعەقڵ حوکم دەکا تەنیا بەپێی یاسایەک بڕۆن کە خۆیان دانیان پێدا ناوە. بە واتایەکی تر بەپێی ئەم بەڵگە ھێنانەوە کانتیش وەک دیکەی بیرمەندانی سەردەمی ڕۆشنگەری لەوانە ھابز و لاک و ڕۆس ۆ"حاڵەتی سروشتی" و "بڕیارنامەی کۆمەڵایەتی" دەکا بە سەرەتای ھەنگاونانی. کانت کۆمەڵگای ئیدەئالی خۆی بە کۆمەڵگایەک دەزانێ کە بەپێی داخوازی سەربەستانەی ھەمووان دادەمەزرێ. ئەم داخوازیە لە بڕیارنامەی نێوان ھەموو ھاووڵاتیاندا، ماف و ئەرکی ئەندامانی ڕوون کردۆتەوە. بەڵام کانت بیرمان دەخاتەوە کە بەشێوەی پراکتیک و بە ئەزموون دانانی وەھا بڕیارنامەیەک لە نێوان ھەموواندا نامومکینە، بەڵام ئەم قەرارە "تەنیا ئایدیایەکی ئاقڵانە"یە. کەوابوولە بواری ئەقڵی وئەخلاقیەوە نێوئاخنی یاسای بنەڕەتی ڕەچاوکردنی چەمکی قبووڵکردنی ھەموان ئەرکەو دەبێ پارێز بکرێ لە تێترنجانی ھەر چەشنە ئایدیاو مژارێک کە بتوانێ بەشێکی جەماوەر بەرەنگاری بکاتەوە. کەوابوو بە کردەوە دەستوور دەتوانێ یاسایەکی عادڵانەو دروست بێت، تەنانەت ئەگەر دانەدانەی ھاووڵاتیانیش ھەڵوێستیان لەبارەوە نەگرتبێ. لە بابەت پرسیاری دوەم واتە ناوەڕۆکی وەھا یاسایەک کانت سەرەتا چەمکێکی بنەڕەتی دێنێتە ئاراوە کە لە مەزموونی یاسادا گرنگییەکی ناوەندی ھەیە وئەو چەمکە ناو دەنێ "بێ لایەنی" یاسا. کانت لەمەڕ چەمکی بێ لایەنیدا بەڵگەمەند پێی وایە کە یاسا مافی دەستێوەردان لە ژیانی خەڵک، یا ھەوڵدان بۆ ڕێنیشاندەری خەڵک بەرەو بەختەوەری و یا دیاریکردنی چاکەو خراپەی نیە لە ژیانی تاکەکانی کۆمەڵدا، چون مومکین نیە کە تێکڕای خەڵک لە بارەی شێوەی ژیانەوە یەک جۆر بیر بکەنەوەو ھەڵوێستیان لەسەر بەختەوەری وداماوی وگەورەیی و پەستی یەک شت بێ وھەر بەم بۆنەوە ھەر چەشنە ھەوڵێکی دەستێوەردەرانەی یاسا لەم بابەتەوە یەکیەتی خەڵک تێکدەدا و یەکڕیزیان خەوشدار دەکا. کانت دەنووسێ: "مرۆڤەکان خاوەن بیروباوەڕی جۆراوجۆرن. کەوابوو ناتوانی لە ژێر چەتری چەمکی ویستێکی ھاوبەشدا کۆیان بکەیتەوە." ئەم ھەڵوێستە بەم ئاکامەمان دەگەیەنێ کە ناوەڕۆکی یاسایەکی عادڵانە دەبێ زەمانەتی چەمکی یەکسانی ھەموو ھاووڵاتیان بکاکە ھەرکەس ئیمکانی ئەوەی بۆ بڕەخسێ بەپێی بۆچوونی خۆی بە دوای ئامانجی تاکەکەسی و ھاتنە دی بەختەوەری خۆیدا بگەڕێ. کانت ئاوا درێژەی پێ دەدا:"ھەر تاکێک مافی ئازادی بیروباوەڕی ھەیەو دەتوانێ بۆ ھێنانە دی باوەڕی خۆی سەربەستانە کار بکا، تا کاتێک ھەمان ماف بۆ کەسانی تریش قایل بێت. کەس مافی ئەوەی نیە من وادار بکا بەپێی سەلیقەو دەرکێکی تایبەتی بە بەختەوەری بگەم. ھەموو کەس مافی ئەوەی ھەیە بەپێی ویست و بۆچوونی خۆی شێوەی بەختەوەری خۆی بدۆزێتەوە، بە مەرجێک ماف و ئازادیەکانی کەسانی دی پێشێل نەکا." کانت داکۆکی لەسەر ئەوە دەکا وەھا بارودۆخێک تەنیا لە کۆمەڵگایەکدا دێتە دی کە یاسای بنەڕەتیەکەی لەسەر چەمکی قبووڵکردنی ھەمووان داڕیژرابێ. دووھەمین تێزی گرینگی کانت لەمەڕ ناوەڕۆکی یاسا ھەڵسوکەوتی یەکسان وچوون یەکە لە گەڵ تێکڕای ھاووڵاتیان بە بێ لەبەرچاوگرتنی ڕادەی سامان وپێگەی کۆمەڵایەتی تاکەکان. تەنیا ریزپەڕێک کە کانت