ژمارە شتێکی ماتماتیکییە کە لە ئەژماردن و پێوان و نیشانەلێداندا بە کار دەڕوا. سەرەتاییترین نموونەکانی، ژمارەگەلی خۆزایین، واتە ۱، ۲، ۳، ۴ و ھەر ئاوەھا.[١] نوێنەری ژمارە لە زماندا وشارەیە، واتە وشەیەک کە چەندایەتییەکی ژمارەیی وەسف دەکات. ھەر ژمارەیەک بە سیمبۆلێک نیشان دەدرێ کە پێی دەڵێن ژماراڵ. بۆ وێنە، «۵» ژماراڵێکە بۆ نواندن و نیشاندانی ژمارەی پێنج. لەبەر ئەوە کە تەنیا دەتوانرێ ژمارەیەکی کەم تا زۆر چکۆلە لە سیمبۆلەکان لە بەر بکرێن و لە مێشکدا ڕابگیردرێن، ئاسایییە کە ژماراڵە بنچینەیییەکان لە سیستمێکدا ڕێک بخرێن تا ڕێگایەکی ڕێکوپێک دروست بێت بۆ نواندن و نیشاندانی ھەر ژمارەیەک. باوترین سیستمی ژماراڵ، سیستمی ژماراڵی ھیندی-عەرەبییە کە ڕێگە دەدا ھەر ژمارەیەک بە بەکارھێنانی ئاوێتەیەک لە دە سیمبۆلی ژمارەیی، کە ڕەقەمیان پێ دەوترێ، بنوێنرێ و نیشان بدرێ.[٢] جیا لە ژماردن و پێوان، ژمارەکان زۆرجاران بۆ مۆرک لێدان (وەک ژمارە تێلێفۆن)، بۆ ڕیزبەندیکردن (وەک ژمارە سێریاڵ)، بۆ کۆدکردن (وەک ISBN) بەکار دەبرێن.

لە زانستی ماتماتیکدا، لە درێژەی ساڵان، پێناسەی ژمارە پەرەی سەندووە تاکوو ژمارەگەلێک وەکوو سیفر، ژمارە نەرێنییەکان، ژمارە ڕێژەییەکان، ژمارە ناڕێژەیییەکان و ژمارە ئاوێتەکان لەخۆ بگرێت.

جیاوازیی نێوان ژمارە و ژماراڵ و پێژماردەستکاری

ژمارە بژارە و ئەندازەیەکە، وێنەیەکی زەینییە کە لە دنیای دەرەوی زەیندا بوونی نییە، وەک ئایدیایەک وایە. بۆ نواندنی، واتە بۆ قسەکردن لەبارەیەوە یا بۆ نوسینی، سیمبۆلێ بە کار دێنین کە ناوی ژماراڵە. بۆ نموونە، بۆ نواندنی ژمارەی چوار دەتوانین ژماراڵەکانی «۴» یا «4» بە کار بێنین. بەڵام لە جێی ئەوە دەکرێ چوار قامکی دەست بەرز کەینەوە یا چوار جار پێ لە عەرز بکوتین. یانی بۆ ئاماژە بە ھەمان ژمارە ڕێگایەکی تر بگرینە بەر. ھەروەھا ھەندێ ژمارەی تایبەت ھەن کە بەتەواوەتی لە نووسین نایێن، وەک ژمارەی پای(درێژیی کەمەرەی بازنە لە حاند درێژیی کۆتەرەکەی) بەڵام ژمارەن چون ئێمە ئایدیاکەی پشتەوەیان دەزانین کە چییە. کەوابوو، ژمارە ئایدیایەکە و ژماراڵیش چۆنیەتیی نووسینی ئەو ئایدیایە. پێژمار یا ڕەقەم سیمبۆلێکی تاقانەیە بۆ دروستکردنی ژماراڵ. بۆ وێنە ژماراڵی ۱۵۳ لە سێ پێژماری «۱» و «۵» و «۳» دروست بووە.[٣]

گرنگایەتیی کولتووریی ژمارەدەستکاری

لە سەرانسەری دنیا، ژمارەکان بێجگە کەڵک و سوودیان لە بەجێھێنانی کاروبارەکاندا لە باری کولتووریشەوە گرنگایەتی و کاریگەریییان ھەیە. بۆ نموونە، لە زۆر وڵاتدا ژمارەی ۱۳ بە بەدودم و ناموبارەک دەزانرێ، یان یەک ملوێن نیشاندەری ھەندێکی زۆر گەورەیە.[٤][٥] لە فۆلکلۆری کوردیشدا ھاتووە کە «جوانی به دینم جوانی / بە ملوێنێک ھەرزانی». یان ژمارەی ۷ لە کۆنەوە بۆ زۆر گەلی جیھان جێی سەرنج بووە و گرنگایەتیی تایبەتی پێ دراوە. بەگشتی باوەڕدار بوون بە نیشانەگەلی جادوویی یا مەعنەویی ژمارەکان ژمارەناسیی پێ دەوترێ. بەڵام ئەم جۆرە قسە و باوەڕانە لە دنیای ئەمڕۆدا بە زڕزانست (زانستی درۆینە) حیساب دەکرێن.

سەرچاوەکاندەستکاری

  1. ^ "number, n.", OED Online, Oxford University Press, retrieved 2021-12-11
  2. ^ "numeral, adj. and n." OED Online. Oxford University Press.
  3. ^ "Numbers, Numerals and Digits". www.mathsisfun.com. Retrieved 2021-12-14.
  4. ^ Gilsdorf, Thomas E. Introduction to Cultural Mathematics: With Case Studies in the Otomies and Incas, John Wiley & Sons, Feb 24, 2012.
  5. ^ Restivo, S. Mathematics in Society and History, Springer Science & Business Media, Nov 30, 1992.