ڕەفیق حیلمی
ڕەفیق حیلمی (١٨٩٨ - ١٩٦٠) ناوی یەکێک لە ڕامیار و مێژوونووس و شاعیرانی کوردە.
ڕەفیق حیلمی | |
---|---|
لەدایکبوون | ١٨٩٨ |
مەرگ | ١٩٦٠ (بە تەمەنی ٦٢ ) |
پیشە | شاعیر |
ژیان
دەستکاریڕەفیق کوڕی ساڵح کوڕی عەبدوڵڵا لە ساڵی ١٨٩٨ لە شاری کەرکووک لەدایک بووە و خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی لە کەرکووک و سلێمانی و ئامادەیی لە بەغدا و پەیمانگای ئەندازەی لە ئەستەمبۆڵ تەواو کردووە و لە ساڵی ١٩٢٠ گەڕاوەتەوە کوردستان و بووەتە مامۆستایەکی پسپۆڕی ئەندازە و بیرکاری. لە ماوەی خوێندنی لە ئەستەمبوڵ فێری زمانی تورکی و فەڕەنسی بووە جگە لە کوردی کە زمانی زگماکی خۆی بووە. کە شێخ مەحموودی حەفید بۆ جاری دووەم لە مانگی تشرینی یەکەمی ١٩٢٢ کابینەیەکی تازەی داناوە ناوی خۆی نا مەلیکی کوردستان، مامۆستا ڕەفیق حیلمی کردە ڕاوێژکاری ڕامیاریی خۆی و ئەم ناودارە گەلێک وتاری ڕامیاری لە کۆواری ڕۆژی کوردستان زمانی میری مەلیک مەحموود نووسی.
سیاسەت
دەستکاریکاتێک کە میری کوردستانی باشوور بە پیلانی بەریتانیا و بە زەبری ھێزی چەکداری لەناوبرا، مامۆستا ڕەفیق حیلمی لەو ناوچەیە دوور خرایەوە و کرا بە مامۆستای بیرکاری، بەڵام دەستی لە کوردایەتی ھەڵنەگرت و پتر لەسەر گەیشنی کورد بە مافی چارەنووسی خۆی ھەوڵی دا، بووە یەکێک لە ڕێکخەرانی شەڕەکەی بەردەرکی سەرای سلێمانی لە ساڵی ١٩٣٠ و ماوەیەک لەسەر ئەم خەباتەی گیرا.
کاتێک دەستەیەک لە قوتابیان و لاوانی کوردی ھەولێر و سلێمانی و کەرکووک و کۆیە و کفری ڕێکخراوێکی ڕامیارییان بە ناوی کۆمەڵەی دارکەر دامەزراند و ئامانجیان ڕزگارکردنی کوردستان بوو، بەڵام نەبووە ئەو پارتە جەماوەرییە تاکوو لە ساڵی ١٩٣٩ ڕەفیق حیلمی نەکرا بە سەرۆکی ئەو ڕێکخراوە، ناوەکەیشی لەسەر داخوازی ئەو سەرۆکە کرا بە پارتی ھیوا. بە ھەوڵ و کۆششی بێوچانی ئەم سەرکردە نەتەوەییە لێھاتووە، زۆر لە ئەفسەری کوردپەروەر و کاسبکار و ڕووناکبیر بوونە ئەندامی کارای ئەم ڕێکخراوە ڕامیارییەی کوردستان تا گەیشتە ڕادەیەکی وا بە ھەوڵ و ھیمەتی ئەو پارتە مەلا مستەفای بارزانیی دەست بەسەر لە سلێمانی، دەرباز کرا بۆ ناو خاکی کوردستانی ڕۆژھەڵات و لەوێوەش لە ٢٨ی تەممووزی ١٩٤٣ گەیشتەوە خاکی بارزان بۆ خۆکۆکردنەوە بۆ بەرپاکردنی شۆڕشی ١٩٤٣ – ١٩٤٥ی بارزان. ئەو پارتەی ھیوا تا کۆتایی ساڵی ١٩٤٣ و نیوەی یەکەمی ١٩٤٤ بەھێزترین کۆمەڵەی ڕامیاری کورد بوو، یارمەتییەکی باشی شۆڕشی ڕزگاریخوازی بارزانی دا، لەجێی پارتی ھیوا دوو ڕێکخراوی ڕامیاری کورد دروست بوون و پەرەیان سەند ئەوانیش پارتی شۆڕش و پارتی ڕزگاری بوون و لە ١٦ی ئابی ١٩٤٦یش لە شوێنی ھەردوو ڕێکخراوە ڕامیارییەکە پارتی دیموکراتی کوردستان دروست بوو.
مامۆستا ڕەفیق حیلمی لەگەڵ ئەوەی ناودارێکی ڕامیاری گەورە بوو، لە ھەمان کاتیشدا شاعیرو مێژوونووس و وەرگێڕو ڕەخنەگری لێھاتووی وێژەی کوردیش بوو، لەماوەی ژیاندا ئەم بەرھەمانەی داناوەو بە چاپی گەیاندوون.
مردن
دەستکاریڕەفیق حیلمی لە ٤ی ئابی ١٩٦٠ لە بەغدا بە نەخۆشی ھەرەسی ناو مێشک کۆچی دوایی کرد و ھەر لەوێش بەخاک سپێردرا.
بەرھەمەکان
دەستکاری- کورد لە بەرەبەیانی مێژووەوە تا ١٩٢٠، بە زمانی عەرەبی
- خولاسەی مەسەلەی کورد، لە فەڕەنسیەوە کردوویەتی بە کوردی
- شیعر و ئەدەبیاتی کوردی، بەرگی یەکەم، لە ١٩٤١؛ بەرگی دووەم، لە ١٩٥٦.
- کوردستانی عێراق و شۆڕشەکانی شێخ مەحموود، ٦ بەرگە و ھەموویان چاپکراون
- پاش تەمووز، دیوانێ شیعر
جگە لەمانەش بە دەیان وتار و لێکۆڵینەوەی بەپێزی لە گۆڤارە کوردییەکانی وەک گەلاوێژ بڵاو کردووەتەوە.
ئەمانەش ببینە
دەستکاریسەرچاوە
دەستکاری- مێژووی ئەدەبی کوردی، بەرگی شەشەم، مارف خەزنەدار، لاپەڕەکانی ٤١٩ تا ٤٣٢، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس. ھەولێر:٢٠٠٦.
- ماڵپەڕی خۆزگا [١]