لەبەرچاوی دەگرێ سەرۆکی حکوومەتە کە پێویستە چوارچێوەی ماف و ئەرکەکانی بەپێی سیستەمێکی نووسراوی جیا دیاری بکرێ. بەڵام داکۆکی ی سەرەکی کانت لەسەر ئەو خاڵەیە کە دەبێ تێکڕای تاکەکانی کۆمەڵگا دەرەتانێکی بەرابەریان بێت بۆ پێشبڕکێ لەگەڵ یەکتر بۆ گەییشتنیان بە پێگە ئابووری و کۆمەڵایەتیەکان. ئەوە لێھاتوویی و تواناو کۆڵنەدانی تاکەکانە کە سەرکەوتن و شکستیانی لێ دەکەوێتەوە، نەک ئەو دەرفەت و پێوەندی ویاساو ڕێسا نابەرابەرانەی دەخرێتە بەردەمیان. کانت باسێکی دوورودرێژ لەمەڕ نابەرابەریە مادیەکانی نێوان ھاووڵاتیان دێنێتە گۆڕێ و دەڵێ ئەوە مافی تاکەکانە کە لە سایەی ھەوڵ وتوانا تاکیەکانەوە دەسیان بە شوێنە مومتازە ئابووری و کۆمەڵایەتیەکان ڕابگا، بەڵام ئەم چەشنە نابەرابەریانە نابێ ببێتە ھۆی ھەڵسوکەوتی نابەرابەر دەرھەق بە ھاووڵاتیان. کەوابوو نابەرابەریە کۆمەڵایەتیەکان لە ڕوانگەی کانتەوە رەوایەو ھەمیشە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی وابووەو وایش دەمێنێ. ئەگەر لە ڕوانگەی ڕەخنەی کانتەوە بڕوانین بۆ تیۆری یەکسانی تاکەکان لە ھەمبەر یاسادا ئەم پرسیارە بە بیردا دێ کە چ زەمانەتێک ھەیە کە کەلەبەری نێوان توێژە کۆمەڵایەتیەکان تا ئاستێک بچێتە سەرەوە کە لێشاوی ئەوھەژاروبێبەشانەی کە یاسا پشتیوانی کۆمەڵایەتیان لێ ناکا، بارودۆخی ئێستا یا یاسای زاڵ قەبووڵ کەن؟ ھەڵبەت کانت خۆی ئاماژەیەک بەم بابەتە دەکا کە"ڕەنگە بێبەشان ھەست بکەن وەک ئاژەڵی دەستەمۆی دەوڵەمەندانیان لێھاتووە کە تەنیا ئەرکی خزمەتکردنی ئەربابەکانیان لەسەرە"، بەڵام پێ وشوێنی ئەم بابەتە ناگرێ و تەنیا ئەم خاڵە بەبەس دەزانێ کە:"ئەوان نابێ تاوانی وەزعی خۆیان بخەنە ئەستۆی کەسانی تر." بە واتایەکی تر کێشەی نابەرابەری کۆمەڵایەتی مەسەلەی زەینی کانت نیە و وردبوونەوەی سەرەکی ئەو لەسەر یەکسانی یاسا و مافە. پێویستە وەبیری بێنینەوە کە لە دوای جێگیربوونی زەینی و یاسایی یەکسانی ھاووڵاتیان و ھەڵسوکەوتی چوون یەک لەگەڵیاندا بوو کە چەندین دەساڵ دواتر بیرمەندانێکی وەک جان ستوارد میل مژاری نابەرابەریە کۆمەڵایەتیەکانیان خستە جەرگەی باسی ھزری سیاسیەوە. بە واتایەکی تر مژاری بەرابەری یاسایی و مافی ھاووڵاتیان چ لە ڕوانگەی فەلسەفەی سیاسیەوە و چ لە ڕوانگەی ئەزموون و نەریتەوە سەرتربووە بەسەر مژاری نابەرابەریە کۆمەڵایەتیەکاندا. کانت لە درێژەی باسی مافەیاساییەکان و ناوەڕۆکی یاساوە کاتێک لە حاڵەتی گشتی و فەرزیەی قەراردادی کۆمەڵایەتیەوە دەگاتە حاڵەتی دیاری کراو، دوای ئیستێک لە سەرئەمە کە ئەم چەمکە لە کۆمەڵگادا بە کردەوە دەتوانێ فورمی جۆراوجۆر لە خۆبگرێ، لە سەر خاڵێکی ناوەندی ورد دەبێتەوە کە لە ھزری سیاسی ئەودا گرنگیەکی ناوەندی ھەیە وئەویش چەمکی "یەک تاک یەک دەنگ"ە. ئیمانۆئێل کانت یەکەم بیرمەندێکە کە دژ بە پلەبەندی کردنی مافی دەنگدان بەپێی جنسییەت و ڕێژەی داھات وەستاو چەمکی "یەک تاک یەک دەنگ"ی لە فەلسەفەی سیاسیدا بە بەڵگە سەلماند و بناغەکەی دانا. ئەوەمان لە بیر بێ کە قەبووڵ بوونی چەمکی "یەک تاک یەک دەنگ" نە تەنیا لەلایەن