مافی دەنگدان بریتییە لەو مافەی دەوڵەت دەیدات بە ھاوڵاتیان و دانیشتووانی وڵاتەکە بۆ دەنگدان لە ھەڵبژاردنە گشتی و سیاسییەکان دا. لە زۆربەی وڵاتانی دیموکراسی دا، دەنگدەرانی خاوەن ماف دەتوانن لە ھەڵبژاردنی نوێنەرەکان دا دەنگبدەن لەگەڵ ئەو کێشانەی بە گشتپرسی چارەسەر دەکرێت. بۆ نموونە، ویلایەتی کالیفۆرنیا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ھەستاون بە فراوانکردنی مافەکانی ھاوڵاتیان و پێدانی مافی نووسین، وەڵامدانەوە و دەنگدانی گشتپرسی بۆ ھاوڵاتییەکانی لە کاتێک دا ویلایەتەکانی دیکە و حکوومەتی فیدراڵی ئەم جۆرە مافەیان بەردەست نەخستووە و کردەی گشتپرسی کردەیەکی دەگمەنە.

مافی دەنگدان دەدرێت بە ھاوڵاتیان کاتێک دەگەنە تەمەنی یاسایی دەنگدان. تەمەنی یاسایی دەنگدان بەندە لەسەر بڕیاری حکوومەتەکان. لە ھەندێک وڵات دا دانیشتووای وڵاتەکە دەتوانن دەنگ بدەن کە خاوەنی ڕەگەزنامە نیین بەڵام لە ھەندێک وڵاتی دیکە دانیشتووی بێ ڕەگەزنامە مافی دەنگدانیان نییە.

شێوازێکی دیکە لە دەنگدان بریتییە لە دەنگدانی ناچاریی کە تێیدا ئەوانەی شیاون بۆ دەنگدان دەبێت بەپێی یاسا دەنگبدەن و ئەم جۆرە لە دەنگدان لە ٣٢ وڵاتی جیھان دا پەیڕەو دەکرێت.[١][٢][٣]

دەنگدانی جیھانیدەستکاری

دەنگدانی جیھانی مافی دەنگدان پێکدەھێنت بەبێ سنووردارکردن یان گوێدانە ڕەگەز، نەژاد، ئایین، پێگەی کۆمەڵایەتی، ئاستی پەروەردە یان سەروەت و سامان. بەشێوەیەکی گشتی ئەم مافە درێژ نابێتەوە بۆ تەواوی دانشتوانی ناوچەیەک لەبەر ئەوەی ھێشتا جیاکاری و باری تایبەتمەند بوونیان ھەیە وەک خاوەندارێتی ڕەگەزنامە، تەمەن و ھەندێک جار باری سەلامەتی دەروونی و تاوانبارێتی.

کۆماری کۆرسیکا (١٧٥٥ – ١٧٦٩) کە تەمەنێکی کورتی ھەبوو، یەکەم وڵات بوو ھەستا بە پێدانی مافی دەنگدانی جیھانی سنووردار بۆ ھەموو ھاوڵاتییەکانی سەر تەمەنی ٢٥ ساڵان. لە ١٨٤٠ – ١٨٥٢ شانشینی ھاوای ھەستا بە پێدانی مافی دەنگدانی جیھانی بەبێ گوێدانە ڕەگەزی سێکسی ھاوڵاتییان.[٤]

مافی دەنگدانی ژناندەستکاری

بریتییە لە مافی ژنان کە ھەستن بە کردەی دەنگدان و ھەڵبژاردنی کەسێک یان لایەنێکی دیاریکراو. لە یەکەمین دەستووری ١٧٧٦ ویلایەتی نیوجێرسی دا ھەستا بە پێدانی مافی دەنگدان بۆ ژنە خاوەن زەوییە بێ مێردەکان و ڕەشپێستە خاوەن زەوییەکان. ھەروەھا (شانشینی ھاوای) ش لە ساڵی ١٨٤٠ دا ھەستا بە پێدانی مافی دەنگدان بە تەواوی ھاونیشتمانییە مێیەکانی وڵاتەکە. لە ساڵانی ١٨٦٠کان دا لە وڵاتانی سوید، بەڕیتانیا و لە ھەندێک ویلایەتە ڕۆژاوایییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا تا ڕادەیەک مافی دەنگدانی سنووردار بۆ ژنان دەستەبەرکرابوو. لە ساڵی ١٨٩٣دا نیوزەلەندای ئازادکراو لەژێر دەستەیی بەڕیتانیا بووە یەکەم وڵاتی ئازاد کە مافی دەنگدانی بۆ تەواوی ژنە پێگەیشتووەکانی وڵاتەکەی دەستەبەرکرد؛ و لە ساڵی ١٨٩٤دا ژنانی ویلایەتی باشووری ئوسترالیا توانیان ھەردوو مافی دەنگدان و مافی خۆ ھەڵبژاردن بۆ پەرلەمان بەدەست بھێنن.4

