ھەورامان

دەڤەرێک لە باشوور و ڕۆژھەڵاتی کوردستان

ھەورامان یان ھۆرامان ناوچەیەکی شاخاوی و گەشتیاریی کوردستانە کە لە نێوان پارێزگاکانی کرماشان و کوردستانی ئێران و پارێزگای ھەڵەبجە عێراق ھەڵکەوتووە. ھۆرامان لە بواری فۆلکلۆرەوە زۆر دەوڵەمەندە و خاوەنی مۆسیقا و جلوبەرگی تایبەتە.

هەورامان
هۆرامان
ناوچە
گوندی تەوێڵە لە هەورامانی عێراق.
گوندی تەوێڵە لە هەورامانی عێراق.
ڕووبەر
 • سەرجەم١٠٬٣٢٠ کیلۆمەتری چوارگۆشە (٣٬٩٨٠ میلی چوارگۆشە)
ژمارەی دانیشتووان
 • سەرجەم٧٥٠،٠٠٠ بۆ ١،٠٠٠،٠٠٠ [١]
وێبگەhttp://www.hawraman.com

زۆربەی خەڵکی ھۆرامان بە زمانی کوردی و شێوەزاری ھۆرامی قسەدەکەن. پاوە و نۆتشه (نۆدشه) و تەوێڵە و بیارە و هەورامانی تەخت ناوەندە شارییەکانی ھۆرامانن. ڕێژەیەکی زۆری ھۆرامییەکان ئێستا لە شارەکانی دیکەی کوردستان وەک مەریوان، ھەڵەبجە، سنە، کرماشان، سەوڵاوا، کانیدینار و کامیاران نێشتەجێ بوونە. لە ٢٧ی جولا ٢٠٢١ ھەورامان لە لایەن میراتی جیھانیی یوونێسکۆ خرایە ناو پێڕستی شوێنەوارە جیھانییەکانەوە.[٢]

جوگرافیا

دەستکاری

ھۆرامان لە چەند بەش پێکھاتووە کە بریتین لە: ژاوەرو، گاوەرو، ڕەزاو و کەمەرە، لھۆن، دزڵی ، هەورامانی تەخت. [٣][٤]


کەش و هەوا

دەستکاری

لەبەر بەرزی شوێنی ناوچەی هەورامان ئاو و هەوایەکی دڵگیر و خۆشی هەیە لە بەهار و هاویندا بەڵام پاییز و زستانەکەی زۆر ساردن.

بەهاری هەورامان

دەستکاری

باراناوییەکی خۆشە و تەڕ و پاراوە و بوکێکی ڕازاوەی جوان و دڵفڕێنە. خەڵکی هەورامان لە بەهاردا زۆر سەرقاڵن بە ئیش و کاری باخەکانیانەوە ، بە تایبەت باخەوانەکانیان خەریکی تەڵان چاککردن و نەمام ناشتن و تۆو وەشاندنن.[٥]

هاوینی هەورامان

دەستکاری

پلەی گەرمای لە نێوان (٢٥-٣٥) پلەدایە. هەروەها بەهۆی دار و درەخت و کانی و کارێز و چاڵە بەفرەکانیشەوە ، بووەتە هاوینە هەوارێکی قەشەنگ و جوان و فێنک. هەروەها لە هاویندا خەڵکەکەی بە بەخێوکردنی ئاژەڵ و باخەکانیانەوە خەریکن. لای هەورامی دوو پەند زۆر بڵاوە دەربارەی هاوین دەڵێن (تەوەنە ڕەق و هامنی پەی زمسانی مشیو) واتە : بەردە ڕەقەی هاوین لە زستاندا سوودی هەیە. یان بە ناوەڕاستی هاوین دەڵێن : (مانگە و دوانزە مانگەی) واتە: لەم مانگەدا ئیشی دوانزە مانگ دەکرێ.[٥]

پاییزی هەورامان

دەستکاری

پاییزەکەی دوور و درێژە بەهۆی گەڵا ڕێزانی باخەکانیەوە دڵگیری و خەمناکیەک دەدات بە دەڤەرەکە. لە سەرەتاکەیەوە خەڵکی ناوچەکە خەریکی کۆکردنەوەی بەروبووم و هێنانەوەن بۆ ماڵەکانیان.[٦]