پاوانخوازانەوە بەڵکوو لەلایەن ریفۆرم خوازانیشەوە مژارێک بوو دەمەقاڵەی زۆر لەسەر بووکە دەیا ساڵی کێشا وسەدان نامیلکەی بە لایەنگری ودژایەتی لەسەر نووسرا ئینجا ھاتەدی. کانت لە فورموولە کردنی باسە پێوەندیدارەکان بە ئازادی ڕادەربڕین وبیروباوەڕ وئازادی چاپەمەنیشدا ڕۆڵێکی گرینگی گێڕا. داکۆکی بنچینەیی کانت لەسەر ئەوەیە کە جۆری حکوومەتێک کە بتوانێ ئەم ئەرکە بگرێتە ئەستۆ، سیستەمی کۆماریە. کانت زۆر بە جیددی پێی لەسەر کۆماری بوونی سیستەمی سیاسی دادەگرێ و بە جەوھەری دیمۆکراسی و دەسەڵاتی زۆرینەی دەزانێ. پرسیاری سێھەم کە کانت دەیخاتە بەر باس ھەڵوێستی ھاووڵاتیانە لەھەمبەر حکوومەتدا. کانت پێش ھەموو شتێک دەپرسێ ئایا خەڵک مافی نافەرمانی کردنی لە ھەمبەر حکوومەتێکدا ھەیە کە مافەکانیانی پێشێل کردووە یا نا؟ کانت دوابەدوای ئەمەو لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا دوو خاڵ دەسنیشان دەکا. یەکەم ئەوەی کە ئەگەر حکوومەت ھاوتەریب لەگەڵ قەراردادی کۆمەڵایەتیدا ھەڵسوکەوتی کردبێ، نافەرمانی کردن لە بەرابەریدا ناڕەوایەو دەبێ سزا بدرێ تەنانەت ئەگەر[سیستەمەکە]کەم و کوڕیشی بێ. چونکە ئەم چەشنە نافەرمانیە خەسڵەتی کاولکاری ھەیە. ئەو دەڵێ لە ھەر حاڵ ودۆخێکدا- بە چاو پۆشین لە ناوەڕۆکەکەی-تاقمێک ھەن کە لە ھەندێ یاسا ناڕازی دەبن، ئەگەر بڕیار بێ ھەموو ناڕازیبوونێک خۆڕاگری و نافەرمانی لە ھەمبەر حکوومەتدا لێ بکەوێتەوە، ئەوا ھیچ کاتێک کۆمەڵگا سەقامگیری بە خۆوە نابینێ. کانت لە باسەکەیدا نیگەرانی خۆی لەبەکارھێنانی ھەڕەشە وزەبروزەنگ دژی پێکھاتەی سیاسی دەردەبڕێ وبە توندی دەرھەق بە ئاکامە تاڵەکانی ڕووخانی حکوومەت ھۆشداری دەدا. لە وەھا حاڵەتێکدا تیۆری کانت زۆر لە حاڵەتی سروشتی تیۆری ھابز دەچێ کە تێیدا نەبوونی حکوومەت بە مانای سەرەتای "شەڕی ھەمووان دژ بە ھەمووان" چاوی لێ دەکرێ. دووھەنین خاڵێک کە لە درێژەی باسەکەدا کانت داکۆکی لەسەر دەکا ئەوەیە کە تەنانەت ئەگەر ھەندێ جار ھاووڵاتیان پێیان وابێ کە ھەندێ لە یاساکان ناعادڵانە و نادروستە، نابێ بۆ گۆڕانیان دەس بدەنە نافەرمانی و لە ھەمبەر حکوومەتدا ئاژاوەگێڕی بکەن. بەپێی ئەم بۆچوونە کانت پێی وایە مافی بەکارھێنانی گرژی تایبەت بە حکوومەتە. ھەروەھا کانت داکۆکی لەسەر ناھەقبوونی بەکارھێنانی توندوتیژی دەکا لە بەرابەر توندوتیژی کردنی حکوومەتدا و دەڵێ: "ئەگەر حکوومەت بڕیارنامەی گشتی پێشێل بکاو لە ڕێگای توندوتیژی یەوە دیکتاتۆریەت بگرێتە بەر، زۆرلێکراوان مافی ئەوەیان نیە لە بەرانبەریدا بە شێوەی توندوتیژانە خۆڕاگری بکەن." بە گشتی کانت بە پشت بەستن بەم بەڵگانەوە باوەڕی بەوەیە کە تەنانەت حکوومەتی زۆرەملێ لە بێ یاسایی وشێواوی باشترە کە ئەو پێی دەڵێ "بارودۆخی مەترسیدار". چونک ە"یاخیگەری گەل بۆ وەدەسھێنانی مافە لەکیس چووەکانیان، نادروستە، چونکە لە ئاکامدا دۆخی دەسەڵاتی یاسا دەگۆڕێ بەرەو زاڵبوونی بێ یاسایی و وەزعێک دەخولقێنێ کە بەگشتی بابەتی ماف، کارامەیی خۆی لەدەس دەدا." کەوابوو کانت ھیچ جێگایەک بۆ نافەرمانی گشتی دژ بەحکوومەت ناھێڵێتەوەو