موکریان (بە پاڵەوی: Mukrān یان Mukriān[١]؛ ھەروەھا: مکوریان، موکوریان یان مُکُریان[٢]) ناوی مەڵبەندێکی گەورە و بەرینی کوردستانە. ناوچەی موکریان لە شارستانەکانی بۆکان، پیرانشار ،مەھاباد، شنۆ، سەردەشت، ڕانیە، قەڵادزێ، نەغەدە، میاندواو، ساینقەڵا، تیکاب دەگرێتەوە.[٣]ھۆزی موکری لە موکریان نیشتەجێیە و دەسەڵاتداری ئەو ناوچەیەیە.

موکریان
وڵاتکوردستان
ڕووبەر
 • سەرجەم١٧٩٤٦ کیلۆمەتری چوارگۆشە (٦٬٩٢٩ میلی چوارگۆشە)
ژمارەی دانیشتووان
 (٢٠١٦)
 • سەرجەم١٬٣٦١٬٨٨١
زمان و ئایین
 • زمانەکانزۆرینە: کوردی
کەمینە: ئازەری
 • ئایینەکانزۆرینە: ئیسلامی سوننە
کەمینە: شیعە، یارسان
نەتەوەکانکورد، ئازەربایجانی، فارس، ئەرمەنی

بێجگە لە کوردەکان کە نەتەوەی سەرەکیی موکریانی کوردستانن، ئازەرییەکانیش کە ھۆزی کۆچەرن وەک کەمایەتی لە موکریاندا دەژین. موکریان ئەو شوێنەیە کە بۆ یەکەم جار ئاڵای کوردستان لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا شەکایەوە.[٤] بوونی نەتەوەکانی کورد و ئازەری و ئایینەکانی سوننی و شیعە و یارسان لە موکریاندا جاربەجار بووەتە ھۆی تێکھەڵچوونی دانیشتووانەکەی. لە بواری ئابوورییەوە، سەرچاوەی ئاوی زۆر، کانزاکانی دەوڵەمەندی ژێرزەوی وەک زێڕ، مس، ڕووی و سوورب لە ناوچەکانی سەردەشت، تیکاب و ساینقەڵادا، کانزای بەردە خەمڵێنەرەکان و بەربڵاوبوونیان لە ناوچەکەدا، چاوگەی جیوە لە مەھاباددا، سیلیس لە دەوروبەری پیرانشاردا و… بوونەتە ھۆی گرنگبوونی ناوچەی موکریان.[٥]

  • بەدلیسی ناوی موکریان بۆ سەیفەدین خان موکری دەگێڕێنێتەوە بۆ ڕیشەی حکومڕانانی موکری بۆ ئێڵی موکری کە لە ناوچەی شارەزوور نیشتەجێبوون.
  • ھەندێک لە مێژوو نووسانی تر ناوی موکریان بۆ (مەھاکاریان) دەگێڕنەوە کە گۆیا یەکێک لە ئێڵەکانی ماد بوون.
  • ھەندێک لە لێکۆڵیارانی تر بە دووری نازانن کە ناوی موکریان لە (موکریت)ەوە ھاتبێت.
  • ڕۆژبەیانی پێیوایە وشەی موکریان لە (موغری)یان (موغ ڕاە) و ھاتووە و دواتر بۆ (موقریان) و موکریان گۆڕانی بە سەردا ھاتووە، کە موغریان (موکریان) لەسەر ڕێگای (موغان) بووە. پادشاکانی ئێران تەنانەت ساسانییەکان کاتێ بە دەسەڵات دەگەیشتن دەبووایە لە تەختی سلێمان (تیسفوون) بەپێ بڕۆشتنایە کە کڕنووش بۆ ئاگر ببەن، لەبەرئەوەی موکریان لەسەر ڕێگای موغان بووە و ناوی موغریان لێناوە و دواتر بووەتە موکریان.

