خاک
خاک ھەندێک جاریش بە وشکانی ناوی دەھێندرێت، (بە ئینگلیزی: Land) بریتییە لە چینی وشکی سەر زەوی کە بەشێوەیەکی ھەمیشەیی ئاو دای نەپۆشیوە. دەکرێ خاک جۆری جیاوازی خۆڵ لەخۆ بگرێت، و دەکرێ داپۆشرابێت بە بەرد، لم، سەوزایی یان ماددەی تر. زۆرینەی چالاکییەکانی مرۆڤ بەدرێژاییی مێژوو لەسەر خاک ڕوویان داوە، بەتایبەتیش ئەو خاکانەی گونجاوبوونە بۆ نیشتەجێبوون و کشتوکاڵ.
بەو ناوچانەی کە خاک و ئاو لێک جیا دەکەنەوە دەوترێت ناوچە کەنارییەکان.
ھەروەھا خاک بریتییە لە چینێک یان ڕوویەکی ناسکی پەرشوبڵاو و تەنێکی زیندوو کە بەردەوام لە پەرەسەندندایە و سەرچاوەی ژیانی ھەمو بوونەوەرە زیندوەکانە و شوێنی مانەوە و خۆراک و ئاو و ھەوای پیویست بۆ ھەموو جۆرەکانی ڕووەک و ھێندێک لە ئاژەڵەکان دابین دەکات، لە کاتی پێکھاتنیدا بە چەند قۆناغێکدا تێدەپەڕێت کە بە ھەڵوەرینی بەردەکان و شیبونەوەی مادە ئەندامییەکان و تێکچونی ئاو و ھەوا دەست پێ دەکات؛ لە ئاکامی کردارەکانی کەشکاری و کارلێکە کیمیای و فیزیای و زیندەگییەکانەوە دروست بووە، پێک ھاتووە لە تێکەڵەیەک لە کەرەستەی کانزای و ئەندامی و ئاو و ھەوا ھەروەھا چینێکی تەنکی ورد و ھەڵوەشاوە و زۆربەی زۆری ڕووی زەوی و وشکانی و تاوێرەکانی بەرگی بەردینی داپۆشیوە بە ئەستووری جۆراو جۆر لە نێوان چەند سانتیمەترێک بۆ چەند مەترێک، خاک پێکھاتەیەکی سروشتییە و بە ڕەگەزێکی سەرەکی دادەنرێت لە ڕەگەزەکانی بەرھەمھێنانی کشتوکاڵ و کاردەکاتە سەر پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی دانیشتووان لە خۆراک و جلوبەرگ و شوێنی مانەوە ھەروەھا ناوەندێکە ڕووەک لەسەری گەشە دەکات و یەکێکە لەو سەرچاوە سروشتییانەی کە مرۆڤ پەیوەندیی ڕاستەوخۆی لەگەڵیدا ھەیە و چالاکییە ئابوری و ژیانییەکانی لەسەر ئەنجام دەدات. کۆمەڵێک فاکتەری سروشتی و مرۆڤی کار لە خاک دەکەن. خاک بەرەو باشبوون یان کەمپیتی و لەناوچون دەبەن، خاک لە ماوەی چەند ساڵێکی کەم دروست نابێت چەندان سەدەی پێویستە بۆ نموونە دروستبوونی ٢٫٥ سم لە خاک پێویستی بە ٣٠٠ تا ٩٠٠ ساڵ ھەیە، لە پێکھاتەی خاکدا چەندان ڕەگەز