مەولانا خالیدی نەقشبەندی

مەلا شێخ خالیدی شارەزووری ناسراو بە مەولانا خالید (لەدایکبووی ٧ی حوزەیرانی ١٨٢٧–مردووی ١٧٧٩) کە نازناوی «ضیاءالدّین» و «ذی الجناحین» یشی ھەبووە، گەورەزانای ئاینیی کورد بووە کە لە ھیندستان لای شا عەبدوڵڵا دیھلەوی فێری تەریقەتی نەقشبەندی دەبێ و دەگەڕێتەوە بۆ کوردستان و عێراق و پەرە بەو تەریقەتە دەدات. لە یادی ١٨٢ ساڵەی مەولانا خالید، لە ٢٧ی نیسانی ٢٠٠٩دا دیدارێکی جیھانی لە سلێمانی بەڕێوە چوو.[١] بە فارسی و کوردی شێعر و پەخشانی لێ بەجێ ماوە.[٢] زۆربەی شێعرە کوردییەکانی بە گۆرانین.

مەولانا خالیدی نەقشبەندی
لەدایکبوونخالید ئەحمەد ئاغا حوسەین
(١٧٧٩-0٦-0٧) ٧ی حوزەیرانی ١٧٧٩
قەرەداغ
مەرگ١٨٢٨
شام
نەتەوەکورد
ئایینئیسلام

ژیاندەستکاری

مەولانا خالید کوڕی ئەحمەد ئاغا کوڕی حوسەینە و لە تیرەی جافی مکایلییە. دایکی ناوی فاتمەیە و لە سەییدەکانی پیر خدرییە. لە ساڵی ١١٩٣ ی کۆچی‌دا لە شارۆچکەی قەرەداغ لە دایکبووە و بە منداڵی ھەر لەوێ خوێندوویەتی. لە تەمەنی لاوێتییدابە فەقێیەتی چووە بو سلێمانی و لە لایەن شێخ محەممەد قەسیمی سنەیی ئیجازەی وەرگرتوە. کاتێ سەیید عەبدولکەریمی بەرزنجی مامۆستای خۆی لە ساڵی ١٢١٣ دا، کۆچی دوایی دەکا، مەولانا بە فەرمانی عەبدوڕەحمان پاشای بابان لە جێی دادەمەزرێ و دەست دەکا بە دەرس وتنەوە و ناوبانگ دەر دەکا. لەو ماوەیەدا کە خەریکی تەدریس بووە، ھەمیشە موشتاق بووە مورشدێکی ڕۆحی بدوزێتەوە و تەسەووفی لێ وەربگرێ.

مەولانا و تەسەوفدەستکاری

مەولانا لە ساڵی ١٢٢٠ دا لە ڕێگای شامەوە دەچێ بۆ حەج. کەسێک لەو سەفەرەدا تێی دەگەیەنێ کە بۆ فێربوون تەسەووف دەبێ بچێ بۆ ھیندستان. ماوەیەک دوای گەڕانەوە لە حەج بەرو ھیندستان بە ڕێ دەکەوێ، لە ڕێگای تاران و خۆراسانەوە دوای پتر لە ساڵێک دەگاتە دیھلی و شا عەبدوڵڵا دیھلەوی لە گەورەکانی تەسەووف دەبینێ. لە ماوەی پێنج مانگدا ئەوندە لە لای شا عەبدوڵڵا خۆشەویست دەبێ کە کەس بە پایەی ئەو ناگا. دوای سەرکەوتن لە پلە و پایەکانی تەریقەت، شا عەبدوڵڵا ئیجازەی ئیرشادی لە ھەر پێنج تەریقەتی نەقشبەندی، قادری، سوھرەوەردی، کوبرەوی و چەشتیدا پێ دەدا و دوای ساڵێک بە فەرمانی شا عەبدوڵڵا دەگەڕێتەوە بۆ کوردستان. لە سالی ١٢٢٦ دا دەگاتەوە سلێمانی. پاش ماوەیەک حەسانەوە دەچێ بۆ بەغدا و پێنج مانگ لە بارەگای غەوسی گەیلانیدا دەمێنێتەوە و دیسان دەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی، ئەمجار دەست دەکا بە ئیرشادی موسوڵمانان بۆ تەریقەتی نەقشبەندی. ھاوینان چووە بو ھەورامان و ھەر لەو سەفەرانەدا شێخ عوسمان سیراجەددین بە خزمەتی گەییوە و خەریکی سولوکی تەریقەت بووە.

مەولانا لە سالی ١٢٢٨ی کۆچی‌دا بۆ جاری دووھەم چووتە بەغدا و دوای چەند ساڵ گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی و ماوەی شەش ساڵ لەوێ ماوەتەوە. لە ئاخردا دەبینێ کە دۆخی سلێمانی بە ھۆی کێشە و ناکۆکی لە ناو بابانەکاندا ناخۆش بووە و لە سالی ١٢٣٦دا بۆ جاری سێھەم دەچێ بۆ بەغدا، دوای دوو ساڵ مانەوە، بەرەو شام بەڕێ دەکەوێ و لە ساڵی ١٢٣٨ی کۆچیدا دەگاتە ئەوێ.