جوگرافیا

دەستکاری
 
جێگەی موکریان لە ئێراندا

بەپێی ئامار و دابەشبوونی ڕامیاری لە ساڵی ٢٠١٦، لەسەر بنەمای ڕووبەر شارستانی مەھاباد گەورەترین و لەسەر بنەمای دانیشتووان شارۆچکەی بۆکان ئاوەدانترین شارۆچکەی ئەم ھەرێمەیە. بێ گوێدانە گوندستانی تورجان، ڕووبەری ھەرێمی موکریان دەکاتە (١٧٬٩٤٦ کیلۆمەتری چوارگۆشە) و ژمارەی دانیشتووانی (١٬٣٦١٬٨٨١)کەسە لەسەر بنەمای سەرژمێری ساڵی ٢٠١٦دا.

  • ڕووبەری موکریان دەکاتە (١٧٬٩٤٦کم٢):
    • ڕووبەری نیشتەجێی کورد دەکاتە (١٥٬٢٢٣کم٢) بەڕێژەی (٨٥٬٥٪) خاکی موکریان.
    • ڕووبەری نیشتەجێی ئازەری دەکاتە (٢٬٧٢٣کم٢) بەڕێژەی (١٤٬٥٪) خاکی موکریان.
ڕیز ناوی شارستان ڕووبەر (کیلۆمەتری چوارگۆشە) دانیشتووان (٢٠١٦)
شارستانەکانی موکریان کە کوردن
١ شارستانی شنۆ ١٬١٩٣ ٧٣٬٨٨٦
٢ شارستانی پیرانشار ٢٬٢٥٩ ١٣٨٬٨٠٠
٣ شارستانی مەھاباد ٢٬٥٩٢ ٢٣٦٬٨٤٩
٤ شارستانی بۆکان ٢٬٥٤١ ٢٥١٬٤٠٩
٥ شارستانی سەردەشت ١٬٤١١ ١١٨٬٨٠٠
٦ [[شارستانیقەڵادزێ ١٬٩٢٣ ١٧٣٫٥١٩ز
# ڕۆژاوای موکریان ٩٬٩٩٦ ٨١٩٬٧٤٤
شارستانەکانی موکریان کە لە کورد و ئازەری پێکھاتووە
٧ شارستانی نەغەدە ١٬٠٥٠ ١٢٧٬٦٧١
٨ شارستانی میاندواو ٢٬٢٣٣ ٢٧٣٫٩٤٩ز
٩ شارستانی ساینقەڵا ٢٬١٤٤ ٩٢٬٤٥٦
١٠ شارستانی تیکاب ٢٬٥٢٣ ٨٧٬٥٥٦
# ڕۆژھەڵاتی موکریان ٧٬٩٥٠ ٥٨١٬٦٣٢
کۆ کۆی موکریان ١٧٬٩٤٦ ١٬٣٦١٬٨٨١

بەپێی ھەندێ سەرچاوەی مێژوو یەکێک لە فەرماندەکانی سۆما کە لە سەدەی (١٠/٩)زایینیدا بوو بە ناوی ئەمیر سەیفەدین خان موکری بە دامەزرێنەری ئێڵی موکری دادەنرێت کە ھۆزە کوردییەکانی (ھەرێمی موکریان)ی لە کۆنفدراسیۆنی ئێڵی موکریدا کۆکردەوە و لە ناوچەی (دەرباس یا دەریاس) بووە خاوەنی ھەرێمەکە.

(ئەختاچی و ئێڵی تەیموور)ی بە فەرمانڕەوایییەکەیەوە لکاند کە ئەوکات فەرمانڕەوای بەشێک لە ھەرێمەکە بوون و حکوومەتێکی بە ھێزی پێکھێنا و ناوی حکومڕانەکەی موکری بوو کە لە پاش ناوی خۆیەوە وەری گرتبوو و بۆ ماوەیەکی درێژ بەبێ شەڕ حکومی کرد.

