شێرکۆ بێکەس
ئەم وتارە لەوانەیە پێویستی بە خاوێنکردن ھەبێت تا بگات بە شێوازی ستانداردی نووسین. |
ئەم وتارە بۆ سەلماندن پێویستی بە ئاماژەی زیاتر بە سەرچاوەکان ھەیە. (فێربە کەی و چۆن ئەم داڕێژەیە لابەریت) |
شێرکۆ فایەق عەبدوڵڵا بێکەس (لەدایکبووی ٢ی ئایاری ١٩٤٠ لە سلێمانی، عێراق – مردووی ٤ی ئابی ٢٠١٣ لە ستۆکھۆڵم، سوێد) شاعیرێکی کورد بوو. کوڕی فایەق بێکەس بوو، و یەکێک بوو لەو شاعیرانەی کە شیعری ھاوچەرخی کوردیی دامەزراندووە شاعیرێکی بە توانا بوە.
شێرکۆ بێکەس | |
---|---|
ناوی خۆماڵی | شێرکۆ فایەق عەبدوڵڵا |
لەدایکبوون | شێرکۆ فایەق عەبدوڵڵا بێکەس ٢ی ئایاری ١٩٤٠ سلێمانی، کوردستان |
مردن | ٤ی ئابی ٢٠١٣ ستۆکھۆڵم، سوێد | (٧٣ ساڵ ژیاوە)
شوێنی گۆڕ | پارکی ئازادی، سلێمانی |
نازناو | جوامێر |
پیشە | |
زمان | کوردی |
نەتەوە | کورد |
خەڵاتە دیارەکان | خەڵاتی تۆخۆڵسکی (١٩٨٧) خەڵاتی پیرەمێرد (٢٠٠١) خەڵاتی قەقنەسی زێڕین (٢٠٠٥)[١] |
چالاکی ساڵانی | ١٩٦٨–٢٠١٣ |
ھاوسەر | نەسرین ئەحمەد میرزا (١٩٦٩-٢٠١٣)[٢] |
منداڵەکان | ھەڵۆ، ھانا، ھەڵبەست، ھێژا |
خزمەکان | فایەق بێکەس (باوک) شەفیقە سەعید (دایک)[٣] |
شێرکۆ بێکەس یەکەم وەزیری ڕۆشنبیری لە ھەرێمی کوردستان و ھەروەھا لە خولی یەکەمی پەرلەمانی کوردستان ئەندامی پەرلەمانیش بووە. شێکۆ بێکەس ئەندامی یەکێتیی نووسەرانی کورد، سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان و یەکێتیی نووسەرانی سوێد بوو.[٤]
ژیان دەستکاری
شێرکۆ بێکەس ڕۆژی ٢ی مەیی ساڵی ١٩٤٠ لە گەڕەکی گۆیژەی شاری سلێمانی لەدایکبووە. شێرکۆ یەکەمین شیعری خۆی لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا بڵاوکردەوە. ساڵی ١٩٦٨ یەکەمین پەرتووکی شیعری خۆی بە ناوی «تریفەی ھەڵبەست» لە (بەغدا) لە چاپ دا. لە ساڵی ١٩٧٠ لەگەڵ کۆمەڵێک لە شاعیرانی بەناوبانگی ئەو سەردەمە بانگەوازێکیان بۆ گۆڕانکاری لە شیعری کوردی و بە تایبەت چوون بە لای شیعری نوێی کوردییەوە بڵاو کردەوە.
ساڵی ١٩٨۷ لە وڵاتی سوید خەڵاتی «تۆخۆڵسکی» پێ بەخشرا و شیعرەکانی بە زۆر زمانی دنیا وەرگێڕدا. لە ساڵی ١٩٩٨ەوە ھەتا کۆتایی ژیان، ئەندامی ئەنتەلۆجیای خوێندنی پۆلەکانی ئامریکا و کەنەدا بوو. لە ھەمان ساڵدا بە یارمەتی کۆمەڵێ کەس و ھاوڕێی، «دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم»یان دامەزراند.
