کاک ئەحمەدی شێخ
ئەم وتارە پێویستی بە بەسەرداچوونەوەیە لەلایەن پسپۆڕێکی بابەتەکەوە.فێربە کەی و چۆن ئەم داڕێژەیە لابەریت) ( |
کاک ئەحمەدی شێخ یان کاک ئەحمەدی سلێمانی (١٧٩٣–١٨٨٧) کوڕی شێخ مەعرووفی نۆدێلە زانایانی ئایینی و ناودارانی تەریقەتی قادرییە. کاک ئەحمەدی شێخ کۆمەڵێک نووسراوەی ئایینی بە زمانی فارسی لێ بە جێ ماوە کە بە مەکتووباتی کاک ئەحمەدی شێخ ناسراون و لەلایەن مەلا عەبدولکەریم مودەریسە و بە کوردی وەرگێڕدراون. کاک ئەحمەد لە ھاوچەرخانی مەولەوی کورد شاعێری بە ناوبانگی کوردە و لەگەڵ مەولەوی دا پەیوەندییەکی گەرمی ھەبوە. کاک ئەحمەد لەلایەن زانایان و گشتی خەڵکییەوە جێگەی ڕێز و حورمەت بوە، ئەم خاڵەمان لە ئەم شێعری شێخ ڕەزای تاڵەبانیەوە بۆ دەردەکەوێت:
مەربووتە حەیاتم بە سولەیمانی و خاکی
خۆزگەم بە سەگی قاپییەکەی ئەحمەدی کاکی
ئەو قودوەیی ساداتە کە سووکانی سەماوات
شەڕیانە لەسەر سەجدە لەسەر مەرقەدی پاکی
دەر حەق بە حەفیدانی ئەدەب لازمە زینھار
قوربانی حەفیدانی دەبم، بابی و داکی
ناوی تەواوی حاجی کاک ئەحمەدی شێخ کوڕی شێـخ مەعروفی کوڕی شێخ مستەفای کوڕی شێخ ئەحمەدی غەزائی کوڕی شێخ محەممەدی نۆدێیە .
ئەگێڕنەوە کە خوا لێ خۆش بوو شێخ مەعرووفی نۆدێ تەمەنی گەیشتووەتە نزیکی (٦٠)ساڵ و دایکی کاک ئەحمەدیش تەمەنی نزیکی پەنجا ساڵ و منداڵیان نەبووە.
جا ڕۆژێک خێزانی پێی دەڵێت: قوربان تۆ وەکوو خۆت دۆعا بۆ ژنان دەنووسی و منداڵیان دەبێ، دۆعایەکش بۆ خۆمان بنووسە بەڵکوو خودا منداڵێکمان پێ ببەخشێ!
جا شێخ مەعرووف داواکەی پەسەند دەکات و دەست ئەکا بە نووسینی دۆعاکە بۆ خۆی و خێزانی و نامەیەکی (عریضە) یش دەنووسێ بۆ لای شێح عەبدولقادری گەیلانی. پاش ماوەیەک دایکی کاک ئەحمەد لە خەودا دەگات بە خزمەتی پێغەمبەرو ــ صلی اللە علیە وسلم ــ دوڕێکی زۆر سپی و جوان ئەدا بە دایکی کاک ئەحمەد و ئەفەرموێـت: ئەمە دیاریێـکە لە باپیرتەوە بۆ کوڕێکی پیرۆز و ناوم نا بە کاک ئەحمەد.
کاک ئەحمەدی شێخ لە ساڵی ١٢٠٨–١٧٩٣ لە دایک بووە.
ئەم زاتە پاش خۆناسینەوە لە خزمەتی باوکیدا و لە خوێندنگای خۆیاندا قورئانی پیرۆز و کتێبە وردەکانی خوێندووە و دەستی کردووە بە زانیارییەکانی نەحو و سەرف و تا لە پلەکانی زانیاریدا باش سەرکەوتووە و بووە بە زانایەکی باش و ئیجازەی وەرگرتووە.
ھەروەھا لە خزمەتی باوکیدا تەمەسوک دەکات و تەریقەت وەردەگرێ و سلووک دەکات ھەتا دەگاتە پلەی ئیرشاد و، ئیجازەی ئەدرێتێ، جا پاش ئیجازە وەرگرتن لە ھەردوو بوارەکەدا دەست دەکات بە تەدریس و سوودگەیاندن بە خەڵک لە ھەموو دەرسەکاندا. ھەروەھا تەریقەت ئەدا بە داخوازان و چەندی بۆ بکرێ تا باوکی بەڕێزی کۆچی دوای دەکات.
پاش کۆچی دوای باوکی ئیتر گیانی خۆی وەقفی خزمەتی موسڵمانان دەکات و بە ھەموو جۆری خەریکی دەرس وتنەوەو ئیرشاد دەبێ، بە جـۆرێ کە وێـنەی نەبووە لە چەرخی خـۆیدا.
خزمەتەکانی کاک ئەحمەدی شێـخ بۆ موسڵمانان
دەستکاریبە کورتی بریتین لەمانەی خوارەوە:
یەکەم: دەرس وتنەوە لە زانیارییەکاندا بە گوێرەی توانای خۆی و یارمەتی خودا.
دووەم: تەربییەی موریدان و پیاوانی ڕێـگەی تەریقەت بە زیکر و فیکر و تەھلیلە و خەڵـو و ڕیازەی دەروونی بە یاسای ئەھلی تەریقـەت.
سێـھەم: وەڵامدانەوەی پرسیار و فەتوای زانایان و موسڵمانان بە گشتی بە گوێـرەی توانا.
چوارەم: میوانداری کردنی ئەوانەی ھاتوونەتە خزمەتی و نان دان بە موسـڵمانان و داماوان.