کورد لەمێژە لەم ھەرێمەدا نیشتەجێ بووە و لە سەردەمی ئیسلامدا ئازادکراوە و بووەتە بەشێک لە دەوڵەتی ئیسلامی، کوردەکانی ھەرێمی موکریان و ئازەربایجان بە ھەزەبانی و ڕەوەندیی (الروادی) ناسرابوون. شارۆچکەی شنۆ بە مەڵبەندی کوردە ھەزەبانییەکان ناسرابوو تا سەدەکانی ناوەڕاست لە ئاوەدانی و پەرەسەندندا بوو. ھەزەبانییەکان لەوەڕگای دەورووبەری ھەرێمەکەیان بەکاردەھێنا بۆ بەخێوکردنی ئاژەڵەکانیان؛ و ئێڵێکی کورد کەبە ڕەوەندییەکان ناسرابوون و لە ھەزەبانییەکان بوون لە ئازەربایجان و ئەرمەنستاندا نیشتەجێ بوون، ڕەوەندییەکان کە بە پشتیوانی جەماوەریان لە ئازەربایجان و موکریاندا لە سەدەی ھەشتەمی زاییندا سەربەخۆیی خۆیان لە عەباسییەکان ڕاگەیاند و حکوومەتیان دروست کرد بە سەرۆکایەتی (عەلی کوڕی زەڵم)، شاری ورمێیان کردە ناوەندی فەرمانڕەوای خۆیان.

  • ھەرێمی موکریان لە تەواوی سەردەمەکاندا چەندین جار سەربەخۆیی خۆی ڕاگەیاندوە و لەژێر دەستی ھاتووەتە دەرەوە، لە سەردەمی سەفەوییەکان و قاجاڕەکاندا تووشی داگیرکاری و کوشتار و کۆچپێکردن و زەوتکردنی خاکەکەی بە شێوەیەکی دڕندانە و بە زۆر بووە، و ھێنانی ئازەربایجانی تورک زمان لە ئێڵەکانی (ئەفشار و قەرەپەپاغ و بەیات) بۆ جێی کوردان، تاوەکو کوردان لاوازبن و ڕووبەری جوگرافیایی موکریان بچووک بکەنەوە و بەمەبەستی لە ناوبردنی کوردان لە ھەرێمەکەدا، کە ئەمەش زیاتر بەھۆی ئەوەی کوردان حەزیان لە سەربەخۆی و حکومی خۆیان دەکرد لەبەرئەوەی دەسەڵاتداران جەور و ستەمێکی زۆریان بەرامبەر دەکردن و خاکەکەیان بە پیت بوو و لەڕووی ئاینزاوە (مەزھەب) جودا بوون لە دەسەڵاتدارانی ئێران ئەم ھۆکارانە سەرچاوەی ناکۆکی و دووبەرەکی کوردان و دەسەڵاتدارانی ئێران بوو.
  • (ھێنری ڕۆلینسۆن) لە تشرینی یەکەمی ١٨٣٨دا سەردانی ئێڵی موکری کردووە بە یەکێک لە بەھێزترین ھێزەکانی ئێرانی دادەنێت، ئەم ئێڵە نیشتەجێی دەشتی میاندواو و دەورووبەری ڕووباری جەغەتوو لە ڕووبەرێکی (٦٥کم) پانی دا زیاتر لە (١٢ھەزار) خێزانی بنەماڵەی (بابا ئەمیر)ی و دێبوکری و ھۆزەکانی کە بوون. (بانستر سوان) دەنووسێت کە زۆرێک لە پاشاکانی ئێران لەوانە شا عەباسی یەکەم پشتیان بە موکرییەکان دەبەست بۆ بەشداریکردنیان لە جەنگە جۆربەجۆرەکاندا، شا عەباسی یەکەم زۆرێک لە موکرییەکانی وەک ئەفسەری پلە بەرزی سوپاکەی ھەڵبژارد، لە ساڵی ١٦٢٤دا زۆرینەی سوپاکەی شا عەباس کوردانی موکری بوون لە جەنگی گرنگدا بەرامبەر ئیمپراتۆریەتیی عوسمانی وەستا بوون. (ئەسکەندەربەگی تورکمان مونشی) دەنوسێ کە دوای داگیرکردنی (موکریان و ئازەربایجان) لەلایەن ئیمپراتۆریەتیی عوسمانییەکانەوە (بابا ئەمیری) میری موکری دڵسۆزی خۆی بۆ سوڵتان مورادی سێیەم دەردەبڕێت و دەچێتە پاڵ عوسمانییەکان. پشتیوانی موکرییەکان بۆ عوسمانییەکان لە دوای مەرگی (بابائەمیر) و لەسەردەمی (شێخ حەیدەر)ی کوڕیدا بەردەوام دەبێت تاوەکو ھەرێمی (موکریان و ئازەربایجان) لەلایەن شا عەباسی یەکەمەوە داگیر دەکرێتەوە. دوای ئەوە (شێخ حەیدەر) دڵسۆزی خۆی بۆ شا عەباس ڕاگەیاند و شایش لە ڕابردووی خۆش بوو، حکومی مەراغەی پێبەخشی، (شێخ حەیدەر) لە سوپاکەی شادا بۆ باکووری ڕووباری ئاراس ھاودەمی کرد، بەڵام لەکاتی گەمارۆدانی شاری یەریڤاندا کوژرا.
  • پاشاکانی سەفەوییەکان و قاجاڕەکان بۆ لاوازکردنی کوردەکان، چەندین جار سزای دانیشتووانی ھەرێمی (موکریان و ڕۆژاوا و باشووری دەریاچەی ورمێ)یان داوە و کۆمەڵکوژیان دەکردن و ھەزاران خێزانی کوردیان گواستەوە و لە جێی ئەوان ئێڵە تورک زمانەکانی (ئەفشار و قەرەپەپاغیان) نیشتەجێ کرد.