زستانی هەورامان

دەستکاری

لەم وەرزەدا بارانێکی زۆر دەبارێت و ، لە مانگی بەفرانبار و ڕێبەنداندا یەک پارچە ناوچەکە سپی دەکاتەوە بە بەفر. پلەی گەرماش دادەبەزێت بۆ (١٠-٢٠) پلەی ژێر سفر. خەڵکی گوندەکانی هەورامان ، بەهۆی سەرما و بەفرەوە لە زستاندا ناتوانن ئیش و کار بکەن ، بەڵکو هەندێ جار هاتووچۆی نێوانیان دەبڕێت ، بە تایبەت ئەوسا ، بەڵکو ئاژەڵەکانیان لەم وەرزەدا ناتوانن بێننە دەرەوە ، بۆیە لە هاوین دا دەبێت ئەوەندە (گرزە و ئاڵف و ئالیک) کۆبکەنەوە ، بەسی ئەو ماوە زۆرەی ئاژەڵەکانیان بکات. بێگومان ئەمەش ئەرکێکی زۆر قورسە بۆ بەخێوکردنی ئاژەڵ. بۆیە لەم ساڵانەی دواییدا زۆرێک لە لادێکانی هەورامان بە کاسپی و بازرگانیەوە خۆیان خەریک کردووە ، لە ڕووی مادییەوە وەزعیان زۆر باش بووە بەهۆی مەرزەکانەوە.[٦]

خاکی هەورامان

دەستکاری
 
ناوچەی هەورامان شوێنێکی جوگرافی گونجاوە بۆ گەشەکردنی داری گوێز هەر لەبەر ئەوە خەڵکی ئەم ناوچەیە زۆر گرنگی بەم دارە دەدەن و ساڵانە بڕێکی زۆر بەرهەم دەهێنن.

هەورامان ناوچەیەکی کوردییە و لە ناو جەرگەی کوردستانە ، پڕیەتی لە شاخ و داخ و چیا و دۆڵ و نشێو ، چەندەها دەربەند و نواڵە و کەمەر و مای تێدایە ، دەشتایی و تەختایی زۆر کەمە شاخ و چیاکانی هەورامان درێژبوونەوەی زنجیرە شاخەکانی (زاگرۆس)ن بەرزی شاخەکانی لە نێوان (١٢٧٠-٣٣٩٠م)دان، سروشتی خاکەکەی وای کردووە :

  • زەوی و زاری گونجاوی کەم بێت بۆ کشتوکاڵ و کشتیاری و بە تایبەت بۆ دانەوێڵە ، کومسایی (ئیکتیکافی زاتی) خەڵکەکەی نەدات.
  • بە زەحمەت و ڕەنجێکی زۆر بتوانن لە و شاخ و داخە ، زەوی و زار ڕێک بخەن بۆ کشتوکاڵ و باخ و باخات ، لەبەر ئەمەشە کە باخەکانیان خۆشەویستن لەلایان ، وە خەڵکەکەشی بە زەحمەتکێش بەناوبانگن.[٧]
  • گوند و شارۆچکەکانی بەرین و گەورە نەبن ببنە شار ، ئەمەش بووەتە هۆی کۆچکردنی خەڵکەکەی. چونکە گەورەبوونی شار ، لەسەر دوو هێڵە (ئاسۆیی و ستونی) یەکەمیان زیاتر پەیوەندی بە سروشتی خاک و ناوچەکەوە هەیە ، دووەمیان ستونییە کە زیاتر پەیوەندی بە لایەنی ئابووری و تەکنۆکراتی و میعمارییەوە هەیە ، کە بۆ ناوچەیەکی وەک هەورامان کەنارگیرە.
  • بووەتە هۆی لێک دابڕانی لادێکان ، لەناو خۆیاندا و لە نێوان بەشەکانی تری کوردستانیشدا ، هەر بۆیە : لە هەندێ ڕووەوە ، جیاوازی هەست پی دەکرێ ، لە ڕووی جۆری ژیان و خواردن و پۆشاک و نەریت و ، بە تایبەت لە ڕووی زمانەوە وای لێ هاتووە کە زۆربەی ڕۆژهەڵاتناس و هەندێ لە زمانناسی ناوەوەش بە زمانێکی سەربەخۆی لە قەڵەم بدەن.[٨]

بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا هەورامان هەر لە دێر زەمانەوە بەوە ناسراوە کە پڕە لە گوێز جێگیر و بە ئارام بووە لەسەر خۆ ڕاهێنانی خۆی و خۆ گونجاندنیدا و هەرگیز گەرمیان و کوێستانی نەکردووە وەک لە بەشی (عشائر لوء السلیمانیة) دا ئەڵێت : ژمارەی خێزانەکانی هەورامان (٤٠٠٠) بوون و ڕێگا و ڕەویەی ژیانیان جێنشینی بووە و ، کۆچەر نەبوون ، کە ئەم ڕایە هەڵبژێردراوی کتێبەکەی (د.شاکر خەصباک)ە بە ناوی (الأکراد /لاپەڕە ١٧٢) ، کە (مارک سایکس) ئەم ئامارەی بۆ سەرەتای سەدەی بیستەم کردووە.

