ئەحمەدی کوڕی حەسەن بەگ کوڕی عەزیز بەگ (١٩٢٢ - ٢٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٦) ناسراو بە ئەحمەد ھەردی یەکێک لە شاعیران و نووسەرانی بەناوبانگی کوردە لە باشووری کوردستان کە زۆربەی تەمەنی لە بواری ئەدەب و شێعری کوردی دا کاری کردووە. ئەحمەد ھەردی لە بنەماڵەیێکی ڕووناکبیر لە سلێمانی لە دایک بوو. ئەو زانیارییەکی زۆری لە بواری شێعری کلاسیکی کوردی، فارسی و عەرەبی دا ھەبوو و کاریگەرییەکی زۆری لەسەر شیعری نوێی کوردی ھەبووە. ھەروەھا ئەو لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد دا بەشدار بووە. پاش بەسترانی پەیمانی جەزایر ئەو چوو بۆ ئێران و دواتر لە ١٩٩٣ کۆچی کرد بۆ وڵاتی بریتانیا.


لەدایکبوون١٩٢٢
مەرگ٢٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٦ (٨۳-٨٤ ساڵ ژیاوە)
شوێنی گۆڕسلێمانی
نیشتەجێیسلێمانی
نەتەوەکورد
پیشەشاعێر، نووسەر، سیاسەتوان
مناڵ(ەکان)چۆمان ھەردی، ئاسۆس ھەردی، ڕێبین ھەردی

ئەحمەد ھەردی لە زانکۆی سلێمانی و دواتریش لە زانکۆی سەلاحەدین وەکوو مامۆستا وانەی دەوتەوە. یەکەمین کۆمەڵە شێعری ئەحمەد ھەردی لە ساڵی ١٩٥٧ بڵاو بووەوە و لەو کاتەوە چەندین جار دووبارە لە چاپ دراوە.

ژیاننامە

دەستکاری

ژیانی کەسی

دەستکاری

ھەردی لە ساڵی ١٩٢٢ لە سلێمانی لە دایک بووە. لە ساڵی ١٩٣٨ نازناوی «ھەردی» بۆ شیعری ھەڵبژاردووە و لە دواییشدا ھەر بەم ناوە ناسراوە. ساڵی ١٩٤١ کراوە بە مامۆستای قوتابخانە لە ئاواییەکانی ناوچەی ھەورامان، دواتر گواستراوەتەوە سلێمانی. ساڵی ١٩٤٤ دەستی بەشیعر وتن کردووە. لە ساڵی ١٩٤٩دا بەھۆی جموجۆڵی سیاسی و کاری نھێنی حیزبایەتییەوە لە ڕێزی کۆمۆنیستانی عێراق لە مووچەخۆری لابراوە. بەڵام لە ساڵی ١٩٥٢ گەڕاوەتەوە سەر کاری جارانی. ماوەیەکی زۆر مامۆستایەتی قوتابخانە سەرەتاییەکانی کردووە.
لە ساڵی خوێندنی ١٩٧٣ – ١٩٧٤ لە زانکۆی سلێمانی وانەی ڕەخنەی پێ سپێرداوە. لە دوای چەند مانگێک لە بەھاری ١٩٧٤ بەھۆی سیاسەتی دوژمنانەی دەسەڵاتی عێراق بەرامبەر بەکورد و داخستنی زانکۆی سلێمانی ئەم کارەی لەدەست چوو.
شاعیر تا ساڵی ١٩٨١ وەک مامۆستایەکی قوتابخانەی سەرەتایی مایەوە، لەو ساڵەدا خانەنشین کرا. کچەکەی، چۆمان ھەردی نووسەرێکی بەناوبانگی کوردە و کوڕەکەی، ئاسۆس ھەردی ڕۆژنامەوانێکی بەناوبانگە لە باشووری کوردستان کە بناغەدانەری ڕۆژنامە سەربەخۆکانی ھاوڵاتی و ئاوێنەیە. ڕێبینی کوڕیشی بەھەمان شێوە ڕۆژنامەنووسە.