دەردەکەون کە ھەمان ئەو ڕەگەزانەن کە لە پێکھاتەی بەردەکانی توێژاڵی زەویدا دەبینرێن وەکوو ئۆکسجین و کاربۆن و نایترۆجین و سلیکۆن و ئەلەمینیۆم و ئاسن و کالیسیۆم و مەگنیسیۆم و سۆدیۆم و پۆتاسیۆم و فۆسفۆر و کبریت و کلۆر… دیکە، خاک ھەموو ڕووی وشکانی داپۆشیوە، جگە لەو بەشانەی کە ھەمیشە بە سەھۆڵ داپۆشراوە یان ئەو بەشانەی کە بە تاوێرە بنچینەییەکان داپۆشراوە وەک بەشێک لە بیابانەکان یان سەرلوتکە و دامێنە سەختەکانی چیاکان، خاک کەوتووەتە بەشی سەرەوەی توێکڵی زەوی و ڕاستەوخۆ نوساوە بە بەرگی گازەوە خاک لەگەڵ ئەوەی خۆی تازە دەکاتەوە بەڵام لەوانەیە بەھۆی زیان پێگەیاندنی زۆرەوە جا لەلایەن مرۆڤەوە بێت یان سروشت بۆ ھەتاھەتایە لەناوبچێت، بۆیە دەبێت زۆر بە وردی چاودێری خاک بکرێت بەتایبەتی لە ناوچە ھەستیارەکان وەک شاخەکان. خاک بەکار دەھێندرێت لە کشتوکاڵدا، چوارچێوە و پێگەیەکی خۆراکی سەرەکییە بۆ ڕوەکەکان. جۆرەکانی خاک و شێی ھەبوو لەو شوێنە جۆرەکانی ڕووەک دیاری دەکەن و دەکرێت بچێندرێن، زانستی خاکی کشتوکاڵی سەرچاوەی بەردەستی زانین و تێگەیشتن بوو لە خاک لە کۆندا، ئەمەش لە دوای ماوەیەکی درێژ و دەرکەوتنی زانستی خاک لە سەدەی نۆزدەدا. لەگەڵ ئەوەشدا لە کشتوکاڵی ھەوایدا خاک بۆ لە خۆگرتن و شوێنی مانەوە و ژیانی ڕووەک بەکار ناھێندرێت.
ترشی و سوێری (تفتی) خاک:
لێکۆڵینەوەیپێکهاتەی کیمیای خاک پەیوەندیەکی توندوتۆڵی هەیە بە جۆرەکەیەوە و ڕادەی شیاویەوە بۆ گەشەکردنی جۆرەکانی ڕوەک. چەندەش کە خاک هاوسەنگ بێت لە پێکهاتە کیمیایەکەیدا ئەوا زیاتر گونجاو و شیاو دەبێت بۆ کشتوکاڵ. لە حاڵەتی نەبونی هاوسەنگیدا زۆرجار پەینی کیمیای بەکاردەهێندرێت بە تایبەتی بۆ ئەوەی ئەو ڕەگەزانەی کەوا لە خاکەکەدا کەمن زیاد بکرێت و هاوسەنگی پێببەخشیت. ترشی خاک جۆری ئەو ڕوەکەی تێدا گەشە دەکات دیاریدەکات، زۆرجار زۆری ترشی یان تفتی (سوێری) فاکتەرێکی گرنگە بۆ کەمبونەوەی پیتی خاک و دابەزینی توانای بەرهەم. هەندێک لە گەردیلەکانی ئاو لە ناو گیراوەی خاکدا هەڵدەوەشێت بۆ ئایۆناتی هایدرۆجین و ئایۆناتی هایدرۆکسید ئەگەر ئایۆناتی