ساڵحی کوڕی مەلا نەسڕوڵڵا (١٨٥٦- ١٩٠٩) ناسراو بە حەریق یان حەریقی یەکێکە لە شاعیرانی کورد زمان.

حەریق لە ساڵی ١٨٥٦ لە گوندی زێویەی ناوچەی سوورداشی سلێمانی لە دایکبووە. زێویە کەوتۆتە قەدپاڵی لای ڕۆژھەڵاتی شاخی پیرەمەگروون. مەلا نەسڕوڵڵای باوکی حەریق لە بنجدا خەڵکی ئەو ناوچە کوردەوارییە بووە، کە لە ڕۆژگاری مێژوودا سەر بەدەسەڵاتی ئێران بوون. لە گوندی کاشتەر لە دایکبوە، ئەم ئاواریییە لەگەڵ گوندی لۆن کەوتوونەتە قەدپاڵی کێوی شاھۆ، زنجیرەیێکە لە نێوان ھەورامانی لھۆن و جوانڕۆ. لە باشورەوە پاڵی داوەتە ماھیدەشت. مەلا نەسڕوڵڵا لە سەردھمی فەقێیەتیدا ڕوو دەکاتە ناوچەکانی دەوروبەری زێدی ژیانی باب و باپیرانی. لە پاشانا کە دەگاتە پلەی مەلایی گوندی زێویە دەبێتە مەڵبەندی ژیانی.

سەرەتا حەریق لای باوکی دەستی بەخوێندن کردووە، بەرنامە زانستییەکانی ئایینی ئیسلام و زمانی عەرەبی بەئەنجام گەیاندووە، وەک ڕێنووسی خوێندنی حوجرەی ئەو ڕۆژگارانە لە لای ھەندێ لە مەلایانی ئەو سەردەمە خوێندوویەتی، بەشێکی ماوەی سوختەیی لە مزگەو‌تی شێخ محەمەدی بەرزنجی لە سلێمانی بردۆتە سەر، لە پاشا بۆ فێربوونی ھەندێکی دیکە لە زانستییە پێویستییەکانی مەلایەتی بەرەو قەرەداغ کەوتۆتە ڕێ، ماوەیێک لەوێ خوێندوویەتی ئینجا ڕووی کردۆتە بیارە و ڕۆژانێک لەوێ ماوەتەوە، ئەوجا گەڕاوەتەوە سلێمانی.

حەریقلە ساڵی ١٨٨٤ چووە بۆ پێنجوێن لای مەلا عەبدولڕەحمانی پێنجوێنی خوێندوویەتی، لەوێوە بەرەو موکریان کەوتۆتە ڕێ. لە ماوەی ژیانی ئەو وڵاتەیدا ئاشنایەتی لەگەڵ شێخ بورھان (شێخ یووسف شەمسەدین) پەیدا دەکا و لە خانەقای ئەو دەمێنێتەوە و مۆڵەتی ڕێگای نەقشبەندی لە شێخی بورھان وەردەگرێ. ماوەی ژیانی ساڵح لە خانەقا وەک سالیکێک بووە. سالیک نابێ ژن بێنێ، بەڵام ئەو بەدزی ژنی ھێناوە، لەبەر ئەوە شێخ لە خانەقا دەری کردووە.

