مەلا مەحموودی موفتی ناسراو بە بێخود (١٨٧٩-١٩٥٥) موفتی و مامۆستای ئایینی و شاعیرێکی بەناوبانگی کورد بووە.

لەبەرھەمەکانی دیوانی بێخود

ژیاندەستکاری

بێخود ناوی مەحموود بووە و کوڕی موفتی «حاجی مەلا ئەمین» کوڕی موفتیی گەورە «حاجی مەلا ئەحمەدی چاومار» (ناسراو بە پیر حەسەن)ە. لە ساڵی ١٢٩٦ کۆچیدا لە دایک بووە. لای زانایانی ناوداری ئەو سەردەمەی سلێمانی خوێندنی تەواو کردووە. ساڵی ١٩٠٠ زایینی کراوە بە حاکمی ھەڵەبجە، دوای ئەوە مامۆستای قوتابخانەی سەرەتایی بووە لە سلێمانی لەگەڵ مامۆستایان ڕەفیق حیلمی و زێوەردا مامۆستایەتیی کردووە، بێ ئەوەی بەرامبەر بەوە ھیچ مانگانەیەک وەربگرێت. لە پاش ماوەیەک لەم کارە دوورکەوتۆتەوە و بە درێژایی ژیانی لە کاروباری میری نزیک نەکەوتۆتە. ھەموو ژیانی لە سلێمانی بردووەتە سەر.

پێش مردنی موفتی کاکی، چەند ساڵێکی لە ھەڵەبجە بەسەر بردووە. ئەوجا گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی و تا مردنی لە جێگاکەی ئەودا مفتی بووە.

پاش نیوەڕۆی ٢٥ی ئابی ١٩٥٥ بەرامبەر (١٣٧٥ی کۆچی) لە سلێمانی کۆچی دوایی کردووە.

نموونەی شیعردەستکاری

شیعری چوارینە بەندی «لەو ڕۆژەوە ڕۆیشتووە» لە نێوەندی ئەدەبیدا بەناوبانگ و دڵگیرە. بێخود لەم شیعرەدا بۆ برازایەکی دەلاوێنێتەوە کە لە ڕووباری دیجلە لە بەغدا خنکاوە. سەرەتا بەم چوارینانە دەست پێ دەکات:

لەو ڕۆژەوە ڕۆیشتووە تۆراوە دڵی من ھەرچەند ئەگەڕێم بێ سەر و شوێن ماوە دڵی من
ئاخۆ بە چ شاخێکەوە گیرساوە دڵی من یا خۆ بە چ داخێکەوە سووتاوە دڵی من
ئەو ھەمدەمی غەمخوار و نەدیمی منە یا ڕەب ئەو مەحرەمی ئەسرار و قەدیمی منە یا ڕەب
ئەو گەوھەری شەھوار و یەتیمی منە یا ڕەب کەوتۆتە چ بەحرێکەوە، خنکاوە دڵی من
مەجنوونی دوو گیسوویی چ لەیلایێکە ئاخۆ یا وامیقی جادوویی چ عەزرایێکە ئاخۆ
دێوانەیی ئاھوویی چ سەحرایێکە ئاخۆ کام چیھرەپەری دیوە کە ترساوە دڵی من
ئەتلێتەوە گاھێ بە خەیاڵی خەت و خاڵی ئەخولێتەوە گاھێ بە چرای شەوقی جەماڵی
نازانی ئەگەر چۆنە بەدەس دەردەوە حاڵی وەک پووش و پەڵاشێکە بەدەم باوە دڵی من

لەو بەندانەدا بێخود وەسفی ھەست و نەستی دەروونی خۆی دەکات لە دوای خنکانی ئەو لاوە لەناو ڕووباری دیجلە. بە زمانی دڵی باس لە چارەنووسی ئەو جوانەمەرگە دەکات ھەموو وەسفەکانی پرسیارن: شاعیر لە لیریکە نایابەکەی بەردەوامە:

