ھەڵۆ شێرکۆ بێکەس (١٣ی تشرینی دووەمی ١٩٧٢ لە سلێمانی - ) ڕۆژنامەوان و شاعیری کوردی خەڵکی باشووری کوردستانە. ھەڵۆ کوڕی شاعیری ناوداری کوردستان شێرکۆ بێکەس و نەوەی فایەق بێکەسە.

ھەڵۆ شێرکۆ بێکەس
لەدایکبوون١٣ی تشرینی دووەمی ١٩٧٢
سلێمانی
پیشەڕۆژنامەوان، شاعیر
نەتەوەکورد
خزمەکانشێرکۆ بێکەس (باوک)
فایەق بێکەس (باپیر)

ژیان دەستکاری

ھەڵۆ شێرکۆ بێکەس ١٣ی تشرینی دووەمی ١٩٧٢ لە گەڕەکی ئیسکانی شاری سلێمانی لە باشووری کوردستان لە دایک ببوو. باوکی شاعیری ناوداری کورد شێرکۆ بێکەس بوو کە ئەویش کوڕی شاعیری نیشتمانپەروەری کورد فایەق بێکەس بووە. دەورەی خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی مەولانا خالید و دەورەی ناوەندیش لە ناوەندی ڕۆژھەڵات لە شاری سلێمانی تێپەڕاند. بەڵام لە تەمەنی تازەلاویدا بەھۆی دۆخی بنەماڵەکەی کۆچیان کرد بۆ دەرەوەی وڵات و بە ناچار ساڵێکیان لە ئێران بە سەر برد و بە دوای ئەوەیش لە ١٧ی ئایاری ١٩٨٨ ڕۆیشتن بۆ سوێد و لەوێدا نێشتەجێ بوون. ھەڵۆ شێرکۆ بێکەس لەو وڵاتە توانیو دیپلۆماکەی وەربگرێت و بەدوای ئەوە بڕواتە زانکۆ. بۆیە بەھۆی بارۆدۆخی ژیانی جگە لە زمانی کوردی، زمانەکانی سوێدی، ئینگلیزی، ڕووسی و فارسی بە باشی دەزانێت.[١] [٢]

ھەڵۆ شێرکۆ بێکەس ھەر لە وڵاتی سوێددا وەکوو ئەندامی یەکێتی لاوانی کورد کە ڕێکخراوەیەکی سێڤیل بۆ کوردانی تاراوگە لە وڵاتی سوێددا بوو دەستی کرد بە کاری ڕۆژنامەوانی و میدیا. ئەو بەرپرسی ڕادیۆی یەکێتی لاوانی کورد و سەرنووسەری گۆڤاری دیدار ئۆرگانی یەکێتی لاوانی کورد بوو.[٢]

ھەڵۆ شێرکۆ بێکەس جگە لە ڕۆژنامەوانی لە بواری وێژەیش چالاکە و شێعریش دەنووسێت و کۆمەڵێک نووسینی درێژ و پەخشانە شیعر و کورتە شیعریش بڵاو کردووەتەوە.[٢]

کارەکان دەستکاری

لە ساڵی ٢٠١٨ کتێبێک لەژێر ناوی سەد و یەک ڕۆژ تەنیایی بڵاوکردەوە، کە گێڕانەوەی دواساتەکانی ژیانی شێرکۆ بێکەسی باوکی لە ٢٥ی نیسان ھەتا ٤ی ئابی ٢٠١٣ لە وڵاتی سوێدە کە کتێبەکە بوو بە یەکێک لە پڕ فرۆشترین کتێبیەکانی ساڵ لە ھەرێمی باشووری کوردستاندا.[١] [٢]

ھەرەوەھا لە ساڵی ٢٠٢١ کتێبێکی کۆمەڵە ھەڵبەستی ھایکۆ بە دوو زمانی ئینگلیزی و کوردی لە ژێر ناوی خۆزیا باوکم ئەم شیعرانەی بدیایە چاپ و بڵاو کردووە کە لە ڕێوڕەسمی یادی ٨ھەمین ساڵیادی کۆچی دوایی شێرکۆ بێکەس پەردەی لەسەری لادرا.[٣] لە ساڵی ٢٠٢١دا گۆڤاری ھایکۆی جیھان لە ژاپۆن کە ھەرساڵە ھەڵبژێرێک لە باشترین ھایکۆکانی شاعیرانی جیھان چاپ و بڵاو دەکات، لەگەڵ چەند شیعرێکی دیکەی شاعیرانی جیھان، سێ شیعری ھایکۆی ھەڵۆ شێرکۆ بێکەسیش وەکوو باشترین شیعرەکانی ھایکۆی ساڵی ٢٠٢١ ھەڵبژارد و لە ژمارەی ١٧ی گۆڤارەکە لە مانگی نیسانی ٢٠٢١دا بڵاویانکردەوە.[١] [٤]

سەرچاوەکان دەستکاری