جەمال عەبدوڵلا عیرفانی مەلا ڕەسولی کاژاوی ناسراو بە جەمال عیرفان (لەدایکبووی ١٨٨١-مردووی ١٢ی کانوونی یەکەمی ١٩٢٢) ئەفسەر و کاربەدەستێکی کورد بوو. لە پاڵ کارە ئیدارییەکانی، جەمال لە ڕۆژنامەی پێشکەوتن نووسینی بڵاوکردۆتەوە.[١] زۆرجار جەمال بەیەکەم تیرۆرکراوی سیاسیی کورد دەناسرێت.[٢][٣]

ژیان دەستکاری

ژیانی سەرەتایی و خێزان دەستکاری

جەمال لە ساڵی ١٨٨١ لە گەڕەکی کانی ئاسکان لە شاری سلێمانی لەدایکبوو. باوکی ناوی عیرفان بوو وە دایکی ناوی ئامینە، دوو برا و چوار خوشکی ھەبووە ئەحمەد، و عەلی وە خوشکەکانیشی ناویان نائیلە، حەفسە، کامیلە و حەبیبە بوون. جەمال سەرەتا لای باوکی خوێندوویەتی و لەپاشانیش لە قوتابخانەی ڕوشدییە خوێندوویەتی، دواتریش لە بەغدا خوێندنی ئامادەیی سەربازی تەواوکردووە، بۆ درێژەدان بەخوێندنەکەی ڕوویکردۆتە ئیستەمبوڵ لەوێ کۆلێژی سەربازی خوێندووە.

جەمال لەگەڵ خەدیجە ھاوسەرگیری کرد و بوونە خاوەنی کوڕ و کچێک بەناوەکانی عادل و جەمیلە.[٣]

ژیانی کارکردن دەستکاری

لە دوای تەواوکردنی خوێندن، جەمال گەڕاوەتەوە سلێمانی ئەوکاتەش وڵاتەکە لەژێر دەسەڵاتی ئینگلیز بووە. لەو دەمە، جەمال بووەتە بەرپرسی یەکەی سوارە لە ھێزی لیڤی. بۆ ماوەیەکیش بووەتە بەڕێوبەری ناحییەی مەرگە، ھەروەھا ئەندامی مەجلیسی ئیدارەی سلێمانی.

تیرۆرکردن دەستکاری

لە ڕۆژی ١٢ی کانوونی یەکەمی ١٩٢٢، جەمال عیرفان تیرۆرکرا، ھۆکاری تیرۆرکردنەکەشی ناڕوونە، بەڵام ڕۆژنامەی ڕۆژی کوردستان بەھۆکاری پێشکەوتنخوازییەکانی بووە.[١] ھەندێک سەرچاوە ئاماژەیان بەوەکردووە، کە جەمال لەلایەن پیاوەکانی شێخ مەحموود تیرۆرکراوە،[٤] لە فیلمێکی بەڵگەنامەیی تەلەفزیۆنی خاک، بنەماڵەی جەمال عیرفان ئەوەیان ڕەتکردەوە.[٢]

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ ئ ا ئەفسەری لێھاتوو و نووسەری پیشکەوتنخوازی کورد جەمال عیرفان ١٨ی نیسانی ٢٠١٩ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.، ماڵپەڕی مێژووی کورد، ١ی تەممووزی ٢٠١٧ بڵاوکراوەتەوە.
  2. ^ ئ ا فیلمی بەڵگەنامەیی جەمال عیرفان، خاک تیڤی، بەستەر لە ماڵپەڕی یوتیووب. ٢٢ی ئایاری ٢٠٢٠ ھێنراوە.
  3. ^ ئ ا جەمال عیرفان وەک یەکەمین قوربانی تیرۆری سیاسی لەناو کوردا ٢٣ی نیسانی ٢٠١٨ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.، ماڵپەڕی بیرکردنەوە، ١٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٧ لەلایە بەشدار ئەحمەد نووسراوە.
  4. ^ کتێبی The Kurdish Question Revisited[بەستەری مردوو]، لەلایەن گاریت ستانسیلد و محەممەد شەریف دەستکاری کراوە، بڵاوکراوەکانی دەزگای زانکۆی ئۆکسفۆرد، ISBN 978-0-19-068718-2.