زازاکی (کردکی، کرمانجکی، دملی) یەکێکە لە شێوەزارە کوردییەکان کە لە باکووری کوردستاندا کۆمەڵە کوردێک پێی قسە دەکەن. لە شارەکانی وەکوو: ئامەد (دیاربەکر) و دێرسیم زازاکی ھەوە.

زازاکی
لقیگۆرانی-زازایی
ناو بە زمانی فەرمیZazaki
وڵاتتورکیا، ئەڵمانیا
Linguistic typologysubject–object–verb، ergative–absolutive language
Has grammatical caseseparative case
سیستەمی نووسینZazaki alphabet، ئەلفوبێی لاتین، ئەلفوبێی عەرەبی
UNESCO language status2 vulnerable
کۆدی زمانی ویکیمیدیاdiq

ھەتا ماوەیەکیش لەمەوبەر، ئەو کەسانەی بە زمانی زازا قسە دەکەن، بە بەشێکی دانەبڕاو لەکورد لەقەڵەم دەدران کە بەسەر تورکیە، ئێران، عێراق و سوریەدا بڵاوبوونەتەوە. لە ١٩٨٠کاندا، دروست کردنی ئەلفبایەکی لاتینیی گونجاو بەزمانی زازا بڵاوکرایەوە، بووە ھۆی گەشەسەندنی جۆرێک لە ناسیونالیزمی زازایی کە ھێندێک لە کوردەکان وەک دەستێکی ھەواڵگرییە تورکییەکان ئاماژەی پێ دەکەن. وەک مەبەستێک بۆ پارچە پارچەکردنی کوردەکان و لاوازکردنی چەکدارەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان.

ناسیۆناڵیزمی زارایی ھێشتا لای ھێندێک لە زازاکانەوە کە خۆیان بەکورد دەزانن، دژایەتی دەکرێ. ناسیۆنالیزمی زازایی گرنگی بەدیالێکتی زازایی و ئەو زازاکیە رەسەنانە ئەدا کە لە تورکیادان. ھێندێ لە ناسیۆنالیستە زازاییەکانیش نیشتمانێکی سەربەخۆی زازاییان دەوێ لە تورکیادا کە پێی دەڵێن (زازایستان) کە بێ گومان لایەنگری لە پەکەکە لەناو قسەکەران بە دیالێکتی زازاییدا کەم دەکاتەوە. زازا (کە ژمارەیان دەوەستێتە سەر ئەوەی تا چەند باوەڕمان بە رەگەز و پێناسەی زمانەوانیان ھەبێ، رەنگە لە میلیۆنێکەوە تا سێ میلیۆن بن) دابەش بوون بەسەر موسوڵمانی سوننی و عەلەوییدا بە شێوەیەکی ئاسایی ئەوانەی بە زازایی قسە دەکەن بە کورد دادەنرێن و زازایش لای ناسیۆنالیستە کوردەکان و زۆر لە زاناکانیش بە بەشێک لە زمانی کوردی دەزانرێ. ناسیۆنالیستە زازاییەکانیش دەڵێن کە ئەوان خەڵکێکی سەربەخۆن، بە ھۆی لێک تێنەگەیشتنی ئەوانەی بە زازایی قسە دەکەن و ئەوانەی بە کرمانجی دەدوێن، کە نزیکەی ٨٠% رەگەزی کورد دەگرێتەوە. ھێندێ زمانناسیش پێیان وایە زازایی نزیکایەتیی لەگەڵ زمانی کوردی و دیالێکتەکانیدا نیە. ھەر چۆنێک بێ کەسایەتیی ڕەگەزی لەلایەن فاکتەرە ناوخۆییەکانیشەوە ھەروەک فاکتەرە دەرەکییەکانی وەک ڕەگەز و زمان، کاری لێ دەکرێ. ناسنامەی ڕەگەزی بە شێوازێکی گشتی پێکھاتەیەکی کۆمەڵایەتییە و دەکرێ سیاسەتی دەوڵەت کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ھەبێ.

