مامۆستا مەلا کەریم فیدایی ساڵی ١٣٠٧ی ھەتاوی(١٩٢٨)، لە ئاوایی «سیسێر» ی ناوچەی گەورکی سەردەشت، لە ماڵی خێزانێکی ساکاری وەرزێردا لە دایک بوو.

مامۆستا مەلا کەریم فیدایی

لەدایکبوون١٩٢٨
مەرگ١٩٩٣
شوێنی دۆزینەی تەرمکاوڵانی سەرێ، مەھاباد
پیشەشاعیر، نووسەر
ئایینئیسلام، سوننە

ژیان دەستکاری

لە بنەماڵەیەکی ھەژاردا لاوێکی وەرزێڕ بە ناوی «سمایل» و ھاوسەری خۆشەویستی بە ناوی «ئامان»، دڵیان بە لەدایکبوونی کۆرپەیەک شاد و ماڵیان ئاوەدان بۆوە. ناویان نا «کەریم»، چونکە ئەو منداڵەیان بە بەخشش و دیارییەک دەزانی لەلایەن یەزدانەوە. سمایلی نەخوێندەوار بە ئاوات بوو کەریم-ی بچکۆلە، پێ‌ھەڵگرێ و خوێندەوار بێ و بۆ ڕێگەی تاریکی ژینی پاشەڕۆژ چرای «زانست» ی بە دەستەوە بێ. کەریم لە تەمەنی حەوت ساڵی پێی نایە خوێندن؛ پێی نایە ڕێگایەک کە ھەژدە ساڵ درێژەی ھەبوو. لە ماوەی ئەو ھەژدە ساڵەدا، بە دابی فەقێیەتی لە کوردستاندا، زۆری ئەم دێ و ئەو دێ کرد. زۆر ماندوو بوو. برسێتی و ھەژاری و کوێرەوەرییەکی زۆری چێشت. تاکوو لە ئاکامدا لە ساڵی ١٣٣٢ی ھەتاوی (١٩٥٣) لە خزمەت «مەلا ئەحمەدی حەیدەری» لە ئاوایی «نەمەشیر» ی بانە دەرسەکانی ئەو سەردەمی بە دوایی گەیاند و ئیجازەی وەرگرت. پێنج ساڵ لە گوندی «نستان» دانیشت و خەریکی دەرس گوتنەوە بوو. ساڵی ١٣٣٧/١٩٥٨ ھاتە کاوڵانی سەرێ، ئاوایی‌یەکی خنجیلە و ئارامی قەدپاڵی کێو. ئیتر نە بە زیندوویی و نە بە مردوویی ئەم شوێنەی بەجێ‌نەھێشت. سی‌وچوار ساڵ لەوێ دانیشت و لە ھەموو غەم و شادییەکی خەڵکدا ھاوبەش بوو.

ئەو، ئێش و ئازاری گەلەکەی ھەست پێ‌کردبوو و بڕیاری دابوو ژینی خۆی تەرخان بکا بۆ سووککردنی ئەو ئازارانە. دەستی دایە قەڵەم و لە تەمەنی شازدە ساڵیدا، یانی ئەو دەمەی کە مێرمنداڵێک پتر نەبوو، بەو زمانەی کە دایکی لە پەنا بێشکەکەی لای‌لایەی بۆ کردبوو، دەستی کرد بە ھۆندنەوەی بەرمووری شێعر، و لەو بڕیارەی پاشگەز نەبۆوە، ھیچ، بەڵکوو زیندان و ئەشکەنجەشی بۆ کێشا. ئاکامی ئەو ھەوڵە پیرۆزەی بووبە ھەزاران دێڕ شێعر، بە ناوی «دەسدێن».

دەسدێن دیوانی شێعری کوردییە و قسەی دڵی شاعیرە. غەزەلەکانی ئەو دیوانە حەکایەت لە ھەستێکی خاوێن و ڕوون دەکەن و بەرھەمی ڕۆژەکانی تەمەنی ھەستیارێکە، کە گا لە شاگەشکەی خۆشیدا بووە و گا ڕوندکی حەسرەت و دووری لەسەر ڕوومەت. گا لە بۆنەیەک دواوە و گا بە جوانی و ڕازاوەیی سروشتی زێدەکەی ھەڵداوە:

ئەی عاشقی زەمزەمەی فیداییشەیدایی ھەوایی ئاشنایی
پەروانەیی مەنزڵی ئەدیبانئەی ھەمدەمی ئاشنا و غەریبان
تێفکرە ئەتۆ لە شێعرەکانمھەڵبگرە زوبەرجەدی گرانم
ھەر دانەیێ گەر لەوانە باشەبۆ ئێوە بزانە، خۆ بە لاشە
ھۆنراوەیی من لە چەندە جۆرەتێکەڵ بووە، لێکدراوە، زۆرە
ھەر جۆرەیێ لەو بە جۆرە ڕەنگێھەر بەستەیێ دەنگ ئەدا بە دەنگێ
نووسیمەوە وا لە ڕوویی پەرتووکڕازایەوە دەفتەرم وەکوو بووک
تۆ دەس‌بەرە شێعر و دەفتەری منبەو مەرجە بە با نەدەی سەری من
ھەر جۆرە کە بتھەوێ وەدەس دێپەنجەت لە پرێسکەکانە دەدرێ
چون ھێندە پرێسکە گشتەکەی پێنپەرتووکەکە نێو نرا بە “دەسدێن“

پاشان بیری ئەم شاسوارە، بۆی دەرکەوت کە بەشێکی زۆری زمان و مێژوو و نەریت و ھونەری کوردی، لە یەغدانێکی نەتەوایەتیدا پارێزراوە بە ناوی بەیت. ئەو یەغدانە ئەگەر زوو ئاوڕی وەسەر نەدرێت و نووکی خامەی لێ وەکار نەخرێ، مەترسیی لەناوچوونی نزیکە. چونکە بەیتەکان تەنیا ئەدەبێکی زارەکین و سینگاوسینگ دەپارێزرێن و بە مردنی ھەر بەیت‌بێژێک، بەشێک لە وێژە و زمان و دیرۆکی کوردیش دەمرێ و لەناو دەچێ. ئەو، نیشانەی پێکابوو، و ڕێگای گرینگترین خزمەتی دۆزیبۆوە. ھەر ئەو نیشانەی کە سێسەد ساڵ بەر لەویش، "ئەحمەدی خانی" پێکابووی. وەک چۆن خانی دەستی دابووە لووتکە و مەم و زینی ھەڵبژاردبوو، خانیی سەردەمی ئێمەش ھەر لە لووتکەوە دەستی پێکرد، و شاکاری ئەدەبی زارەکی، واتە: "لاس‌وخەزاڵ"ی ھەڵبژارد.

ئەو، ھیچکات بێ بوار لە ئاوی نەدەدا. ئەمجارەش بە پشوویەکی درێژ و لە سەرەخۆ، دە ساڵ لەسەر ئەو بەیتەی کۆڵییەوە. لە زاری ئەم و ئەوی بیست، دیسانیش بە شوێن بەیت‌بێژێکی شارەزاتر و باشتردا دەگەڕا. تا دوایین جار، دوایین گرێ‌کوێرەکانی ئەم کارەی بە دەستی سەربازێکی ونی پارێزەری زمانی کوردی بە ناوی «وسێن کەنیلە» کردەوە و دوایی بە لێکۆڵینەوەکەی ھێنا. ئەمجار پرێسکەی دەساڵەی گەڕان و سەفەرەکەی لە بەردەم خۆی ھەڵڕشت و بە ھونەری شێعر، دەستی کرد بە ھۆندنەوەی و لە ماوەی شەش مانگدا کارەکەی بە ئەنجام گەیاند و لە ٤٧٠٠ دێڕە شێعردا ھۆندییەوە.

ئەو، بە داڕشتنەوەی سەر لەنوێی ئەم بەیتە بە شێعر، ئەم چیرۆکەی ژیاندەوە و لاس‌وخەزاڵی لە گۆڕ ھەستاندەوە. مەلاکەریمی فیدایی چونکە خاوەنی ئامانج بوو، لە کارەکانیدا ڕێگەی بەرەو ئامانجەکەی دەبڕی. لەم کتێبەشیدا لە ھەر کوێ بۆی لوابێ، زۆر وەستایانە، بەیناوبەین خۆ دەدزێتەوە و دەگەڕێتەوە سەر ئامانجەکەی و بە زاری قارەمانی داستانەکەیەوە دەدوێ:

یاڕەب بە بزەی چرایی ئیمانبۆ خاتری مستەفا و قورئان
ھەوەڵ لە خەتایی من ببوورەتۆ مەمکە لە بەخششت بە دوورە
دووھەم بکە ڕوحمێ تۆ بە کوردانڕزگار کە ئەو گەلەی لە دەردان
بۆ کورد کە چیایی ژینە ھەورازڕێگابڕی کێوی بەرزە بێ‌واز
تۆ ئەو گەلە لەو کەلەی وەسەرخەڕۆژی لە کەلی ھومێد دەرخە
با ئەو بە ملی کەچ و چرووکیئەو ژینە نەباتە سەر بە سووکی
چون کوردە فیدایی، گەر نەما، مردحەشری بکە ئەی خودا دەگەڵ کورد…
قەومێ نەتەوەی کە بێ‌سەوادەدەسوێتەوە ھەر وەکوو لبادە
لە ژیانی بە دوورە، بەشخوراوەلێدان بە قامەتی بڕاوە
زیندانە مەکان و مەنزڵی ئەودەسبەندە ھەڵاڵە و گوڵی ئەو
قەومێ کە نەزان بن، دیارنبێ‌وازن و مل‌کەچ و ھەژارن
قەومێ کە بە عیلم ئاشنا بوونبێ‌بەش لە دنە و فریوی جادوون
ئەوھەی کە مەزەی عیلم دەکا نۆشمافی گەلەکەی دەکا فەرامۆش؟ …
چی‌کردووە ئەی فەلەک گەلی کوردجەرگی بە چەقۆیی غەم دەکەی ورد
گەنجێ کە لە بۆ گەلی لەبارەزیندانییە، یا درا لە دارە
دێ ئەو ھەل و ڕۆژە، زوڵم‌پیشەببڕینەوە داری تۆ لە ڕیشە
گەر بێتەوە کاتی تۆڵە ساندندەڕوا لەسەر ئێوە خۆنواندن…
تا ھەم، ھەمە بۆ گەلم مشوورمنیزیکم و نەک لەوانە دوورم
بەو ئاوە دەژیم و ھەر ژیاومئەو خاکەیە ھێزم و ھەناوم
قوربانتم ئەی چیایی کوردانئەی بێشەیی پڕ لە شێرەمەردان
ڕۆژێ نەتەوەی ئەتۆ کە ئازادبێ، ئەو دەمە تەیری دڵ دەبێ شاد
ئەو ڕۆژە یەقینە ھەر وەدی دێغەم، دەرد و پەژارە خۆ بنی دێ…

مەلا کەریم بەر لەوە، سێ‌ھەزار دێڕ شێعری کوردی، لە مەترسیی ناحەزانی زمانەکەیدا لەناو چووبوو. بەڵام ئەمجار نەیدەویست ئەم کۆرپە نازدارەشی بە مەراقی ئەوانی پێشوو بچێ. ئەوە بوو کەوتە ئەندێشەی پاراستنی. بە زەینیداھات کە بەرگی کەسکی بۆ بدروێ و بیخاتە سەر ڕفحەی دیواری قیبلەی ژوورەکەی. تاکوو ھەر ناکوردێک کە بە شوێن دۆزینەوەی نووسراوەیەکی کوردیدا، دەستی کردە پشکنین و ھەڵڕشتنی کەلوپەلی ماڵەکان، وابزانێ کە لەسەر ڕفحەی دیواری قیبلەی ماڵی مەلایەکی ئاوەدانیدا، تەنیا قورئان لە بەرگی کەسک وەردەپێچرێ، و نەوێرێ بێ‌حورمەتیی پێبکا.

کە لە غەمی ئەو کارە گرینگە ڕەخسا، دانیشت و ئاوڕێکی وەسەر ژیانی خۆی داوە. دیتی کە لەو ماوە کورتەدا، زۆر کارەساتی چاو پێکەوتووە و شاھیدی ڕووداوی سەیر بووە. بەو بڕوایە کە ئەم کارەسات و ڕووداوانە لە دواڕۆژدا، ھەرکام لاپەڕەیەکی مێژووی نەتەوەکەی پێک‌دێنن، پێیاندا ھاتەوە و بە وردی لە ھەزار دێڕدا، لە دوو توێی دەفتەرێکا، بە ناوی: «مێژووی ژیان»، بە شێعر تۆماری کردن و ئەویشی خستە ناو بەرگی سەوزەوە.

گەورەپیاوان لە خۆ نادوێن. ئەویندارن و لە ھەموو شتێکدا تارمایی یار دەبینن. مەلاکەریمیش بە بیانووی مێژووی ژیانی خۆی، چەند لاپەڕەیەک لە مێژووی ناوچەی سەردەمی خۆی تۆمار دەکا، کە ئەویش کەلێنێک لە مێژووی وڵاتەکەی پڕدەکاتەوە:

شەوێکی عاجز و پەرت و وەڕەز بووموەکوو بولبوول گرفتاری قەفەز بووم
کوتوپڕ یاری شیرینم وەدەرکەوتلە تاوانی گڕم گرت ھەر وەکوو نەوت
شەوێکە ھەر وەکوو زولفت درێژەسیاڕەنگ و پەرێشان و بە گێژە
نەزیلەی خۆم و مێژوویی ژیانمئەمن دەیڵێم ئەوەی ئەوڕۆ بزانم
لە کاتی خۆشی و ڕۆژی ڕەش و تاڵلە منداڵی ھەتا زیاتر لە چل ساڵ
بە کورتی من دەکەم باسێ لە ژینملە دەرد و ماتەم و عیشق و ئەوینم
لەسەر ئەو عەرزەدا من بۆیە شادمھەموو کوردن بەر و پشت و نەژادم
شوکر بۆ ئەو کەسەی ئەمنی دروست‌کردبە ئەولاد و نەوەی ھۆزی گەلی کورد
بە کوردانم دەنازم من ھەتا ھەموەفادارم بە ئەو ھۆزەی ھەموو دەم…

ئەو، لە سەردەمێکدا کە ژینی گەلەکەی بە شەوێکی تاریک و دوور و درێژ دەزانێ، پەردەی ناھومێدی دەدڕێ و ھەرچی بە ئەرکی خۆی دەزانێ بە جێی دێنێ. لە ھەزار دێڕە شێعردا ژیانی خۆی دەکاتە ھەوێنی چەند وردە باسێکی مێژوویی و تەنانەت جوغڕافیایی وڵاتەکەی:

کەسێ بشتە "ھەواری سێوەسوورە"ھەتا دەمرێ لە دەرد و غەم بە دوورە
لە "بەردی کوڕ" ئەگەر ئازا نەبێ کوڕدەترسێ، ڕوحی ئەو دەڕوا کتوپڕ
لە کوێستانێ کەسێ گەر بێ بەرەو دێزەمینی ئاویی و دێمی وەبەر دێ
لە "کوتوران" و "پساوک" تا "بناوان"کلە، گەر تۆ دەکەی تۆزی لە چاوان
لە "قۆلی" تا بە "شیوی شەولەبانی"ھەموو وەرزانی باشە دەغڵ و دانی
کە "جمگێ" یا زەمینی "پیرەفاتێ"بکێڵی تۆ، خودا گەنمت دەداتێ…
بەرابەر دێ دەبینی تۆ قەڵاتێمەگەر پەڕکوور شاباڵی بگاتێ
دەنا کێوێکە سەرقووچ و حەسارەئەوێستا بەرد و دیواری دیارە
بەرابەر ئەو قەڵاتەی، سێ تەرازوودروستی کردووە مەردێ بە بازوو
وەھای داناوە ئەو ئەستێرەناسەکە لەودا سەد نەسیری تووسە کاسە
کە بازی خۆرە تێپەڕ بوو لەسەر واندوایی دێ لە کوردستانە زستان
کە ڕۆژ دەرچوو لە نێو ھەرسێ، بەھارەزەمانی عەیش و مێرگ و مێرغوزارە…

ئەو خولیای وشەی کوردی بوو، و بە ڕێز و حورمەتێکی تایبەت لە زمانەکەی خۆی دەڕوانی. ھەروەھا لە چوارچێوەی کاروباری ئایینی و ئەرکی دینیدا، مەلایەکی پسپۆڕ و خواناسێکی ڕووناکبیر و لێزان بوو. زۆر کەس پێشنیاری نووسینی کتێبێکی شەرعی یا تەفسیر یا بابەتێکی ئایینی‌یان لێدەکرد، بەڵام لەکاتێکدا باوەڕی و ئەوینێکی پتەوی بەم ڕێبازە ھەبوو، زۆر وردبین و وشیارانە دەیگوت: ئێمە تا ئێستا بە زمانەکەمانەوە ماوین. وشەی کوردی پێویستی بە خزمەت و بە دەورداھاتن ھەیە. لە ھەموو بابەتێکی شەرعی و ئایینیدا کتێب و نووسراوی پێویست ھەن، ئێمە دەبێ ھونەر، داب‌ونەریت، ئەدەب، مێژوو و کەلەپووری نەتەوەکەمان بپارێزین و لە بیرمان نەچێ زمانەکەمان لە ئاویلکەدایە.

تەنانەت ساڵێک بەر لە مردنی، کە بە شوێن کارێکی ئەدەبیی پێویستدا دەگەڕا و لە ھەوڵی ھەنگاوێکی تردا بوو، نووسەری ئەم وتارە «گلشن راز» ی شێخی شەبوستەری ناردە خزمەتی و قەویتی وەرگێڕانی لێکرد. ئەو گەورەیی خۆی نواند و ڕەعایەتی دڵ و داواکەی منی کرد، کتێبەکەی بەسەردا نەدامەوە. بەڵام دوای ماوەیەک تەنیا وەرگێڕانی کوردیی پێشەکیی کتێبەکەی بۆ ناردم و فەرمووی: ئەم کتێبە گەلێک جار چاپکراوە و نافەوتێ. ئێمە شتی لە فەوتان نزیکمان زۆرە.

