ئەحمەد بەگی کوڕی فەتاح بەگ (١٨٧٨ - ١٩٣٦) ناسراو بە حەمدی ناوی تەواوی ئەحمەد کوڕی فەتاح بەگی حاجی ئیبراھیم بەگی مەحموود بەگی ساحێبقڕانە. شاعیرێکی بەناوبانگی کوردە و لە شاری سلێمانی لەدایک بووە. مرۆڤێکی خاوەن بیر و باوەڕ بووە و ڕێبازی تایبەتی خۆی ھەبووە. حەمدی لە بنەماڵەی ساحێبقران بوە و برازای مستەفا بەگی ساحێبقرانی کوردی بوە و ھەر وەھا لەگەڵ سالمیش دا خزمایەتیی ھەیە.

حەمدی

لەدایکبوون١٨٧٨
مەرگ١٢ی تشرینی دووەمی ١٩٣٦
سلێمانی
شوێنی گۆڕگردی سەیوان، سلێمانی

حەمدی لە جەنگی جیھانیی یەکەمدا ماڵەکەی داگیرکراوە، کتێبخانە گەورەکەی سووتێنراوە، بەمەش ھەوڵ و تەقەلای ٢٤ ساڵی دەفەوتێت.

ژیان دەستکاری

حەمدی لە منداڵییەوە دەستی کردووە بە خوێندن، لە قوتابخانەی سەرەتایی و ڕوشدییەی عەسکەری و مزگەوتەکاندا خوێندوویەتی. لە خوێندندا زۆر زیرەک بووە. ھەر لە منداڵیەوە ئارەزووی شیعری ھەبووە و حەزی لە شیعروتن کردووە و ساڵی ١٨٩٢، لە تەمەنی ١٦ساڵیدا یەکەم شیعری وتووە و بەردەوام بووە لە سەری تا ساڵی ١٩١٥ کە ساڵی داگیرکردن بووە.

نموونەی ھۆنراوە دەستکاری

بەشێک لە ھۆنراوەی «کوردستان» کە نموونەیەک لە ھەڵبەستی نەتەوییە دەستکاری

ئەی وتەن ڕۆم عەجەم موشتاقی کوردستانتە ئیفتیخاری میللەتی کورد شەوکەتی عینوانتە
بەستە سەربەرزی ئێواران، سبەینان مانگ و ڕۆژ وەک نیشانی ئیفتخاری سنگ و نەجمەی شانتە

نموونەی غەزەل دەستکاری

ئۆخەی ئۆخەی چەندە یارم نازەنینە شۆخ و خۆش وەک کڕیدارە بە خەندە یا بە غەمزە خۆفرۆش
ئەم شەکەرگوفتارە وەک تووتی منی خستە قسە نوخشە بێ ئەمجا لە غونچە، موژدە بێ بولبول لەتۆش
ئەو گوڵە دەموت کە بێ داوێنی ئەگرم وەک دڕک نەمدەزانی ئەو کە بێ نابێ بمێنێ ئەقڵ و ھۆش
دڵ پڕ و خاڵی دەروونن عاشقانت میسلی نەی گەر ڕەقیب دەمیان لە دەم نێ جا مەگەر بێنە خەرۆش
تۆ کە پڕمەغزە برا کاسەی سەرت دەست ھەڵگرە نۆبەیانە با پڕی کەن کاسە خاڵی کەللـەبۆش
من کە مەیخارم لەگەڵ شێخ وادەمان ڕۆژی حەشر نۆشی گیانی بێ بنۆشێ خوێنی جەرگی بادەنۆش
ئەو دەمە دەرکەوت و ڕۆژئاوا دەزانی بۆچی بوو؟ عەیبی بوو کێشای بەسەریا شەو وەکوو سەرپۆشی پۆش
حەمدیا ئەمڕۆکە کە عالەم گوێ قوڵاغی ناڵەتن دەس بە دمتا بگرە تۆ دنیایە نابێ قەت خەمۆش

