ئەم وتارە سەبارەت بە زمان بە واتای سیستەمی پێوەندیگرتنی مرۆڤ نووسراوە. بۆ زمان بە واتای ئەندامی لەشی بڕبڕەداران، زمان (ئەندام) ببینە.

زمان کۆمەڵێک نیشانەی بڕیاردراوی ڕێسامەندە لە دەنگەکان یا نیشانەکانی گوتن و نووسین، کە لە لایەن کۆمەڵێک مرۆڤی سەر بە تاقمێکی کۆمەڵایەتی یا فەرھەنگییەوە بە مەبەستی دامەزراندنی پێوەندی (تێگەیاندن و تێگەیشتن) بەکار دێت. ئەرکی زمان پەیوەندیگرتنە و دەربڕینی ڕا و ھەستی دەروون. [١] ئەکرێ بڵێین زمان سیستەمێکی ئاڵۆزە کە مرۆڤ بۆ ڕاگەیێنی بەکاری ئەبا. [٢]

خه‌تی مێخی، یه‌کێک له‌ شێوه‌ سه‌ره‌تاییه‌کانی زمانی نووسین

بەو زمانەی کە مرۆڤ پێ قسە ئەکا ئەوترێ زمانی سروشتی. ئەمڕۆکە نزیکەی سێ تا شەش ھەزار زمانی سروشتی بوونی ھەیە، بەڵام نیوەیان مەترسیی لەناوچوونیان لەسەرە .[٣] ھەروەھا، کۆدەکان و جۆرەکانی تری زمانگەلی دەستکار، وەکوو ئەوانەی وا بۆ بەرنامەسازیی کۆمپیوتەر بەکار دێن ژی، پیان ئەوترێ زمان. زمان لەم ڕاستێنەیەدا، سیستەمێکە پێکھاتوو لە نیشانەکان بۆ بەکۆدکردن و لەکۆددەرھێنانی زانیارییەکان.

لە کوردیدا، وشەی "زمان" بۆ ئاماژە بەو ئەندامە گۆشتییە بزۆزەی ناو دەمیش بەکار دەبردرێ کە لە زۆربەی بڕبڕەداراندا ئەرکی ناسینەوەی تامگەلی جۆراوجۆری لە ئەستۆیە و دەوری سەرەکیی ھەیە لە قسەکردندا (زمان (ئەندام) ببینە). ئەم پێوەندییە خوازەیییە لە زۆربەی زمانەکاندا ھەیە (بۆ نموونە، وشەی languageی زمانی ئینگلیزی لە وشەی linguaی لاتینەوە گیراوە کە بە مانای زمانی ناو دەمە) [٤] و، بەڵگەی گرنگایەتیی مێژوییی زمانی زارەکییە.

واتای وردتر دەستکاری

زمان کۆمەڵێک نیشانەی بڕیاردراوە، کە لە ئاراستەی کاتدا بۆ گواستنەوەی پەیام بە کار دێت. مەبەست لە ئاراستەی کات، بە شوێن یەکدا ھاتنی نیشانەکانە. ئەم کۆمەڵە نیشانە لە دررێژای کاتدا دەتوانن چەمکێک لە مێشکی مرۆڤدا بخوڵقێنن.

یەکێک لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی زمانی مرۆڤ ئەوەیە کە وتەیێک دەکرێ دوو جار شی بێتەوە. لە شیکاری یەکەمدا ، وتەکە بۆ بچووکترین پاژی واتادار دابەش دەبێ، بەم یەکە بچووکە واتادارانە دەڵێن مۆرفیم

لە دووھەم شیکاریدا ھەر مۆرفیمێک بۆ چەندین پاژی بچووکی دەنگی بێواتا دابەش دەبێ کە پێی دەڵێن فۆنیم

بۆ وێنە ڕستەی «گەڵا سەوزە» لە جاری یەکەمدا بۆ سێ مۆرفیم دابەش دەبێ: «گەڵا»، «سەوز»، «ە»

لە دووھەم شیکاریدا بۆ وێنە «گەڵا» بۆ چوار فۆنیم دابەش دەبێ: «گ»، «ە»، «ڵ»، «ا»

گرنگترین جیاوازی زمانی مرۆڤ لە سیستەمە پەیوەندیەکانی دیکە، تایبەتمەندی دووجار شێ بوونەوەیە.

زمانی مرۆڤ دەستکاری

 
ئه‌و به‌شانه‌ له‌ مێشک که‌ له‌ دامه‌زرانی زماندا ده‌وریان هه‌یه‌

مرۆڤ گیاندارێکی کۆمەڵژییە و زمان وەک پێداویستییەکی گرنگ بۆ پێوەندی گرتنی دەوری ھەیە. زمان لە کۆمەڵێک نیشانە پێکھاتووە کە بە ھۆیانەوە مرۆڤ دەتوانێ مەبەستی خۆی دەرببڕێت.

