کرماشان

شارێک لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان

کرماشان (بە کوردیی باکووری: Kirmaşan، بە فارسی: کرمانشاە‎)، یەکێکە لە شارەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان و ناوەندی پارێزگای کرماشان لە وڵاتی ئێرانە. بە پێ سەرژمێری ساڵی ١٣٩٥ی ھەتاوی، ژمارەی دانیشتووانی ئەم شارە نزیک بە ٦٥١، ٩٤٦ کەس بووە. بەو بۆنەوە بە نۆیەمین شاری گەورەی ئێران و ھەروەھا گەورەترین شاری ڕۆژھەڵاتی کوردستان ھەژماردەکرێت. کرماشان گەورەترین شاری کوردنشین لە ئێران و گرینگترین شار لە ناوچەی ناوەندی ڕۆژاوای ئێرانە. مێژووی پێک ھاتنەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی چوارەمی زایینی و ھەر لەو سەردەمەوە تا ھێرشی عەرەبەکان، وەکو دووەمین پایتەختی ئیمپراتۆرییەتی ئێران لە سەردەمی ساسانییەکان دا جێی سەرنجی حکوومەت بوو. لە سەردەمی سەلجوقیەکاندا کرماشان گەورەترین شاری کوردستان بوو و لە سەدەکانی ناوین بە ناوی قەرمیسین وەکو یەکێک لە چوار ناوچەی عێراقی عەجەم ناسراو بوو. لەو سەردەمە بە عێراقی عەجەم، ویلایەتی کوێستان یان جەبالیان دەقۆت تا لەگەڵ ویلایەتی عێراقی عەرەب ھەڵە نەکرێتەوە. ویلایەتی کوێستان یان عێراقی عەجەم لە شوێنی ناوچەی میدیای کۆنە کەوتبوو. یازدە سەدە بە دوای ھێرشی عەرەبەکاندا، لە سەردەمی دەسەڵاتی قاجارەکان لە ئێراندا دیسان شارەکە بووژایەوە و بە ھۆی کەوتنەوە لەسەر دوو ڕێگای ڕۆژھەڵات-ڕۆژاوا و ھەروەھا ڕێگای باکووری ڕۆژاوای ئێران بەرەو باشووری ڕۆژئاوای ئەم وڵاتە و نزیکی بە بەغدا و کەربەلا گرنگییەکی تایبەتی پەیدا کرد.

کرماشان
کرمانشاە - کرمانشان- باختران - کرمانشاھان - Kermanshah - Kirmaşan
دیمەنێک لە شاری کرماشان
ناسناو(ەکان): 
خاکی مێژوو و ئەفسانە؛ خاکی خۆشەویستانی ھەمیشەیی؛ خاکی شیرین و فەرھاد
Map
شاری کرماشان
وڵات ئێران
ڕۆژھەڵاتی کوردستان
پارێزگاکرماشان
شارستانکرماشان
بوون بە شارسەدەی چوارەمی زایینی[١]
دەسەڵات
 • ڕاژۆرنادر نەورۆزی[٢]
ڕووبەر
 • سەرجەم٩٥٫٩٧ کیلۆمەتری چوارگۆشە (٣٧٫٠٥ میلی چوارگۆشە)
بەرزایی
١٣٥٠ مەتر (٤٬٤٣٠ پێ)
ژمارەی دانیشتووان
 • سەرجەم٩٤٦،٦٥١[٣]
زمان و ئایین
 • زمانکوردی (کەڵھوڕی، سۆرانی، لەکی و ھەورامی)
 • ئایینئیسلام(سوننە و شیعەیارسان، زەردەشتی، مەسیحی و جوو
کۆدی تەلەفۆن٠٤٤
وێبگە[https://kermanshah.ir/

کرماشان لە بزۆتنەوەی مەشرووتەخوازیی ئێران بەشێکی زۆر گرینگی بوو و لە ماوەی شەڕەکانی یەکەم و دووھەمی جیھانی دا لە لایەن ھێزە داگیرکارەکانە داگیر کرا، بەڵام دوای شەڕ بەجێیان ھێشت. ئەم شارە لە سەردەمی شەڕی ئێران و عێراق دا زیانی زۆری لێکەوت.

لە باکووری شاری کرماشان کێوی فەڕۆخشاد، لە باکووری ڕۆژاوای کێوی تاقوەسان، و لە باشووری ئەم شارە کێوی کووسفید (کێوی سپی) ھەڵکەوتووە و کرماشان یەکێکە لە شارێگاکانی پەیوەندیی ڕۆژھەڵات و ڕۆژاوا و ھەروەھا کۆنترین ڕێگا بۆ چوون لە ئێرانەوە بەرەو مێزۆپۆتامیایە.

