لواوی (فەلسەفە)

پێگەی قەزیەی نە ھەمیشە ڕاست و نە ھەمیشە درۆ

لە فەلسەفە و بە تایبەت لە لۆژیکدا، لواوی یا ڕێتێچوویی یا ئیمکان دۆخی نێوان پێویستبوون (زەروورەت) و مەحاڵبوونە. فەیلەسووفان، لە کۆنەوە، دوو جۆر ئیمکانیان لێک جیا کردووەتەوە: ئیمکانی گشتی، کە بە ئینگلیزی پێ دەڵێن possibility و، ئیمکانی تایبەت، کە بە ئینگلیزی پێ دەڵێن contingency. کە دەڵێن شتێ مومکینە بە ئیمکانی گشتی، یانی ئەو شتە مەحاڵ نییە، بەڵام، دەتوانێ زەرووری و پێویست بێ. کە دەڵێن شتێ مومکینە بە ئیمکانی تایبەت، یانی ئەو شتە مەحاڵ نییە، بەڵام، لە ھەمان کاتدا، پێویستیش نییە. شتێ کە contingent-ە (ئیمکانی تایبەتی ھەیە) نە مەحاڵە و نە پێویستە.[١] کاتێ وشەی ئیمکان یا لواوی بەتەنیا بە کار بچێ و، گشتیبوون یا تایبەتبوونی دیاری نەکرابێ، مەبەست لێی ئیمکانی تایبەتە.[٢]

لواوی یا ئیمکان لە نێوان پێویستی و مەحاڵبووندا

قەزیەگەلی لواو یا ڕێتێچوو

دەستکاری

ئەگەر قەزیەیەک لە ھەموو ھەلومەرجە شیاوەکاندا دروست بێ، دەڵێن ئەو قەزیەیە پێویستە. «ھەرکەس کە شووە، ژنی خواستووە» وەھا قەزیەیەکە. ئینسان ناتوانێ ھیچ ھەلومەرجێ تەسەوور بکا کە ئەم قەزیەیە تیا دروست نەبێ، ئەڵبەت بەو فەرزە کە وشەکانی «شوو» و «ژنخواستن» ھەر ئەو مانای ئاسایییانە بێ. بە پێچەوانەوە، قەزیەی «قاز سپییە» ھەمیشە ڕاست نییە. تەسەوورکردنی ھەلومەرجی وا کە تێیدا قاز ڕەش یا خۆڵەمێشی یا ھەر ڕەنگێکی تر بێ، زۆر ئاسانە. بەم جۆرە قەزیانە دەڵێن قەزیەگەلی لواو یا ڕێتێچوو یا مومکین.[٣]

لواویی لۆژیکی و لواویی ئەزموونی

دەستکاری

لواویی یا ڕێتێچوونی لۆژیکی تەنیا کاتێ دێتە پێشەوە کە تێگەیشتەی شتێ تایبەتمەندیگەلی ناتەبا لەگەڵ یەکتری تیا نەبێ. بۆ وێنە، تێگەیشتەی بازنەی چوارگۆش لە ڕووی لۆژیکییەوە مەحاڵ و دەستنەداوە، بەڵام تێگەیشتەی تەنێک کە بەبێ تێپەڕین لە ھەموو خاڵە ناوبژییەکانی نێوان، لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر بڕوا، ناتەباییی لۆژیکیی تیا نییە، بەڵام لە ڕووی ئەزموونییەوە مەحاڵ و دەستنەداوە. لە بەرامبەردا، تێگەیشتەی کێوێک لە زێڕ ھەم لە ڕووی لۆژیکییەوە ڕێی تێدەچێ و ھەم لەگەڵ ھەلومەرجەکانی ئەزموونیشدا دەگونجێ.[٤]

سەرچاوەکان

دەستکاری
  1. ^ «Necessity (and Contingency)». metaphysicist.com. لە ١٧ی نیسانی ٢٠٢٤ ھێنراوە. Contingency is the idea that many things or events are neither necessary nor impossible{{cite web}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: ڕەوشی ناونیشان (بەستەر)
  2. ^ «امکان Possibility | دانشنامە پژوھە پژوھشکدە باقرالعلوم». pajoohe.ir. لە ١٧ی نیسانی ٢٠٢٤ ھێنراوە. ھنگامی کە واژە امکان در فلسفە بدون ھیچ قیدی بکار میرود، منظور از آن «سلب ضرورت وجود و عدم» میباشد کە «امکان ماھوی» نامیدە میشود و بە جھتِ تقابلش با معنای دیگری از امکان کە «امکان عام» نامیدە میشود بە آن «امکانِ خاص» گفتە میشود.{{cite web}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: ڕەوشی ناونیشان (بەستەر)
  3. ^ «Epistemology - A Priori, A Posteriori, Knowledge | Britannica». www.britannica.com (بە ئینگلیزی). لە ١٨ی نیسانی ٢٠٢٤ ھێنراوە.
  4. ^ Hartnack، Justus. Kant's theory of knowledge. لەلایەن Hartshorne، M وەرگێڕدراوە. p. 67.