مەترسی تلاربوونەوەی کۆمەڵگا بەرەو بێ یاسایی و بەرەو دۆخێک کە "چەندان قات دڵتەزێنتر لەھەر چەشنە دەسەڵاتێکی حکوومەتی دیکتاتۆری"یە، زۆر جیددی تر دەبینێ لە کرانەوەی کۆمەڵگا بەرەوڕووی ئاسۆ نوێکان. کانت بۆ گەیشتن بە ئازادی ڕاستەقینە پێکھێنانی ئاڵ وگۆڕی بیرکردنەوە لە شۆڕشە کۆمەڵایەتی و یاسایی یەکان بە نرختر دەزانێ و دەڵێ لەگەڵ ئەوەی کە شۆڕش دەتوانێ حکوومەتە ئیستبدادیەکان بڕووخێنێ، بەڵام ناتوانێ لە چۆنیەتی بیرکردنەوەی ئەو کەسانەیدا کە ورەی بەکاربردنی دەرکی خۆیان نیە، ئاڵ وگۆڕ پێک بێنێ. ھەر لێرەوە زۆر دەمارگیری نوێ جێی دەمارگیریە پێشووەکان دەگرێتەوەو جارێکی تر جەماوەری ناتێگەیشتوو دەسبەسەر دەکا. بێجگە لە سێ پرسیاری سەرەوە کانت چەن مژاری دیکەی لە ھزری سیاسیدا خستۆتە بەر باس کە گرینگترینیان فەلسەفەی مێژووە. تێزی سەرەکی کانت لەمەڕڕەوتی مێژوو زۆر پۆزەتیڤ وگەشبینانەیە. مەبەستی کانت لە فەلسەفەی مێژوو ئەوەیە کە گەرچی لێرەو لەوێ و لەم ڕووداوو ئەو ڕووداودا ولە ڕەوتی مێژوودا کۆمەڵە پاشگەزبوونەوەیەک دەبینرێ، بەڵام ئەم پێچەڵپێچیانە تێکڕای حەقیقەت دەرناخەن. ڕەتی مێژوو لە سەرەوەی وەھا مەیلکردنێکە بەرەو پاشگەزبوونەوەکان. ئەمە ڕاستە کە ھەرکەسێک ولەژیاندا بەدوای پلانی خۆیدا دەڕوا کە ڕەنگە بەرەنگاری پلانی کەسانی تر بوەستێ ولە ڕەوتی پێشڤەچوونیدا بەربەستی کاتی بێتە ڕێگای، بەڵام لە ھەمان کاتدا ڕەوتی مێژوو ئامانجێکی نیھایی ھەیە. ڕێچکەی ئەم ئامانجە نیھایی یە بە ئاراستەی کامڵبوونی کۆمەڵایەتیدا دەڕوا و کانت پێی دەڵێ "ئامانجی سروشت". بە باوەڕی کانت پێگەیشتنی کۆمەڵایەتی نەک ڕەوتێکی خۆڕسک بەڵکوو خاوەن"جەمسەرێکی عەقڵانی"یە. ئامانجی ئاخرینی ئەم"جەمسەرە عەقڵانی"ە بەرەو دوو ئامانجی بنەمایی دەستی مرۆڤ دەگرێ: یەکەمیان پێگەیشتن گەشەی مرۆڤ و تواناکانیەتی و دووھەمیان سەقامگیری ئاشتی یەکی ھەمیشەیی یە لە سەرتاسەری جیھاندا. بەڵام ھاتنەدی ئەم دوو مەبەستە نەوەک لە ڕێبازی ڕێپیشاندەری و ئادگاری ئاگایانەی مرۆڤەوە بەڵکوو لە ڕاستیدا لەلایەن ئەو ئامانجە نھێنی و نەناسراوانەوە سەردەگرێ کە لە پشتی مرۆڤدان. کانت قسە لە "دەورگێڕێکی خاوەن مەبەست" دەکا کە ڕەوتە مێژوویی یەکان بەرەو ئامانجێکی نیھایی ئاراستە دەکاو ئەم دەورگێرە ناودەنێ "سروشت". لە شیکردنەوەی زیاتری ئەم مژارەدا مەبەستی کانت بەم چەشنە ڕوونتر دەبێتەوە کە کۆمەڵە دەس و پێوەندێکی جۆراوجۆر لە کاردان بۆ پێشەوە بردنی ڕەوتی جیھان کە ململانێ کۆمەڵایەتیەکان لە گرینگترینیانن. بەھۆی ئەوەی کە ئامانجەکانی مرۆڤ چوون یەک نین، ململانێ وجیاوازی لەسەر ھاتنەدی ئەم ئامانجانە مرۆڤەکان ناچار بە بەھێزکردن و گەشەی لێھاتوویی و تواناییگەلێک دەکا کە دژایەتی و تەگەرەی ڕێگایان لەنێو دەبا یا دەیگەیەنێتە خوارترین ئاست. کەوابوو ئەوە کۆمەڵایەتیبوونی مرۆڤەکانە کە لە ئاکامدا ھەم بەرەو ململانێ وھەم بەرەو کەمکردنەوەی ململانێ کۆمەڵایەتیەکان ڕایاندەکێشێ. وەھا پارادۆکسێک لە ڕاستیدا سەرچاوەی سەرەکی ھەمان دوو ئامانجی بنەڕەتی سەرەوەیە و لە ناو ئەوەوە ئاشتی ھەمیشەیی سەرھەڵدەدا.

