حەسەن کوڕی مەلا عەبدوڵڵا کوڕی مەلا حەسەنی زەردەڕوو ناسراو بە جەوھەری (لەدایکبووی ١٨٧٥ – مردووی ١٩٥٨) شاعیرێکی کورد بوو. لە ساڵی ١٨٧٥ لە گوندی زەردەڕوو — کە گوندێکە لە ناوچەی ئالانی سەردەشت — لەدایک بووە. لە پاشاندا ماڵیان گوێزراتەوە گوندی کوێرەگوێز لە ناوچەی سەقز، ھەموو قۆناغەکانی خوێندنی لە حوجرەی مزگەوت تەواو کردووە. ژیانی فەقێیەتی لە زۆر جێگەی کوردستان بردووەتە سەر لەوانە لە ناوچەی جامەرد خەریکی خوێندن بووە، دواتر ھەر لەو ناوچەیەدا ماوەتەوە لە گوندی عەمبار ھەندێکی دیکەی خوێندووە مەھاباد و لە مزگەوتی سوور نیشتووەتەوە. ئینجا بۆ خوێندن بەرەو سلێمانی کەرکووک و ھەولێر کەوتووەتە ڕێ، زۆر لەوێ نەماوەتەوە، وا دەردەکەوێ ھۆی خوێندنی بۆ نەڕەخساوە و ژیانی ئەو ناوەی بەدڵ نەبووە. لەبەرئەوە ئەم جارەیان بەرەو ڕووی شاری سنە دەبێتەوە و لە مزگەوتی دارولئیحسان نیشتەجێ دەبێ و لەوێ خوێندنی تەواو دەکات. بەم جۆرە خەریکی پیشەی مەلایەتی دەبێ و لە ماوەیەکی زۆر لە ژیانیدا لە لە ئاوایی گوندەکانی ناوچەی بۆکان، مەھاباد دەباتە سەرو مەلایەتی بۆ خەڵکەکە دەکات.

جەوھەری

لەدایکبوون١٨٧٥
مەرگ١٩٥٨
نەتەوەکورد
پیشەشاعیر

حەسەن بۆ جیھانی شیعر نازناوی جەوھەری ھەڵبژاردووە، شیعری بەم ناوە تۆمار کردووە. خۆی بە موریدی بنەماڵەی سەیدانی نەھریی شەمزینان زانیوە بەتایبەتی شێخ عەبدوڵڵای نەھری. بەپیری تووشی ئازارێکی جەرگبڕ بووە بەھۆی مردنی مەلا عەلی کوڕی، لە تەمەنی لاویدا جوانەمەرگ بوونی ئەم کوڕە تاقانەی زۆر کاری لێ دەکات، بیر و ھۆشی تێک دەچێت، واز لە خۆشی سەر ڕووی زەوی دێنێ. ناچار خۆی دەگەیەنێتە نزیک شێخ عەبدوڵڵای نەھری لە سایەی ئەودا خۆی گۆشەگیر دەکات. لێرەشدا ئۆقرە ناگرێ و پێش مردنی دەگەڕێتەوە گوندی کوێرەگوێز و لە ماڵی ساڵحی برای دەژی تا کۆتایی تەمەنی. لە ساڵی ١٩٥٨ لەو گوندە کۆچی دوایی کردووە و ھەر لەوێش نێژراوە.

شیعرەکانی لە ڕووی ناوەڕۆکەوە دەستکاری

شیعری جەوھەری لە ڕووی ناوەڕۆکەوە، ھەندێ تەسکە، بۆ ھەموو مەبەستەکانی شیعری کلاسیکی نەچووە. بابەتە بنچینەیییەکانی شیعری بریتین لە:

  1. نەعتی پێغەمبەر
  2. ئامۆژگاری و پەند و پاڕانەوە
  3. گیرۆدەو گرفتاری دەستی شێخانی نەھرییە
  4. شیعری موناسەباتی زۆرە
  5. لە ساڵی ١٩٣٦ شەریعەتی ئیسلام بەپێی ئایینزای ئیمامی شافعی بە فارسی لێکداوەتەوە بۆ کوردانی ئێران بەڵام دەسەڵاتی تاران ڕێگەی بە بڵاوکردنەوەی نەداوە. لە پاشاندا لە ساڵی ١٩٤٨ عەقیدەی بە کوردی نووسیوەتەوە، ئینجا مەولوودنامەی بە پەخشان داناوە، لە کۆمەڵی کوردەواری ئێراندا دەخوێنرێتەوە.

نموونە شیعر دەستکاری

نە حیزبی کۆمەڵە و توودە، نە پابەندی دیموکڕاتمنە جوزوی نەھزەتی میللی، نە ئەربابی سیاساتم
لەسەر ئەم عەرزە پانە مالکی یەک بستە خاکێک نیمعەمامە و خەرقە و بەرماڵە ئەسباب و موھیمماتم
ئەمن پیرێکی حەفتاساڵە عومر و پێ لەسەر تابووتھەمیشە قەبر و کفن و مردنە فکر و خەیاڵاتم
لە حەد بانگم دەکا ئەی جەوھەری زوو وەختی ھاتنتەلە جوابدا پێی دەڵێم تۆ مونتەزیر بە وا منیش ھاتم[١]

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ "نە حیزبی کۆمەڵە و توودە نە پابەندی دیموکڕاتم". books.vejin.net (بە کوردی). Retrieved 2021-06-20.
  • مێژووی ئەدەبی کوردی، بەرگی شەشەم، لاپەڕەکانی ٦٣ تا ٦٩، مارف خەزنەدار، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، ھەولێر: ٢٠٠٦.

بەستەرە دەرەکییەکان دەستکاری