جیاوازییەکانی مافی دەنگداندەستکاری

لە ئەسینای کۆن کە زۆرجار وەک شوێنی ھاتنەکایەی دیموکراسی نوێ دادەنرێت، تەنھا ئەو ھاوڵاتییە نێرە پێگەیشتووانەی خاوەنی زەوی بوون مافی دەنگدانیان ھەبووە.

مافی دەنگدانی ژنان لەلایەن (ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان - United Nations' Human Rights Commission)ەوە لە یاسای نێودەوڵەتی دا چەسپ کرا. لە ساڵی ١٩٤٨ دا نەتەوە یەکگرتووەکان ھەستا بە پەیڕەوکردنی "ڕاگەیاندنی جیھانیی مافەکانی مرۆڤ - Universal Declaration of Human Rights " کە تێیدا بەندی ژمارە ٢١ دەڵێت: "(١) ھەموو کەسێک مافی ھەیە بەژدار بێت لە حکومەتی وڵاتەکەی دا بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان لەڕێی نوێنەرە ئازاد ھەڵبژێردراوەکانەوە. (٣) دەبێت ویستی خەڵکی بنچینەی دەسەڵاتی حکومەت بێت؛ ئەم ویستە دەبێت لە ھەڵبژاردنە خولیی و ڕاستگۆکان دا بەرجەستەببێت کە ھەڵبژردنەکانیش دەبێت لەڕێی دەنگدانی جیھانی و یەکسانەوە ئەنجامبدرێت."

(ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان - United Nations General Assembly) ھەستا بە پەسەندکردنی (ڕێکەوتنامەی مافە سیاسییەکانی ژنان - Convention on the Political Rights of Women) کە لە ساڵی ١٩٥٤دا چووە بواری جێبەجێکردنەوە کە بووە ھۆی جێگیرکردنی مافی یەکسان بۆ ژنان لە دەنگدان، وەرگرتنی پلەی پیشەیی و بەردەستبوونی خزمەتگوزارییە گشتییەکان بۆیان. دواین نموونەی پێدان و داننان بە مافەکانی ژن دا بۆ دەنگدان بریتیی بوو لە پێدانی مافی دەنگدانی تەواوەتی بە ژنان لە وڵآتی بوھتان لە ساڵی ٢٠٠٨ دا لەگەڵ ساڵی ٢٠١١ کاتێک شا عەبدوڵای شانشینی سعودیەی عەرەبی ڕێگەیدا ژنان لە دەنگدانی ناوخۆیی ساڵی ٢٠١٥دا بەژداربن.[٥][٦]

مێژووی مافی دەنگداندەستکاری

ئوستراڵیادەستکاری

  • لە ساڵی ١٨٥٥ دا ویلایەتی باشووری ئوسترالیا یەکەمین ناوچەی داگیرکراوی بەڕیتانی بوو کە ڕێگەبدات ھەموو ھاوڵاتیانی نێرینە دەنگبدەن کە تەمەنیان لەسەروو ٢١ ساڵییەوە بێت.
  • لە ساڵی ١٨٩٦ ژنان لە ویلایەتی باشووری ئوسترالیا مافی دەنگدانیان پێ بەخشرا.
  • لە ساڵی ١٨٩٦ دا تاسمانیا کۆتا ناوچەی داگیرکراوی بەڕیتانیا بوو کە مافی دەنگدانیدا بە ھەموو پیاوان.
  • لە ساڵی ١٨٩٩ دا ویلایەتی ڕۆژاوای ئوسترالیا مافی دەنگدانی دا بە ژنان.
  • لە ساڵی ١٩٠٢ دا بەپێی یاسا ڕێگەدرا ژنان لەسەر ئاستی ویلایەتی (نیو ساوس وەیلز) و فیدرالی دەنگبدەن. ھەروەھا ئەم یاسایە ڕێگەیدەدا ژنان خۆیان بپالێون بۆ پلە پیشەیییەکانی ناو حکوومەت کە ئوسترالیا یەکەم وڵاتی دیموکراتی بوو لە جیھان دا جۆرە یاسایییەکی لەو شێوەیەی ھەبێت.
  • لە ساڵی ١٩٢١ دا (ئیدس کۆوان) بۆ (ئەنجومەنی یاسایی ڕۆژاوای ئوسترالیا) ھەڵبژێردرا کە یەکەمین ژن بوو بۆ پەرلەمانی ئوسترالیا ھەڵببێژرێت.
  • ساڵی ١٩٦٥ ویلایەتی (کوینسلاند) کۆتا ویلایەت بوو کە مافی دەنگدان ببەخشێت بە ئوسترالییە ڕەسەنەکان.
  • ساڵی ١٩٧٣ تەمەنی یاسایی دەنگدان بۆ ھەموو دەنگدانە فیدراڵییەکان لە تەمەنی ٢١ ساڵانەوە بۆ تەمەنی ١٨ ساڵان کەم کرایەوە.[٧]

