یەحیا ئەفەندیی وێنەگر

یەحیا سەعید کەریم ئاغا، ناوی باپیرە گەورەی ئیسماعیل بووە. لە ساڵی ١٨٨٩ لە گوندی ئەرکەواز لە ناوچەی خانەقین ھاتووەتە دونیاوە، لە خێزانێکی خوێندەوار و ڕۆشەنبیر بووە، بۆیە ھەر بە منداڵی دەخریتە بەر خوێندن. یەحیا ئەفەندی وەک یەکێک لە کۆنترین وێنەگرەکانی کوردستان و شاری سلێمانی دەناسرێت و چەندین دوکانی وێنەگری کردووە. لە پاڵ کاری وێنەگری ھەندێک کات ھۆندراوە و شیعری نووسیوە. لە دوای ململانێ لەگەڵ ژیاندا لە دوای ساڵانی حەفتادا نەخۆشی و پیری تەنگی پێ ھەڵدەچنێت لە ناو جێگادا دەکەوێت و لە کۆتایدا لە ساڵی ١٩٧٦ و لە تەمەنی ٨٧ ساڵیدا مەرگ بەرۆکی پێدەگرێت و کۆچی دوای دەکات.

یەحیا ئەفەندی وێنەگر

لەدایکبوون١٨٨٩
مەرگ٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٧٦
شوێنی گۆڕگۆڕستانی گردی سەیوان
نەتەوەکورد کورد
ناوەکانی تریەحیا حیلمی، یەحیا ئاغا، یەحیا ئەفەندی
پیشەوێنەگر
چالاکبوون١٩٢٤–١٩٧٠

ژیانامەی یەحیا ئەفەندی دەستکاری

لە تەمەنی ٢٥ ساڵیدا واتە لە جەنگی جیھانی یەکەمدا دەبێتە ئەفسەری سوپاسی ئینگلیز و بەشداری جەنگ دەکات.

لە نێوان ساڵانی ١٩١٠–١٩١٥ ژنی یەکەم دەھێنێت کە ناوی لوتفییە دەبێت.

لە ساڵی ١٩٢٤ ڕوو لە سلێمانی دەکات و دەست بە کاری وێنگەری دەکات.

بە گوێرەی پاسپۆردەکەی لە ساڵی ١٩٣٦ ئەڕوات بۆ تورکیا بە مەبەستی سەفەر لە شاری وان چاوی بە ئافرەتێک دەکەوێت بە ناوی جەمیلە، پاشان دەیھێنێت بۆ شاری سلێمانی و ھاوسەرگیری لەگەڵ دەکات.

لە ساڵی ١٩٤٨ ژنی سێیەم دەھێنێت لە خانەقین بە ناوی ئایشێ. یەحیا ئەفەندی لە ماوەی ژیانیدا زۆر حەزی لە گەڕان و سەفەر و گەشت و گوزار بووە، چەند شارێکی تورکیا و ئێران و عێڕاق گەڕاوە، لە بەغدا و ھەولێر و کەرکووک و سلێمانی دووکانی وێنەگری ھەبووە.

بە تۆمەتی جاسووسی لە سەردەمی مەلیکدا دەگیرێ و ئەمری لە سێدارەدانی بۆ دەرەچێت، پاشان بە تکا و پاڕانەوەی جەمیلە خانی ھاوسەری حوکمەکەی دەگۆڕن بۆ دوو ساڵ زیندانی. دوو ساڵی دەستبەسەری لە موسوڵ تەواو دەکات و پاشان دەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی.

یەحیا ئەفەندی دۆستی خۆشەویستی خێزانی حەفید و شێخ و حەپسەخان بووە. دۆستایەتی و ھاوڕێیەتی لەگەڵ زۆربەی ڕۆشەنبیران و شاعیرانی شاری سلێمانی ھەبووە.

لە ماوەی ژیانیدا چەندەھا کەسی فێری کاری وێنەگری کردووە. چەندەھا کەسیشی فێری زمانی ئینگلیزی کردووە.

یەحیا ئەفەندی جگە لە زمانی کوردی چەندنین زمانی تریش دەزانێت وەک خۆی لە چاوپێکەوتنێکدا باسی دەکات و دەڵێت: (جگە لە زمانی کوردی، ھەروەھس تورکی، فارسی، ئاشووری، ھیندی، ئینگلیزی، و عەرەبی دەزانم لە کوردیشدا ھەورامی، لوڕی، و سۆرانیش دەزانم).

یەحیا ئەفەندی زۆری حەز لە ڕاو و شکار بووە و ئارەزووی لە بەخێوکردنی ئاژەڵ ھەبووە بە تایبەت ئەسپ و سەگ، تەنانەت سەگێکیشی ھەبووە بە ناوی قەستوور.

لە پاڵ کاری وێنەگریدا یەحیا ئەفەندی چەندین نووسراو و ھۆندراوە و شیعری ھەیە

نووسینە ئەدەبییەکانی یەحیا ئەفەندی دەستکاری

دڵەکەم غەمگینە

دڵم غەمگینە، دڵم غەمگینە

ھەستە وەرە لام کاکە بمبینە

خۆزگەم بە چەند ساڵ لە پێش ئەم دەورە

کە کورد نەیدیبوو ئەم زوڵم و جەورە

ھەریەک لە لایەک حوکومداری کورد

بە عیز و شەرەف ھەر بە مەردی مرد

نەوەک وەکوو من دڵ بریندارم

بۆ نیشتیمانم زۆر بێ قەرارم

باوکم بە قوربان (خادم البشر)

ئەم خەڵکەت بۆچی گشت کردووە بە کەر

خزمەتی بەشەر ئەگەر وەھابێ

ھەقی من و تۆ بۆچی جیابێ

ئەقوام و میللەت گشتی ئەزانێ

کوردیش ھەیەتی ھەقی ژیانێ

تۆ زۆر ئەزانی لەم قسە قۆڕە

ئەی کاکە (یحیی) شیعرت بگۆڕە

(ساڵی ١٩٢٤)

شکایەت لە پیری

ھەر وەکوو مەجنوون وێڵی سەحرای کردم ئەم زەمانە

جا کوێرە لەبەرچاوم لەیلای گشت ئەم جیھانە

گوڵ و مو و نێرگز و چەمەن و سۆسەن و یاسەمین

ئەم ھەموو گوڵ و گوڵستانە وەک خاری موغەیلانە

لە بەرچاوم ھەر یەک لەمانە بەھەشتی خولیای جیھانە

غەم بەجێم ناھێڵێ ساتێ، ڕەفیقێکی زۆر بەوەفایە

بۆ ژیانی تاڵ و ڕۆژی ڕەشم تەقدیری خودایە

ئەی خودایە، ئەی خودایە!

بەختەکەم بۆچ وا سیایە؟

سەرچاوەکان دەستکاری