هایدرۆجین لە گیراوەی ئاوی خاکدا زۆرتر بو لە ئایۆناتی هایدرۆکسید و گەردەکانی ئاو هەڵنەوەشاوەبو ئەوا گیراوەی خاک ترشە، پلەی ترشی یان تفتی گیراوەکە بە (PH) دەپێورێت کە دەکەوێتە نێوان (١-١٤) پلەوە و ژمارەی (٧) بە پلەی هاوتا یان بێلایەن دادەنرێت، لەگەڵ ئەوەی هەژمارکردنی بەهای (PH) لە بنەڕەتدا کردارێکی ژمێریاری ئاڵۆزە بەڵام دەتواندرێت بڕی چڕبونەوەی ئایۆناتی هایدرۆجینی لە گیراوەی ئاودا لە هەرجۆرە خاکێکدا بەهۆی شیکاری نمونەی لەوانە تاقیگەیەوە دەستبکەوێت. بەهای (PH) لە ژمارە (١) مانای ئەوپەڕی توندیە لە ڕوی ترشیەوە و لە ژمارە (١٤) مانای ئەوپەڕی سوێریە یان تفتیە، ناوەندی هەردوکیان واتە ژمارە (٧) نیشانەی هاوتای یان بێلایەنی خاکە، لەبەر ئەوەی بەهای (PH) لە خاکدا ئەگەر لە (٧) کەمتر بو مانای وایە خاکی ترشە و ئەگەر لە (٧) زیاتر بو مانای وایە خاکی سوێرە. واتە بەهای (PH) لە گیراوەی خاکدا بەم جۆرەیە:
- خاک ترشە ئەگەر بەهای (PH) یەکسانبێت بە (١،٢،٣،٤،٥،٦)
- خاک هاوتایە یان بێلایەنە ئەگەر بەهای (PH) یەکسانبێت بە (٧)
- خاک تفتە ئەگەر بەهای (PH) یەکسانبێت بە (٨،٩،١٠،١١،١٢،١٣،١٤)
پلەی ترشی و تفتی | بەهای (PH) |
---|---|
ترشی زۆر بەهێز | کەمتر لە ٤،٥ |
ترشی زۆر بەرزە | ٤،٥ - ٥ |
ترشی زۆرە | ٥،١ - ٥،٥ |
ترشی مامناوەندیە | ٥،٦ - ٦ |
ترشی کەم | ٦،١ - ٦،٥ |
بێلایەن (هاوتا) | ٦،٦ - ٧،٣ |
سوێری کەم | ٧،٤ - ٨ |
سوێری مامناوەندی | ٨،١ - ٩ |
سوێری زۆر | ٩،١ - ١٠ |
سوێری زۆر بەهێز | زۆرترە لە ١٠ |
خاکی بێلایەن کە بەهای (PH) یەکسانبێت بە (٧) بە خاکێکی نمونەی دادەنرێت بۆ هەمو جۆرە بەروبومێکی کشتوکاڵی و لەبارە بۆ ژیانی زیندەوەرە وردەکان، بەڵام خاکێک بەهای (PH) حەوتبێت لە جیهاندا زۆر کەمە،بۆیە ئەو خاکەی بەهاکەی دەکەوێتە نێوان (٦،٦-٧،٣) زۆر بڵاوترە لە جیهاندا. گرنگترین شتێک کە بەهای (PH) لە خاکدا دیاریبکات کرداری داشۆرینە بۆیە خاکی ناوچەی شێدار دەڕوات بەلای ترشیدا، ڕوەکی ئەم خاکانە باشترە بۆ بەرهەمی کاربۆهایدرایت بە بڕێکی زۆرتر لە بەرهەمی پڕۆتین و زۆر گرنگە لە ڕوی خۆراکیەوە بۆ ئاژەڵ.