پێنجەم: یارمەتیدانی داماوان بە ھات و چۆی لای فەرمانبەران بۆ جێبەجێ کردنی ئیش و کاریان و لابردنی تەنگ و چەڵەمەیان.
شەشەم: ئاشت کردنەوەی ناکۆکان و چارکردنی گیر و گرفتەکانی ناو خەڵکی وڵات، چ لە سەییدەکانی بەرزنجە و چ لە غەیری ئەوان؛ و جاری وا ھەبووە ھات و چۆی بۆ ڕێک خستنەوەی نێوانی ژن و مێرد و کاری دیکـەی وەھای کردووە کە جێگەی سەر سووڕمانە چۆن ئەو ھەموو کارەی لە دەست ھاتووە!
حەوتەم: خەریکبوون بە کار و باری ژین و ژیواری خێزان وماڵی خۆیەوە، وەک یاسای خەڵک.
ھەشتەم: نووسینی (مکتوبات) بـۆ ڕێـنومایی خەڵـک و پیشاندانی ڕێگەی چاک بـۆ لایەنی بیر و باوەڕ و، فێـربوونی عیبادەت و لابردنی ناڕەوایی و… ھەر مەکتوبێک لەوانە ئەوەندەی نامیلکەیەکی باش دەبێـت و ژمارەیان دەگاتە سەد نامە.
نۆھەم: خزمەتی تەجویدی قورئانی پیرۆز و خزمەتی ئاوانە کە ویستوویانە قورئان بخوێنن و لەبەری بکەن لە چاوساغان و کوێـرەکان و دامەزراندنیان لە شار و لە دەرەوەی شاردا، بەجـۆرێ کە لە سەردەمی ئەودا کەم ماڵ بو (حافز) و قورئان خوێنی تایبەتی خۆیان نەبووبێ و قورئانیان بـۆ نەخوێندرا بـێـت.
دەھەم: نووسینی دۆعای چاک و بە نرخ بـۆ گەلـێ ئیش و کاری گەورە، وەکوو: گوللەبەند و تێغ بەند و چاری پەرکەم و شێت و ھار و… بەجـۆرێ گەر ئادەمیزاد بە ویژدانەوە تەماشا بکـات ئەزانێ کاک ئەحمەد تازەکەرەوەی ئایینی ئیسلام بووە، بە کردەوە و ڕەوشت و زانیاری.
کاک ئەحمەدی شێخ چووە بـۆ حەج و ماوەی چوار ساڵ لە مەدینەدا ماوەتەوە و لە مزگەوتی مەککەو مەدینەدا گەلێ ئیستیفادە و سوودی بە موسڵمانان گەیاندووە و لە مەککەدا میوان خانەیەکی دروست کردووە بۆ ئەوانەی کە بێ خەرج و دەرامەت بوون تا لەماوەی حەجدا تیا دابنیشن و ڕابوێرن.
پاش گەڕانەوەی لە حەج ھاتووەتەوە شاری سلێمانی و لە شوێنی خۆیا خزمەتی کردووە تا لە ساڵی ١٣٠٥–١٨٨٧ لە جیھان دەرچووە لە شوێـنی خۆیدا لە شاری سلێمانی لە مزگەوتی گەورەدا بە خاک سپـێـرراوە.
کاک ئەحمەدی شێخ گەلێ مورید و مەنسووبی تێگەیشتوو و پێگەیشتووی ھەبووە، کە ھەموویان پیاو چاک و لەخودا ترس و پەیڕەوی کاری شەرع بوون. وەکوو: خەلیفە پیرۆتی باوکی مەلا حوسەینی پیسکەندی و سەیید عەلیی (دۆزەخ دەرە) و مەلا سەدباری بانەیی و شێـخ حەسەنی قەرەچێوار کەبە باوەڕی من سەد خەلیفەی بەرز ئەژی ..
منداڵەکانی حاجی کاک ئەحمەدی شێخ
دەستکاریکاک ئەحمەد دوو کوڕی بووە:
یەکەم: بابا عەلی کە بە گەنجی لە کاتی خوێندن کۆچی دوای دەکات.
دووەم: شێخ محەممەد، ئەم زاتە پیاوێکی زاناو ھەڵکەوتوو بووە بەڵام بە داخەوە ھەر لە ژیانی باوکیدا بیست ساڵ پێش کۆچی دوای باوکی وەفاتی کردووە.
ئەم شێخ محەممەدە ھەشت کوڕی لێ بەجێ ماوە لەسێ ژن کە یەکێکیان مەسیحی بووە.
بەرھەمەکانی حاجی کاک ئەحمەدی شێخ
دەستکاریکاک ئەحمەدی شێخ لە غەیری مەکتوبات دانراوی تریشی ھەیە لەوانە:
یەکەم: شەرحی مەنزوومەی (سلم الوصول إلی علم الأصول) کە دانراوی شێخ مەعرووفی باوکی بووە.
دووەم: حاشییەی لەسەر شەرحی (کمال الدین) ی فەسەوی، لەسەر (شافییە) ی (ابن الحاجب) لە سەرفدا.
سێھەم: حاشییەی لەسەر (جمع الجوامع) لە ئوسوڵی فیقھدا
سەرچاوەکان
دەستکاری١-مێژووی ئەدەبی کوردی نووسراوەی عەلائەدین سەججادی، چاپخانەی مەعارفی بەغداد، ١٩٥١
٢- مکتوبات شیخ کاک احمد سلیمانی، نشر پرتو بیان ١٣٨٤ شمسی
٣-بنەماڵـەی زانیاران - م. عبدالکریم مودەریس (نامی)، ل ٢٦٥ــ٢٦٦ــ٢٦٧