ئاشتی ھەمیشەییتێزی ناوەندی ئاشتی ھەمیشەیی لە ھزری سیاسی کانتدا گرنگایەتی جیددی ھەیە ونیشاندەری جیھانگیربوونی ڕوانگەی سیاسی ئەوو ئیدەئالی سیاسیەتی. لە شیکاری ئایدیای ئاشتی ھەمیشەییدا کانت دەڵێ: "دەوڵەتە نیشتیمانی سیستەمە کۆماریەکان گەرچی جیا لە ھەرچەشنە ململانێیەک لەگەڵ یەکتر پێکنایەن، بەڵام ئامانجی نیھایی، گەیشتن بە دامەزراندنی جیھانێکی یەکگرتوو و ئاشتیانەیە. ھێنانە مەیدانی وەھا ئیدەئالێک لەڕاستیدا کانتی لە فەیلەسووفێکی ئەقڵگەرای سەردەمی ڕۆشنگەریەوە بۆ بیرمەندێکی دەرەوەی کات وشوێن بردە سەرەوە ولەڕاستیدا ھێڵی جیاکەرەوەی نێوان سەردەمی ڕۆشنگەری و سەردەمی ڕۆمانتیکی سڕیەوە. لەم ڕوانگەوە دەکرێ کانت وەک بیرمەندێکی سەردەمی ڕۆمانتیکیش بناسرێ. بە بڕوای کانت مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی ئەقڵگەرا بیھەوێ ونەیھەوێ بەرەو ئاشتی ھەمیشەیی ھەنگاو دەنێ و ھاووڵاتی جیھانی، واتایەکە کە لە یەکەیەکی جیھانی پشتبەستوو بە ئاشتیەوە مسۆگەر دەبێ. لەبەر ئەوەیە کاتێک پرۆژەکانی نێونەتەوەیی بوونی جیھان وەک پێکھاتنی یەکێتیی ئەورووپا بەھێز دەبێ یا دەچێتە قۆناغێکی نوێوە، ھزری "ئاشتی ھەمیشەیی" کانت دێتەوە بیر سەرلە نوێ دەخوێنرێتەوە دەبریسکێتەوە.

