ڕەوادی

(لە ڕەوەندیەوە ڕەوانە کراوە)

ڕەوادییەکان ناوی ھۆزێکی کورد بوو کە ناوچەکانی تەورێز و دەوروبەریان بەڕێوەدەبرد.[١] ئەم ھۆزە بەشێک بوون لە ھۆزی گەورەی ھەزەبانی. ڕەچەڵەکی سوڵتان سەڵاحەددینی ئەییووبی کوردی، لەم ھۆزەیە. دانیشتووی دێرینی تەورێز و مەراغە و ورمێ بوون و زۆزانی چیای سەھەندی نزیک تەورێز ھاوینەھەواری شوانکارەی ئەم ھۆزە بووەو زۆم زۆم ڕەشمالیان لە بناریدا ھەڵداوە، دەشتی ھەولێر و دەشتی بەربڵاوی ڕۆژھەلاتی مووسڵ (ناوکوڕ و خازەر) گەرمیانیان بووە. ھەندێک چاووکی بیانی و کوردناسی وەک مینۆرسکی ئەم ھۆزە بە ھەڵە دەگەرێننەوە بۆ ڕەچەلەکی عەرەبی بەڵام وەک دیارە ئەم ڕەوەندانەو ڕێچکەی گەرمیان و کوێستانیان تا ئەمڕۆش درێژەی ھەیە و ھۆزی بەربڵاوی ھەرکی و سوورچی و ڕەوندۆک جێگرەوەن.[٢]

مێژووی دوور دەستکاری

 
سنووری ڕەوەندییەکان لە ساڵانی ١٠٠٠ی زایینیدا

تەرزی ژیانی مەڕداری دەگەڕێتەوە بۆ مێژووێکی دوورو بە تەواوەتی نازانرێت کەی لەو شوێنەدا جێگیر بوون. پاش ھاتنی ئیسلام و کزبوونی دەسەلاتی والییەکانی ئەمەوی وای کرددوە حوکمڕانی ئەم ھەرێمانە ھەر بە ھۆزە کوردییە ھاوپەیمانەکان بدرێت بە تایبەت لە ڕۆژگاری دووایینی خەلافەتی ئەمەوی و سەرەتای خەلافەتی عەبباسی بە لەگەڵ بە والی بوونی (یەحیا بەرمەک) کە والیی ھەرێمێکی فرەوان بوو بە ئازەربێجان و ئەرمەنستان و مووسلەوە. لە نووسراوەکانی ئەم ڕۆژگارەدا کە زۆرینەیان بە عەرەبین ناوەکەیان بە شێوەی (الروادییە) تۆمارکراوە دواتر لە شەرەفنامەدا ڕاستکراوەتەوەو ھەر بە(ڕەوەند) ناویان ھاتووە.[٣][٤][٥]

پێکھینانی میرنشینەکان دەستکاری

لە دەورانی خەلیفە ئەومەیەکان و سەرەتای عەباسییەکان (سەدەی ھەشتەمی زایین) ڕۆڵی حوکمڕانیان لە دەشتی ھەولێرەوە تا شارەکانی ئازەربایجان و ئاراندا ھەبووە.[٦] سالی ٩٥٥ی زایینی تا ١٠٧١ میرنشینێکی بە ھێزیان لە تەورێز و مەراغە دامەزراند پاش ئەوەی سالی ٩٧٩ز ئیبراھیمی مەرزەبانی مسافری دەیلەمیان لە ئازەربێجان وەدەرنا]].[٧]]. وەھشودانی کوری مەملان و محمدی کوری حسین دوو لە میرە ناودارەکانی ئەوسا بوون لە ساڵی ١٠٢٩ لە تەورێزەوە بە ھانای ھۆزی ناوداری ھەدبانی چوو لە دژی ھێرشە ئۆغوزە تورکەکان بۆ سەر مەراغەو تێکیان شکاندن ئەم ھێرشەش بە سەرتای ھێرشی تورکان دێت بۆ سەر خاکی کوردنشینی ئازەربێجان. میر وەھشودان دواتر کورەکەی خۆی ناردە سەر شاری ئەردەبێل و (موغان)ی لە دەست (سپیھبود) دەرھێنا. مەملانی دووەم قەلاتێکی گەورەی لە ئەردەبێل دروست کرد. سالی ١٠٥٤ توغرولی تورک ھێرشی کردە سەر تەورێز و میر وەھشودانی بەزاند و ھەریمەکەی خرایە سەر دەسەلاتی سەلجوقیەکان.[٨] سالی ١٠٧١ کاتێک ئەلپ ئەرەلانی سەلجوق لە ھێرشی سەر ڕۆمی بێزەنتە لە دیوی ئەخلات و ئەرزرۆمەوە بە تەورێزدا ڕەتبوو مەملانی جێگرەوەی وەھشودانی لاداو ئەحمەدیلی کوری وەھشودان، میری مەراغەی لە جێگەی دانا و یاوەری سولتان محمد مەلیکشای سەلجووق بوو لە جەنگی سالی ١١١٠ز لە دژی ڕۆمەکان لە باکووری سووریا. ئەو میرە لە دیرۆکدا ناسراوە بە (احمدیل بن ابراھیم بن وھشودان الروادی الکردی) لە شەرێکدا لە دژی خاچییەکان بە سەردکرادییەتی (جوسلین) لە (تەلبەشیر)ی نزیک شاری (عەنتاب) پەیماننامەیەکی ئاگربەسی مۆرکرد. میر ئەحمەدیل سالی ١١١٧ز لە بەغدا بە دەست ئیسماعیلییەکان کوژراو بەلام وەچەکانی ھەر لە حوکمی مەراغە مانەوەو بە ئەتابەگی مەراغە ناسران و تا ھاتنی لیشاوی مەغۆلەکان ١٢٢٧ز ھەر بەردەوام بوو.[٩]

.

