شێخ سەعید
شێخ سەعیدی پیران له خێڵی پیران(١٨٦٥ – ٢٩ی حوزەیرانی ١٩٢٥ لە ئامەد) شۆڕشگێڕێکی کورد بوو کە لە ١٩٢٥دا بە یارمەتیی ژمارەیەکی زۆری پێشمەرگە دژ بە حکومەتی کۆماری تورکیا شۆڕشی کرد و بۆ ماوەیەکی زۆر گەمارۆی شاری ئامەدیان دا بەڵام ھێزەکەیان تێک شکا و پاشان شێخ سەعید لەسێدارە درا.[١]
شێخ سەعید | |
---|---|
لەدایکبوون | ١٨٦٤ پالۆ (ئیمپراتۆریەتیی عوسمانی) |
مەرگ | ٢٩ی حوزەیرانی ١٩٢٥ (بە تەمەنی ٦١
) ئامەد (تورکیا) |
پیشە | سیاسەتوان، سەرۆکێکی ڕۆحی |
ژیان
دەستکاریشیخ سەعید ساڵی ١٨٦٥ لە ناوچەی پاڵۆ لەدایک بووە. یەکێکە لە شێخە بەرزەکانی نەقشبەندی. لەپاش مردنی باپیرەی شیخ عەلی، باوکی ناوچەی پاڵۆی بەجێ ھێشتووە و ڕووی کردووەتە شاری خنیس. شێخ سەعید خوێندنی ئایینی لەو شارە تەواو کردووە، پایە و ڕیزی کۆمەڵایەتیی شێخ و زیرەکی و لێھاتوویی و دەوڵەمەندی بووەتە ھۆی سەرەکی بۆ ئەوەی کۆمەڵەی سەرخۆبوون پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ و پتەو بە شێخ سەعیدەوە بکات لە کۆتاییی ھاوینی ١٩٢٣ یوسف زیبا کە سەرۆکێکی بزووتنەوەی کورد و نائیبی کۆنی شاری بەتلیس بووە لە پەرڵەمانی تورکیادا، چووەتە خنیس بۆ خزمەتی شێخ سەعید و ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەی بڕیاری ھەڵگیرسانی شۆرشێکی نوێ بدەن. لە زستانی ١٩٢٣ تا ١٩٢٤ سەرۆک ھۆزەکان و ئەندامە چالاکەکانی کۆمەڵەی سەرخۆبوون کۆبوونەوەی فراوانیان لە ناوچەی پاڵۆ بەست کە تێیدا باس لە فراوانکردن و خۆسازدان بوو بۆ چالاکیکردن لە پێناو بزووتنەوەی نھێنی و خۆئامادەکردن بۆ ڕاپەڕینی نۆی بۆ سەربەخۆییی کوردستان.
ئەم کار و بڕیارەش تا ڕادەیەکی بەرفراوان بە یارمەتیی شێخ مەحموودی حەفید و سمکۆی شکاک بوو، ھەروەھا بڕیار درا نووسراوەیەک دەربارەی پاڵپشتیی نەتەوەی کورد بۆ کۆمەڵەی نەتەوەکان (عیبە الامم) بنێرن. خالید جەبری و یوسف زیبا چالاکترین ئەندامانی کۆمەڵەی سەرخۆبوون بوون کە ھەموو بڕیارە گرینگەکانی کۆمەڵەیان دەگەیاندە دوورترین ناوچەکانی کوردستان و ئامادەیییەکی ھەمیشەیییان لەنێوان سەرۆک ھوزەکاندا پەیدا کردبوو، ھەروەھا پەیوەندییان لەگەڵ پارتی جمھووری پێشکەوتووی تورکیا پەیدا کردبوو کە لە تشرینی دووەمی ١٩٢٥ دامەزرابوو، بەڵام بەھۆی خیانەتکاریی سەرۆکەکانی ھۆزی خورمیک کە دەنگوباس و خوئامادەکردنی گەیاندە یاساوڵانی ڕژیمی تورکیا، بە بڕیاری مستەفا کەمال ئەتاتورک، یوسف زیبا و خالید جەبری بەگ گیران و ڕەوانەی زیندانی بەتلیس کران، لەپاش گرتنی ئەم دوو سەرکردەیە کۆمەڵە وەک پێویستییەکی گرنگ بەپەلە بڕیاری دا کە شیخ سەعیدی پیران ھەڵبژێردرێت و بکرێت بە سەرۆکی کۆمەڵەی سەرخۆبوون.