بەو خاکانەی کە ڕێژەی ئەو خوێیانەی لە ئاودا دەتوێتەوە وەک کلۆریدی کبریتات و بیکاربۆنات و هەر یەکە لە سۆدیۆم، پۆتاسیۆم، کالیسیۆم و مەگنیسیۆمی زۆربێت دەوترێت خاکی سووێر یان تفت، وەک زانراویشە کە کۆبونەوەی خوێیەکان لە خاکدا ئەگەر گەیشتە ٪٠،٥ ئەوا زیانەکانی لەسەر ڕوەکەکانی دەست بە دەرکەوتن دەکات و دەبێتە هۆی کەمکردنی گەشەکردن و بەرهەمەکەی. سەرچاوەی ئەم خوێیانە لە سروشتدا بە هۆی شیبونەوەی تاوێری نیشتوی پڕ لە خوێیە و لە ناو ئاوی ژێر زەوی کۆدەبێتەوە و پاشان بەهۆی خاسیەتی موینەوە دێتە سەر زەوی یان سەرچاوەکەی دەستکردە بە هۆی کرداری ئاودێری لە ناوچانەی کە لێژی کەمە و ئاودەرکردنی خراپە و بەهەڵمبون زۆرە، لەوانەشە سوێری لە خاکدا دروست بێت بە هۆی ئاو پرژاندنی ئاوی دەریا بەسەریدا یان بەهۆی خودی ئاوی ئاودێریەکەوە. لەگەڵ ئەوەی (٪٤٠) خاکی ناوچەی وشک لە جیهاندا توشی هەندێک حاڵەتی بەخوێیبون (شۆرەکات) دەبێت، بەڵام کرداری بەخوێیبون تەنیا لە ناوچەی وشک و نیمچەوشک ڕونادات بەڵکو لە زۆربەی بازنەکانی پانی ڕودەدات، کاتێک کە ماوەی وشکی درێژبێت کرداری خاسیەتی موین ڕودەدات و ئاوی ژێر زەوی دێتە سەر زەوی و دەبێت بە هەڵم و ئەمەش وادەکات کرداری بەخوێیبون ڕوبدات. چەندێکیش ڕادەی سوێری لە خاکدا زیادی کرد ئەوا ڕادەی گەیاندنی تەزوی کارەباش تێیدا زیاد دەکات، لە بنچینەدا ئاوی دڵۆپێنراو گەیەنەری کارەبا نیە، بۆیە زیادبونی سوێری ئاو دەبێتە هۆی ئەوەی پلەی گەیەنەری بۆ کارەباش زیاد بکات. ترشیەتی یان تفتیەتی خاک لەسەر ئەو بەردە دەوەستێت کە لێی دروست بوە هەروەها لەسەر بونی شێ تێیدا و پێکهاتە کیمیایەکەی، ڕادەی تفتیەتی خاکیش پەیوەستە بەوەی کە ئایۆناتی هایدرۆکسید –OH زیاد ببێت بەسەر ئایۆناتی هایدرۆجیندا +OH لە گیراوەی خاکدا. خاکی بیابانیش تفتە، ئەمە لە کاتێکدا خاک لە ناوچە ساردەکاندا ترشە. خاکی سوێری دابەشدەکرێت بۆ دو جۆری سەرەکی:
خاکی سوێر: ئەو خاکانەیە کە ڕیژەیەکی زۆر لە خوێی تواوەی وەک کلۆریدات و کبریتاتی هەریەکە لە سۆدیۆم و کالیسیۆم و مەگنیسیۆمی تێدا کۆدەبێتەوە، هەندێکجار پێی دەوترێت خاکی تفتی سپی بە هۆی ڕەنگی خوێ سپیەکەوە کە لەسەر ڕوی خاکەکە دەبیندرێت.
خاکی تفت: بەو خاکانە دەوترێت کە بەهای (PH) تێدا لە نێوان (٨،٥-١٠) هۆکاری بەرزی ڕێژەی تفتی دەگەڕێتەوە بۆ کۆبونەوەی کاربۆناتی سۆدیۆم، پێشیدەوترێت خاکی تفتی ڕەش لە بەر ئەوەی ڕەنگەکەی ڕەشە بە هۆی توانەوەی مادەی ئەندامی ڕەنگ ڕەش یان قاوەی تۆخەوە.
