فایەق ناوی تەواوی عوسمان کوڕی حاجی ئیسماعیل کوڕی مەلا ئەحمەد کوڕی مەلا فازیلە (١٨٠٦ - ١٨٨٩) شاعیرێکی کوردی شاری سلێمانی بوو وە یەکێکە لە شاعیرانی شیعری کلاسیکی کوردی.

ژیاننامە دەستکاری

لە بنجدا بنەماڵەی ناوبراو خەڵکی گوندی دەرگەزێنی ھەمەدانە. ساڵی ١٨٠٦ لە سلێمانی لەدایک بووە. خوێندنی ئاسایی بووە ھەموو قۆناغەکانی لە حوجرە و قوتابخانەی مزگەوت تەواو کردووە. بە فەقێیەتی ھەندێ شوێنی کوردستان گەڕاوە. دوا شوێنی خوێندنی لە ئاوایی تەوێڵەی ھەورامان بووە. خوێندنی مەلایەتی "شەریعەت" و سۆفیزمی "تەریقەت"ی لە لای شێخ عوسمان سیراجەدینی یەکەم لە تەوێڵە تەواو کردووە و مۆڵەتی مەلایەتی و دەروێشی لەو وەرگرتووە و بووە بە سۆفی و موریدی. لە پاشاندا گەڕاوەتەوە سلێمانی و کە خانەقای ئێستا بە ناوی کوڕییەوەیە "خانەقای حاجی مەلا عەلی" وەک پێشنوێژ و مامۆستا و ڕێبەری ڕێگای نەقشبەندی دامەزراوە.

نازناوی شیعری "فایەق" و ھەندێ جاریش "حەزین" بووە، نازناوی ڕێگای عیمادەدین بوو، بەڵام لە ناو خەڵکیدا بە مەلا وەسمان ناسراوە. وەک لە ژیانی دەردەکەوێ ئەم شاعیرە ھەموو ژیانی لە خانەقا بردۆتە سەرو خەریکی زانستییەکانی ئایینی ئیسلام و دانانی پەرتووک بووە بە شێوازی کۆن لە گۆڕەپانی زانستە ئایینییەکاندا. فایەق ژیانێکی ھێمن و لەسەرخۆی بردۆتە سەر و کۆمەڵێک شیعری نایابی پلەبەرزی خستۆتە ناو مێژووی وێژەی کوردییەوە.

لە ساڵی ١٨٨٩ لە سلێمانی کۆچی دواییکردووە و لە خانەقای حاجی مەلا عەلی بە خاک سپێراوە.




ئەمانەش ببینە دەستکاری

پەراوێزەکان دەستکاری

سەرچاوەکان دەستکاری

  • کتێبی: مێژووی ئەدەبی کوردی، بەرگی یەکەم، نووسینی: دکتۆر مارف خەزنەدار. چاپی ٢٠٠٤ هەولێر