شەڕی دمدم لە مێژووی سەفەویدا جێگایەکی گرنگی ھەیە، بۆیە شا تەھماسپ میر قەرەتاجی کردە حاکمی ناوچەکانی ورمێ و شنۆ. لە دوای مردنی شا تەھماسپی یەکەم، زۆربەی میرانی میرنشینەکانی ئەودەمی کوردستان بەسەرۆکایەتیی (میر عومەر)ی میرنشینی سۆران، چوونە پاڵ دەوڵەتی عوسمانییەکان، بەڵام میر قەرەتاج کە میری (میرنشینی برادۆست) بوو، نەچووە ژێر باری میر عومەر و بەمەش شەڕ و پێکدادان لەنێواندا بەرپا بوو کە لەو شەڕەدا میر قەرەتاج دەستی پەڕێنرا، ئیتر لەو کاتەوە بە ئەمیرخانی یەکدەست ناسرا. دوای ئەوەی شا عەباسی یەکەم (١٥٨٧–١٦٢٩ز) بووە پاشای دەوڵەتی سەفەوی، دەستێکی لە زێڕ بۆ دروست کرد و بەمەش نازناوێکی بۆ زیاد بوو کە خانی لەپ زێڕین بوو. میر قەرەتاج جگە لە ناوچەکانی ورمێ و شنۆ، کرایە فەرمانڕەوای (قەڵای مەرگەوەڕ و تەرگەوەڕ)، (قەڵای ورمێی) پەسند نەبوو بیکاتە ناوەندی دەسەڵاتەکەی، چونکە پێیوابوو قەڵای ورمێ توانای بەرگەگرتنی لە بەرامبەر ھێرشی دوژمنان نییە، بۆیە لە شوێنی قەڵای دمدمی سەردەمی ئیمپراتۆریەتیی ساسانی، دووبارە بە ھەمان ناو قەڵای دمدمی دروست کرد. ئەم کارەیشی وای لە میرانی ئێران کرد، بکەونە بەربەرەکانێی میر قەرەتاج، یەکێک لەو میرانە میری ئازەربایجان بوو کە ناوی (میر پیربداغ بەگ) بوو، تەنانەت میرانی ئێران لای شا عەباسی یەکەم بۆیان تێچاند کە میر قەرەتاج نیازی وایە لە شاعەباسی یەکەم یاخی بێت و سەربەخۆیی میرنشینەکەی ڕابگەیەنێت، ئەوەبوو شاعەباسی یەکەم داوای لە میر قەرەتاج کرد دەست لە دروستکردنی قەڵای دمدم ھەڵبگرێت، بەڵام میر قەرەتاج داواکەی پشتگوێ خست و بەردەوام بوو تا تەواوی کرد. قەڵای دمدم پێکھاتبوو لە قەڵایەکی گەورە و چەند قەڵایەکی بچووک لە ناوەوە و دروستکردنی چەندین قولەی سەربازی لە ھەرچوار لای قەڵا گەورەکە بۆ پارێزگاریکردن لە ھێرشی دوژمنان دروست کرابوون. ھەروەھا چەندین گەنجینەی گەورە بۆ ئازووقە و چەک و جبەخانەی سەربازی. ئیتر شاعەباسی یەکەم کەوتە پیلاندانان لە دژی میر قەرەتاج و چەندین جار ھێرشی سەربازیی کردە سەر، بەڵام شکستی ھێنا، تا ئەوەی کە بیست کەسی ھۆزی جەلالیانی کوردی باکوور لە دەستی دەوڵەتی عوسمانییەکان ھەڵاتبوون و پەنایان بۆ دەوڵەتی سەفەویی ئێران ھێنا، شاعەباس ئەوەی بە دەرفەت زانی کە نزیکەی (١٠ ھەزار) کەسیان لەگەڵ (حەسەن خانی) والی ھەمەدان بە سوپاکەیەوە ناردە لای میر قەرەتاج، بەڵام میر قەرەتاج ئەو داوایەی ڕەت کردەوە لە ترسی یاخیبوونی دانیشتووانی