وانەی ئەخلاقیی کانت وێڕای ھەموو ئەو داکۆکییانەی لە ھزر و ھەڵس وکەوتدا لە سەر ئەقڵ دەیکا، دەکرێ شوێن پێی سۆفیگەری لە ھزرەکانیدا ببینین کە ئەویش میراتی بنەماڵەو شوێنی ڕاھێنان و گەورەبوونیەتی بۆی ماوەتەوە. سۆفیگەری بزوتنەوەیەکی زوھدپەرەستانەیە لە نێوان پەیڕەوانی کلیسای لۆتری ئەڵماندا کە لە ژیانی تاک و بەکۆمەڵدا نرخێکی زۆر دەدا بە دینداری و زاھیدی. گەرچی کانت نێوانێکی لەگەڵ بیری دواکەوتوانەی ئایینی و سۆفیانەدا نەبوو، بەڵام کاریگەریان بوو بەسەر پرەنسیپەکانی فەلسەفەی ئەخلاقی ئەوەوە. خۆپاراستن لە گوناحە زەمینیەکان و مەیخواردنەوە شوێنی گرینگیان ھەیە لە وانە ئەخلاقیەکانی کانت دا. باوەڕیشی بە تاک وەک لۆتر و کالوین لەسەر ئەو بڕوایە دامەزراوە کە ھەر تاکێکی مرۆڤ ڕێگای گەیشتن بە حەقیقەت بە خۆپاراستن لە ڕێچەوتیەکانی ژیانی مادی بەدەس دێنێ. بەڵام کانت لەسەر ئەوە داکۆکی دەکا کە ھیچ ئۆتۆریتەو دەسەڵاتێکی ئایینی ونائایینی نابێ بەسەر چارەنووس وھەڵبژاردنی سەربەستانەی تاکدا بسەپێت. ھەموو مرۆڤەکان خاوەنی بەھایەکی چوون یەک وبەرابەر و جیھانین و ھەر ئەم تێگەیشتنە بنەماییە کۆڵەکەی گشت بۆچوونە سیاسی و فەلسەفی ئەخلاقی وزانستیەکانی پێکدێنێ و شوێنێکی گرینگ دەدا بە ھزرەکانی لە سەرکەوتنی ئاوەز و مرۆڤگەرایی بەسەر نەزانی لەسەر زەمیندا. ئەگەر بمانەوێ وانە ئەخلاقیەکانی کانت لە چەن تێزی جەم وجۆردا کورت بکەینەوە دەکرێ بڵێین: ١- لەگەڵ کەسانی دی وا ھەڵسوکەوت بکە کە دەتەوێ لەگەڵ خۆت بیکەن. ٢- مرۆڤەکان ھەموویان جیا لە ڕادەی سامان و پلەی کۆمەڵایەتی و جنس وشتی لەو چەشنە خاوەن پلەی یەکسانن بەم بۆنەوە شایانی ئەوەن ھەڵسوکەوتی شیاوی مرۆڤانەو بێلایەنانەیان لەگەڵدا بکرێ. ٣- مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتی نە تەنیا خاوەن ماف بەڵکوو بەرپرسیارەتیشی ھەیە ولەبەر ئەوە رەفتاری یاسایی وڕێزدانان بۆ یاسا تەنانەت ئەگەر قبووڵیشت نەبێ بەرپرسیارەتیەکی ئەخلاقیە.