زنجیرەی میرانی ڕەوەند لە تەورێز دەستکاری

  1. محمد کوری حوسینی ڕەوادی (? - ٩٥١ ?)
  2. حوسینی یەکەم (٩٥٥–٩٨٨)
  3. مەملانی یەکەم(٩٨٨–١٠٠٠)
  4. حوسینی دووەم(١٠٠٠–١٠١٩)
  5. وەھشودان(١٠١٩–١٠٥٤)
  6. مەملانی دووەم (١٠٥٤–١٠٧١)
  7. ئەحمەدیل (١١١٧)

ئەیووبییەکان دەستکاری

ڕەچەڵەکی بنەماڵەی ناوداری ئەیووبی، کە سەڵاحەددینی ئەییووبی ھەرە ناسراویانە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەم ھۆزە. باپیرەیان کە شادی کوڕی مەروانی ڕەوەندی ھەزەبانی بوو، حوکمڕانی شاری دیوین (دبیل) بوو کە ئێستا بە (دڤین) دەناسرێت و دەکەوێتە ناو سنووری وڵاتی ئەرمینیا. کاتێک تورکی سەلجووق وڵاتی گەنجە و دیوینیان خسە ژێر دەسەلاتی خۆیانەوە، نەجمەددینە کوڕی شادی ناچار سەری ھەڵگرت و لە ھەولێرەوە چوو بۆ مووسڵ و دواتر چووە بەغدای پێتەختی خەلافەتی عەبباسی. بە ڕێگەی دەسەلاتدارێکی سوپاوە ئەرکی پاسەوانی قەڵای تکریتی پێ سپێررا و دواتر بەرەو دیمەشق بە ڕێکەوتن و لەگەڵ شێرکۆی برای چوونە ژێر ناوچەی دەسلاتی زەنگییەکان و دواتر چوون بۆ میسر و صلاح الدین ئەیووبی کرا بوو بە وەزیر لە دەولەتی خەلافەتی فاطمی.

ئەمڕۆ دەستکاری

لە فەرھەنگی زمانی کوردیدا وشەی ڕەوەند ھەر بە واتا کۆنەکە بە کار دێت[١٠]، کەسانی شوانکارەی مەڕدار دەگرێتەوە کە بۆ پەیداکردنی لەوەڕگە بۆ ماڵاتەکانیان کۆچی ھاوین و زستان دەکەن کە لەکلتوری کوردیا پێی دەگوترێت کوێستان و گەرمێان کردن. ئەم تەرزە ژیانە پێکھاتەی سەرەکی ھۆزەکوردییەکان بووە بە درێژایی مێژوو ھەر بەم شێوەیە زمان و کلتوورو قەوارەی نەتەوەیی خۆیان پاراستووە. ڕێچکەی دێرینی ڕەوەندی ھەدبانی ئەمڕۆ کۆمەڵێک ھۆز پێی دا ڕەت دەبن بە ھەمان تەرزەژیانی جاران لەوانە: ھۆزی گەورەی ھەرکی و سوورچی و خەیلانی. تیرەیەکی بچووکی بە ناو ڕەوەندی (ڕەوەندۆک) لە دەڤەری برادۆست دەژین. ھەروەھا ھۆزی بچووکی (بائۆمەر) لە خوار شاری ورمێ ھەر بە ڕەوەند دەناسرێن. ناوی شاری دێرینی ڕەواندز لێکدراوە دوو وشەی کوردییە (رەوەند+دژ) بە واتای قەلای ڕەوەندان. لێشاوی ھۆزەکانی ئۆغوزی تورک و مەغۆل و ئەفشار زۆرینەی ھۆزە کوردییەکانی تەورێز و مەراغەی تواندەوە.

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ "Iranica: RAWWADIDS".{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)
  2. ^ V. Minorsky, A Mongol Decree of 720/1320 to the Family of Shaykh Zahid, Bulletin of the School of Oriental and African Studies, University of London, 1954, p.524
  3. ^ Sherefkhan Bedlisi "Sherefname" Translation: Ziya Avci
  4. ^ Vladimir Minorsky, Prehistory of Saladin http://rbedrosian.com/Ref/Minorsky/vmpsal1.htm#124 ١٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٣ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە..
  5. ^ The Sharafnam̂a, or, The history of the Kurdish nation, 1597, Translation: Mehrdad Izady
  6. ^ Misbah Islam, Decline of Muslim States and Societies, Xlibris Corporation, 2008, ISBN 978-1-4363-1012-3, p. 423. ٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٤ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  7. ^ Jamie Stokes, Encyclopedia of the Peoples of Africa and the Middle East, Volume 1, Infobase Publishing, 2009, ISBN 978-0-8160-7158-6, p. 382. ٣ی نیسانی ٢٠١٧ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  8. ^ P. Blaum, Diplomacy gone to seed: a history of Byzantine foreign relations, 1047-57 A.D., International Journal of Kurdish Studies, Jan. 2005, p.15 [١] ٢٤ی ئەیلوولی ٢٠١٥ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  9. ^ La Domination des Dailamites
  10. ^ فەرھەنگی ئەستێرە گەشە / کوردی -عەرەبی