شێخ ئەحمەدی جزیری ناسراو بە مەلای جزیری (لەدایکبووی ١٥٧٠ – مردووی ١٦٤٠) شاعیرێکی کلاسیکی کوردە کە بە دامەزرێنەری شێوەزاری کلاسیزمی کرمانجی ژووروو سەر بە شێوەزاری بۆتانی دادەنرێت.[١] جزیری لە گرنگترین شاعیرانی کلاسیکی کوردە و لەگەڵ ئەحمەدی خانی، فەقێ تەیران، مەلای باتە بە گرنگترین شاعیرە کۆنەکانی کرمانجی دادەنرێن.[٢] ئەو دیوانە شیعرێکی بە شێوەزاری کورمانجی لێ بەجێ ماوە.

مەلای جزیری
Tirbeya Mela Ehmedê Cizîrî 2009.JPG
مەرقەدی مەلای جزیری
ناوی خۆماڵیشێخ ئەحمەد کوڕی شێخ محەممەد
لەدایکبوون١٥٧٠
جزیرەی بۆتان
مردن١٦٤٠
جزیرەی بۆتان
نازناومەلای جزیری
پیشەشاعیر، نووسەر
زمانکوردی، فارسی، عەرەبی و تورکی
نەتەوەکورد
سەردەمسەدەی ١٦ و ١٧
بواری کارکردنھۆنراوە
قوتابخانەی ئەدەبیکلاسیکی

ژیاندەستکاری

ناوی شێخ ئەحمەد کوڕی شێخ محەممەد جزیرییە. وشەی جزیری لە ناویدا ئیشارە بە جزیرەی بۆتان دەکات. ساڵی ١٥٧٠ لە جزیرەی بۆتان ھاتۆتە دنیاوە کە سەردەمی ئەمیر شەرەف خانی کوڕی میر ئەبدال بوە. لە تەمەنی دە ساڵییەوە لەلای باوکی دەستی بەخوێندن کردووە و پاشان چۆتە لای زانا بەناوبانگەکانی جزیرە و فێری زانست بووە. بەفەقێیەتی ھەموو ناوچەکانی جزیرە و ھەکاری و ئامێدی و دیاربەکر و عەمادیە گەڕاوە و لە تەمەنی ٣٢ ساڵیدا ئیجازەی مەلایەتی پێدراوە پاشان بۆتە مەلا و زوربەی کاتی بۆ وانەوتنەوە تەرخان کردووە.

شێخ محەمەدی باوکی لە بنەماڵەیەکی شێخی بەرماڵی بووە و زۆر حەزی بە خوێندەواری کردووە. لە پەرتووکی مێژوی کورد و کوردستانی ئەمین زەکی بەگدا ھاتووە: مەلای جزیری ناوی شێخ ئەحمەدە و لە جزیرەی ئیبن عمر لە نیوەی دوایی سەدەی شەشەمی ھیجری لە دەوری عیمادەدین حاکمی موسڵدا ژیاوە.

مەلای جزیری سۆفی و لەسەر ڕێبازی نەقشبەندی بووە.[٣] وەک زانایانی سەردەمی خۆی دەربارەی لێکدانەوەی قورئان، فەلسەفە، ئەستێرەناسی، کیمیا و فیزیک و پزیشکی خوێندەواریی ھەبووە. ھەروەھا زمانەکانی فارسی و عەرەبی و تورکی بەباشی زانیوە.

مەلای جزیری ساڵی ١٦٤٠ لە جزیرەی بۆتان کۆچی دوایی کردووە.

نازناوی شێعریدەستکاری

لەبەر ئەوەی لە شاری جەزیرەی بۆتان لەدایک بووە نازناوی جەزیرەیان خستۆتە پاڵی، بەڵام خۆی لە ھەڵبەستەکانیدا نازناوی مەلا و مەلێ بەکار دەھێنێت. لە بڕێک شوێندا تەخەللوسی نیشان بووە. لە ھێندێک لە شێعرەکانیشیدا ئەحمەد، واتە ناوە ڕاستییەکەی خۆی، کەڵک لێ وەرگرتووە.[١]

ناوەرۆکی شێعردەستکاری

زۆربەی زۆری شیعرەکانی ڕەوانن. دەربارەی دڵداری، تەسەوف، ڕاستی، خواپەرستی و ستایشی سروشتن. جگە لەمە مەلا وتووێژی شێعریی لەگەڵ میرعیمادەدینی جزیری و فەقێ تەیراندا ھەیە. مەلای جزیری خۆی بە شاعیری بۆتان و ھەموو کوردستان زانیوە[٤] و لە بەیتێکدا وتوویەتی:

گوڵێ باغێ ئیرەمێ بۆتانمشەبچراغێ شەبێ کوردستانم

دیوانی مەلای جزیری شیعرەکانی مەلای جزیری تێدایە کە بە زاراوەی کورمانجییە. ڕۆژھەڵاتناسی ئەڵمانی Martin Hartmann لە ساڵی ١٩٠٤ دیوانەکەی مەلای جزیری لە بەرلین و ھەولێر و بەغدا و تاران وقامشلۆ چاپ کراون و خۆی پێشەکی بۆ نووسیوە وە لە چاپەکەی قامشلۆ دیوانەکەی بەزمانی عەرەبی لێکدراوەتەوە. ھەژار ئەم دیوانە شیعرەی بە سۆرانی شەرح کردوە.

قاڵب و وەزندەستکاری

قاڵبی شێعرەکانی جزیری بە زۆری غەزەلن. ئەو ھەروەھا تەرجیعبەند، چوارینە و موەششەحی ئەندەلۆسیی ھەیە. کێشی شێعرەکانی بە زۆری عەرووزین.

مەبەستی شیعریدەستکاری

  • دڵداری و خۆشەویستی
  • خواناسی و عیرفان
  • وەسفکرنی کوردستان
  • ستایشی میری بۆتان
  • باسکردن لە ھێرشەکانی مەغۆل و تەتەر

سەرچاوەکاندەستکاری

  1. ^ ی ا مارف خەزنەدار، مێژووی ئەدەبی کورد، بەرگی دووەم، ھەولێر: ئاراس ٢٠٠٢. 
  2. ^ "Iranica: Kurdish Written Literature". 
  3. ^ "ماڵپەڕی خۆزگە: مەلای جزیری". 
  4. ^ سەججادی، ع. مێژووی ئەدەبی کوردی، چاپخانەی مەعارفی بەغداد، 1951.