میرنشینەکەی لە دژی، لەکاتێکدا میر نیازی وابوو میرنشینەکەی سەربەخۆ بکات لە دەسەڵاتی سەفەوییەکانی ئێران، بۆیە ھێرشی کردە سەر سوپای سەفەوییەکان کوشتارێکی زۆری لێ کردن، بەمەش دووبارە پیلانەکانی شاعەباس سەری نەگرت. ئەوەبوو شاعەباسی یەکەم سوپایەکی گەورەی بە سەرکردایەتیی (ئیعتمادودەولە)ی وەزیری ناردە سەر میر قەرەتاج و داوای لێ کرد خۆی بەدەستەوە بدا و قەڵاکەیش چۆڵ بکات، بەڵام میر قەرەتاج کەوتە توندکردنی قەڵاکە و بەمەش لە بەرەبەیانی (٥ی کانوونی یەکەمی ١٦٠٨) شەڕ و پێکدادان لەنێوان سوپای میرنشینی برادۆستی کوردی و سوپای دەوڵەتی سەفەوییەکان دەستی پێ کرد و نزیکەی (٤) مانگی خایاند، تا ئەوەی بە سەرچاوەی ئاوی قەڵاکەیان زانی و سەرچاوەکەیان لە قەڵا بڕی، نزیکەی (٢١) ڕۆژ سەربازان و دانیشتووانی قەڵاکە بێ ئاو بوون، بەڵام لەو کاتەدا بارانێکی زۆر باری و بووە یارمەتیدەرێک بۆ سەربازان و دانیشتووانی قەڵاکە، بەمەش بۆ چەند مانگێک توانییان خۆیان لە بەردەم ھێرشی داگیرکەران بگرن؛ بەڵام ھێزی داگیرکەری سەفەوی، توانی یەکێک لە تاوەرەکانی قەڵاکە داگیر بکەن. لەو شەڕەدا سەڕەرای کەمبوونەوەی چەک و گولە تۆپ لە سوپای میرنشینی برادۆست، لەو کاتەدا (ئیعتمادودەولەی) وەزیر کۆچی دوایی کرد و (محەممەد بەگی بێگدلی) لە شوێنی بووە سەرکردە کە (میر پیربداغ بەگی) والی ئازەربایجانی لەگەڵدا بوو. ئەوەبوو میر قەرەتاج نامەیەکی بۆ نووسی و پێی ڕاگەیاند کە ئەگەر بەڵێنم پێ بدەن و نەمکوژن، خۆم ڕادەست دەکەم، بێگومان ئەمیش فێڵێک بوو تا ئەوەی داگیرکەران سەرقاڵ بکات و ڕیزەکانی سوپاکەی دووبارە ڕێک بخاتەوە. بەم شێوەیە بووە میوانی، ھاوکات محەممەد بەگی بێگدلی ویستی میر قەرەتاج بکوژێت، بەڵام میر ھەستی پێ کرد شوێنەکەی بەجێ ھێشت و بەمەش دووبارە شەڕ و پێکدادان دەستی پێ کردەوە، تا ئەوەی میرقەرەتاج ناچار بوو قەڵای دمدم ئاگر تێبەر بدات، چونکە دەیزانی ڕۆژ بەڕۆژ چەک و سەربازی کەم دەکات و ناتوانێ لەوە زیاتر بەرگری بکات، ھاوکات بۆ ئەوەی بەزیندوویی نەگیرێت و نەبرێتە لای شاعەباسی یەکەم. بەمەش داستانی قەڵای دمدم چووە ڕیزی مێژووی داستانە نەمرەکانی بزووتنەوەی ڕزگاری خوازی گەلی کورد. شاعەباس فەرمانیدا بە کۆمەڵکوژی لە موکریان و برادۆستدا، خێڵی تورکی ئەفشاری دووبارە لەناوچەکەدا نیشتەجێکرد و ھەندێک لە خەڵەکوردەکانی بردە خۆراسان، دوو میرنیشینی لاواز لە ناوچەکەدا مانەوە کە دووجار کەوتنە جەنگەوە لەگەڵ سەفەوییەکاندا لە ناوچەکەدا.