دوای حەسانەوە لە شام، بە مەبەستی زیارەت، سەفەرێکی قودس دەکا. لەوێش زۆر لە زانایان و پیاوماقووڵان و خەڵکی تر دەبن بە موریدی. کە لە قودسەوە بۆ شام دەگەڕێتەوە تا ساڵی ١٢٤١ خەریکی دەرس گوتنەوە بە فەقێکان دەبێ. لەو ساڵەدا دیسان سەفەری حەج دەکا.

ساڵێک دوای گەڕانەوە بۆ شام، واتا لە سالی ١٢٤٢ی کۆچیدا، شەوی چوارشەممە ١١ی مانگی ذی‌القعدە تووشی نەخۆشی تاعوون دەبێ و لە شەوی جومعە سێزدەی ھەمان مانگدا لە نێوان نوێژی شێوان و خەوتناندا ژیانی کۆتایی پێدێ.

بەرھەمەکاندەستکاری

مەولانا، کتێبی زۆری نووسیوە و ھەروەھا بە کوردی و فارسی و عەرەبی شیعری گوتوە کە زۆربەی شیعرەکانی پاڕانەوە لە خوا و پێغەمبەر و مەدحی پیاوچاکانن. لە نموونەی شیعرەکانی مەولانا خالید کە پیرەمێردی شاعیر وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی، ئەم پارچەیە خوارەوەیە:

مژدە ئەی یاقوبی دڵ وا یوسفی کەنعان گەیشت بۆ خەمی بێ ئینتیھای دووری، دەمی پایان گەیشت
بێرە دواوە، گیان لەسەر لێوم کە یاری نازەنین ھەروەکو عیسای مەریەم بۆ عیلاجی گیان گەیشت
کێوی خەم، با، با، لەناوی با، ئەوا بادی صەبا ھات لە تەکیا بۆنی تۆزی مەقدەمی جانان گەییشت
دڵ کە گیرابوو لەداخی دووری یا ڕزگاری بوو چونکو دەنگی پێکەنینی ئەو گوڵی خەندان گەییشت
(خالبد!) ئەی مورغی گوڵستانی وەفا، ناڵەت نەبێ وا بەھار بۆ گیانی سەرما بردەڵەی زستان گەییشت

ستایش بۆ مەولانا خالیددەستکاری

شاعیری گەورە و لوتکەی شیعری کوردی (مەحوی) لە یەکێک لە قەسیدە ناوازەکانیدا وەسف و ستایشی مەولانا خالید دەکات، ئەمەی خوارەوە چەند دێڕێکی ئەو قەسیدەیەی مەحوییە لە ژێر ناوی (ستایشی مەولانا خالید):

دڵم ئەمشەو نەخۆشی نیسبەتی چاوێکی بیمارە جگەر غەڵتانی خوێنی حەسەتی لێوێکی خونخوارە
سەرم شێواوی شێوەی فیتنە ھەڵگرسێنی شۆخێکە حەواسم تەفرەقەی عیشوەی دڵ ئاشووبێکی عەییارە
خەیاڵی زوڵفی دەرناچێ لە دڵ تا دەرنەچێ ڕۆحم سپێراوە خەزێنەی بەختی ئێمە بەو سیامارە
لە شینی فیرقەتی ئەودا ئەوەندە ئەشکی سوورم ریت بەدەوری جێگەما تا بڕ دەکاتن دیدە، گوڵزارە
لە بۆ سەیرانی باغ و سەبزە تەکلیفم مەکەن یاران کە سەبزە و گوڵ لە چاومدا بەبێ ئەو ھەر خەس و خارە
نەمامی قامەتی پەروەردەی ئاوی دیدەکەی من بوو کەچی گوڵچینی باغی وەسڵی ئەو ئێستاکە ئەغیارە

سەرچاوەکاندەستکاری

  1. ^ دیداری مەولاناخالیدی شارەزوری نەقشبەندی بەرِێوەچوو Archived ٢ی ئایاری ٢٠٠٩, لە وەیبەک مەشین.، پەیامنێر
  2. ^ Malmisanij, M. (2006). The past and the present of book publishing in Kurdish language in Turkey. Istanbul. 
  • ڕۆحی مەولانا خالید، دیوانە شیعر، وەرگێڕانی/ پیرەمێرد، ئامادەکردن و لێکۆڵینەوەی/ مەحمود ئەحمەد محەممەد
  • دیوانی مەحوی، لێکۆڵینەوە و لێکدانەوەی؛ مەلا عەبولکەریمی مودەریس و موحەممەدی مەلا کەریم
  • ژیاننامەی حەزرەتی مەولاناخالید، بڵاگی تەسەوف و تەریقەتی نەقشبەندی
  • مەولانا خالیدی نەقشبەندی، وێبگەی سەرفرازان

خوێندنەوەی زۆرتردەستکاری