شۆڕشی شێخ سەعید
دەستکاریشێخ سەعید لەپاش ھەڵبژاردنی بە سەرۆکی کۆمەڵە بڕیاری ھەڵگیرسانی بزووتنەوەی چەکدارانەی دا، بەڵام زیاتر دەیویست بڕیارەکە مۆرکی کوردستانی گەورەی پێوە دیار بێت لەبەر ئەوە عەلیڕەزای کوڕی ناردە شارەکانی ئامەد و حەڵەب بۆ زانینی بیروبۆچوونی سەرۆکەکانی کوردی ڕۆژاوا، باشوور و ڕۆژهەڵات بۆ زیاتر ڕێککەوتن لەسەر کاتی گشتی ڕاپەڕینەکە.
لەپاش کۆبونەوەیەکی گەورە لە شاری حەڵەب، ھەمووان گەیشتنە ئەو باوەڕەی کە مافی نەتەوایەتیی گەلی کورد بەبێ شۆڕشێکی چەکدارانە مەحاڵە مسۆگەر بکرێت. پاشان، ڕوژی ٢١ ئازاری ساڵی ١٩٢٥ دانرا بە یەکەم ڕوژی ھەڵگیرسانی شۆڕش. لە نیوەی دووەمی مانگی یەکەمی ساڵی ١٩٢٥دا شێخ سەعید گەشتێکی بە زۆربەی ناوچەکانی کوردستاندا کرد، دەچووە ھەر ناوچەیەک بەکومەڵ لایەنگر و دۆست ڕوویان تێ دەکرد. لە ٥ی شوباتی ١٩٢٥ شیخ سەعید خانی بەجێ ھێشت لەگەڵ سەد سوارە بەرەو گوندی پیران بەڕێ کەوتن بۆ ماڵی عەبدول ڕەحیمی برای. ھەر لەو شەوەدا مەفرەزەیەکی سوپای تورک بەسەرۆکایەتیی حوسنی ئەفەندی و مستەفا عالیم کە ھاتبوون بۆ گرتنی چەند کەسێک لە گوندنشینەکان. شێخ سەعید ڕازی نەبوو کە کەس بگیرێ. ئەمە بووە ھۆی ئەوەی کە ھەردوولا سەنگەر لەیەک بگرن. لەپاش شەڕ و تەقەکردن چەندەھا کەس لە مەفرەزەی دوژمن کوژران و ئەوانی تریش بەدیل گیران. ئەم ڕووداوە لەپڕ بووە ھۆی ڕێگرێکی سەرەکی ناوەخت لە کامڵنەبوونی خۆئامادەکردنی ڕاپەڕینەکەی شێخ سەعید. کاتێک شێخ تایەری برای شێخ سەعید ئەم ھەواڵەی بیست، بێوەستان و چاوەڕوانی لە ١٠ی شوباتی ئەو ساڵەدا کونتڕوڵی شاروچکەی لیچەی کرد و دەستی بەسەر گشت پارە و نووسین و نامە و تەلگرافی نھێنی ڕژێمدا گرت، لە ڕۆژی ١١ی شوباتدا، لەگەڵ دوو سەد ھەزار سوارە چوونە خزمەت شێخ.