ھەورامان مێژوویەکی زۆر کۆنی ھەیە و جێگای شەڕ و کێشە و کێبەڕکێ بووە، بەتایبەت لە دەورانی حاکمانی نێوخۆیی و دەسەڵاتی حکوومەتی بابانەکان، ئەردەڵانەکان، ھێرشی قزڵباش، عوسمانی و سەفەوی، ھەمیشە مەیدانی بەربەرەکانی بووە.

سانەکانی ھەورامان

دەستکاری

سانەکانی ھەورامان ناوی حکوومەتێکی کوردییە کە لەسەر ناوچەی ھەورامان حکوومەتیان کردووە. ئەو حکوومەتە لە ھەڵمەتی پاشایەتیی ئێران بۆ سەر کوردستان لە ساڵی ١٩٣١ کەوتە بەر ھێرش و داکەوت. ناوی زۆرینەی سانەکانی ھەورامان لە خوارەوە نووسراوە:[٩]

ناوی فەرمانڕەوا ساڵ کاتی فەرمانڕەوایی یان ژیان
بەھمەن بەگی یەکەم کوڕی ئەسفەندیار کوڕی کوشتاسب کوڕی لۆھراسپ. ٦٠٢-٥٣٣ پ.ز فەرمانڕەوایی
بەھمەن بەگی دووەم ٤٦٤-٢٤٢ پ.ز ژیان
بەھمەن بەگی سێیەم ٩٩٧-١٠٥٢ ز فەرمانڕەوایی
باریە بەگی کوڕی بەھمەن بەگی سێیەم ١٠٥٢-١١٠٩ ز فەرمانڕەوایی
میر جەلالەدینی کوڕی باریە بەگ ١١٠٩-١٢٠٨ ز ژیان
میر سەعید جیاشا کوڕی میر جەلالەددین ١٢٩٨-١٣٩٦ ژیان
سلێمان بەگی یەکەم کوڕی میر جیاشا ١٣٩٦-١٤٩٢ ژیان
بارام میرزا بەگی کوڕی سلێمان بەگی یەکەم ١٤٩٢-١٥٧٧ ژیان

نژیاروانیی ھەورامان

دەستکاری
 
وێنەیەک لە مزگەوتی ھەورامان تەخت، نموونەیەک لە نژیاروانیی ھەورامان

بڕێک لە ناوچەکانی ھەورامان نژیاروانییەکی تایبەتیان تێدایە و تا ئەمڕۆش شێوەی کۆنی تەلارسازیی خۆیان پاراستووە.[١٠] ماڵەکان لە ھەوراماندا لە بەرد و چێوی درەختی گوێز دروست دەکرێن و بە کار هێنانی بەرد بووە بە هۆی ئەوەوە کە تاقی زۆر لە خانووەکاندا ببینرێت.

مۆسیقای ھەورامان[١١][١٢]

دەستکاری

گەر بە چاوێکی ورد ببینە بڕوانین بۆ لە دایکبوونی گۆرانی و سیاوچمانەی ھەورامی ئەوا ئەگەڕێینەوە بۆ مێژووی ھەورامییەکان کە ڕەنگە وەک مێژووی گەلی کورد گۆڕانکاری و ئاڵو گۆڕی زۆری بەسەردا ھاتبێ، خاوەن ڕایان پێیان وایە ئاواز و گۆرانی لە گڤەی باو باران و خوڕەی کانی و قرمە و ھاژەی چەم و ڕووبار و نەعرە و لوورەی بوونەوەرانەوە سەرچاوەی گرتووە. بە ھۆی ئەو تایبەتمەندییانەوە وە ھەروەھا بەھۆی چیا و ئەشکەوت و چەم و دۆڵی عەجایب و و مۆسیقای سروشتەوە مرۆڤی ھەورامی لە کاردانەوە و پاشان لاسایی کردنەوەی ئەو دەنگانەدا گونجانیکی لە نێوان داھێنانی خۆی و دیاردە سروشتییەکاندا دروست کردووە ئەم حاڵەتە وردە وردە لە خۆشی و ناخۆشییەکانیدا ڕەنگی داوەتەوە بۆیە دەتوانین بڵێین گۆرانی و مرۆڤ لەگەڵ یەک خولقاون، لەم پەیوەندییەدا بەڵگە مێژوویەکان ئەمانبەن بۆ دەورانی پێش ئیسلام و بگرە ساسانیەکان، وەک لە لاپەرەکانی مێژوودا تۆمار کراوە کوردەکان بە دوای گرتنی نەینەوا لە خۆشیدا ئاھەنگی ساز ئەکەن و بەریتمێکی خۆش و بە ئاوازێکی سەیرەوە دەستی یەک دەگرن و سەما دەکەن بەمەش بۆ یەکەمین جار ھەڵپەرکی و جۆرە گۆرانییەک کە دەکرێ بە بناغەی گۆرانی کوردی دابنرێت دێتە ئاراوە، لە بواری گۆرانی ھەورامییەوە یان ئەو گۆرانیانەی کە لە گەروودا ئەوترێ واتە (vocal musical).