بە نێوی ئەوھە فکری داوە بە گیانچرایی دڵ بە نووری ئەو درەخشان
بە لوتفی ئەو دوو عالەم بۆوە ڕەوشەنبە چاکەی خاکی ئادەم کردە گوڵشەن
لە یەک چاونانە سەر یەک، زاتی زانابە کاف و نوونە دوو دنیایی دانا
ھەزاران نەخشی لەو لەوحەی کە کێشاڕەگەی جەرگی نەبوونی ڕادەکێشا
ئەلەو کاتەی دەبوو پەیدا دوو عالەمڕوحی چوو بەر ئەلەو دەورانە ئادەم
لە ئادەم عەقڵ و زانین گەر دەبوو قوتبەوەی دەرکی دەکرد ئەسڵی ھەموو شت
کە خۆی دیی ھەر بە یەک مەردی دیاریکدی بیر ئەو لە خۆی و کاروباری
گوتی: من چم؟ ھەوێنی من چ جۆرە؟بۆ تاسی زەوی لە بۆ بوومە مۆرە؟
لە قەترەی‌ڕا دەچوو بۆ لایی دەریاگەڕاوە گەر لەوێ، ڕووی کردە دنیا
لە جوزئی بۆ تەڕەف کول گەر دەڕۆییگەیشت ئەو پێی و مەس بوو ھەر بە بۆیی
کە تاقی دیی لە نێو ئەعدادە جاریبە دنیایی دەبوو کەم ئیعتیباری
عەدەد کوللە ئەگەر بکرێ شومارەبە باشی واحید و تاقی دیارە…
دەگۆڕا باس چوون مەنزڵ بە مەنزڵلە نێو زەینی خەڵکدا بووبە موشکڵ
ئەوەی گەر گێژە لەو مەعنا گرانەدەبێ فێری ببێ، نەگرێ بەھانە…

سەرەڕای ئەو ئەوینە پاکە سەبارەت بە زمانەکەی، بەڵام ئەویش وەک مەلاکەی ھەورامانی گۆران، بازی ڕوحی چەش‌خواردووی شێعری شێوە زووی عەجەم و عەرەب بووە. سەرەتای دەرس خوێندنی بە کتێب و شێعرەکانی عەرەبی و فارسی دەست‌پێکردبوو. ناگەھان، سەنگتراش، گوڵستان، پەند نامەی عەتتار، تەسریف، عەوامیل، ئەنمووزەج، ئیزھار، جامی، سیوتی، … بازی ڕوحی ئەویان چەش‌خواردوو کردبوو. ھەر بۆیە بەیناوبەین لە پاڵ شێعری کوردیدا دەستی بۆ شێعری فارسیش دەبرد، و بەرھەمی ئەو پڕیشکانە بووبە کلیات فارسی کە بۆ ئەوە دەبێ لەسەر خوانی ئەدەبی بەرینی فارسیدا دابنرێ و باسی لێوە بکرێ.

لە ھاوینی ساڵی ١٣٦٧ی ھەتاوی (١٩٨٨)، یانی نزیکەی پێنج ساڵ بەر لە کۆچی‌دوایی، مەلاکەریم کە ھەستی بە کزبوونی ھێز و توانای لەشی کرد، و ڕشکەوپێشکەی چاوی، تارمایی مەرگیان لە نێو تەڵخیی تەم و مژەکانی خەستی کوێستان بەدی دەکرد، پەنای بردە بەر ئەزموونی ژیانی شەست ساڵەی خۆی. وەکوو ئارەش ھەموو توانست و تاقەتی خۆی ھێنایە کایەوە و پێی نایە چیمەنی ھۆزانێ. لە داوێنی کێوی دمدم وەسەر کەوت و لەسەر بەردی شمشێرخان خۆی گرتەوە. لە وێرانەی قەڵای شێرەپیاوانی ڕوانی و دڵۆپێ فرمێسکی گەرمی تکاندە سەر خۆڵی پیرۆزی دمدم. بڕیاری دا و پەیمانی لەگەڵ ڕوحی شەھیدان بەست کە ئەوی لە نەغدینەی تەمەن پێی ماوە، لە پێناو زیندوو کردنەوەی حیماسەی سەراسەر شانازیی ئەوانی ھەڵڕێژێ. لەسەر ئەو پەیمانە، ڕوح و ھزر و بیری خۆی لەوێ جێھێشت و تەنیا گۆشت و پێست و ئێسقانی بۆ گرتنی قەڵەم، گەڕایەوە ھۆدە بچووک و ساکارەکەی لە داوێنی کوێستانی کاوڵانی سەروو؛ و لە کاتێکا لە پێدەشتەکانی دمدم دادەگەڕا و بە ناوقەدی شاخەکانی کاوڵان ھەڵدەگەڕا، لەبەر خۆوە لەژێر لێو دەدوا، و ئەگەر لێی نزیک بای، دەتبیست کە دەڵێ:

تکایە دەکەم من لە یەزدانی پاکخوداوەندی ئاو و خوداوەندی خاک
خوداوەندی شت زان و زانا بە ڕازلە ھەرچی کەس‌وکارە ئەو بێ‌نیاز
ئەلەو کاتە گەر پیر و گەردەن کەچمبەرەوپیل و پێشوازی مردن دەچم
ببەخشێ بە من ھێزی شێعری جوانکە بەیتێکی دانێم ڕێک و ڕەوان
لە جەنگاوەریی کورد و سەرسەختییانلە کێشە و شەڕ و شووڕ و بەدبەختییان
چ بەیتێ؟ ھەموو باسی ئازایەتیشەڕی شێرەمەردان و مەردایەتی
شەڕی خەڵکی کوردە و گیانبازییەکە مێژوویی ئەو پڕ لە شانازییە
شەڕی کاوەیی کوردی بێ‌ترس و لەرزئەمیرخان، سەرکردەیی پایەبەرز
ھەمووی دادەڕێژم لە یەک بەیت و باوبە یاقووت و پیرۆزە نێو پڕکراو
بڵیندی دەکەم من لە چەشنی قەڵاقەڵای شێعری نەخشاوی زێو و تەڵا
قەڵایێکی بێ‌لینگە و بێ‌نیشاننەڕووخێ بە سێڵاوی چەرخی زەمان…

بەڵێ، ئەو گەڕایەوە و ھەرچەند خۆی لەم‌بارەیەدا سەرچاوەیەک بوو، بەڵام دیسان بەبێ‌بوار لە ئاوی نەدا. کەوتە پشکنینی مێژوو و لە ھەر کتێب و کتێبچە و یادداشت و نامیلکەیەک، بەرکوتێکی پاشەکەوت کرد. عالەم‌ئارای عەباسی بە وردی خوێندەوە و بە تۆحفەی موزەففەرییەدا ھاتەوە و گوێی بۆ گەلێک بەیت‌زان و بەیت‌بێژ ڕاگرت. ئەرخەیان و ئاگراوی لە بناغەوە قەڵای دمدمی داڕشتەوە. بەڵام ئەمجار تۆپی کەللە و تۆپی ھەوشار و تۆپی نامەرد کاریان لێ‌نەدەکرد. تەنانەت نەیاندەتوانی دیواریشی بڕووشێنن.

مەلاکەریمی فیدایی بەر لە ڕۆیشتنی یەکجاری، ئەم دوایین ئەرکەشی بەجێ گەیاند. ئیدی خۆی لەوە ئەرخەیان بوو کە ئەوەی دەبوو کردبای، کردی. ئەو پاشی نووسینی دمدمنامە تەنیا ساڵێک بە سڵامەتی ڕایبوارد. ئەمجار وردە وردە نیشانەکانی نەخۆشی وەدەرکەوتن و پتر و پتر بوون. تاکوو بڕستیان لێ‌بڕی و لە پێیان خست؛ و بەم جۆرە، پتر لە ساڵێکیش لەسەر جێگا کەوت. لە ماوەی یەک ساڵ سڵامەتیی دوای نووسینی دمدمنامە، ھەموو بیر و ئەندێشەی ببوە دەست‌پێکردن و بەجێ‌گەیاندنی کارێکی گرینگ. ئەو، لە شتێکی تریش دەگەڕا. ھەرچەند زۆری حەول دا، بەڵام نەیتوانی لەو ماوە کورتەی بەر لە ڕۆیشتنی، ئەو ھەنگاوەی کە خۆی مەبەستی بوو، ھەڵێنێتەوە. تەنیا بەرھەمی ئەم یەک دوو ساڵە، چەند پارچە شێعر و وەرگێڕانی پێشەکییەکەی «گوڵشەنی ڕاز» بوو.

مەلاکەریم ئەرکی خۆی بەجێ‌گەیاند. بە تایبەت بە نووسینی دمدمنامە لە پتر لە حەوت‌ھەزار دێڕە شێعردا، کە ئەویشی لە بەرگی کەسک وەرپێچا و لە پەنا لاس‌وخەزاڵ و مێژووی ژیان و دیوانی شێعرەکانی دانا.