سەرەتای گۆڕینی دیمۆگرافیای ورمێ و ناوچەکە دەستی پێکرد و کوردان لە شوێنی خۆیان ھەڵکەندران. لە ساڵی (١٧٢٩ز) دا تەھماسب قولی سوپاسالاری نادر شا، توانی (یوسف پاشا)ی حکومداری عوسمانی شاری ورمێ لە دمدمدا بشکێنێت و دواتر فەرمانیدا بە ھەڵوەشاندن و وێرانکردنی تەواوی قەڵای دمدم و کە ئیتر نەبێتەوە بەقەڵا.

دابەشبوونی ڕامیاری

دەستکاری

ھەرێمی موکریان لە ئێستادا لە (شارستانی شنۆ، شارستانی نەغەدە، شارستانی سەردەشت، شارستانی ساینقەڵا، شارستانی تیکاب، شارستانی میاندواو، شارستانی بۆکان، شارستانی پیرانشار و شارستانی مەھاباد و گوندستانی تورجان لە شارستانی سەقز) دەگرێتەوە بەڵام لە ڕابردوودا ڕووبەری ئەم ھەرێمە گەورەتر بوو شارستانی مەراغە و چەند ناوچەیەکی تری دەگرتەوە. لە سەردەمی قاجاڕەکاندا لە ڕووی کارگێڕییەوە موکریان پێک ھاتبوو لە شارستانی شنۆ، شارستانی سەردەشت، شارستانی بۆکان، شارستانی پیرانشار و شارستانی مەھاباد و شارستانی نەغەدە و شارستانی ساینقەڵا و شارستانی میاندواو و شارستانی تیکاب و شارستانی مەراغەی تیادا نەبوو لە ڕووی کارگێڕییەوە ھەموویان سەر بە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوا بوون و دواتر خرانە سەر پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژھەڵات.

لە سەردەمی شانشینی پەھلەویدا تەنھا مەھاباد و مەراغە شارستان بوون و مەھاباد لە ڕووی کارگێڕییەوە سەر بە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوا بوو مەراغە سەر بە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژھەڵات بوو، موکریانیش بە چەند ناوچە و گوندەوار دابەشی ئەم دوو شارستانە ببوو.

لە دوای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران ھەریەکە لە شارستانەکانی(شارستانی شنۆ، شارستانی نەغەدە، شارستانی سەردەشت، شارستانی ساینقەڵا، شارستانی تیکاب، شارستانی میاندواو، شارستانی بۆکان، شارستانی پیرانشار) بوونە شارستان و لە ڕووی کارگێڕییەوە سەر بە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوان.

لە ئێستادا نە ھەرێمێک نە پارێزگایەک ھەیە بەناوی موکریان تەنھا ئەوە نەبێت کە چەند گوندەوارێک ھەیە بەناوی موکریان وەکو(گوندستانی موکریانی ڕۆژاوا و گوندستانی موکریانی ڕۆژھەڵات) لە شارستانی مەھاباد.