ویلایەتە یەکگرتووەکاندەستکاری

  • لە دەستووری سەرەتادا دیاری نەکراوە کێ دەتوانێت دەنگبدات و کێ ناتوانێت بەڵکو ئەوەی بەجێھێشتووە بۆ ویلایەتەکە بڕیاری لەسەر بدات. لە سەرەتای مێژووی ویلایەتە یەکگرتووەکان دا زۆرینەی زۆری ویلایەتەکان تەنھا ڕێگەی دەدا بە بەو پیاوا سپی پێستانە دەدا دەنگ بدەن کە خاوەنی زەوین کە ئەوەش دەیکردە نزیکەی لە ٦٪ دانیشتووانی گشتی. ھەتا ساڵی ١٨٥٦ لە تەواوی ویلایەتەکان دا داواکاری خاوەندارێتی زەوی بۆ دەنگدان لابرا و ھەموو پیاوێکی سپی پێست مافی دەنگدانی ھەبوو. دوای جەنگی ناوخۆیی وڵاتەکە، دەستوور پێنج ھەمووار کرایەوە کە بەڕوونی ئاماژەی بە «مافی دەنگدان» کرابوو تێیدا.
  • ھەمواری پازدەھەم (ساڵی ١٨٧٠): مافی دەنگدانی ھاوڵاتیانی ویلایەتە یەکگرتووەکان نابێت لەسەر ھیچ بنەمایەکی (نەژادی، ڕەنگی پێست، بارودۆخی پێشووتر و ئاستی کۆمەڵایەتی) ڕەتبکرێتەوە یان کەم بکرێتەوە لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکان یان ھەر ویلایەتێکی دیکەوە.
  • ھەمواری نۆزدەھەم (ساڵی ١٩٢٠): مافی دەنگدانی ھاوڵاتیانی ویلایەتە یەکگرتووەکان نابێت لەسەر ھیچ بنەمایەکی سێکسی ڕەتبکرێتەوە یان کەم بکرێتەوە لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکان یان ھەر ویلایەتێکی دیکەوە.
  • ھەمواری بیست و سێیەم (ساڵی ١٩٦١): دانیشتووانی ناوچەی کۆلۆمبیا دەتوانن دەنگبدەن بۆ سەرۆک و جێگری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکان.
  • ھەمواری بیست و چوارەم (ساڵی ١٩٦٤): ھەموو ھاوڵاتیانی ویلایەتە یەکگرتووەکان مافی دەنگدانیان ھەیە لە ھەر ھەڵبژاردنێکی سەرەکی یان ھەڵبژاردنێکی دیکە بۆ سەرۆک یان جێگری سەرۆک و نابێت مافی ھیچ پاڵێوراوێک بۆ (سەرۆک، جێگری سەرۆک، سیناتۆر یان نوێنەری ئەنجومەنی پیران) لەلایەن حکوومەت یان ھەر ویلایەتێکەوە ڕەتبکرێتەوە یان کورت بکرێتەوە بەھۆی پێنەدانی ھەر جۆر یان بڕێک باجەوە.
  • ھەمواری بیست و شەشەم (ساڵی ١٩٧١): ئەو ھاوڵاتیانەی ویلایەتە یەکگرتووەکان کە تەمەنیان لەسەرو ١٨ ساڵاوەیە، نابێت مافی دەنگدانیان بەھۆکاری تەمەن ڕەتبکرێتەوە یان کورتبکرێتەوە لەلایەن حکوومەتی فیدراڵی یان ھەر ویلایەتێکی دیکەوە.[٨]

پۆڵەندادەستکاری

  • لە یەکەم ڕۆژەکانی سەربەخۆیی دا لە ساڵی ١٩١٨ دا و دوای ١٢٣ ساڵ لە دابەشکردنی، مادی دەنگدان بۆ ژنان و پیاوان دەستەبەرکرا و لە ساڵی ١٩١٩ دا ھەشت ژن بۆ پەرلەمانی پۆلەندا ھەڵبژێردران.