نموونەی پێنج خشتەکی دەستکاری

حەمدی ژمارەیەکی دیار پێنج خشتەکی لەسەر شاعیرانی بەرلە خۆی وەک سالم، مەحوی و کوردی نووسیوە. ئەم پێنج خشتەکییەی خوارەوە لەسەر ھەڵبەستی کوردی، مستەفا بەگی ساحێبقران، نووسراوە:

تیری برژانگی لەلام وایە سەھل دڵ ھەڵدرێ بەندی جەرگ و ڕشتەیی سەبر و تەحەمموول بپچڕێ
باز بە چاوی جوانەوە ڕەنگە لە شەرما ھەڵفڕێ «لاوی قەد لاولاوی من گەر بێ بەناز چاو ھەڵبڕێ
وا دەزانم شێخ لە من زووتر لە ئیمان وەرگەڕێ»
لەم گرۆھی شێخە زاتەن کردبووم زووتر ویداع چونکە دەمزانی بە حیلە دەمخەنە سەر ڕێی تەماع
تەکیە ئەنواعی دەسیسەی تیایە فابریقەی مەتاع «ڕۆژێ بێ جام کرد و ساتێ چوومە لای شێخ بۆ سەماع
وەک کوزە کەمتیاری پێ بێ ساعەتەن لایدام لە ڕێ»
عومری خەڵقیان ھەر بە وەعدەی ھیچ پووچ داوە بە باد حیرەتم بەم تەفرەدانە بۆ ئەبن مەمنوون و شاد
دوێنێ یا برسی بووە نەیماوە خەرجی ئاو و زاد «واعیز ئەمڕۆ ھەم دیسان حەڵواخۆری کەوتۆتە یاد
نەک لە ڕێگەت لا بدا گوێ مەگرە لێی با ھەڵتڕێ»
فیکر و زیکرم یارە مەعلوومە لە عالەم ڕۆز و شەب گەر کفر نەبوایە ئەموت ئەیپەرستم میسلی ڕەب
چی بڵێم جوزئی تەبیعەتیە بەبێ بوونی سەبەب «باز ڕەقیب دەستی بە فیشاڵ کردەوە وەک بای غەزەب
بۆیەکا ئەمشەو لە بەزمی یار چرای من ناگەڕێ»
نییەتی تۆ خێرە با عالەم بزانێ عامیلی بمکوژی ئەمجا لەسەرچی توخوا تۆ ماتەلی
واھیمە گرتووتی یاخۆ ھەر بە فکری باتیلی «خوێنی من بۆ شوێن ونێ دەسڕی بە پەنجەی قاتیلی
وەختە خۆی ئەنگوشت نوما کا لێی گەڕێن با بیسڕی»
خەڵقی ژینیان مەتڵەبە بۆ کەیف و سەیرانی جیھان ئارەزووم نە ژیانە من تا بچمە ڕیزی عاشقان
عاشقانی چونکە کوشتووە مامەوە من بۆ نیشان «تیغ بە ملما دێنێ بە درۆ پێم دەڵێ نابڕێ قوبان
تیغی ئەو دەبڕێ بەڵا ھاوارە بەختم نابڕێ»
توخوا حەمدی بە غەیری مەیکەدە بۆ کوێ چویی عاشقی مەیخوارە نابێ کردبێتی بەدخویی
کفر و ئیمان باس ئەکەی نەتماوە مەیلی کەم دویی «وای دەزانی ناسکە سەر چاوی کوردی پای نەنا
وا بە پا خۆشە بووە بیشیکوتن دەرناپەڕێ»

سەرچاوەکان دەستکاری

  • کتێبی کوردی پۆلی ١٢
  • مێژووی ئەدەبی کوردی نووسراوەی عەلائەدین سەججادی، چاپخانەی مەعارفی بەغدا، ١٩٥٢

بەستەرە دەرەکییەکان دەستکاری