ناسیۆنالیزمی زازایی لە سەرەتادا لە ئەورووپا و لە نێو کۆچبەرە زازاییەکاندا دەرکەوت ئەو کاتەی کە جیاوازی زازایی و کرمانجی، بە ھۆی ئەتمۆسفێرێکی ئازادەوە، زیاتر بەدەرکەوت لە ئەورووپا، کۆچبەرانی تورکیا ناچار بە فێربوونی زمانی تورکی نەدەکران بەڵکوو دەیانتوانی زازایی یان کرمانجی وەک زمانی دایک ھەڵبژێرن کە ئەویش بووە ھۆکارێکی دروست بوونی ناسیۆنالیزمی زازایی. ھۆکارێکی تریش بەرھەڵستی کردنی ھێندێک ناسیۆنالیستی کورد بوو. تا ئێستا ناسیۆنالیزمی زازایی زۆرتر بابەتی سیاسییەکانی تاراوگەیە و دیاردەیەکی سنووردارە بەڵام کاریگەریشی لەسەر گفتوگۆی ناسنامە ڕەگەزییەکانی نێو تورکیا ھەیە. گفتوگۆکانی ئەم دواییانە سەبارەت "خوێندن بە زمانی دایک" لە تورکیا و سیاسەتی حیزبی داد و گەشەپێدان بۆ کردنەوەی کاناڵێک بە زمانی کوردی ڕەنگە ناکۆکییەکانی نێوان زازایی و کرمانجەکان بەھێزتر بکا. (تی ئار تی ٦) تەنیا بە کرمانجی بەرنامەی ھەیە. بەڵام پلانیش ھەیە کە بە دیالێکتەکانی زازا و سۆرانیش بەرنامەی ھەبێ ئەویش لەلایەن زۆر لە زازاکانەوە پێشوازی لێ دەکرێ لە بازنەیەکی گفتوگۆی ئینتێرنێتی دا ناسیۆنالیستە زازاکان ئەوەیان دەربڕیوە کەئەوان کاناڵێکی سەربەخۆی زازاییان دەوێ نەک کاناڵێکی کوردیی کرمانجی.

مارتن فان برۆنسنی ئەنترۆپۆلۆژیست باس لە بەربڵاوی بیرۆکەی (کودەتا) دەکا لە نێو کوردەکاندا کە ناسیۆنالیزمی زازایی بە دەستێکی دەزگا ھەواڵگرییەکانی تورکیە دەزانن. پێ دەچێت ئەو بۆچوونەی ناسیۆنالیستە کوردەکان بێ بناغە نەبێ لە راستیدا زۆرێک لە تورکە ناسیۆنالیستەکان پشتگیری لەو بیرۆکەیە دەکەن کە زازا کورد نین ئەوانە پێیان وایە ئەو بیرۆکەیە پرۆسەی تواندنەوەی کورد خێرا دەکاو لایەنگیرێتی لە پارتی کرێکارانی کوردستان کەم دەکاتەوە. لەساڵی ١٩٩٦دا رێکخراوی دێموکراسی تورکی (کە دامەزراوەیەکی نادەوڵەتییە و گرنگی دەدات بە پێکھاتنی دێموکراسیی سەقامگیر لە تورکیا) نامیلکەیەکی بچووکی دەرکرد کە ڕەخنە لە بۆچوونی ناسیۆنالیستانەی پارتی کرێکارانی کوردستان دەگرێ، و بیرۆکەکەی خۆیان لەوەدا چڕ دەکەنەوە کە کوردەکان سروشتێکی نایەکدەستیان ھەیە و بە تایبەتیش کە ھێندێ زازا خۆیان بە کورد نازانن. نامیلکەکە ئەوە پێشنیار دەکا کە باشترە کوردەکان بەشێک بن لە دیموکراسیی تورکیا تا ئەوەی لە کۆمەڵگایەکی ناچونیەکدا گیر بخۆن بە دەست توندوتیژیی ھۆزگەرییەوە و بیروباوەڕی عەشایری زاڵ بێ بە سەریاندا.

بەڵام حەز و ئارەزووی تورک لە نایەکدەستیی کلتووریی کوردیدا تەمەنی لەوە درێژترە. ناسیۆنالیستی تورک حەسەن رەشید تانکوت لەساڵی ١٩٦١دا پێشنیاری کردنەوەی دەروازەیەکی کردووە بۆ زازا و کرمانجەکان، تا باشتر جێ بگرن لە کولتووری تورکیدا. هەندێک نووسەری تورکیش زازایان وەک گرووپێکی نەژادیی سەربەخۆ خستۆتە ڕوو کە جیاوازن لە کورد. هەندێک لە کوردەکان باس لە پەیوەندیی نێوان دامەزرێنەری ناسیونالیزمی زازا، ئەبووبەکر پەموکچو (لە ساڵی ١٩٩٣دا مردوە) و دەزگا نھێنگرە تورکییەکان دەکەن و پەموکچو بە ھەوڵدان بە دابەشکردنی نەتەوەی کورد تاوانبار دەکەن.