گۆرانی زۆر کۆنتر و لە پێشترە لە ئامێرەکانی مۆسیقا، وە لە دەستپێکی ژیانی مرۆڤایەتی سەریھەڵداوە، مرۆڤ ھەر لە منداڵییەوە و لە سەرەتای زمان پژانیەوە واتە کاتی ئەکەوێتە گڕو گاڵ ئیتر وردە وردە ئاوازی پچڕ پچڕ بۆ خۆی ئەڵێت یان لاسایی ئەو دەنگانە ئەکاتەوە کە گوێی لێیان ئەبێت، بۆیە دەستنیشانکردنی ساڵێکی دیاری کراو یان سەردەمێک بۆ مێژووی گۆرانی ھەورامی زۆر سەخت و دژوارە، ئەگەر بیروڕای خاوەن قەلەمەکان بێنینە گۆڕێ ڕەنگە باسەکە دەرفەتێکی زۆرتری بوێت. بەڵام بۆ نموونە کاک دکتۆر موحەمەدی موکری دەڵێت: وشەی گۆرانی دراوەتە پاڵ گۆران کە خێڵێکی گەورەی نێوان سنە و کرمانشانە ئەم خێڵە پەیڕەوی ئایینی ئەھلی حەق ئەکەن ھەروەھا تۆفیق وەھبی ئەڵێ گۆرانی لە عەشیرەتی گۆرانەوە ھاتووە، میجێرسۆنیش ئەڵێ گۆران خاوەنی شیعر و گۆرانین و کوردەکان گۆرانی لە گۆرانەوە فێربوون، خۆ ئەگەر ئەم بیرو بۆچوونانە ڕاست بن ھەورامییەکان و گۆرانەکان لە یەک ناوچەدا دەژین و تەنانەت تێکەڵی یەکن وەک گوندی شێخان لە ھەورامانی ئێران و ھاوار لە ھەورامانی عێراق زیارەتگای گۆرانەکانە و سوڵتان ئیسحاقیش لە شێخان نێژراوە، سەڕەڕای ئەوەش گۆران گۆرانیەکانیان لە سروودی یارسایان یا سەرئەنجام وەرگرتووە ئەوا ئێستاش سیاوچەمانە چ لە ڕووی زاراوە و شیعرەکانیەوە چ لە شێوەی وتندا بناغە و سەرچاوەی مۆسیقای گۆرانە و گەلێک لە یەکتر نزیکن.