لە ساڵی ٢٠٠١ ناوەندی چاپ و ڕاگەیاندنی «خاک» خەڵاتی پیرەمێردی شاعیری بە شێرکۆ بەخشی. لە ساڵی ٢٠٠٩دا تەواوی بەرھەمەکانی لە ھەشت ھەزار پەڕەدا لە چاپ درا.[٥]
شیعر دەستکاری
شێرکۆ بێکەس یەکێک بوە لە دامەزرێنەرانی سەردەمی شیعری نوێی کوردی و ھونەری کوردی بە زمانی شیعری نوێ ناساند. شیعری شێرکۆ زۆرجار باسی لە نیشتمانپەروەری و خۆشەویستی ئاو و خاک کردووە.[ژێدەر پێویستە]
نموونەی ھەڵبەستی شێرکۆ بێکەس دەستکاری
نموونەی یەکەم دەستکاری
لە لای ئەوان
لە پشت ھەموو پیاوێکەوە ژنێک ھەیە
دەس بە مۆم و دەس بە کتێب و ڕۆژنامە و
بە شمشاڵ و بە کەمانچە و
دەس بە شەوبۆی خۆشەویستی
لە لای ئێمەش
لە پشت ھەموو ژنێکەوە پیاوێک ھەیە
دەس بە مار و بە بلۆک و بە دڕکەزی و
بە بەردەکانی تەڵاق و
دەس بە خوێنی مەرگدۆستی
نموونەی دووەم دەستکاری
وێنەیەک
چوار منداڵی..
تورک و فارس و
عەرەب و کورد
بە ھەر چواریان
وێنەی پیاوێکیان دروستکرد
یەکەم: سەری
دووەم: دەستی
سێیەم: لەشی و قاچەکانی
چوارەم: چەکی
کردە شانی!
بەرھەمەکان دەستکاری
شیعر دەستکاری
- تریفەی ھەڵبەست (١٩٦٨)
- کەژاوەی گریان (١٩٦٩)
- من تینوێتیم بە گڕ ئەشکێ (١٩٧٤)
- کازیوە (١٩٧٨)
- دوو سروودی کێوی (١٩٨٠)
- ڕەنگاڵە (١٩٨٠)
- ڕووبار (١٩٨٤)
- داستانی ھەڵۆی سوور (١٩٨٥)
- کەشکۆڵی پێشمەرگە (١٩٨٥)
- شایی شەھید (١٩٨٥)
- ئاوێنە بچکۆلەکان (١٩٨٦)
- داڵ (١٩٨٧)
- تەمتوومان (١٩٨٩)
- دەربەندی پەپوولە (١٩٩١)
- ئافات (١٩٩٣)
- یادداشتی ماکەوێکی ڕەشپۆش (١٩٩٣)
- مێرگی زام، مێرگی ھەتاو (١٩٩٦)
- بۆننامە (١٩٩٨)
- خاچ و مار و ڕۆژژمێری شاعیرێ (١٩٩٨)
- چراکانی سەر ھەڵەمووت (١٩٩٩)
- نسێ (١٩٩٩)
- پیاوێ لە دارسێو (٢٠٠٠)
- ژن و باران (٢٠٠٠)
- ڕەنگدان (٢٠٠١)
- ئەزموون (٢٠٠١)
- لە چلەی چلچرایەکدا (٢٠٠١)
- خۆم، ئەو وەختەی باڵندەم (٢٠٠٢)
- پاییزە میوان (٢٠٠٢)
- گۆڕستانی چراکان (٢٠٠٤)
- ئێوە بە خۆشەویستیم ئەسپێرن (٢٠٠٤)
- سروودە بەردینەکان (٢٠٠٥)
- کورسی (٢٠٠٥)
- لە گوڵەوە ھەتا سووتوو (٢٠٠٦)
- حەفتا پەنجەرەی گەڕۆک (٢٠٠٧)
- کتێبی ملوانکە (٢٠٠٧)
- تۆ ئەتوانی بە قومێ ماچ بمخەیتەوە ھەڵقوڵین (٢٠٠٧)
- زێ و زنە (٢٠٠٨)
- تەون (٢٠٠٩)
- ھەست و نەست (٢٠١٠)
- ئێستا کچێک نیشتمانمە (٢٠١١)
- ئەسپێک لە پەڕەی گوڵاڵە (٢٠١٢)
- خێراکە مردن خەریکە بگات (٢٠١٣)
شانۆنامە دەستکاری
- کاوەی ئاسنگەر (١٩٧١)
- ئاسک (١٩٧٨)
وەرگێڕان دەستکاری
- پیرەمێرد و زەریا (١٩٨٢)
- ژنێک و دوو پیاو (٢٠٠٠)
منداڵان دەستکاری
- کوکوختیە بزێوەکە (٢٠٠٣)
بیرەوەری دەستکاری
- نووسین بە ئاوی خۆڵەمێش (٢٠١٣)
وەرگێران دەستکاری
- مەرایا ساغیرە، وێنەکراوی فواد عەلی، ١٢٥ پەڕە، چاپی الاھالی، دیمەشق، سوریا ١٩٨٨