بزووتنەوەی ناسیۆنالیزمی زازا لە لایەن تورکەکانەوە پێشوازیی لێ دەکرا و لە لایەن چەندین بازنەی هەواڵگریی تورکییەوە یارمەتیی دارایی پێدەبەخشرا. لەو کاتەوە پەموکچو بە ھەبوونی پەیوەندی بە دەزگاکانی تورکیاوە تاوانبار دەکرا. بەڵام دیسان کوردەکان دەزگایەکی چاپەمەنیی زازایان لە تورکیادا بەوە تاوانبار دەکرد کە لەلایەن تورکەکانەوە کۆنترۆڵ کراوە. لە وتووێژێکدا بۆ کورد میدیا ـ ناسیۆنالیستی کورد و زازاناس ـ مالمیسانژ دەڵێ: «ناوی ئەو دەزگای بڵاوکردنەوەیە (زازایستان) خانەی چاپ و بڵاوکردنەوەی زازایی بوو کە بەشێک بوو لە دەزگای هەواڵگریی تورکی بۆ پەلاماردانی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد.» دیسان دەڵێ: «ئەو دەرەنجامەی من پێی گەیشتووم ئەوەیە (گرووپی ناسیۆنالیزمی زازا) گرووپێکن لە نێو دەوڵەتدا، بە واتایەکی دروستتر پێگەیان گرووپێکە ھاوتەریب لەگەڵ دەوڵەتدا (کوردیش میدیا ٦ ئوکتۆبری ٢٠٠٣).

ھەروەھا عەبدوڵڵا ئۆجەلانی سەرۆکی پارتی کرێکارانی کوردستان ئەوە دەردەبڕێ کە رێکخراوی هەواڵگریی نەتەوەیی تورکیا ـ (میت) لە پشت گەورەکردنی چالاکییە سیاسی و کولتوورییەکانی زازادان لە تورکیا«(میت لە پشت ئەم کارەوەیە و مەبەستیشیان راوەستاندنی گەشەی ھەستی نەتەوەیی کوردە». لە لایەنی ئەتمۆسفێری سیاسیشەوە ئاماژە بەوە دەکرێ کە کەسایەتیی زازا زیاتر لای لێ بکرێتەوە. حیزبی بزووتنەوەی ناسیونالیستی تورکیدا ئێم ئێچ پی ھیچ کاتێک زمانی کوردی لە لێدوانە سیاسییەکاندا بەکارناھێنێن، بەڵام عەبدوڵڵا ئەرزاقچی ئەندامی ئەو حیزبە لە ساڵی ٢٠٠٦ دا و لە لێدوانێکی سەرنجڕاکێشدا بە زمانی کوردی وتی: من زازام من کوردم و ھیچ کێشەیەکی کوردیش لە کایەدا نیە (زەمان ١٠ی مایسی ٢٠٠٦).

ئەرزاقچی دەیویست بڵێ کە چیتر کێشە نیە لە تورکیا ئەگەر کەسێک خۆی بە کورد یان زازا بزانێ. لە ساڵی ٢٠٠٧ دا دەزگای ڕاپرسیی (کۆندا) ھەنگاوێکی گەورەی ھاویشت لە جیاوازیکردنی نەژادی لە نێوان زازا و کورددا. پێشتریش گرووپێکی بیروڕاگۆڕینەوەی ناسیۆنالیستیی تورکیش ڕاپۆرتێکی لەسەر زازا ـ کورد بڵاو کردبۆوە. ئێستاش زۆر ڕۆژنامە و چاپەمەنیی ئینتەرنێتیی تورک ھەن کە زازا بە کورد لە قەڵەم نادەن نموونەیەک لە وانە بەشداریکەرێکی زازایە لە رۆژنامەی تودەی زەمانی تورکیدا کە دەڵێ: بە میلیۆن کورد و زازا ھەن کە خۆیان جیاواز نابینن لە براو خوشکە تورکەکانیان و کێشەکانیشیان جیاواز نین لە کێشەکانی ئەم وڵاتە نووسەرەکە لایەنگرێتی خۆی بۆ تورکیا دووپات دەکاتەوە. (تودەی زەمان ٢٣ی ئابی ٢٠٠٨).