شاری کرماشان کەش و ھەوایەکی مامناوەند و کوێستانیی ھەیە. بەھۆی ئەم کەش و ھەوایە بوو کە لە سەدەی چوارەمی زایینی کە دێیەکی بچووک و خۆش کەش و ھەوا بوو لەلایەن ساسانەکان وەکوو پایتەختی دووەمی ئیمپراتۆرییەتی ئێران ھەڵبژێردرا. لەو سەردەمە کرماشان شوێنی خۆشگوزەرانیی شاکانی ساسانی بوو و باخەکان و کۆشکەکانێکی گەورە لەم شارە سازرا.

کرماشان ناوەندی وەرزێریی وڵاتی ئێرانیش ھەیە و زۆربەی ئابووریی ئەم شارە بە وەرزێری بەستراوە. ھەروەھا تەرخانکردنی خواردەمەنی، سەنعەتی ساختەمانی و سەنعەتەکانی دەستکرد لە کرماشان لە سێ مانگەکەی یەکەمی ساڵی ١٣٨٨ی کۆچی ھەتاوی (٢٠٠٩ی زایینی)، ٩٪ی سەرجەمی تەرخانکردنەوەی وڵاتی ئێران بووە.

خەڵکی کرماشان بە زاراوەکانی کوردیی باشووری (کەلھوڕیکوردیی سۆرانی (زاراوەی ئەردەڵانی و جافیلەکی و ھەورامی قسە ئەکەن. لە خوێندنگاکان و زانستگاکانی کرماشان تەنیا بە زمانی فارسی وانە دەدرێت و زمانی کوردی بۆ وانەخوێندنەوە قێخەیە.

وشەڕەتی کرماشان دەستکاری

پێشینەی ناوی کرماشان دەستکاری

کرماشانی ھەنوکەیی لە سەردەمەکانی جۆراوجۆری مێژوو خاوەنی ناوەکانێکی جیاواز بووە و ئەمە بە ھۆی گۆڕینی حکۆمەتەکان بووە. یەکێک لە کۆنینەترین ناوەکانی ئەم شوێنە لە سەردەمی پاشایەتیی کاسییەکان‌ بووە کە بەم مەڵبەندە ئێلیپییان گۆتووە.[٤] لە سەرچاوەکانی سەردەمی ھەخامەنشی لە شارێک بە ناوی کامبادن یان کامبادنەیان ناو ھیناوەتەوە کە لە شوێنی کرماشانی ھەنووکەیی دادەکەوێت. لە سەرچاوەکانی سەردەمی ساسانی ناو لە شاری کرمینشان و گلمیشەن ھاتووە.

پاش لە ئیسلام، ناوی شارەکە لە سەرچاوەکانی عەرەبی گۆڕاوە بە قەرماسین یان قەرمیسین،[٥] بەڵام بە دوای چەند سەدە دیسانەوە ناوەکانی کرمانشاھان و کرمانشاھ نووسراوە.

ناوی شارەکە بە دوای شۆڕشی ١٩٧٩ی ئێران لە سەرەتا کرا بە قەھرمانشەھر و دوای چەندێک کرا بە باختەران؛ بەڵام گۆڕینی ناو بوو بە سەبەبی ناڕەزایی خەڵکی شارەکە. لە ئاکامدا بە ھەوڵی ئیسماعیل تەتەری نوێنەری کرماشان لە پەرلمانی ئێراندا، یاسایەک لە پەرلمانی ئێران پەسەند کرا کە ناوی شارەکە دیسانەوە بە کرمانشاھ بگۆڕێت.[٦][٧]

ڕوانگەکان سەبارەت بە ناوی کرماشان دەستکاری

سەبارەت بە ناوی کرماشان ڕوانگەکانێکی جۆراوجۆر دەربڕاوە. ھەندێک کەس پێیان وایە ناوی شارەکە کرمانشاھە و لە ئەسڵەوە نازناوی بەھرامی چوارەم بووە، کە لە سەدەی سێھەم تا چوارەمی زایینی پاشای شاری کرمان (لە ڕۆژھەڵاتی ئێرانی ھەنووکەیی) بووە و بەدوای دامەزرانی کرماشان ناوی ئەو پاشایە لە سەری شارەکە دانراوە.[٨][٩]