ئەو فاکتەرانەی کە کار دەکەنە سەر پێکھاتن و دروستبوونی خاک
دەستکاری- تاوێرە بنچینەییەکان
- دۆخی ئاو و ھەوا
- چالاکی ڕووەک و گیانلەبەرەکان
- بەرزی و نزمی
- ئاوی ژێر زەوی و جووڵەی ئاو
- چالاکیی مرۆڤ
- کات
خاک لە ماوەی دروستبوونیدا بە سێ قۆناغدا تێدەپەڕێت
دەستکاری- قۆناغی لاوی
- قۆناغی پێگەیشتوویی
- قۆناغی پیری
تایبەتمەندییە فیزیاییەکانی خاک
دەستکاری- پڕۆفایلی خاک
- شانەی خاک
- بنیادی خاک
- قووڵیی خاک
- ڕەنگی خاک
- کونیلەداری و پێداڕۆیشتنی خاک
دابەشبوونی جوگرافیی خاک
دەستکاری- خاکی ھەرێمی دارستان
- خاکی ھەرێمی گژوگیا
- خاکی بیابانی
- خاکی تەندرا
کێشەکانی خاک
دەستکاری- ڕاماڵین
- لەوەڕاندنی بێسەرپەرشت
- کێڵانی نادروست
- بڕینەوەی درەخت
- سووتاندن
- تێکچونی تایبەتمەندی خاک
- ڕەقبونی خاک
- پیسبونی خاک
- فراوانبونی شارەکان
خاک چوار پیشەی گرنگی ھەیە
دەستکاری- بنچینەی دروستبوون و گەشەکردنی ڕووەکەکانە.
- کۆکەرەوە و لەخۆگری ئاوە.
- پێکەوە بەستراوە بە بەرگی گازییەوە و کاریگەری لێ دەکات.
- شوێنی ژیانی زیندەوەرەکانە.
زیندەوەرەکانی خاک:
سەبارەت بەکۆمەڵەی زیندەوەران لە زۆر جۆری جیاواز پێکهاتون کە هەندێکیان دەبیندرێن وەک ئاژەڵی باڵا و هەندێکیتریان نابینرێن وەک زیندەوەری میکرۆسکۆبی، هەندێکیان لەسەر ڕوەک و هەندێکیشیان لەسەر ئاژەڵ دەژین. گەشەدەکەن لەو ژینگەیەی کە ڕوەکە وردەکانی لێدەژین، بە تایبەتی لەو ناوچانەی خۆراکی زۆری تێدایە، زۆربەیان لە بەشی سەرەوەی خاک دەژین، جگە لە کرمەکان کە لە ناو قوڵای خاکدا دەژین، کەم دەبنەوە لەو ناوچانەی کە خۆراک و ئۆکسجینی کەمە و پۆلێن دەکرێت بۆ چوار گروپ:
١- ئەلبروتوزوا: زۆربەیان زیندەوەری مایکرۆسکۆبیە بەڵام قەبارەیان گەورەترە لە قەبارەی ڕوەکە وردەکان، زۆرترین گروپن لە ڕوی جۆر و ژمارەوە، ساڵانە چەندین تەن لە مادەی ئەندامی بۆ خاک زیاد دەکەن دوای مردنیان.
٢- کرم: ئەمەشیان دابەشدەکرێت بۆ دو کۆمەڵە: یەکەمیان نەماتود کە قەبارەیان بچوکە کە چاو بە ئەستەم دەیبینێت کە درێژیان لە نێوان (٠،٥-١،٥ملم) وەک کرمی دەزولەی یان خڕ، کۆمەڵەی دوەمیان کرمی گەورە (کرمی خاک) بە چاو دەبینرێت بە تایبەتی لە کاتی هەڵکەندنی خاکدا درێژیان جیاوازە هەندێکیان درێژیەکەی (٢-٣سم) و هەندێکیتریان دەگاتە (١٠-١٥سم) و هەشیانە دەگاتە (٥٠سم) بە درێژای تەمەنیان لە ناو قوڵای خاکدا دەمێننەوە بەرگەی وشکی و زوقم و خراپی هەواگۆڕکێ و بەرزی پلەی گەرما و ترشی ناگرن، ئەمانەش دوای مردنیان ساڵانە چەندان تەن لە مادەی ئەندامی دەگێڕنەوە بۆ نێو خاک. ئەم کرمانە ساڵانە دەتوانن (٦،٥) تەن خاک بۆ هەر هێکتارێک ژێرەوڕو (هەڵگێڕنەوە) بکەن.
