زانستی عەرووز یان تەرازووی ھەڵبەست[١] (بە عەرەبی: اَلْعَرُوض) بە خوێندنەوەی کێشی شیعر دەوترێت، کە کێشی شیعرێک پێناسە دەکات و دیاری دەکات کە ئایا کێشەکە لە دێڕەکانی شیعرەکەدا ساغە یان شکاوە. زۆرجار زانستی شیعر (بە عەرەبی: عِلْم اَلشِّعْر)یش پێ دەوترێت. یاساکانی لەلایەن فەرھەنگنووس و وشەناسی عەرەب خەلیل کوڕی ئەحمەدی فەراھیدی (کۆچی دوایی ٧٨٦)، داڕێژراون. ئەو لە کتێبی «کێش» (بە عەرەبی: العرض) کە ئێستا نەماوە، باسی ١٥ جۆر کێشی کردووە. دواتر ئەخفەش ئەکبەر باسی کێشێکی ١٦ەھەمی کردووە کە ناوی موستەدارەکی لەسەر داناوە.[٢]

بنەمای کێشی شیعر لە شیعری کۆنی وڵاتانی ئیسلامیدا بووە. بەو شیعرە کە سەر بە عەرووزەوە یان پێوەندیدار بەوە بێت «شیعری عەرووزی» دەڵێن.[١]

عەرووز لە شیعری کوردیدا

دەستکاری

شیعری عەرووزی لە وێژەی کوردیی کۆن زۆر باو نەبووە. لە وێژەی کرمانجی لە سەرەتادا کێشێک باو بووە کە ئەحمەدی خانی کەڵکی لێ وەرگرتووە و ئەوە «مفعولُ مَفاعِلُن مَفاعیلْ» بووە. دیار نییە ئەم کێشە لە وێژەی کرمانجی چووەتە نێوی وێژەی فارسی و عەرەبی یان بە چەواشەوە کێشێکی عەرەبی بووە کە تێکەڵی وێژەی کوردی و فارسی بووە. بەڵام لە شیعری گۆرانیدا کێشی شیعر لەسەر عەرووز نەبووە و بە شێوازی پاڵەویات لەسەر بڕگە وتراوە. لە شیعری سۆرانی لە سەردەمی نالی بۆ یەکم جار لە عەرووز کەڵک وەرگێڕاوە. ھەروەھا لە شیعری کوردیی باشووریدا جگە لە ئەزموونەکانی سەی یاقۆ کە زمانێکی تێکەڵی گۆرانی-کرمانجیی بۆ شیعرەکەی ھەڵبەستراوە، ھەتا سەردەمی پەرتەو کرماشانی شیعر گوتن لەسەر عەرووز باو نەبوو. لە شیعری کوردیی لەکی لە سەدەی بیستەمدا شیعرگوتن لەسەر عەرووزەوە ئەزموون کراوە. ھەروەھا لە کوردیی زازاکی نموونەکانێک لەو ئەزموونانە لە دەھەکانی دوایی لە بەردەستدایە.

سەرچاوەکان

دەستکاری
  1. ^ ئ ا فەرھەنگی زانکۆی کوردستان (فارسی-کوردی)، بە سەرپەرشتیی ماجید مەردۆخ ڕۆحانی، سنە: زانکۆی کوردستان، ٢٠٠٦: پ ١٦٦٣.
  2. ^ Elwell-Sutton (1976), p. 42.

کتێبناسی

دەستکاری