ئەمە لە حاڵێکدایە کە خەڵکی شارەکە لە زمانی کوردیی خۆیان «کرماشان»ی پێ دەڵێن. محەممەد موکری، زمانەوان و لێکۆڵەری کورد پێی وابوو ناوی کرمانشاھ ئاخافتنێکی ھەڵەیە لە وشەی کرماشان کە بە ھەڵە باب بووە و لە وشەی کرمانچ یان کرمانج واتا وەرزێر (ڕەعیەت) گیراوەتەوە و بە باوەری ئەو بە واتای شاری ڕەعیەتەکانە.[١٠] عەبدولڕەحمان شەرەفکەندی (ھەژار) لە فەرھەنگی ھەنبانەبۆرینەدا، وشەی کرماشانی لە ڕێشەی کرمانج زانیوە کە بە واتای گوندیی کوردە، و بە باوەڕی ئەو وشەی کرماشان کۆرتکراوی «کرمانج شار یان کرمانجان»ە.[١١]

مێژوو دەستکاری

مێژووی کۆن دەستکاری

کرماشان کە لە ناوڕاستی زنجیرەچیاکانی زاگرۆسدا داکەوتووە، بەھۆی بارودووخی کەش و ھەوا و کوێستانی بوون خاوەنی ئەشکەوتەکان و حەشارگاکانێکی سرۆشتییە و یەکێک لە شوێنەکانی ھەرە گرینگی ژیانی مرۆڤی سەردەمی بەردین بووە.[١٢]

شاری کرماشان و ئاقاری، لە بواری پاشماوەکانی شوێنی ژیانی سەردەمی پێش مێژوو زۆر زەنگینە و بۆ شوێنەوارناسەکان یەکێک لە گرینگترین ناوچەکانی کوردستان، ئێران، ڕۆژاوای ئاسیا و جیھان بە ئەژمار دێت. جگە لە شوێنەوارەکانی ناوچەکانێک وەکوو ھەرسین، دینەوەر یان ئارووناوا کۆنترین نیشانە لە ژیانی مرۆڤ لە شاری کرماشان لە ئەشکەوتی دووئەشکەوت لە باکووری ڕۆژھەڵاتی شاری کرماشاندا دۆزرایەوە کە ھی سەردەمی پالئۆلیتیکە (لەنێوان ١٢٠ ھەزار ھەتا ٤٠ ھەزار ساڵ پێش) و شوێنی ژیانی مرۆڤ (ڕەنگە نیاندەرتاڵەکان) بووە.[١٣] یەکەمین گوند لە جیھان لە نزیکیی کرماشاندا دامەزراوەتەوە و بۆ یەکەم جاڕ لە درێژای مێژوودا مرۆڤ لەم ناوچەیە لە ئەشکەوت ھاتووەتە دەرەوە و نیشتەجێ بووە و ژیانی گوندنشینیی ھەڵبژاردووەتەوە.[١٤] ھەروەھا یەکەمین کەرپووچی جیھان لەناوچەکانی دەوروبەری کرماشان دۆزرایەوە[١٥] و ڕەوشتی دروست کردنی سواڵکیش بۆ یەکەم جاڕ لەم ناوچەیە بە دی ھینراوەتەوە.[١٦]

شارستانیەتە کۆنەکان دەستکاری

بەپێی باوەری مێژوونووسان درێژایی پێشینەی شارستانیەت لە کرماشان دەگەرێتەوە بۆ نێوانی ١٢ هەتا ٨ هەزار ساڵ لەمەوبەر، و بە پێچەوانەی زۆربەی شوێنەکانی دیکە کە تەنیا لە یەک سەردەمی مێژوویی ئاوەدان بوونە ئەم شوێنە لە هەموو دەورەکانی مێژووی شارستانیەتی مرۆڤ شوێنێک بۆ ژیان و شارستانیەت بووە. لە سەردەمی کۆنەوە شاری کرماشان وەکوو دەرگای چوونەژوورەوە بۆ ئاسیا لە لایەن مێزۆپۆتامیا بووە و گەورەترین ڕێگای پەیوەندی لەنێوان ناوچەکانی ناوەندیی ئێرانی هەنووکەیی، و هەروەها وڵاتانی چین و ھیندستان لەگەڵ دانیشتووانی مێزۆپۆتامیا کە ڕێگای شاھانەی پێ دەوترێت، لە شاری کرماشان دەپەڕییەوە.