کۆچی دوایی دەستکاری

مەلا کەریم ھونەرمەند (فیدایی)، ١١/٣٠ شەوی پێنج شەممە، پێنجی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٧٢ی ھەتاوی، ڕێکەوتی ٢٥ی مارسی ١٩٩٣، لە کوێرە دێیەکی موکریان، بە ناوی "کاوڵانی سەرێ"، پیرەپیاوێکی شەست و چوار ساڵە دڵی لە کوتان کەوت و مرد. ئەو پیرەپیاوە کە پتر لە ساڵێک بوو لەگەڵ نەخۆشیی «شێرپەنجە» دەستەویەخە ببوو و پەلەقاژەی ڕاوەستان و مانەوەی دەکرد، مامۆستا مەلا کەریمی فیدایی بوو.

مەلا کەریم مرد؛ وەکوو ھەزاران مرۆڤی تر. بەڵام ئەوەی پاشی مردن ناوی مەلاکەریمی زیندوو ڕاگرت و نەیھێشت لە بیر، نەک خەڵکی تەنیا گوندێک، بەڵکوو لەبیری گەلێک بچێتەوە، دڵسۆزی و خزمەتی ئەو بوو بە نەتەوەکەی.

ئێستا، کە بە سەر توولەڕێی پێچاوپێچی دۆڵەکاندا، بەرەو کاوڵانی سەرێ ھەڵدەکشێی، بەر لەوەی بگەیە ئاوایی، حەسارێکی سەنگچن لەسەر دوندی گردێکی بەرز، سەرنجت بۆ لای خۆی ڕادەکێشێ. بەرینایی ئەم گۆڕایی‌یە، کە نزیکەی بیست میتری چوارگۆشە دەبێ، کوچکەڕێژ کراوە و دەوراندەور بە گوڵووکی کوێستانی ڕازاوەتەوە و لەم ناوەدا گۆڕێکی جوان، بە دوو کێلی بڵندەوە خۆ دەنوێنێ. لە کێلی ژوور سەری، وێنەی پیاوێک ھەڵکەندراوە کە بە درۆشم و چاوە کاریگەرەکانی‌ڕا، شێوەی پیاوێکی بە ورە و تەبع بڵیند و ئازا دێنێتە بەرچاو، کە لە ژێری نووسراوە: گڵکۆی مامۆستای پایەبەرزی ئەدەبی کوردی، مەلاکەریمی ھونەرمەند، ناسراو بە فیدایی. (١٣٠٧–١٣٧٢)ی ھەتاوی [١٩٢٨-١٩٩٣].

بەڵام ئەوە تەواو بوونی کاری مرۆڤێکی گەورە نییە. بەڵکوو دەست‌پێکردنێکە. داھاتوو مەلاکەریم باشتر دەناسێ و شوێنەوارەکانی دەخاتە تەرازووی ھەڵسەنگاندن و نرخاندن و دەیاننێتە سەر پێڵووی مێژوو.

بەرھەمەکان دەستکاری

تەرجیعبەندی کوردی دەستکاری

مامۆستا مەلا کەریم ئەم تەرجیعبەندەی لەژێر کاریگەریی تەرجیعبەندە بەناوبانگەکەی سەعدی شیرازی ھۆنیوەتەوە کە دەسپێکی ئەمەیە: ای سرو بلند قامت دوست / و وە کە شمایلت چە نیکوست.