کانت لە ساڵی ١٧٩٦ەوە واتە ھەشت ساڵ بەرلە مەرگی دەسی لە وانەگوتنەوە کێشایەوەو لە ساڵەکانی کۆتایی ژیانیدا، ھانای لەش ووزەی بەرەو کەمبوونەوە چوو تا ئەو جێگای کە جاروبار ھاوڕێکانیشی وەبیر نەدەھاتەوە. ئاکام لە فێبریەی ساڵی ١٨٠٤ ژینی پڕبایەخی کۆتایی پێ ھات. تەمەنێک کە ھەمووی لە ڕێبازی گەڕان بەدوای حەقیقەت و ناسینی مرۆڤ و ڕێپیشاندەریدا رابوورد.

بەرھەمەکاندەستکاری

بنەمای مێتافیزیکی ئەخلاق

تاریخی سروشتی گشتی و تیۆری ئاسمانەکان

بیرکردنەوەگەلێک لە سەر هەڵسەنگاندنی ڕاستەقینەی هێزگەلی زیندوو

پێشەکیگەلێک بۆ هەموو مێتافیزیکەکانی داهاتوو

دین لە دەڤەری عەقلی تەنیا

ئاشتی پایەدار: پلەنێکی فەلسەفی

یاسای ئەخلاقی لە دەروونی مندا

مێتافیزیکی ئەخلاق

بنەماکانی مێتافیزیکی زانستگەلی سروشتی

ڕەخنە لە عەقڵی پراکتیک

ڕەخنە لە عەقڵی پەتی

ڕەخنە لە هێزی دادوەری