لەو چۆڵ و بیابانە ئەبێ یاوەری کێ بێ یا بەو کەژ و کێوانەوە سەوداسەری کێ بێ
یا لەت لەت و ئەفگاری موژەی خەنجەری کێ بێ چۆن ماوە لە سەد لاوە کە کوژراوە دڵی من
بۆچی نەڕژێ سەیلی سروشکم وەکوو باران بۆچی وەکوو یەعقووب نەبمە شوھرەیی شاران
لەو یووسفە پرسیومە لە بێگانە و یاران ھەرگیز نییە سۆراغی لە ھیچ لاوە دڵی من
بۆ خۆی بگریم یا نەفەسی پەردەدڕاوی یا بۆ جگەری کون کون و سەدپارەکراوی
چی کردووە یا ڕەب، کە خەو و خواردن و ئاوی دایم غەم و بێداریی و خوێناوە دڵی من
چ بکەم، چ بڵێم، بۆ دڵەکەم کارییە دەردم شاھێدی منن موویی سپی و چیھرەیی زەردم
خۆڕایی نییە ناڵەیی گەرم و دەمی سەردم ھەڵبەت بە بەڵایێکەوە ئاڵاوە دڵی من

دڵی شاعیر لەگەڵ یادی کۆچ کردوو دەژی. نازانێ لە کوێیە! لە بیابان و کەژ و کێوان دایە، یان لەناو بیرەکەی یووسفە، بێخودی ماڵوێران وەکو یەعقووب نازانی جوانەمەرگ لە کوێیە! شاعیر بەجۆرێک شپرزە بووە نازانێ ھاوار بۆ کێ بەرێ! لە کاتێکدا دەرمانی ئەو دەردە دەدۆزێتەوە، بەم بەندانە کۆتایی بە شیعرە ڕەنگینەکەی دێنێ:

ئەو سینە لە غەش خاڵییە، ئەو بێ ڕق و کینە ئەو خادیمی شەرعی نەبەوی و میللەت و دینە
مەعلووم چووە بۆ خزمەتی سالاری مەدینە وام زانی کە فەوتاوە، نەفەوتاوە دڵی من
قوربانی کەسێ بم کە بە قوربانی نەبی بێ وەک بەندە سەگی دەرگەھی شاھی عەرەبی بێ
شاھی عەرەبی یەعنی قورەیشی نەسەبی بێ جەرگی بە دوو ئەبرۆی ئەوە جنراوە دڵی من
زاتێکی وەھای گرتووە ڕۆحم بە فیدای ئەو شاھان شەو و ڕۆژ دێنە قەدەمبۆسی گەدای ئەو
بێخود مەبە ئیتر بە ئومێد و بە تەمای ئەو نایێتەوە لات گەر سەری داناوە دڵی من

بێخود دڵی بەوە خۆشە کە داڵدە و پەنای لە پێغەمبەردا دۆزیوەتەوە، دڵی کە ھەمیشە لەگەڵ جوانەمەرگ دایە ھەردووکیان چوون بۆ خزمەتی سالاری شاری مەدینە. ئیتر شاعیر دەکەوێتە ستایش و پێدا ھەڵدانی پێغەمبەر. بەوە زۆر بەختیارە کۆچ کردوو جارێکی دیکە ناگەڕێتەوە، ئەوەی بە دیدەنی پێغەمبەر شادبێ لە شاری مەدینە چۆن لەو خاکە پیرۆزە دووردەکەوێتەوە!؟.[١]

سەرچاوەکاندەستکاری

  • دیوانی بێخود، ھۆنراوەی: مەلا مەحموودی موفتی (بێخود)، کۆکردنەوە و ڕێکخستن و لەسەر نووسینی: محەممەدی مەلا عەبدولکەریم. سنە: بڵاوکردنەوەی کوردستان، ٢٠٠٧.
  • کتێبی : گوڵستانی ئیرەم لە وەصفی فەخری عالەم ، ئامادەکردنی : عوسمان سەنگاوی
  1. ^ مێژووی ئەدەبی کوردی، بەرگی شەشەم، لاپەڕەکانی ٧٣ تا ٩٢، مارف خەزنەدار، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، ھەولێر: ٢٠٠٦.