زەبیحی (باباسمایلی بەرزنجی)
شێخ باباسمایلی بەرزنجی ناسراو بە زەبیحی (لەدایکبووی ١٨٨١–مردووی ١٩٤١) شاعیرێکی کوردی خەڵکی ناوچەی موکریان بوو.
ژیان
دەستکاریشێخ باباسمایلی بەرزەنجی ناسراو بە (زەبیحی)، کوڕی شێخ ئەحمەد، کوڕی شێخ سمایلی جاشێران بەناوبانگ بە شێخ سمایلی کڵاوقووچ، کوڕی شێخ محەمەدی ئۆتەمیش، کوڕی شێخ بابای لەگز، ساڵی ١٨٨١ لە گوندی غەوسابادیی مەھاباد لە دایک بووە. شێخ ئەحمەدی باوکی زەبیحی برای شێخ باباسەعیدی بەرزەنجی (١٨٥٩–١٩١٥) یە، شێخ باباسەعیدی بەرزەنجی بە ھۆی فتوای دژ بە تورکانی عوسمانی، بە فەرمانی بابی عالی و بە دەستی ئەفسەری سوپای عوسمانی (عومەر ناجی بەگ) لە زستانی ساڵی ١٩١٥ لە گوندی کەرێزەی گڵی لە دار درا. زەبیحی خاوەنی دوو کوڕ و شەش کچ بوو، لە ساڵی ١٩٤١ لە تەمەنی شەست ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە لە گوندی جاشێرانی نزیک شنۆ نێژراوە.
ھۆنراوەکانی
دەستکاریزەبیحی شاعیرێکی بە توانا بووە و بە ھەردوو زمانی کوردی و زمانی فارسی شیعری بەرزی لەدوا بەجێماوە کە تا ئێستا چاپ و بڵاو نەکراونەتەوە. شیعرەکانی زەبیحی بە ھۆی پەیوەندی بنەماڵەیی بە تەریقەتەوە و پلەی شێخایەتی لە کوردستاندا، باری ئایینیان ھەیە و دەکەونە خانەی غەزەلەکانی بەرزی عیرفانی. ئەوەی تا ئێستا لە شیعرەکانی زەبیحی بەدەست کەوتبێ ھەر ئەوانەن کە لە تەکیە و خانەقاکاندا بە دەف لەلایەن دەنگخۆشانەوە گوتراون و بەھۆی وەرگرتنەوە لە زمانی ئەم و ئەو زۆر و کەم ھەڵەیان تێکەوتووە. دەستنووسێکی دیوانی زبیحی تا ئێستا بەدی نەھاتووە.
نموونەیەک لە ھۆنراوەکانی
دەستکاریڕووی تۆ خورشیدە قوربان، یا نە ماھی ئەنوەرە | عاشقی بێچارە بۆ وەسڵی تۆ ھەر سەوداسەرە | |
چاو لە ڕێگای دیتنی باڵای وەکو شمشادی تۆم | گەر دەبینم قامەتت بۆ من ھەمیشە مەحشەرە | |
لەشکری زوڵفت بۆ قەتڵم ھەمیشە حازرە | وەرنە سەیری تیری موژگانی لە دڵدا نەشتەرە | |
ڕووت گوڵ و نارنج و لیمۆ یا ھەناری گوڵ بەدەم | دانەیی یاقووتە خاڵت غەبغەبت وەک کەوسەرە | |
پێم دەڵێن مەستە (زەبیحی) سەرخۆشە، نابێ خومار | چۆن نەنۆشم جامی مەی؟ خۆی ساقی و ھەم دڵبەرە |
سەرچاوەکان
دەستکاریزەبیحی شاعیری نەناسراوی موکریان، نووسینی (عەبدوڵڵا سەمەدی)، گۆڤاری مەھاباد، ساڵی دەیەم، ژمارە ١١٩، ساڵی ٢٠١١ی زایینی ١٣٨٩ی ھەتاوی.
ئەم ژیاننامە وتارە کۆلکەیەکە. دەتوانیت بە فراوانکردنی یارمەتیی ویکیپیدیا بدەیت. |