لە ساڵی ١٩٥٢ تەمەنی دەنگدان بۆ ١٨ ساڵی کەم کرایەوە.

فینلەندادەستکاری

  • ساڵی ١٩٠٦، مافی دەنگدان بەخشرا بە تەواوی ھاوڵاتییانی پێگەیشتوو کە تەمەنیان سەرو ٢٤ ساڵانە.
  • ساڵی ١٩٢١، لابردن و ھەڵوەشاندنەوەی (دەنگدان لەسەر بنەمای ھەبوونی موڵک) لەسەر ئاستی پارێزگاکان و دابینکردنی مافی دەنگدانی یەکسان بۆ ھەموو کەسێک.
  • ساڵی ١٩٤٤، تەمەنی ڕێپێدراوی دەنگدان کەمکرایەوە بۆ ٢١ ساڵ.
  • ساڵی ١٩٦٩، تەمەنی ڕێپێدراوی دەنگدان کەمکرایەوە بۆ ٢٠ ساڵ.
  • ساڵی ١٩٧٢، تەمەنی ڕێپێدراوی دەنگدان کەمکرایەوە بۆ ١٨ ساڵ.
  • ساڵی ١٩٨١، مافی دەنگدان و شیاوی بەخشرا بە ھەموو ئەوانەی خاوەنی پاسپۆرتی و ڕەگەزنامەی (یەکێتی پاسپۆرتی نۆردیک) ن بەبێ مەرجی دانیشتوویی بۆ ھەڵبژاردنی پارێزگاکان.
  • ساڵی ٢٠٠٠، دەستووری فینلەندا لە بەشی ١٤ دا دەڵێت «ھەموو ھاوڵاتییەکی فینلەندی و ھەموو کەسێکی بیانی ھەمیشە نیشتەجێی فینلەندا کە تەمەنی گەیشتبێتە ١٨ ساڵ، مافی دەنگدانی ھەیە لە ھەڵبژاردن و گشتپرسی پارێزگاکان دا بەپێی ئاماژەپێکراوی یاساکە.»[٩]

فەڕەنسادەستکاری

  • ڕێکەوتی ١١ی ئابی ١٧٩٢، ناساندنی مافی دەنگدانی جیھانی (تەنھا پیاوان).
  • ڕێکەوتی ١٣ کانوونی یەکەمی ١٧٩٩، حکوومەتی فەڕەنسا ھەڵدەستێت بە دامەزراندنەوە و پێناسەکردنەوەی مافی دەنگدانی جیھانی و زیادکردنی ژمارەی کەسانی ڕێپێدراو بۆ دەنگدان لە ٢٤٦ ھەزار کەسەوە بۆ ٩ ملیۆن کەس.
  • ساڵی ١٨٥٠، ژمارەی کەسانی ڕێپێدراو بۆ دەنگدان بەڕێژەی لە ٣٠٪ کەمیکرد لەڕێی لابردنی مافی دەنگدانی تاوانباران و بێ ماڵان.
  • لە ٢١ی نیسانی ساڵی ١٩٤٤ مافی دەنگدانی جیھانی بۆ تەواوی ژنانی وڵاتەکە چووە بواری جێبەجێکردنەوە.
  • لە ٥ی تەممووزی ١٩٧٤دا کەمترین تەمەنی ڕێپێدراوی دەنگدان بۆ ١٨ ساڵان کەمکرایەوە.[١٠]

ھەنگاریادەستکاری

  • ساڵی ١٨٤٨، پەرلەمانی "شۆرشی ھەنگاریای ١٨٤٨" ھەستا بە ناساندنی مافی دەنگدان بۆ ئەو پیاوانەی لەسەرو تەمەنی ٢٠ ساڵییەوەن و چەند مەرجکی یاساییان تێدایە.
  • ساڵی ١٨٧٤، دووبارە ناساندنەوەی مافی دەنگدان و گۆرینی چەند مەرجێک تێیدا. بۆ نموونە گۆرینی مەرجی ھەبوونی سەروەت و سامان بۆ مەرجی پێدانی باج.
  • ساڵی ١٩١٨، پێدانی مافی دەنگدانی جیھانی بۆ ھەموو ئەوانەی تەمەنیان لە ٢٤ ساڵ زیاترە و توانای خوێندنەوە و نووسینیان ھەیە. ھەرچەندە ئەم یاسایە مافی دەنگدانی ژنانی پشتڕاست دەکردەوە بەڵام ژنان بەشێوەیەکی کردەیی نەیاندەتوانی ئەم مافە جێبەجێ بکەن ھەتا شۆرشی ساڵی ١٩١٩.