لە زمانناسیدا بە وشەکان ، نیشانە دەڵێن؛ ئەم نیشانانە بە شێوەی دەنگ، نووسین یا ئاماژەن، کەوابوو زمانی مرۆڤ بۆ سێ جۆر دابەش دەبێت:

  • زمانی گوتن: نیشانەکانی ئەم زمانە دەنگن ، مرۆڤ لە سەرەتای ژیانەوە پێی ئاشنایە و پێش قوتابخانە بە باشی قسەی پێ دەکا.
  • زمانی نووسین: نیشانەکانی ئەم زمانە خەتییە، فێرخواز پێویستە لە قوتابخانە فێری ببێ.
  • زمانی ئاماژە: نیسانەکانی ئەم زمانە ئاماژەیە و زۆرتر لە کەسانی نابینا و نابیسادا بە کاردێت.

لێکۆڵینەوەی زمان و زمانناسی دەستکاری

زمان ناسی بەم واتا تازەوە، زانستێکی نوێیە، بەڵام وەک لێکۆڵینەوە لە سەر زمان بۆ چەند سەدە پێش لە زایین دەگەڕێتەوە، یانی ئەو سەردەمەی پانینی ڕێزمانی بۆ زمانی سانسکریت دانا.

لە زمانناسیدا، لە چەند ڕوانگەوە سەیری زمان دەکەن: دەنگناسی ، شێوەناسی ، واتاناسی ، ڕستەناسی ، وشەناسی و ھەروەھا بوارەکانی کۆمەڵناسی زمان ، دەروون ناسی زمان ، دەمار ناسی زمان ، زمانناسی داد ، زمان و ژیری و ...

لە بەر ئەوەی زمان دیاردەیەکی گران و ئاستەمی مرۆڤی و کۆمەلایەتیە، لێکۆڵینەوەی ورد و ھەمەلایەنەی زمان، بە بێ کەڵک وەرگرتن لە زانستەکانی تر سەرناگرێ. کەوابوو زمانناسی بێجگە لە باری ناساندن ( تەوسیفی) و بیرۆکەیی زمان، تیشک دەخاتە سەر باری کەڵک ناسی، دەروونناسی، خەڵکناسی، کۆمەڵایەتی، ھونەری، وێژەیی، فەلسەفی و نیشانەناسی زمان. کەوابوو زمانناسی ئەمڕۆ زۆر گۆڕەپانی زانستی دەگرێتە خۆی.

زمانەوان یان زمانناس بەو کەسە دەبێژن کە دەپەرژێتە سەر لێکۆڵینەوەی زانستی زمان، پێچەوانەی بیری باوی کۆمەڵگا، زمانەوان پێویست نیە بە سەر چەن زماندا زاڵ بێ، گرنگ ئەوەیە بتوانێ دیاردەکانی زمانناسی وەک وشە ، بڕگە ، ڕستەناسی و واتا بناسێ و بە جوانی لێکی بداتەوە.لە بیرمان بێ کە کاری زمانەوان ناساندنە ، نەوەک دانان .

پانینی لە سەدەی پێنجەمی پێش زایین، ڕێزمانێکی چڕوپڕی بۆ زمانی سانسکریت نووسی، بەڵام زمانناسی لە واتای ئەمڕۆدا، لە گەڵ نووسینی کتێبی خولی زمانی گشتی بەرھەمی فردینان دێسوسور دەستی پێکرد. لە دەکانی ١٩٥٠، بیرۆکەکانی نوام چامسکی شۆڕشێکی لەئ بوارەدا بەرپاکرد و بووە ھۆی سەرھەڵدانی ڕێزمانی زایەنی یان ( Generative grammar). چامسکی لە سەر ئەو باوڕەبوو کە بنەما و دانستەکانی زمان لە مرۆڤدا سروشتی و زاتییە، واتە کە فێر بوونی زمان بە شێوەی جێنێتیکی و بۆماوەیی لە مێشکدا داڕێژراوە و ژینگەی منداڵ تەنیا وەک ھاندەرێک لە فێر بوونی زمانی دایکیدا دەوری ھەیە. منداڵ کۆمەڵێک زانیاری لە ژینگەی زمانی خۆی وەردەگرێ و بۆ خۆی دەتوانێ کۆمەڵێک پێکھاتەی تازەی لێ دروست بکات.

زمانی لەش دەستکاری

بە گواستنەوەی پەیامەکان لە ڕێگای جووڵەی ئەندامەکانی لەش دەڵێن.

زامنی مردوو- زمانی دوابڕاو دەستکاری

زمانی دوابڕاو بەو زمانە دەبێژن کە ھیچ ئاخێوەرێکی نییە، بەڵام زمانی مردوو بەو زمانە دەڵێن کە ھیچکەس وەک زمانی سەرەکی خۆی قسەی پێ ناکا.

زمانی داھێنراو(دەسکرد) دەستکاری

بڕێ کەس یا کەسان بە مەبەستی تاکەکەسی یا بۆ تاقی کردنەوە زمانێک دروست دەکەن، بەم زمانانە زمانی داھێنراو یا دەسکرد دەڵێن، زۆربەی زمانە دەسکردەکان ھەوڵیان داوە ئاسانتر و ڕێسامەندتر لە زمانە سرووشتییەکان بن، وەک زمانی لۆژبەن(Lojban)

زمانی ئێسپێرانتۆ جۆرێک زمانی دەسکردە کە لە لایەن لودڤیگ زامێنھۆف داھێنرا،

وتارە پێوەندیدارەکان دەستکاری

سەرچاوەکان دەستکاری