- سما سپێگلار: دیکتەر ١٩٧٨–١٩٨٩، نۆرسبێرگ، چاپخانەی کوردستان، ١٩٨٩.ISBN 91-87096-05-6
وەسیەتنامە دەستکاری
من نامەوێت لە ھیچ کام لە گرد و گردۆڵەکەکاندا بنێژرێم کە دیارن و ناویان ئەبرێ، یەکەم لەبەرئەوەی پڕبونەتەوە و دووەم لەبەرئەوەی من حەز بە قەرەباڵغی زۆر ناکەم، من ئەمەوێ ئەگەر سەرۆکی شارەوانی و ئەنجومەنی شارەوانی شارەکەم ڕێگەم پێبدا و ئەوەم پێ ڕەوا ببینن کە لە پارکی ئازادیدا و بە تەنیشت مۆنۆمێنتەکەی شەھیدانی ١٩٦٣ی سلێمانییەوە بمنێژن، ئەوێ خۆشترە و تەنگەنەفەس نابم، من حەز ئەکەم بە مردویش نزیکی ئەو خەڵکەو ژن و پیاوی شارەکەم و دەنگی مۆسیقا و گۆرانی و ھەڵپەڕکێ و یانە جوانەکانی ئەو پارکە بم. با کتێبخانەکەم و دیوانەکانم و وێنەکانم ببرێن بۆ شوێن مەزارەکەم، با کافتریایەک و باخچەیەکی بچکۆلانە لەو شوێنەدا ھەبێت بۆئەوەی شاعیران و نوسەران و کچ و کوڕی دڵدار ببنە میوانم، من ئەمەوێ لە ئێستەوە بەچاوی خەیاڵ تەماشای ئەو پارکە بکەم و دوای مردنی خۆم ببینم، ئەمەوێ بەدەم چریکەی دیلان و ئەڵڵا وەیسییەکەی مەردان و سرودی خوایە وەتەن ئاواکەیەوە ئاڵای کوردستانم تێوە پێچرابێ و بنێژرێم، من ئەمەوێ لە پرسەکەمدا مۆسیقا لێبدرێت، لەناو مەزارەکەمدا تابلۆی جوانی ھونەرمەندانی شارەکەم ھەڵبواسن، من ئەمەوێ دوای خۆم و بەناوی «بێکەس» ەوە خەڵاتێکی ساڵانە تەرخان بکرێ و بدرێت بە جوانترین دیوانە شیعری ھەڵبژێردراوی ئەو ساڵە و خەرجی ئەم خەڵاتەیش لەو میراتە بدرێ کە جێیدەھێڵم.
شێرکۆ بێکەس
خەڵاتەکان دەستکاری
- خەڵاتی تۆخۆڵسکی، سوێد (١٩٨٧)
- خەڵاتی پیرەمێرد، ناوەندی خاک، ھەرێمی کوردستان (٢٠٠١)[٢]
- خەڵاتی قەقنەسی زێڕین، عێراق (٢٠٠٥)[١]
سەرچاوەکان دەستکاری
- ^ ئ ا نزوا: شێرکۆ بێکەس، پێشەنگی تازەگەڕیی کوردی (بە عەرەبی)، نووسراو لە ١ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٣؛ سەردان لە ١٦ی تەممووزی ٢٠٢٣.
- ^ ئ ا ڕۆژنیوز: شێرکۆ بێکەس، شاعیری سەدەیەک، نووسراو لە ٢٥ی شوباتی ٢٠٢٠؛ سەردان لە ١٦ی تەممووزی ٢٠٢٣.
- ^ ڕۆژنیوز: دایکی شێرکۆ بێکەس لە تەمەنی ٩٩ ساڵییدا کۆچی دوایی کرد، نووسراو لە ١٤ی تشرینی دووەمی ٢٠١٧؛ سەردان لە ٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣.
- ^ پەرلەمانی کوردستان-عێراق: مێژووی ھەڵبژاردن خولی یەکەم ١٩٩٢ (بە سۆرانی)؛ سەردان لە ١٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣.
- ^ کوردپرێس: شێرکۆ بێکەس لە کورتەیەکدا، نووسراو لە ٤ی ئابی ٢٠١٣، ئەرشیڤکراو لە ٩ی ئابی ٢٠١٣؛ سەردان لە ١٦ی تەممووزی ٢٠٢٣.
بەستەرە دەرەکییەکان دەستکاری
کۆمنزی ویکیمیدیا، میدیای پەیوەندیدار بە شێرکۆ بێکەس تێدایە. |