ئەم ڕووداوە و ھۆکارانە بوونە ھۆی سستبوونی ھەندێ کاری شۆرشەکە ڕێگەیان لەدوا خستنی شۆرشەکە گرت بۆیە شێخ سەعید بەناچاری پێشوەخت بڕیاری دەستپێکردنی ڕاپەڕینەکەی دا، بەپێی ئامارێکی ئەو کاتە، ژمارەی پێشمەرگە کوردەکان تەنیا لە چوار ولایەدا نزیکەی شەش سەد ھەزار کەس بوون بەرانبەر ژمارەی ھێزی تورکەکان کە لە سەد ھەزار کەمتر بوون. لەم ناوچانەدا نەتەوەی چەرکەس و عەرەب و ئەرمەنیشی تێدا بوو، ئەم کەمینە نەتەوانەش زۆر چەوساوە و زوڵملێکراوی ژێردەسەڵاتی تورک بوون بۆیە زۆربەیان لە شۆڕشەکەدا بەشدار بوون و شێخ سەعید سەروکایەتیی سوارە پێشمەرگەکانی حاجی حەسەن و عەمەری خارۆ ھۆزی مەستان و بۆتانی باشووری چیای کوچەرانی دەکرد. ھێزی ساڵح بەگی خانی ھێزەکانی شێخ شەمسەدینیش ھاتنە ناوچەی مادن و شێخ ئەیوبیش لەگەڵ ھەزاران سوارەی پێشمەرگە چوونە ناو ڕیزەکانی شێخ عەبدول ڕەحیمی برای شێخ سەعید. بەرەو ڕزگارکردنی شاری ئامەد ڕۆیشتن، شیخ سەعید لە سەرەتاوە ھەستی کرد کە ھێزەکانی لە توانایان نییە ئامەد ڕزگار بکەن بۆیە بیری لە ڕیگای تر کردەوە. بۆ ئەمەش کەوتبووە گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتی تورک تا بوارێکی لەبار بۆ ڕاپەڕینی کوردەکانی ناو شارەکە بڕەخسێنێ. ھەر چەندە بوار و ڕێگا نەبوو بۆ گەیاندنی ھیچ جۆرە چەکێک بۆ خەڵکانی ناو شارەکە، گەمارۆدانی شارەکەش زۆری کێشا، سوپای دوژمنیش لەناو شارەکەدا ڕازی نەبوون کە دەستبەرداری بەرەنگاری و خۆڕاگرتن ببن، لە سەرەتای مانگی ئازارەوە پێشمەرگە ھێرشی دەست پێ کرد بەڵام خۆڕاگری سوپای تورک زۆری خایاند، لە دەرگای ماردینی شارەوە کەرتێکی پێشمەرگە و خەڵکی شار یەکتریان گرتەوە و کەوتنە پەلامار بۆسەر سوپای دوژمن، تورکەکان سەنگەری پتەویان لێ دابوو، لە ھەمان کاتدا خاوەنی سەدان چەکی نوێ بوون و توانای سەرکەوتنیان زیاتر بوو، لەپاش شەڕێکی قورس و کوژرانی ژمارەیەکی زۆر لە ھەردوولا، کەرتی ھێرش بەری پێشمەرگە و خەلک ملیان دایە بەر پاشەکشەکردن و گەڕانەوە دواوە لەپاش دوو سێ ھێرش پێشمەرگەکان کە تێدا سەرنەکەوتن، بەتەواوی بڕیاری وازھێنان لە گەماروی شارەکە درا.
ڕیزەکانی شۆڕش ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بەرەو شپرزەیی و پڕشوبڵاوی دەچوو، بەتایبەتی کاتێک سوپای دوژمن لە باکوور و باشوورەوە بە ھێزی زۆر ھێرشیان ھێنا و گەمارۆکەیان پێچەوانە کردەوە. لە کۆتاییی مانگی نیسان بەھۆی خیانەتی سەرۆکی ھۆزی جبرانان و قاسم بەگی جبرانەوە، شێخ سەعید، شێخ عەبدوڵڵا، عەلی غالب، ڕەشید ئاغا و ٢٦ شۆرشگێڕی تر لەسەر پردی چەمی مۆراچ لە ناوچەی گەنج بەدیلی گیران. لەدوای دادگایکردنی شێخ سەعید و ھاوڕێکانی لە کۆتایی مانگی ئایارەوە کە دەستی پێ کرد و ماوەی یەک مانگی خایاند، جگە لە شێخ سەعید، ٤٧ تێکۆشەری کورد بڕیاری لەسێدارەدانی دەرکرا و لە دیاربەکر لەسێدارە دران.
ئەمانەش ببینە
دەستکاریسەرچاوەکان
دەستکاری- شۆڕشی ئاگری شێخ سەعیدی پیران - وێبگەی قادرزادە، سەردانی ٢٩ی تەممووزی ٢٠١٠
ئەمانەش ببینە
دەستکاری- شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران
- شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران و سۆڤێت، ئەفراسیاو ھەورامی، لە ساڵی ٢٠٠٢، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم
- دەروازەی ژیاننامە
- دەروازەی کوردستان
- دەروازەی ڕۆژنامەوانی
- دەروازەی ئیسلام
- دەروازەی شەڕ
- دەروازەی ئیمپراتۆریەتیی عوسمانی
- دەروازەی سیاسەت
- دەروازەی تورکیا
کۆمنزی ویکیمیدیا، میدیای پەیوەندیدار بە شێخ سەعید تێدایە. |