کەش و ھەوا دەستکاری

زانیاریی کەشوھەوا بۆ «کرماشان»
مانگی زایینی ١ ٢ ٣ ٤ ٥ ٦ ٧ ٨ ٩ ١٠ ١١ ١٢ ساڵ
بەرزترین پلەی تۆمارکراو ٢٠٫٠ ٢١٫٠ ٢٧٫٠ ٣٠٫٠ ٣٥٫٠ ٤١٫٠ ٤٤٫٠ ٤٤٫٠ ٣٩٫٠ ٣٣٫٠ ٢٦٫٠ ٢١٫٠ ٤٤
نێونجی بەرزترین پلە ٦٫٥ ٨٫٩ ١٤٫٣ ١٩٫٧ ٢٥٫٨ ٣٣٫٣ ٣٧٫٨ ٣٧٫٠ ٣٢٫٥ ٢٥٫٠ ١٦٫٧ ٩٫٧ ٢٢٫٢٧
نێونجی کەمترین پلە −٤٫٣ −٣٫٠ ١٫٢ ٥٫١ ٨٫٢ ١١٫٤ ١٦٫١ ١٥٫٤ ١٠٫٦ ٦٫٤ ١٫٨ ١٫٧ ٥٫٨٨
کەمترین پلەی تۆمارکراو −٢٤ −٢٧٫٠ −١٠٫٤ −٦٫٠ −١٫٠ ٢٫٠ ٨٫٠ ٨٫٠ ٢٫٠ −٣٫٥ −١١٫٠ −١٩ −٢٧
نێونجی بارین میلیمەتر ٦٧٫١ ٦٢٫٩ ٨٨٫٩ ٦٩٫٩ ٣٣٫٧ ٠٫٥ ٠٫٣ ٠٫٣ ١٫٣ ٢٩٫٢ ٥٤٫٣ ٧٠٫٣ ٤٧٨٫٧
نێونجی ژمارەی ڕۆژە باراناوییەکان ١١٫٤ ١٠٫٧ ١٢٫٦ ١١٫٠ ٧٫٦ ٠٫٥ ٠٫٢ ٠٫٤ ٠٫٥ ٤٫٩ ٧٫٩ ٩٫٦ ٧٧٫٣
نێونجی ژمارەی ڕۆژە بەفراوییەکان ٥٫٩ ٤٫٧ ١٫٩ ٠٫٢ ٠ ٠ ٠ ٠ ٠ ٠ ٠٫٣ ٣٫١ ١٦٫١
نێونجی شێی ڕێژەیی (٪) ٧٥ ٧١ ٦٢ ٥٧ ٤٩ ٢٨ ٢٣ ٢٣ ٢٥ ٤٠ ٥٩ ٧١ ٤٨٫٦
نێونجی مانگانەی سەعاتەکانی ھەتاوی بوون ١٣٤٫٨ ١٥٠٫١ ١٨٠٫٧ ٢٠٤٫٦ ٢٦٨٫٠ ٣٤٨٫٣ ٣٤٩٫١ ٣٣٦٫٧ ٣٠٤٫٦ ٢٤٢٫٨ ١٨٧٫٦ ١٤٧٫٩ ٢٬٨٥٥٫٢
سەرچاوە: NOAA (1961-1990)[١٧]

بەرزاییەکان دەستکاری

ناو موقعیت بەرزی زنجیرە چێا
پەڕاو باکووری ڕۆژھەڵاتی کرماشان ٣٣٥٧ مەتر زنجیرە چیای زاگرۆس
سپی کێو باشووری کرماشان ٢٨٠٥ مەتر زنجیرە چیای زاگرۆس
مەێوەلە باکوری کرماشان ٢١٠٠ مەتر (تەقریبی) زنجیرە چیای زاگرۆس


پەیوەندی نێونەتەوەیی دەستکاری

دەستە خوشک دەستکاری

ھەروەھا بە ھۆی پەیوەندیی زڕخوشکی لە نێوان شارەکانی ڕۆزبورگ و کرماشان، شەقامێک بە ناوی شەقامی کرماشان لە ڕۆزبورگ ناونراوەتەوە.[١٨][١٩]