پێشنیاری بوون بە پارێزگا

دەستکاری

پلانێک ھەبوو بۆ بە پارێزگا کردنی ھەرێمی موکریان بەناوی (پارێزگای موکریان)یان (پارێزگای کوردستانی باکوور)، پلانی پێشنیار کراو بۆ پێکھێنانی پارێزگایەکی نوێ بەناوی (پارێزگای کوردستانی باکوور) ناوەندەکەی شاری بۆکان بێت لە باکووری ڕۆژاوای ئێران. کە ناوچەی مەبەستدار بۆ پێکھێنانی ئەم پارێزگایە بەشێکە لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوا و پارێزگای کوردستان، (پارێزگای کوردستانی باکوور) شارە کوردییەکانی باشووری دەریاچەی ورمێ و شارەکانی سەقز و بانە لە باکووری پارێزگای کوردستان دەگرێتەوە.

بە فەرمی ئەم پلانە سەرەتا لە ١٥ی ئایاری ١٩٩٠دا لەلایەن نوێنەری ئەو کاتی بۆکانەوە بەناوی (پارێزگای موکریان) و ناوەندی بۆ بۆکان لە (خولی سێھەمی ئەنجومەنی ڕاوێژی کۆماری ئیسلامی ئێران) پێشنیارکرا، وەزارەتی ناوخۆش پێشنیار کرا لە باشووری پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوا پێکی بھێنێت. ساڵی ٢٠٠٨ لە وتارێکیدا (محەممەد قاسم عوسمانلی) نوێنەری بۆکان بە ناونیشانی (بە دواداچوونی وەزارەتی ناوخۆ بۆدروستکردنی پارێزگایەکی نوێ بە ناوی (پارێزگای کوردستانی باکوور) بە ناوەندی بۆکان و بە لەبەر چاوگرتنی پێگەی ستراتیژی و توانا شاراوەکان و نەھێشتنی گومان لە ھەڵاواردن) ئەم باسی (پارێزگای موکریان)ە سەر لە نوێ ھاتەوە باس بەڵام ئەمجارە بە ناوی (پارێزگای کوردستانی باکوور).

لە ئێستادا تەنیا پێشنیار بووە و نەچووەتە بواری جێبەجێ کردنەوە و و سنووری ئەم پارێزگایە دیاری نەکراوە و ھەروەھا لەسەر ناوەکەشی ڕێکەوتنێک نەکراوە کە ناوی پارێزگای موکریان یان پارێزگای کوردستانی باکوور بێت.

دانیشتووان

دەستکاری
  • دانیشتووانی موکریان (١٬٣٦١٬٨٨١)کەسە:
    • دانیشتووانی شارنشین (٧٧٧٬٢٧٢)کەسە کە دەکاتە (٥٧٪)ی دانیشتووان.
    • دانیشتووانی گوندنشین (٥٨٥٬٦٠٩)کەسە کە دەکاتە (٤٣٪)ی دانیشتووان.
  • دانیشتووانی موکریان لە زۆرینەی کورد و کەمینەی ئازەری پێکھاتووە:
    • کورد (١٬١٠٣٬١٢٣)کەس بەڕێژەی (٨١٪).
    • ئازەری (٢٥٨٬٧٥٨)کەس بەڕێژەی (١٩٪).
پێکھاتەی موکریان لە (٢٠١٦)دا
پێکھاتە ڕێژەی سەدی
کورد
  
٨١٪
ئازەری
  
١٩٪

ئەمانە ببینە

دەستکاری

سەرچاوەکان

دەستکاری
  1. ^ فەرھەنگی پەھلەوی، ل١٩٢
  2. ^ ھەنبانە بۆرینە، ل٨١١ و ٨٢٠
  3. ^ نەخشەی سیاسی و دیمۆگرافیکی موکریانی کوردستان، ئامادەکردنی سولەیمان چووکەڵی، بەرھەمی ئینستیتووی کوردی لە ستۆکھۆڵم، ٢٠٠٧
  4. ^ نانەوازادە، عەلی، فەرھەنگی پەھلەوی، تاران، چاپەمەنی تەوەکولی، ل١٩٢، ٢٠٠٢، ISBN 964-5821-15-0
  5. ^ ھەژار، ھەنبانە بۆرینە، تاران، چاپەمەنی سرووش، ل٨١١ و ٨٢٠، ١٣٨٨، ISBN 978-964-376-516-3