چالاکییەکان

دەستکاری
 
(لە ڕاستەوە) ئەحمەد هەردی، ناسر ڕەزازی لەگەڵ کامەران موکری

ساڵی ١٩٥٧ کۆمەڵێک شیعری بەناوی رازی تەنیاییەوە بەچاپ گەیاندووە. ساڵی ١٩٥٩ لەگەڵ کۆمەڵێک ھاوڕێی تردا کۆمەڵەی ئازادی ژیانەوەی یەکێتیی کورد (کاژیک)یان دامەزراندووە، ھەر خۆیشی بووە بە بەرپرسی یەکەمی. سەردەمێک ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی ناوەندی یەکێتیی نووسەرانی کورد بووە، سەردەمێکیش سەرۆکی لقی سلێمانی بووە. ساڵی ١٩٦٣ پەیوەندیی کردووە بەشۆڕشی کوردستانەوە. ساڵی ١٩٦٦ لەسەردەشت لەلایەن دەزگای ھەواڵگری ئێران (ساواک)ەوە دەستگیر کراوە، لەگەڵ بەربوونیدا گەڕاوەتەوە بۆ کوردستانی عێراق. پاش رێکەوتننامەی ١١ی ئازاری ١٩٧٠، ساڵی ١٩٧٣ تا ١٩٧٤ لەکۆلێژی ئادابی زانکۆی سلێمانی مامۆستای موحازیر بووە. لەگەڵ ھەڵگیرسانەوەی شەڕدا، ساڵی ١٩٧٤ دیسانەوە پەیوەندیی کردووە بەشۆڕشەوە. پاش ھەرەسھێنانی شۆڕشی ئەیلوول، لەئێران ئاوارە بووە تا ساڵی ١٩٧٩. ساڵی ١٩٧٩ شەڕی نێوخۆی حیزبەکان نائومێدی دەکات، بڕیار دەدات بۆ پاراستنی ھەڵوێستی سەربەخۆی خۆی، بگەڕێتەوە بۆ سلێمانی. لەگەڵ باڵاگرتنی دڕندەیی بەعسدا، جارێکی تر لەساڵی ١٩٨٨دا پەیوەندی کردۆتەوە بە شۆڕشی کوردستانەوە، بۆ ماوەیەک بووە بە سکرتێری گشتیی پارتی سوشیالیستی کورد (پاسۆک). ساڵی ١٩٨٩ وازی لە پاسۆک ھێناوە، وەکو کەسایەتییەکی سەربەخۆ لەڕیزی شۆڕشدا ماوەتەوە تا راپەڕینی ١٩٩١. ساڵی ١٩٩٢ لەلەندەن نیشتەجی بووە، ھەر لەوێش لێکۆڵینەوەکەی لەسەر کێشی عەرووز لەشیعری کوردیدا تەواو کردووە. پاش رووخانی رژێمی بەعس ساڵی ٢٠٠٠ گەڕاوەتەوە باشووری کوردستان، ساڵی ٢٠٠٤ لێکۆڵینەوە عەرووزییەکەی بەچاپ گەیاندووە. بەھۆی ژیانی پڕ لەئاوارەیی، دەربەدەرییەوە، گەلێک لێکۆڵینەوە، دەقی ئەدەبی، ھونەریی فەوتاون، رووناکییان نەدیوە.

ئەحمەد ھەردی لە رۆژی ٢٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٦ لەماڵەکەی خۆیدا لە سلێمانی کۆچی دوایی کردووە.

بەرھەمەکان

دەستکاری
 
شێعری "خۆرەتاو" بۆ منداڵان، دەستنووی خودی ئەحمەد ھەردی
  • ڕازی تەنیایی
  • ھاوار
  • یاد و خەبات
  • لاوی کورد
  • ئازادی خواز
  • مەجلیسی موزەییەف

نموونەی شیعری

دەستکاری

ھەردی لە وەسفی تەمەنی خۆی دا دەڵێت:

ھەموو ئاواتی ئاکامم گوڵاڵەی لالەزارێ بوو
شریتی سەرگورشتەی من خەوێکی نەوبەھارێ بوو
ھەموو پێچانەوەی ژینم بریتی بوو لە چیرۆکی
لە کورتی و زوو بەسەرچوونا بزەی سەرلێوی یارێ بوو