ھەڵبەتە ھەندێ لە شارەزایانی مێژوو تەمەنی مۆسیقای ھەورامان کورتدەکەنەوە و لە ژێر ناوی فەھلەویات یان پەھلەویات ڕەنگ و بۆیەکی دەرباری پێدەبەخشن بۆیە دەڵێن: مێژووی سیاوچەمانە دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی ساسانییەکان واتە ئەو کاتەی کە خەسرەو پەروێز پاشای ئێران ڕوو لە ھەورامان دەکات و بەھۆی سروشتی جوان و دڵفڕێنی ھەورامان، ئەم ناوچەیە بۆ ڕاو و شکار و سەیران ھەڵدەبژێرێ، سروشتی ئەفسوناوی و قاقبۆی کەو و ھاژەی ئاو و رایحە و بۆن و بەرامەی گژوگیای شاخ و داخی ھەورامان وای لێ ئەکا کە لە باربەدی گۆرانی بێژ و مۆسیقاژەن داوا بکات بۆ ئەو ھەموو جوانی و دڵفڕێنییەی ناوچەکە ئاھەنگ و سروودێک بڵێت بە ناوی ئەورامەن کە دواتر ئەو ئاوازە دەبێتە بنەمای ئاھەنگ و گۆرانی ناوچەکە و سیاوچەمانەی لێ دەبێتەوە، سەرەڕای ئەو تێروانیینە کورتە بۆ مێژووی مۆسیقای ھەورامان ھەندێ کەسیتر بە شێوەی ڕووکەش سەیری مێژووی سیاچەمانە دەکەن و دەیبەنەوە بۆ سەردەمی ئەمارەتی ئەردەڵان، گوایا کەسێک بەناوی یۆسۆ ئاسکە لەبەرچاوە ڕەش و جوانەکانی کڵاوزەر خاتوون سیاچەمانەی داھێناوە، ھەڵبەتە حاشا لەوە ناکەم کە یۆسو ئاسکە دەنگی خۆش بووبێت و برەوی بە سیاچەمانە دابێت بەڵام سیاچەمانە کاڵای پر بەھای ھەورامانە و لە مێژوو و شارستانیەتی ھەورامان دانابرێت.

خەڵکی ھەورامان

دەستکاری

لە ھەورامان کوردەکانی ھەورامی و ھەروەھا جاف دەژێن. ھەورامییەکان بە شێوەزاری ھەورامی و جافەکان بە شێوەزاری سۆرانیی جافی دەئاخیڤێنن. ھەر دوو تیرە کوردن و سەر بە ئایینی ئیسلامی سوننەی شافیعین.

ئەمانەش ببینە

دەستکاری

پەراوێزەکان

دەستکاری
  1. ^ کتێبی : سەربوردێکی هەورامان و سەردانێکی تەوێڵە/لاپەڕە ٢١/وەرگیراو لە پەیامی هەورامان
  2. ^ Kurdi، Kurdiu. «هەورامان دەچێتە لیستی کەلەپووری جیهانی یوونسکۆوە». www.kurdiu.org. لە 2021-08-01 ھێنراوە.
  3. ^ ھەڵەی ژێدەرەکان: تاگی نادروستی <ref>؛ ھیچ دەقێک بۆ ژێدەری pavehpress.ir نەدراوە
  4. ^ ھەڵەی ژێدەرەکان: تاگی نادروستی <ref>؛ ھیچ دەقێک بۆ ژێدەری ReferenceA نەدراوە
  5. ^ ئ ا کتێبی : سەربوردێکی هەورامان و سەردانێکی تەوێڵە - لاپەڕە/٢٩
  6. ^ ئ ا کتێبی : سەربوردێکی هەورامان و سەردانێکی تەوێڵە - لاپەڕە/٣٠
  7. ^ أصول أسماء المدن و الموقع العراقیة/ ج١-لاپەڕە ٣٤٠
  8. ^ زاری زمانی کوردی لە ترازووی بەراوردا/لاپەڕە ١٠/موحەممەد ئەمین هەورامانی
  9. ^ سەربوردێکی ھەورامان و سەردانێکی تەوێڵە، پ ١١٠.
  10. ^ «ڤیستا؛ نژیاروانیی تایبەتی ڕۆژهەڵاتی ئێران». لە ڕەسەنەکە لە ٢٤ی ئەیلوولی ٢٠١٣ ئەرشیڤ کراوە. لە ١٦ی نیسانی ٢٠١٥ ھێنراوە. {{cite web}}: پارامەتری نەناسراوی |dead-url= چاوپۆشیی لێ کرا (|url-status= پێشنیار کراوە) (یارمەتی)
  11. ^ «وەشانی ئەرشیڤکراو». لە ڕەسەنەکە لە ٥ی ئازاری ٢٠١٦ ئەرشیڤ کراوە. لە ١٩ی ئابی ٢٠١٢ ھێنراوە. {{cite web}}: پارامەتری نەناسراوی |dead-url= چاوپۆشیی لێ کرا (|url-status= پێشنیار کراوە) (یارمەتی)
  12. ^ ئەم وتارە پێشتر لە کونگرەی ھەورامان ناسی ومەراسیمی رێزلینان لە ھونەرمەندانی ھەورامان لە شارۆچکەی خورماڵدا پێشکەش کراوە

سەرچاوەکان

دەستکاری
  • سەربوردێکی هەورامان و سەردانێکی تەوێڵە، عبدالرزاق عبدالرحمن محمد

بەستەرە دەرەکییەکان

دەستکاری