٣- مێروەکان: ئەمانەش بە ژمارەی زۆر لە فەسیلەی بێباڵەکانن لەوانە مێروی سپی و قالۆنچە و هەزارپێ و چلوچوارپێ. هەمو ئەم مێروانە بەشداری لە هەڵوەشاندن و شیتەڵکردنی مادەی ئەندامی سەرەتای و تێکەڵکردنی لەگەڵ مادە کانزایەکاندا دەکەن، هەروەها زیادکردنی بۆشای لە ناو خاکدا بۆ هاتوچۆکردنی هەوا و نوێبونەوەی لە ناو خاکدا، سەرەڕای ئەوەی لە دوای مردنیان دەبنەوە بە مادەی ئەندامی ناو خاک.
٤- رخویات (Mollusks): بریتیە لە هێلکە شەیتانۆکە و کرم و لە ناوزەوی و سەرزەوی دەژین و لە هاویندا شوێنی سێبەریان پێباشە و لەسەر مادەی ئەندامی و ڕوەک و هەندێک جار لەسەر لاشەی مردوەکان دەژین و سەرچاوەیەکی گرنگی مادەی ئەندامین بۆ خاک.
جگە لەمادەش هەندێک لە ئاژەڵە بڕبڕەدارەکان کە ناو خاک دەکەنە شوێن و لانەی خۆیان و زاوزێی تێدا دەکەن و هەندێک ئاژەڵی وەک خشۆکەکان و مشک و کەروێشک و ڕێوی و گیانەوەرە کرتێنەرەکان هەمویان لە ڕێگای هەڵکەندنی خاک و لێدانی کون و تێکەڵاوکردنی خاکەوە ڕۆڵیان هەیە لە چاککردنی خاکدا و گەیاندنی هەوا بۆ چینەکانی ناوەوەی خاک.
خاک و چالاکی ئابوری:
خاک بە یەکێک لە دەرامەتە سروشتیەکان ئەژماردەکرێت، کە چالاکی ئابوری لەسەر وەستاوە، چونکە هەمو چالاکیە ئابوریە جۆربەجۆرەکان چ چالاکی پیشەسازی یان بازرگانی یان گواستنەوە....هتد، پێویستیان بە خاک هەیە و بەهۆیەوە دەتوانن چالاکیەکانیان ئەنجام بدەن، بۆ نمونە چالاکی کشتوکاڵی پێویستی بە خاکێکی بە پیت هەیە لەگەڵ ئاو و پێداویستیەکانی تردا بۆ ئەوەی بڕی بەرهەمی زیاتر بێت، هەربۆیە ئەو خاکەی بڕی بەرهەمی زیاتر بێت ئەوا بە خاکێکی پێگەیشتو و بەپیت ئەژماردەکرێت و سەرچاوەی لایەنی ئابوری پێدابین دەکرێت، بە هەمان شێواز جیاوازی بەکارهێنانی خاک لە بوارە جۆربەجۆرەکانی چالاکی تردا کە ڕاستەوخۆ وەستاوە سەر باش و خراپی خاک بۆ ئەو چالاکیانە، کەواتە دەردەکەوێت بەبێ خاک چالاکیە ئابوریەکان توشی گرفت و کێشە دەبن یان هەر بە تەواوی دەوەستێن، هەربۆیە خاک و چالاکیە ئابوریەکان پەیوەندیەکی ڕاستەوخۆیان هەیە بەیەکەوە.
سەرچاوەکان
دەستکاری- بەشداربووانی ویکیپیدیا، ««Land»»، ویکیپیدیای ئینگلیزی. سەردان لە ٩ی حوزەیرانی ٢٠١٧.
- پەرتوک، جوگرافیای خاک، د.هاوڕێ یاسین محەمەدئەمین
- پەرتوک، جوگرافیای ئاسان
- پەرتوک، گرنگی دیاردە جوگرافیەکان، مقداد عەلی ئەحمەد
کۆمنزی ویکیمیدیا، میدیای پەیوەندیدار بە خاک تێدایە. |