ئەی کیژی وەتەن ڕەفیق و یارمئەی مەڵحەمی جەرگی زامدارم
بۆ من کە بە دەردی عیشقە مردمشینێ بکە عاشقی ھەژارم
ئەوڕۆ کە بە دڵپڕی دەسووتێمسبحەینێ لە گۆڕدا دیارم
بیری منو با لەسەر دڵی بێبۆ ئێوە پەشێو و لێو بەبارم
دڵ شیشە کەبابە وا دەبرژێدووکەڵ ئەوە دێتە دەر لە زارم
ئەوڕۆکە لە بەر غەمی ئەوینتگریانە ھەموو دەمانە کارم
ئەسرینی خوێنە من دەڕێژمپاییزی خەزەڵوەرە بەھارم
کیسێکە لە دەردە پڕ کراوەبڕوانە لە سینگی پڕ چغارم
مەجنوونی وڵاتی کوردم ئەی شۆخبۆ کێو و چیای داغدارم
گیراوی کەمەندی زولفی خاویکیژانی جوانی دێ و شارم
دڵ قومرییە وا لە ژووری سەرویباڵای کچانی غونچە زارم
من بولبولی خاکی نیشتمانمعاشق بە دەرە و کەژ و ھەوارم
بەو ناڵە و شیوەن و بە گریانباوەڕ کە نەکەی بە حاڵی زارم
دەمبینێوە گەر دەڵێم لە حەشرامن کوردم و کوردی نێو نزارم
چون دەست بە پەرچەمانی ناگاوا چاکە کە بۆ غەم و پەژارم
دانیشم و باش بگرم ئارامئەو ئاوەتە دێتەجێ لە ئاکام
ماچی تۆ دەوای دەردەدارانلێوی تۆ مەی و مەزەی ھەژاران
دانەی عەرەقە لەسەر گوڵی ڕووتوەک بەرگی گوڵ و دڵۆپە باران
مەمکی تەڕ و ناسک و خڕی تۆبازاڕشکێنە بۆ ھەناران
باڵای بڵیندی دڵڕفێنتسەروێکە لە لێوی جۆیباران
مەمکووژە بە تیری دوو مژۆڵتئەی دولبەری نازەنینی شاران
دێوانەیی تۆم و ھەڵدەسووڕێمبەینێکە لە جەنگەڵ و نزاران
چمکردووە یاری دڵڕفێنمنەتماوە ھەوا و مەیلی جاران
لە جوانییە چونکە دەوڵەمەندیچاکەی بکە تۆ دەگەڵ نەداران
چون دوورە لە سێبەرت فیداییتەگبیرە کە چوومە کۆڕی یاران
دانیشم و باش بگرم ئارامئەو ئاوەتە دێتەجێ لە ئاکام
نەمکرد لە عیشق بەرژەوەندیتا کەوتمە دەشتی دەردمەندی
ئەی دولبەرە قۆزە من دەزانمشیرینتری خۆ ئەتۆ لە قەندی
چبکەم دەگەڵم ئەوەندە سەردیئەوڕۆکە وەکوو سەری سەھەندی
شاردبوومەوە دڵ لە بەر مژۆڵیئەو جادووە ھات و ھەر ستاندی
ئەی شۆخی بەدەن گوڵ و کەمەر شلئەلحەق کە جوان و مەرد و ڕەندی
بۆ عاشقی چاوەکانی بازتتۆ خاوەنی مەکر و فێڵ و فەندی
بەو چاڵی چەنە و بە چاوی کاڵتزوححاکی بە زوڵم و زۆر و بەندی
بڕوانە لە دیدە چۆمی ئەسرینبۆ تۆیە کە دێ لە کێو و لەندی
وەک تاوسی چیمەنی بەھەشتێنەشمیل و جوان و دڵ پەسەندی
چون کەس نییە ماچی لێوەکانتبتوانێ کە وا بڵێ بە چەندی
پێم‌خۆشە ھەتاکو من دەمێنمئەوجارە بە ئەھوەنی و بە مەندی
دانیشم و باش بگرم ئارامئەو ئاوەتە دێتەجێ لە ئاکام
ئەی ڕوویی تۆ قووتە بۆ گیانمپرچی تۆ عەسایی دەستەکانم
ھەرچەندە بە ڕۆژ و شەو خەریکمپێی‌ناکرێ باسی تۆ زمانم
چون تۆ گوڵی چیمەنی لەبۆیەمن بولبولی عاشقی گوڵانم
بەو شیری برۆیی چاوەکانتلەت‌لەت بووە جەرگی پڕ لە ژانم
مێرووم لە باوەشی عیشقداگەرچی وەکو شێری بێشەڵانم
مەمکووژە بە زوڵمە ئەی کچی کوردخۆ من لە نەژادی کوردەکانم
وەک تۆ بە دووسەد غەم و پەژارەدەگریم لە تاوی نیشتمانم
جێگا دەگرم لەسەر چیاکاندەخوێنم و بولبولی بەیانم
ئەوڕۆکە لە بۆ گەلم بەقوربانمن بەخت دەکەم سەر و گیانم
نەدوێم لە کورد گەر بە باشیگوێ کەڕ بم و لاڵ بێ زمانم
ئەو کاتە کە ھەمدەمم ئەتۆ بیوەبزانە تەمەن کەم و جوانم
بۆ تۆیە نەمامی کوردەواریکێوی غەمە بار بوو لە شانم
تا چیدی (فیدایی) غەم نەکا باربا تاڵ و ترش نەبێ ژیانم
بیرم لەوەیە ھەتا دەمێنمھەرچەندە کەنەفت و ناتوانم
دانیشم و باش بگرم ئارامئەو ئاوەتە دێتەجێ لە ئاکام

سەرچاوەکان دەستکاری

  • سەید عەبدوڵڵا سەمەدی[١][٢]
  • تاریخ مهاباد/سەید محەممەد سەمەدی/انتشارات رهرو مھاباد/١٣٧٣/لاپەڕەی ٣١٩ تا ٣٣٣

بەستەرە دەرەکییەکان دەستکاری