نەرویجدەستکاری

  • ساڵی ١٨١٣، دەستوور ھەستا بە پێدانی مافی دەنگدانی تەواوەتی بە پیاوە خاوەن زەوییەکان و ئەو کاربەدەستە فەرمییانەی تەمەنیان لە ٢٥ ساڵان زیاتر بوو.
  • ساڵی ١٨٨٥، مافی دەنگدان بەخشرا بەو پیاوانەی باجیان دەدا و بەلایەنی کەمەوە ٥٠٠ کرۆن باجیان دەدا.
  • ساڵی ١٩٠٠، مافی دەنگدانی جیھانی بۆ پیاوانی سەرو تەمەن ٢٥ ساڵ.
  • ساڵی ١٩٠١، بۆ ھەڵبژاردنە ناوخۆیی و ناوچەیییەکان مافی دەنگدان بەخشرایە ئەو ژنانەی تەمەنیان لە ٢٥ ساڵان زیاتربوو و باجیان دەدا یان لەگەڵ پیاوێک دا دەژیا کە پیاوەکە باجی دەدا.
  • ساڵی ١٩٠٩، مافی دەنگدانی تەواوی بەخشرایە ئەو ژنانەی تەمەنیان لە ٢٥ ساڵان زیاتربوو و باجیان دەدا یان لەگەڵ پیاوێک دا دەژیا کە پیاوەکە باجی دەدا.
  • ساڵی ١٩١٣، مافی دەنگدانی تەواوی بۆ ھەموو کەسێکی سەرو تەمەن ٢٥ ساڵ و یاساکە لە ھەڵبژاردنەکانی ١٩١٥ دا دەچووە بواری جێبەجێکردنەوە.
  • ساڵی ١٩٢٠، تەمەنی ڕێپێدراوی دەنگدان بۆ ٢٣ ساڵ کەم کرایەوە.
  • ساڵی ١٩٤٦، تەمەنی ڕێپێدراوی دەنگدان بۆ ٢١ ساڵ کەم کرایەوە.
  • ساڵی ١٩٦٧، تەمەنی ڕێپێدراوی دەنگدان بۆ ٢٠ ساڵ کەم کرایەوە.
  • ساڵی ١٩٧٨، تەمەنی ڕێپێدراوی دەنگدان بۆ ١٨ ساڵ کەم کرایەوە.

ھیندستاندەستکاری

بەپێی بەندی ژمارە ٣٢٦ لە دەستووری ھیندستان دا و لە یەکەمین ھەڵبژاردنی گشتی ھیندستان دا کە لە ساڵی ١٩٥١–١٩٥٢ بەڕێوەچوو، مافی دەنگدانی جیھانی بەخشراوە بە ھەموو ھاوڵاتییەکی سەرو تەمەن ٢١ ساڵ. دواتر لە ھەمواری ٦١ی دەستووردا تەمەنی ڕێپێدراو بۆ دەنگدان بۆ ١٨ ساڵ کەم کرایەوە.

سەرچاوەکاندەستکاری

  1. ^ "Who is eligible to vote at a UK general election?". The Electoral Commission
  2. ^ "Can I vote?". European Parliament Information Office in the United Kingdom
  3. ^ "Why Can Commonwealth Citizens Vote in the U.K. ? An Expat Asks". The Wall Street Journal. 27 April 2015. Retrieved 9 February 2016.
  4. ^ "Suffrage". Merriam-webster.com. 31 August 2012. Retrieved 21 June 2013.
  5. ^ Nohlen, Dieter, e al. (2001). Elections in Asia and the Pacific: South East Asia, East Asia, and the South Pacific. p.  14. Oxford University Press, 2001
  6. ^ A. Kulinski, K. Pawlowski. The Atlantic Community – The Titanic of the XXI Century. p.  96. WSB-NLU. 2010
  7. ^ "The New Jersey Constitution of 1776". Archived from the original on ٢١ی ئازاری ٢٠١٨. Retrieved 17 December 2006. Check date values in: |ڕێکەوتی ئەرشیڤ= (help) Archived ٢١ی ئازاری ٢٠١٨, لە وەیبەک مەشین.
  8. ^ "Opposition to Suffrage". History of U.S. Woman's Suffrage. Retrieved 4 April 2019.
  9. ^ "12 Cruel Anti-Suffragette Cartoons". mentalfloss.com. 21 June 2015. Retrieved 4 April 2019.
  10. ^ "CIA:The World Factbook". Archived from the original on 9 January 2008. Retrieved 22 May 2012. Archived ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٨, لە وەیبەک مەشین.