ھێرش و شۆڕش

دەستکاری

لە بەندی یەکەمی سێ بەندەکەی سروودی «ئازادی خوا» دەڵێت:

ئازادیخوای کوردین ئێمە
شوورەی پۆڵا و بەردین ئێمە
پشتی جووتیاری زەبوونین
ئاڵای بەرزی چوون یەک بوونین
شیری دەستی لێقەوماوین
لە ڕووی زوڵما ھەڵکێشراوین
ئاغا و بەگزادانی زۆردار
جەردەی گیانی گەلی ھەژار
خوێن خۆری ئەم نیشتمانەن
ئالەتی دەستی بێگانەن
ڕۆژی خۆی گیانیان دەردێنین
تۆڵەی گەلیان لێ ئەستێنینن
ئازادیخوای کوردین ئێمە
شوورەی پۆڵا و بەردین ئێمە

لە شیعرێکی دیکەدا ھەردی بانگی خەڵکی دەکا ھەڵمەت بەرن و ئاگری شۆڕش ھەڵگیرسێنن.

بە یادی ئەو شەھیدانەی کەوا بێ ناز و بێ گیانن
لە ژێر پۆستاڵی پۆلیسا ھەموو پێخوستی کۆڵانن
بەیادی ئەو ھەتیوانەی کە برسی و ڕووت و عوریانن
بەیادی ئەو پڵینگانەی کە دیلی کۆنی زیندانن
وەرن ئەی میللەتی برسی ئیتر وا ڕۆژی مەیدانە
بچینە سەر تەلار و کۆشکی ئەو میللەت فرۆشانە
کە خوێنی ئێمەیان بەخشی بە پارە و زێڕی بێگانە

دڵداری و ئاکام

دەستکاری

لە شیعری «چەپکە گوڵێک بۆ ست فاتمە» لە ساڵی ١٩٥٠ لە سلێمانی ھۆنراوەتەوە.
شاعیر دەڵێ:

فاتمە، دوو چاوی مەستت، پڕ تەلیسمی جوانییە
پڕ شەرابی خۆشەویستی و عارەقی یەزدانییە
بەژن و باڵاکەت نموونەی ھەیکەلی یۆنانییە
لار و لەنجەت مۆسیقایە، بەستەیە، گۆرانییە
بووکی ڕازاوەی خەیاڵم، گیانەکەم ست فاتمە
تاقە پڕشنگێکی چاوت ئەوپەڕی ئاواتمە
گەرچی دڵداری لە خاکی ئێمەدا ئەفسانەیە
ھەر بەتەنیا بۆ کوڕی خاوەن تەلار و عانەیە
گیانەکەم، ئەمما دڵی من لەو دڵە شێتانەیە
بێ ئەوەی ھیچ شک بەرێ، کوژراوی ئەو چاوانەیە
ھەر بەتەنیا خۆشەویستی شک ئەبەم، ست فاتمە
سەروەتم ناوێ، بزەی تۆ، ئەوپەڕی ئاواتمە
خۆشەویستی وا کە نامەی خوایە بۆ پێغەمبەران
بەرز و ناسک، وەک ھەناسەی پڕ گوڵاوی دولبەران
نەک وەکوو حەزکردنی دینار و گەوھەر پەروەران
ئەو کەسانەی بۆ قڕانێ، چەندە دڵیان ھەڵوەران
خەڵقی تر پارەپەرستی با بکەن، ست فاتمە
من بە تەنیا، تۆ پەرستی ئەوپەڕی ئاواتمە
زۆر کەڕەت ھانم ئەدا داخی دەروونی پڕ گڕم
بۆتی ھەڵڕێژم سکاڵای ناسکی گەرم و گوڕم
داخەکەم کاتێ کە دێمە بەردەمت، واقی وڕم
وام ئەشێوێنێ بە جۆرێ نایەڵێ ھیچ دەربڕم
بووکی ڕازاوەی خەیاڵم، گیانەکەم ست فاتمە
گوێیە بۆ ئەم ڕازە شل کەی، ئەوپەڕی ئاواتمە

سەرچاوەکان

دەستکاری

بەستەرە دەرەکییەکان

دەستکاری