پێشانگا دەستکاری

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ https://www.britannica.com/place/Kermanshah
  2. ^ https://kermanshah.ir/News/3dffa6962f/شھردار ٢٩ی ئابی ٢٠٢٢ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  3. ^ https://web.archive.org/web/20190327172500/https://azgharbi.mporg.ir/FileSystem/View/File.aspx?FileId=5667c51a-59d4-482f-a804-bfe650b98de0
  4. ^ وشەنامەی دێھخودا: وشەی ئێلیپی (بە فارسی)؛ سەردان لە ٢٩ی ئابی ٢٠٢٠.
  5. ^ نجیب بکران، محمد بن، جھان‌نامە: متن جغرافیایی تألیف‌شدە در ۶۰۵ ھجری، بە کوشش محمدامین ریاحی، تھران: انتشارات کتابخانە ابن سینا، فروردین ١٣٤٢؛ پ ٦٧.
  6. ^ بی بی سی: کۆچی دواییی ئەو پیاوە کە ناوی کرماشانی پێی گەڕاندەوە (بە فارسی)، نووسینی مێھرداد فەرەھمەند، نووسراو لە ٣١ی تەممووزی ٢٠١٠؛ سەردان لە ٢٩ی ئابی ٢٠٢٠.
  7. ^ ناوەندی لێکۆڵینەوەکانی مەجلیسی شەورای ئیسلامی: یاسای گۆڕینی ناوی پارێزگەی باختەران بە کرمانشاھ (بە فارسی)، نووسینی عەلی ئەکبەر ناتیقی نووری، نووسراو لە ١١ی نیسانی ١٩٩٣؛ ٢٢ی تشرینی دووەمی ٢٠١٦ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە. سەردان لە ٢٩ی ئابی ٢٠٢٠.
  8. ^ Silk Buckingham, James(1830),p.235.
  9. ^ وشەنامەی دێھخودا: وشەی کرماشان (بە فارسی)، نووسینی عەلی ئەکبەر دێھخودا؛ سەردان لە ٢٩ی ئابی ٢٠٢٠.
  10. ^ مکری، محمد. کرمانشاھ، باختران، کرماشان: وجە تسمیۀ کرماشان، در فرھنگ نام‌ھای پرندگان در زبان‌ھای غرب ایران (زبان کردی) و تطبیق آن‌ھا با نام‌ھای فارسی و زبان‌ھای دیگر محلی ایران. تھران: امیرکبیر، ۱۳۶۱.
  11. ^ شەرەفکەندی، عەبدولڕەحمان (ھەژار)، ھەنبانەبۆرینە، تاران: سروش، چاپی یەکەم: ١٣٦٩ی کۆچیی ھەتاوی؛ پ ٦١٢.
  12. ^ ھەواڵنێریی خوێندکارانی ئێران (ئیسنا): خوێندنەوەی ئاڵ و گوڕی مێژوو لە کرماشاندا، بەشی یەکەم (بە فارسی)، نووسراو لە ١٣ی کانوونی دووەمی ٢٠١٠؛ سەردان لە ٥ی ئەیلوولی ٢٠٢٠.
  13. ^ بیگلەری، فرەیدوون و حەیدەری، سامان. ٢٠٠١. دو ئەشکەفت: شوێنگای تازەدۆزراوی کوێستانی لە دەشتی کرماشان لە ئێراندا (بە ئینگلیزی)، لە کۆواری ئانتیکیتی، پەخشانگەی زانکۆی کامبریج، دەورەی ٧٥، ژمارەی ٢٨٩، پپ ٤٨٨-٤٨٧؛ سەردان لە ٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٠.
  14. ^ ھەوالنێریی میزان: بەدیھاتنی یەکەمین گوندی جیھان لە کرماشاندا (بە فارسی)، نووسراو لە ٣٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٦؛[بەستەری مردوو] سەردان لە ٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٠.
  15. ^ یانەی ھەواڵنێرە لاوەکانی ئێران: بەرھەم ھینانی یەکەمین کەرپووچی جیھان لە کرماشاندا (بە فارسی)، نووسراو لە ٨ی ئایاری ٢٠١٤؛ سەردان لە ٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٠.
  16. ^ ھەواڵنێریی خوێندکارانی ئێران (ئیسنا): گەنجیرە، کەلەپوورێک لە نیشتەجێ بوونی مرۆڤە سەرەتاییەکان لە کرماشاندا (بە فارسی)، نووسراو لە ٢٧ی ئازاری ٢٠١٦؛ سەردان لە ٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٠.
  17. ^ "Kermanshah Climate Normals 1961-1990". National Oceanic and Atmospheric Administration. Retrieved December 28, 2012.
  18. ^ شوێنی شەقامی کرماشان لە شاری ڕۆزبورگ لە سەر گۆگل ئێرس، سەردان لە ٢٨ی تەممووزی ٢٠١٩.
  19. ^ ماڵپەڕی مۆڤۆتۆ، ماڵێک لە شەقامی کرماشان لە ڕۆزبورگ، سەردان لە ٢٨ی تەممووزی ٢٠١٩.