تەنانەت ئەردوغان لە سەردانەکەیدا بۆ ھەکاری لە کانوونی یەکەمی ٢٠٠٨دا، جیاوازی کرد لە نێوان زازا و کورددا. عەبدووڵڵا دەمیرتاشی پارێزگاری پێشووی دیاربەکر و ئەندامی (DTP) لەم دواییانەدا کاریگەریی ناسیۆنالیزمی زازایی لەسەر دانیشتوانی باشووری رۆژھەڵاتی تورکیا ڕەت دەکاتەوە بەڵام ئەوە ئاشکرایە کە سیاسەتمەدارانی تورک دەستیان کردوە بە جیاوازیی کردن لە نێوان زازا و کوردا ئەویش بە مەبەستی لاواز کردنی داوا ناسیۆنالیزمییەکانی کوردەکان ـ کوردیش میدیا ٢٠ی کانوونی.

زۆرینەی زازا ناسیۆنالیستەکان دژ بە پەکەکەن ئەوەش یارمەتیدەرێکە بۆ ئەنکارا لە جەنگەکەیدا دژ بە چەکدارە کوردەکان زازا ناسیۆنالیستەکان پەکەکە بە چالاکیی ئەنتی زازایی تاوانبار دەکەن و پێیان وایە ھەم پەکەکە و ھەم سوپای تورکیا بەشدارن لە کەمکردنەوەی دانیشتوانی ناوچە زازاییەکاندا زازا ناسیۆنالیستەکان ترسی توانەوەیان ھەیە لە بەرامبەر ھەردوو ناسیۆنالیزمی کوردو دەوڵەتی تورکیەدا. پێدەچێ کەسایەتیی زازا ببێتە ئامرازێکی‌تر لە ململانێی سیاسیی نێوان تورکیا و ناسیۆنالیزمی کوردا کەش و ھەوایەکی کلتووری ئازاد لە تورکیەدا بوارێکی زیاتر ئەدا بە خوێندن بە زمانی دایک وەک زازایی و کرمانجی، ھەر ئەوەش رەنگە ھاوکێشەی دوژمنی ھاوبەش لە نێوان رەگەزە ناتورکەکاندا کەم بکاتەوە لەو حاڵەتەدا رەنگە ناسیۆنالیزمی کوردی ھەڕەشەیەکی گەورەتر بێ لەسەر زازایی تا دەوڵەتی تورکیە.

تورکەکان دەترسن کە ئەو کێشەیە ببێتە ھۆی ھەڵوەشاندنەوەی تورکیا. بەوەی چەند نەتەوە ھەن لە تورکیەدا. ئیمپراتۆری عوسمانی دوای جەنگی جیھانیی یەکەم و لە پەیمانی سیڤەردا لەساڵی ١٩٢٠ دابەش کرابوو بۆ گەلێ ناوچەی نەتەوەییانە لەوانە یۆنانی و کوردی و ئەرمەنی و ھتد... بۆیە تورکەکان دەترسن جارێکی تریش زەوی و زارێکی تر بۆ نەتەوەکانی نێو تورکیە لە دەست بدەن ئەو حاڵەتەی زۆر تورک بە وڕێنەی سیڤەر ناوی دەبەن.

لە کۆتاییدا ناسیۆنالیزمی زازایی ڕەنگە ڕۆڵێک بگێڕێ لە گفتوگۆکانی تورکی ـ کوردیدا بەڵام ئەوە ڕوون نیە کە کەسایەتیی سەربەخۆی زازایی لایەنگرییەکی زۆر بە دەست بێنێ لە ناو قسەکەران بە زمانی زازا و زۆربەیان تا ئێستا خۆیان بە تورک یان کورد دەزانن گەر کەسایەتیی زازایی ببێتە شتێکی باو لایەنگیرێتی سێ میلیۆن زازا بۆ پەکەکە و ناسیۆنالیزمی کوردی لاواز دەبێ.

ئەمانەش ببینە دەستکاری

بەستەرە دەرەکییەکان دەستکاری

 
ویکیپیدیا
ویکیپیدیا، ئینسایکڵۆپیدیای ئازاد بە زازاکی