تەنگوچەڵەمە لە ژیانی ساڵحدا زۆر بووە. جارێکیان بەھۆنراوەیەک یەکێ لە کوڕەکانی شێخ عوسمانی تەوێڵە دادەشۆرێنێ. ئاغا دێیێکە ناوی ئیعلزامولمولک بووە، بۆ ئەتک ڕێشی تاشیوە، شاعیر ناچار بووە لای قازی عەلی گەورەی وڵات شکات بکا، دادگا خەریک بووە ئاغاکە تاوانبار بکا بۆ ئەوەی توڵەی حەریق بکاتەوە. لەو ماوەیەی داوای حەریق لە دادگا دەبێ، کوڕێکی کورد لە گوندی قەباغلەندی کچێکی ئەرمەنی ھەڵدەگرێ، باوکی ئەو کچە سەر بەکاربەدەستانی ڕووسیا دەبێ و کێشەکەیان دەگاتە دادگا. ئیتر لەبەر گەورەیی ئەم کێشەیە داواکاری حەریقیان لە بیر دەچێتەوە. جارێکیا‌ن کابرایێک لە حەریق دەپرسێ ڕووداوەکەی ڕێشەکەی گەیشتە کوێ؟ لە وەڵامدا حەریق دەڵێت: «بابەلێ ڕیشی من لە ھینەکەی کچە ئەرمەنیدا ونبوو!»

پاشان حەریق بە ئیمام لە مزگەوتی سەید حەسەن، مزگەو‌تی ھەژارانیان پێ دەوت، لە مەھاباد دامەزرا. وەک مورید و سۆفییێکی شێخی بورھان ھەموو ژیانی لەوێ بردە سەر، تا لە ساڵی ١٩٠٩ لەوێ کۆچی دوایی کردووە و لە گۆڕستانی مەلا جامی نێژراوە. ئێستا جێی گۆڕی شاعیر نەماوە و ئەو گۆڕستانە بووە بەئاوەدانی.

شێعری حەریق

دەستکاری

حەریق شێعری کێشەداری نووسیوە و قافیەی لە شێعرەکانیدا پاراستوە. لە شێعرەکانیەوە وا دەردەکەوێت کە زۆرترین ئیلھامی لە شێعری نالی و مەولەوییەوە وەرگرتوە. حەریق بـڕوابەخۆی زۆری بوە بۆ نموونە لە شێعرێکدا شان لە شانی نالی دەدا و ڕەخنەی لێ دەگرێت و دەڵێت:

زۆر حەیفە ئەتۆ نالی، بەو پیریە منداڵیبەو جۆرە لە عیشق ئەدوێی زیبا کچ و دیبا کوڕ
بۆ عیشقی حەقیقی بێ، تالیب مەبە ئیللا کوڕھەم حەزرەتی لەولا کوڕ، ھەم یووسوفی والا کوڕ

ئەم شێعرەی لە بەرامبەرکێ لەگەڵ شێعری بۆ عیشقی مەجازی بێ تالیب مەبە ئیللا کچی نالیدا نووسیوە.

ھەروھا وکوو مەولەوی بە ھەورامی بۆ شێخەکەی شێعری نووسیوە.

نموونەی شێعری حەریقی

دەستکاری
بەشی ناسینی نامەردی لەکەسدا مەردی نابینملە لایێکی کە ڕوو گەرمی نەبێ دڵ سەردی نابینم
چ ڕوو سپییەک بەڕوو سووری لە بۆتەی ئیمتیحان دەرچوودرۆ ناکەم بەوەجەی ڕاستی ڕوو زەردی نابینم
لە کەند و ڕەندی عالەم قەت مەپرسە گەر خیردەمەندیخودا ھەڵناگرێ ڕەندم نەدیوە کەندی نابینم
لە کەس وردیم نەدیوە تا درشتی بێ نمایان بێکەسێ بڕوێش دەکا و لافی دەقیقە وردی نابینم
گەلێ کەس دەستی چا دەڕوا وەکو چا ئابڕووی ڕۆییبەڵام بۆ دین وەکو دنیا بەدەستوبردی نابینم
ئەوەی عاریف بێ دەیزانی ئەمن چم گوتووە لام باشەدەڵێم زاھید بەدارا چی ئەمن وەک بەردی نابینم
(حەریق) دەردی گرانە دەردی بێ ھاودەردیەلە ھاودەردی گەڕاوم حەیفێ ھیچ ھادەردێ نابینم

سەرچاوەکان

دەستکاری

بەستەرە دەرەکییەکان

دەستکاری